لە نێوان (یوسف) و (سەربەخۆیی) دا

لە نێوان (یوسف) و (سەربەخۆیی) دا
ئەوانەی ئێستا پەڵپ و بیانووی یاسایی بە ریفراندۆم و سەربەخۆیی دەگرن و نەبونی یاسا و ناكارایی پەرلەمان دەكەنە بیانوو، هەر هەمان ئەوانەن كە تا دوێنێ دەیانگووت ریفراندۆم و سەربەخۆیی ئەسل و ئەساسیان نییە و هیچ بەرنامەیەكی لەو جۆرە لە ئارادا نییە و تەنیا سەرقاڵكردنی میللەتە بە وەهمێكەوە بۆ ئەوەی كێشە سیاسی و ئابروییەكانی لەبیر ببەنەوە.
ئەوان دوێنێ لەگەڵ سەربەخۆیی نەبون بۆیە دژایەتی و ئینكاریان دەكرد، ئێستاش هەر دیسان لەگەڵ نین بۆیە پەڵپ و بیانووی پێدەگرن. دوێنێ دەیانتوانی ئینكاری بكەن و بە وەهمی بزانن، ئێستا كە هەنگاوەكان دەستپێكران و دونیا باسی ریفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستان دەكات، ئیدی ناكرێ ئینكاری بكەن و بۆیە ئەوەندەیان پێدەكرێ پەڵپ و بیانووی پێ بگرن.
ئەوەی لەگەڵ ریفراندۆمی سەربەخۆیی نەبوبێ و تا دوێنی گاڵتەی پێ كردبێت و گێچەڵی بۆ نابێتەوە، مومكین نییە ئەمڕۆ لە خەمخۆری و پەرۆشییەوە بۆ سەرخستن و باش بەڕێوەچوونی، داوای یاسا و كاراكردنەوەی پەرلەمانی بۆ بكات. نییەتی ئەمرۆیان هەر نییەتەكەی دوێنییە و بەڵام بە كەرەستەی جیاواز.
لە راستیدا شەرمی تێدانیە و دەبێ ئیعتراف بەو راستییە بكەین كە لە كایەی سیاسیی كوردستاندا ریفراندۆم و سەربەخۆیی كۆدەنگیی لەسەر نییە و خیلافی لەسەرە .دەستەو گروپ و كەسانێك هەن دژی سەربەخۆیی و لەگەڵ پاشكۆیەتین بۆ عێراق. رەنگە هەر ئەم راستییەش خۆی لە خۆیدا یەكێك بێت لەو هۆكارانەی كە ریفراندۆم دەكاتە زەرورەت تا ئەو خیلافە یەكلابێتەوە .
ئەم گروپە دوو ساڵ لەمەوبەر و هەر كە باسی سەربەخۆیی هاتەئاراوە، دەستیان كرد بە كێشە و گێچەڵ نانەوە . لە رێی بە بارمەتەگرتنی پەرلەمانەوە وویستیان كوردستان بە كۆمەڵێ كێشەی دەستكرد و ناوەخت و ناموجەبەوە سەرقاڵ بكەن و مەسەلە گەورە و چارەنوسسازەكەی میللەت لەبیر ببەنەوە و پەكیبخەن تا دەرفەت لەدەست دەچێ، ئەوە ئەوان بوون كۆمەڵێ كێشەی بە روالەت دیموكراتیانەی موزەییەف و لە كرۆكدا دژە دیموكرتی و دژە سازان و درۆیەكی گەورەیان بە ناوی ناكۆكی سیاسیی نێوخۆیی قوت كردەوە ووویستیان بیكەنە ئەولەویاتی چارەنوسساز و پرسی چارەنوسسازی سەربەخۆیی پێ بگێڕنەدواوە. ئەوە سەربەخۆییخوازان نەبوون سەربەخۆییەكی بێ ئەسل و ئەساس بێنن و بیكەنە پەردەپۆشی كێشە نێوخۆییەكان. ئەسلەن لە كوردستاندا شتێك نەبوو و نییە بە ناوی كێشەی سیاسیی نێوخۆیی، هەموو كێشەكە خیلاف و دووبەرەكییە لەسەر سەربەخۆیی، تەنانەت قەیرانی داراییش، ئابڵوقەیەكی ئابورییە و ئەویش هەر دەرەنجامی خیلافە لەسەر سەربەخۆیی بەڵام ئەمیان لە نێوان كوردستان و بەغدایە.
پەككەوتنی پەرلەمان كە لە بنەڕەتدا بەرئەنجامی هەوڵی بەبارمتەگرتن و گۆڕینی ئەركی ئەو دەزگایە بوو لە مینبەری دیفاع لە سەربەخۆییەوە بۆ دژایەتی و گێچەڵنانەوە بۆسەربەخۆیی، لە ئەستۆی ئەوانە نەك پارتی كە ناچار بوو لە قۆناغێكدا رێ لەو بە بارمتەگرتنە بگرێ. دواجار هەر پارتیش دەسپێشخەری كرد و نەخشە رێگەی كاراكردنەوەی پەرلەمان و گەڕاندنەوەی بۆ سەر راستەرێ داڕشت، بەلام كە تا ئێستا ئەو دەسپێشخەرییە بە ئاكام نەگەیشتووە، خۆ ناكرێ بەو هۆیەوە چارەنوسی میللەتەكەمان پەك بخرێ. ناكرێ لەسەر رێكنەكەوتن لە سەر بەدیلێك بۆ سەرۆك پەرلەمانێكی نەگونجاو، نەتەوەیەك لە فورسەتی بڕیاردانی چارەنوس و سەربەخۆیی مەحروم بێ.
ریفراندۆم و سەربەخۆیی مافی رەوا و بێ چەندوچوونی گەلانە، ریفراندۆم جێبەجێكارییە و نە یاسای دەوێت و نە مەرج و پێش مەرج. ریفراندۆم مافە و ماف لەسەروو یاساوەیە، پەڵپ و بیانوو بە ماف ناگیرێ. سەربەخۆیی لەهەموو پرسێك چارەنوسسازتر و لەپێشترە. ئەگەر فورسەتی ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی لەدەست چوو، پەرلەمانی كارا دەبێ بۆ چ ئامانجێك كارا بێت!!.
Top