گەشتیاریی جیۆلۆجی لە هەرێمی كوردستان

گەشتیاریی جیۆلۆجی  لە هەرێمی كوردستان
گەشتیاریی بریتییە لە كۆمەڵێك پێوەندی و چالاكی و خزمەتگوزاریی پێكەوەگرێدراو بە شێوەیەكی راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ بەپێی گۆڕینی شوێن، گەشتیاریش ئەو كەسەیە كە بۆ مەبەستی گەشتكردن پتر لە هەشتا كیلۆمەتر دوور لە ماڵەكەی دەبڕێت بەپێی پێناسەی گەشتیاریی جیهانی.
گرنگیی گەشتیاریی و جۆرەكانی
چەند جۆرێك گەشتیاریی هەن لەوانە گەشتیاریی (سەیران و كەیفخۆشی، ئایینی، كلتووری، ژینگەیی، چارەسەری، دەریایی، بازاڕگەری، وەرزش و جیۆلۆجی).
ئەم فرەگەشتیارییەش ئەنجامی پەرەسەندنی پیشەسازیی گەشتیاری و هەڵكشانی بۆ لوتكەی كەرتی ئابووری لە جیهانە، گەشتیاریی ئێستا بریتییە لە گەشتیاریی پیشەسازی كە هەرگیز لەناوناچێت بەڵكو ساڵانە لە پێشكەوتن و گەشەسەندندایە، چونكە بەستراوەتەوە بە حەزو ئارەزووی مرۆییەوە لە زانیاری و تێپەڕاندنی سنوور، ئەمە لەلایەك، لەلایەكی دیكەوە بازاڕی گەشتوگوزار دەتوانێت هەموو جیهان بگرێتە خۆی، بۆیە دەكرێ بگوترێت كە پیشەسازیی گەشتیاریی پیشەسازیی جیهانە لە جیهانەوە بۆ جیهان، ئەوەی زیاتر پێشكەوتوو و كراوەترە ئەوەیە كە دەتوانێت ئەوەندەی مەبەست بێت سوودی لێ وەربگرێت.
گەشتیاریی یەكێكە لە گرنگترین سەرچاوەكانی داهاتی نەتەوەیی زۆر لە دەوڵەتانی جیهان، بەتایبەتیش ئەو دەوڵەتانەی كە شوێنی گەشتیارییان تێدایە بە هەموو جۆرەكانيیەوە، بوونی شوێنەواری كۆن، وەك ئەشكەوت و مەغارەو گوندی سەرەتایی و سرووشتی جیۆلۆجی، وێڕای بوونی ژێرخانی گەشتیاریی وەك هۆتێل و گوندی گەشتیاری و كۆمپانیای گەشتیاری و نووسینگەی فڕۆكەوانی.
گرنگیی گەشتیاریی و لەوانەش جیۆلۆجی لەمیانی زانینی تێكڕایی گەشتیاران لە جیهان دەردەكەوێت، چونكە ژمارەی دانیشتووانی جیهان لە ساڵی 1950 نزیكەی 550 ملیۆن كەس بوو، لە ساڵی 2006 گەیشتە 6.5 ملیار كەس، ژمارەی گەشتیارانی جیهان لە ساڵی 1960 گەیشتە نزیكەی 69 ملیۆن گەشتیار و ئەم ژمارەیە لە ساڵی 1980 گەیشتە 286 ملیۆن و لە ساڵی2000 بۆ 698 ملیۆن گەشتیار بەرزبۆتەوە، ئەوانە نزیكەی 565 ملیار دۆلاریان لە گەشتیاریدا خەرج كردووە، لەگەڵ زیادبوونی ژمارەی گەشتیاران لە جیهاندا ژمارەی رێكخراوەكانی گەشتیاریی جیهانیش زیادیكردووە و لە ئێستادا 30 رێكخراویی گەشتیاریی جیهانی هەیە.
گەشتیاریی جیۆلۆجی
شێوازێكی گەشتیارییە لەپاڵ گەشتیاریی شوێنەواری و ئایینی و سرووشتی و ژینگەیی و ..تاد، كە هاوشێوەیە لەگەڵ ئەمەدا و ئامانجیشی راكێشانی گەشتیارانی زانستییە كە مەبەست بڵاوكردنەوەی زانیاری و دابینكردنیەتی بۆ توێژەرو جیۆلۆجییەكان ئەوانەی ئارەزووی دیراسەكردنی پێكهاتە جیۆلۆجیی یان كانزایی یان بەردینییەكانیان هەیە، هەروەها سەیری دیمەنی رازاوەی ئەم پێكهاتانە بكەن، پسپۆڕیی گەشتیاریی جیۆلۆجی گرنگییەكەی لە هیچ پسپۆڕییەكی دیكەی گەشتیاریی كەمتر نییە، گەشتیاریی جیۆلۆجی لقێكی سەرەكییە لە پیشەسازیی گەشتیاریی كە تێكەڵە بە زانست لە قالبێكی بەسەربردنی كاتدا.
گەشتیاریی جیۆلۆجی گرنگترین جۆری گەشتیارییە لە جیهاندا، چونكە دیمەنە فرە جیۆلۆجییەكان نموونەی بایەخدانی گرنگی مرۆڤە كە دەگەڕێ بە دوای دۆزینەوەو بەسەربردنی كات لەگەڵ ئەو دیمەنانە، ئەمە وێڕای ئەوەی كە گەشتیاریی جیۆلۆجی بەدەستی دێنێت لە سوودی كۆمەڵایەتی و ئابووری و زانستی كە بریتییە لە دابینكردنی هەلی كاری ناوخۆیی و ئەكتیڤكردنی ئابووریی نیشتمانی و خۆماڵی و بەرزكردنەوەی هۆشیاریی و پاراستنی شوێنە جیۆلۆجییەكان لە وێرانبوون و لەناوچوون.
گەشتیاریی پیشەسازییەكی بەیەكەوە بەستراوە لە هەموو لایەنێكی ژیانەوە لە كۆمەڵگەو دەوڵەت و دەسەڵات و كەلەپووری شارستانی و سرووشتی، وەبەرهێنان لە بواری گەشتیاریی سەیران و كەیفخۆشیی پێویستی بە شوێنی سرووشتیی سەرنجڕاكێش و خزمەتگوزاریی گەشتیاریی نایاب هەیە، بۆیە پێویستە پلانگەلێكی سەرتاسەری هەبێت كە مامەڵە لەگەڵ پڕۆژە گەشتیارییەكاندا بكات ئەوانەی سیفەتی وەبەرهێنان و ئەرشیفكردنی رۆشنبیری و كۆمەڵایەتی و جیۆلۆجییان هەیە، ئەوەش لەبەر ئەوەی كە گەشتیاریی چەند جیاكەرەوەیەكی هەیە و ناوەڕۆكی ئابووریی كە وەبەرهێنەر رادەكێشێت لەگەڵ گەشتیار بەیەكەوە گرێدەدا، چونكە ناوەڕۆكی تەواوی زانستی و ئاكارەكانی جیۆلۆجیا و كانزاكان و شوێنە سرووشتییە دڵڕفێنەكان لەخۆدەگرێت.
بەچاودێریی یۆنسكۆ لە ساڵی 2004 تۆڕی جیهانیی باخچە جیۆلۆجییەكان دامەزرا كە 77 باخچەی جیۆلۆجی دەگرێتەوەو لە 24 دەوڵەتدا هەن، زۆربەی ئەو باخچە جیۆلۆجیایانە مێژوویەكی جیۆلۆجیی بەرچاو دەنوێنن، لە شێوەی (پێكهاتەو لێژایی رازاوەو جوان، دیمەنی كارستی وجیۆلۆجیای هەمەجۆر، شوێنە گڕكانییەكان، رووبارەكانی ژێرزەوی، ئەشكەوتەكان، بەرزونزمی كە بە كاریگەریی سەهۆڵبەندان وەك هێڵی لوتكەی چیاكان درووستبوونە، هەروەها ئەو زەویانەی بە درەختی سنەوبەر داپۆشراون، دەریاچەی ئاوی شیرین و سوێرو گەرم، گردۆلكەی لمی كەنارەكان، وێستگەكانی كانیاوە گەرمەكان، چیا كانزاییەكان، دارستانە بەبەردبووەكان).
دامەزراندنی پڕۆژەكانی گەشتیاریی جیۆلۆجی لە كوردستانی عێراق
ئەو تاكە فرەییەی تۆمارەكانی جیۆلۆجیی لە هەرێمی كوردستان بە كەلەپوورێكی جیۆلۆجیی دەژمێردرێت، چونكە دەتوانرێت لەسەر نەخشەی كوردستان جێگیربكرێت، ئەمەش پێویستی بە دامەزراندنی سەیرانگای جیۆلۆجی هەیە لە دۆڵ و لەسەر لوتكەی چیاكان، زۆر لەو شوێنانەی هەرێمی كوردستان چەندین كانیاوی سرووشتی و كانزاییان تێدایە كە هەندێكیان بە لایەنی مێژوویی و كەلەپوورەوە بەستراونەتەوە، بەكارهێنانیان دەبێتە هۆی هێنانەكایەی باشترین گەشتیاریی سەرنجڕاكێشی سرووشتی، دەیان ئەو كانیاوە كانزاییە سرووشتییانە لە هەرێمی كوردستاندا هەن، لە دهۆك و هەولێر و سلێمانی، هەروەها زۆر لەو شوێنانە وەك موزەخانەی سرووشتیی جیۆلۆجین و ژینگەیەكی بەپیتیان هەیە بۆ گەشتیاریی جیۆلۆجی، لە ئەنجامی بڵاوبوونەوەی چەندین درزو لێژایی بەردین، هەروەها بوونی چەندین دیاردەی كارست و ئەشكەوت و نیشتەنیی نەوت و دزەكردنی غازی سرووشتی، ئەمانە هەموویان دەبنەهۆی راكێشانی گەشتیارانی جیۆلۆجیی بۆ هەرێمی كوردستان.
هەرێمی كوردستان شوێنی ئەشكەوتەكان
ئەشكەوتەكان گرنگییەكی بەرچاوی گەشتیارییان هەیە، چونكە چەندین توحفەی جوان لەخۆدەگرن كە بە پەنجەی سرووشتی دروستبوون، ئەوان بابەتێكی بەپیتی توێژینەوەی زانستی و جیۆلۆجین كە باس لە درووستبوون و پەرەسەندنی ئەشكەوتەكان دەكەن پێش هەزاران ساڵ و سرووشتیی كەشوهەوا كە بۆتە هۆی درووستبوونیان، ئەمە جگە لەوەی كە لە ئەزەلەوە چەندین بوونەوەری جیاجیا لەخۆدەگرن، كە دەبنە هۆی راكێشانی سەرنجی توێژەران، ئەشكەوتەكان پێشترو ئێستاش كەلەپوورێكی سرووشتیی جیۆلۆجین، كە باس لە چیرۆكی درووستبوون و پەرەسەندن دەكات و مێژووی شارستانییەكان دەنووسێتەوە، كە لەو ئەشكەوتانە نیشتەجێ بوونەو چەندین نەقش و نیگاری سەر دیوار و نووسینیان تێدا بەجێماوە.
ئامانجەكانی گەشتیاریی جیۆلۆجی
گرنگترین ئامانجگەلی گەشتیاریی جیۆلۆجی كە دەبێت بێنە دی لە پڕۆژەی گەشتیاریی جیۆلۆجی لە هەرێمی كوردستان لەپاڵ ئامانجە گشتییەكانی كەرتی گەشتیاریی ئەمانەن:
1- پارێزگاریكردنی شوێنە جیۆلۆجییەكان و فرەجیۆلۆجی لەرێی بڵاوكردنەوەی هۆشیاریی بەوەی كە زۆر گرنگن و خستەڕووی چەمكی پەرەپێدانی بەردەوام لە بواری پاراستنی شوێنە جیۆلۆجییەكان.
2- بەدیهێنانی پرەنسیبی بەشداریكردن لەگەڵ ئەو لایەنانەی بایەخ دەدەن بە پاراستنی ژینگە لە رووی ناوخۆیی و ئیقلیمی و نێودەوڵەتی.
3- دۆزینەوەی بەڵگەنامەی مەرجەعییەتی گەشتیاریی جیۆلۆجی بۆ هەموو جیۆلۆجییەكان و ئەوانەی بایەخ بەو بوارە دەدەن.
4- بە شێوەیەكی تایبەت رۆشنایی خستنەسەر خامی كانزاكان و سامانە سرووشتییەكان و پێكهاتە جیۆلۆجییەكان.
5- گونجاندنی فاكتەرەكانی راكێشانی وەبەرهێنان بە شێوەی تەریب لەگەڵ فاكتەرەكانی راكێشانی گەشتیاری.
گرنگترین توخمەكانی گەشتیاریی جیۆلۆجی
1- نیشتەنییە نەوتییەكان لە كێڵگەی تاوكی لە قەزای زاخۆ و هاتنە دەرەوەی گڕی ماددە كاربۆنییەكان لە شوێنی( سەری كویسكی) لە قەزای ئاكرێ و ماددە قیرییەكان لە هەردوو گەرووی قەندیل و ئاسماڤا، ئەمانە بە دیارترین شوێن دادەنرێن كە توانراوە ببنە ناوەندی توێژینەوەو دیراساتی جیۆلۆجی لە بواری( جیۆلۆجیای نەوت).
2- ئاوی كانزایی گۆگردی چارەسەركردن لە (گوندی گەرماڤا لە پشت بەنداوی دهۆك و ئاوی كانزایی گەرمی گۆگرد لە گوندی (بۆتیا) لە باكووری بەنداوەكەو ئاوی كانزایی گۆگرد لە دۆڵی قەسرۆك سەر بە ناحیەی ئەتروش، وێڕای كانیاو و جۆگەی ئاوی كانزایی سرووشتی لە ناحیەی سەنگاوی سەر بە چەمچەماڵ.
3- كانەكان و بەردهەڵكەندنە كۆنە جیۆلۆجییەكان لە پارێزگای دهۆك و دیاترینیان بەردهەڵكەنەی ئاوی كۆن لە دۆڵی گوندی ئاڤۆكۆ لە چیای گارەو سەری كانیكا لە ناحیەی ئەتروش.
4- دەرهێنەری خوێی سرووشتی لە گوندی كانی لە بەری رۆژهەڵاتی زێی گەورە لە ناوچەی نێروە و رێكان، هەروەها بوونی بیری كۆن لە ناوچەی بارزان كە سەرچاوەی خوێی سرووشتیی دانیشتوانی ناوچەكە بووە.
5- بەردهەڵكەنەی دەرهێنانی بەردەسوێ لە ئەشكەوتی باكووری گوندی خورزا لە ناحیەی ئالقوش و هەندێكی دیكەی هەڵكەنراو لە دامێنی باشووری چیای زاوا.
بەردەسوێ لەكۆنەوە لە پیشەسازیی ئامرازی بڕینی وەك چەقۆی بەردین و ڕاو دروستكردنی مۆرو پەیكەر بەكارهاتووە، ئەم جۆرە بەردە شێوەی نیمچە بازنەیی و هێلكەیین و لای كوردی ئێزیدی لە شێخان پێگەیەكی ئاینی و كەلەپووریی گرنگی هەیە، لە شوێنە ئاینییەكانی گۆڕو مەزارو مەڵبەندی لالش و شوێنی دیكە هەیە.
6- ئەشكەوتە سرووشتییەكان كە مرۆڤی كۆنیان تێدا ژیاوە لە كوردستان لە سەردەمی چاخی كۆنی بەردین، دیارترینیان( شانەدەرو بێستوون و شكەفتی و هەندێ ئەشكەوتی دیكە لە ناوچەی ئەلقوش).
7- كارێزە سرووشتییەكان كە لە هەرێمی كوردستان زۆرن و لەوەتەی هەزاران ساڵە دروستبوون و لەوانە كارێزە ئاوییەكان لە گوندەكانی نێوان قەزای بەردەڕەش و زێی گەورە.
8- تاكە فرەیی دیاردە جیۆلۆجییەكان، وەك پێكهاتە جیۆلۆجییەكان لە قەدپاڵی چیاكان و بەردە ئاگرین و نیشتەنییەكان و كانزاكانی هەرێم و شوێنەوارە رووتەنییەكانی سەهۆڵ و دۆڵیی دەگمەن، هاوكات ئەشكەوتە سرووشتییەكان بە بەرزی و نزمییانەوە، دۆڵە قووڵەكان بە درێژایی رێڕەوی رووبارەكان وەك گەلی عەلی بەگ و گەرووی قەندیل و ئاسماڤا كە تەختایی بەردینی تێدایە.
سەرچاوەكانی گەشتیاریی جیۆلۆجی
1- سەرچاوەی راستەوخۆی وەبەرهێنان لە میانی سەردانی شاندە ناوخۆیی و ئیقلیمی و بیانییەكان.
2- هاوكاریی لە بوارەكانی زانستی و گەڕان بەدوای كانزاكان وەك فاكتەری راكێشانی گەشتیاری.
3- هاوكاریی لە بواری پاراستنی ژینگە دەبێتە هاندەرو سەرچاوە بۆ راكێشانی گەشتیاری.
4- فرە جیۆلۆجی لە رووی جیۆمۆرفۆلۆجی و لیسیۆلۆجی و پێكهاتەیی.
5- چالاكییە رۆشنبیری و وەرزشی و فیستیڤاڵ و كۆڕەكان لە شوێنە گەشتیارییەكاندا.
پێوانەكانی هەڵبژاردنی شوێنەكان بۆ مەبەستی گەشتیاریی جیۆلۆجی
نزیكیی شوێنەكە لە ناوچەی قەرەباڵغی دانیشتووان و دواتر ئاستی بەكارهێنان لەلایەن خەڵك بەگشتی، رێگای بەڕێوەبردنی شوێنەكە لە ئێستادا. بە ئاسانیی گەیشتن بۆ شوێنەكە بە مەبەستی سەردان و توێژینەوەی زانستی. بوونی ناوچەی ئەلتەرناتیڤ كە بتوانرێ بۆ مەبەستی خوێندن و توێژینەوە بەكاربهێنرێت.
تەرزەكانی گەشتیاریی جیۆلۆجی
دەكرێ تەرزەكانی گەشتیاریی جیۆلۆجی بكەین بە دوو بەشەوە:
1- تەرزی زانستی بۆ دیاردە جیۆلۆجییەكان كە مەبەست زانایان و توێژەران و قوتابیانی زانكۆو قوتابخانەو پەیمانگاكانە، هەروەها وەبەرهێنەران و ئابووریناسان و بایەخدەران بە ژینگەو سامانی كانزایی. ئەمەش بە كاركردنی بەردەوام دێتەدی وەك دانانی بەرنامەیەكی گەشتیاریی جیۆلۆجی بە هاوكاریی نێوان دەسەڵاتی سەرچاوە سرووشتییەكان (وەزارەتی پێوەندیدار) لەگەڵ وەزارەتەكانی دیكە.
2- تەرزی كەیفخۆشی و كات بەسەربردن، كە مەبەست گەشتیارو ئەوانەیە كە بەدوای پشوو و حەسانەوەو تێربوون لە دیمەنی سرووشتی و دیاردەی جیۆلۆجیدا دەگەڕێن.
قۆناخەكانی جێبەجێكردنی پێشنیاری پڕۆژەی گەشتیاریی جیۆلۆجی
پێویستە پشت بەم خاڵانەی خوارەوە ببەسترێت بۆ ئەوەی ببێتە ناوەندێكی هێڵ و ستراتیژیی و لە ئایندەدا لە بواری گەشتیاریی جیۆلۆجی بخرێتە بەرچاو.
1-هەماهەنگی و هاوكاریی نێوان دامەزراوەو دەستەو وەزارەتەكان بۆ پێكهێنانی لیژنەی كارا لەپێناو كاراكردنی كەرتی گەشتیاری.
2-ئەنجامدانی رووماڵێكی جیۆلۆجی بۆ یەكخستنی هەموو راپۆرت و نەخشەو سەردانكردنی مەیدانی.
3-هەڵبژاردنی شوێن و پۆلێنكردن بەر لە گواستنەوە بۆ قۆناخی پاراستنی ئەو شوێنانە.
4- بەڕێوەبردنی شوێنەكە و پاراستنی كە پێویست بەوە دەكات جۆرو قەبارەو رووبەرەكەی لەبەر چاو بگیرێت.
5-كەمكردنەوەی ئاسەوارە نەرێنییەكانی گەشتیاری بۆسەر سەرچاوە سرووشتیی و كۆمەڵایەتییەكان لە ناوچە گەشتیارییەكاندا.
6- رۆشنبیركردنی گەشتیار بە گرنگیی پاراستنی ناوچە گەشتیارییەكان.
7-جەختكردنەوە لەسەر گرنگیی وەبەرهێنان بە هاوكاریی دەسەڵاتی خۆجێیی لەپێناو بەدیهێنانی خواستەكانی دانیشتوان.
8- ئەنجامدانی توێژینەوەی كۆمەڵایەتی و ژینگەیی لە ناوچە گەشتیارییەكاندا.
9- بەدیهێنانی دەستكەوتی ماددی لەمیانی بەكارهێنانی داهاتەكانی ناوخۆو سرووشتی.
10-گرنگیدان بە كان و بەردهەڵكەنەی كۆنی جیۆلۆجی لەكاتی كاركردن تێیداو كەمكردنەوەی هەڕەشە كە رووبەڕووی ئەم شوێنانە دەبێتەوە.
ئاماژەدان لە تابلۆكانی رێنمایی بۆ رێگاو رێڕەوەكان بەرەو شوێنەكانی گەشتیاریی جیۆلۆجی لەگەڵ دڵنیابوون لە دابەشكردنی بڵاوكراوەكانی گەشتیاریی جیۆلۆجی بەسەر گەشتیاراندا.
* راوێژكاری وزە لە ئاژانسی پاراستنی كوردستان

Top