تۆماهۆك كرۆز وەڵامێك بوو بۆ ئەوانەی دەیانوویست ترەمپ تاقیبكەنەوە

تۆماهۆك كرۆز وەڵامێك بوو بۆ ئەوانەی دەیانوویست ترەمپ تاقیبكەنەوە
سەڕسورمان لە بڕیارەكەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا بە لێدانی 60 رۆكێتی تۆماهۆك لە بنكەی ئاسمانی شوعەیراتی رژێمی ئەسەد هەر لەبەر ئەوەنیە نەگەڕاوەتەوە بۆ ئەنجوومەنی ئاسایش و شەرعیەتی نیودەوڵەتی وەرنەگرتووە، بەڵكو سەرسورمانەكە لەوەدایە ترەمپ بۆ وەرگرتنی ئەم بڕیارە قورس و گرانە نەگەراوەتەوە بۆ كۆنگرێس و رای كۆنگرێسشی وەرنەگرتووە، لەمەش سەرسامتر ئەوەیە ، لە كاتێكدا ئەم بڕیارەی داوە كە شی جین بینگ سەرۆكی چین بەفەرمی میوانی ترەمپ بووە و پێش ئەوەی نانی ئێوارە پێكەوە بخۆن ، فەرمانی بۆ سوپای ئەمریكا دەكردووە كە هێرشێكی گەورەی رۆكێتی تۆماهۆك كرۆز بكرێتە سەر رژێمی ئەسەد.

كەواتە وەك دینس رۆس گەورە دپلۆماتكاری ئەمریكا لە وتاریكیدا دوای ئەم كردەوە سەربازییە ئاماژەی پێكردووە، ئەم بریارەی سەرۆك ترەمپ بە لێدانی گورزێكی سەربازی لە رژێمی ئەسەد ، پەیامێكە دەگاتە ئێران و كۆریای باكور و روسیاش، راستە لەوانەیە ئەم گورزە سەربازییە نەبێتە هۆكاری ئەوەی دینامكیەتی شەڕەكە لە سوریا بگۆرێت، بەڵام لەهەمانكاتدا ئەم گورزە سەربازییە كردنەوەی پەنجەرەیەكی تازە بوو بەرووی پەنابردن بۆ رێگەی دیكە بەرامبەر ئەو دەوڵەت و لایەنانەی كە دەیانەوێت ئیرادەی ترەمپ تاقی بكەنەوە یاخود وەك خۆی گوێ بۆ هۆشداریدان و ئاگاداركردنەوەكانی ئیدارەی تازەی ئەمریكا راناگرن.

چاودێران پێیان وایە لەگەڵ ئەوەی هێشتا زووە تا بەتەواوەتی ئەوە بزانرێت كاردانەوەكانی رژێمی ئەسەد لەلایەك و ئێران و روسیا لەلایەكی دیكە بەرامبەر وەشاندنی ئەم گورزە سەربازییەی ترەمپ چۆن دەبێت، بەڵام لەهەموو حاڵەتیكدا و پێش هەمووان رژێمی ئەسەد ئەگەر وەك تەحددایەك پەنابباتەوە بەر بەكارهێنانی چەكی كیماویی ، ئەوان هەمان هێرش دووبارە دەكرێتەوە بۆ سەر ئەو بنكە ئاسمانیەی ئەو فرۆكانەی لێوە دەفڕن و بەمەش هێزی ئاسمانی رژێمی ئەسەد زۆر لاواز دەبێت و دەبێتە هۆی بەهێزكردنی چەكدارانی دی رژێم و نزیك بوونەوەی رووخاندنی رژێمی ئەسەد. هەربۆیە چاودێران پێیان وایە جارێكی دیكە بەشار ئەسەد زاتی ئەوە ناكات پەنا بۆ بەكارهێنانی چەكی كیماویی بەرێت ، بەڵام مەزندەی ئەوە دەكەن وەك پێشتر بەردەوام بێت لە بۆمبارانكردن بە ناپاڵم و بەرمیل بۆ سەر ئەو ناوچانەی كە ئێستا بەدەستی چەكدارانی دژی رژێمی ئەسەدەوەیە و ئەمەش بەو ئامانجە دەكات ئەو خاكەی لەبەر دەستی ئەو چەكدارانەیە دووبارە كۆنترۆڵیان بكاتەوە و لە هەمانكاتیشدا نابێتە بیانوویەك بەدەستی ئەمریكاوە بۆ ئەوەی هێرشی هاوشێوەی دیكە بكاتە سەر ڕژێمەكەی. بەڵام سەبارەت بەم سیناریۆیەش چاودێران پێیان وایە لە ئێستادا ڕژێمی ئەسەد بەشی پێویست هێزی زەمینی نەماوە كە بتوانێت ئەو ناوچانە هەمووی بگرێتەوە و هێزی پێویستیان تێدا بڵاوبكاتەوە بۆ ئەوەی بتوانێت بیانپارێزت، بۆیە ئەگەر كارێكی لەو جۆرە بكات ، دەبێت پشت بەو ملیشیا شیعانە ببەستێت كە ئێران لە شوێنە دوورەكانی وەك ئەفغانستانەوە هێناونی بۆ سوریا ، بەڵام پرسیاری گرنگ لێرەدا ئەوەیە ئایا لایەنی ئێرانی ئامادەیە وەك كاردانەوە بۆ ئەم گورزە سەربازییەی ئەمریكا دژی رژێمی ئەسەد ، مەترسیەكە بگەینە ئەو ئاستە و بەوجۆرە رووبەرووی ئەمریكا ببنەوە؟ ئەمە لە كاتێكدا ئێران زۆر باش دەزانێت كە ئەوە رژێمی بەشار ئەسەدە چەكی كیماویی بەكارهێناوە و بۆتە هۆكاری ئەوەی سیاسەتی ئەمریكا بەرامبەر سوریا بگۆرێت، سەرۆك ترامپیش دوای بەكارهێنانی چەكی كیماویی لە لایەن رژێمی ئەسەدەوە راشكاوانە ئەوەی راگەیاندووە ، ئەم كارە بۆتە هۆكاری ئەوەی سیاسەتی خۆی بەرامبەر رژێمی ئەسەد بگۆرێت، ئەمەش مانای ئەوەیە ئەمریكا بەشێوەیەك لە شێوەكان جۆرێك لێكتێگەیشتی لەگەڵ روسیا سەبارەت بە ئایندەی سوریا دروستكردووە و لەمەش زیاتر ئەمریكا پێش ئەوەی فەرمانی لێدانی ئەو گورزە سەربازییە جێ بەجێ بكات ، مۆسكۆی ئاگادار كردۆتەوە و پێدەچێت مۆسكۆش بەشێوەیەك لە شێوەكان رازی بووبێت بۆیە نەیووستووە بەرێگەی رۆكێتی s300 , s400 ئاراستەی رۆكێتەكانی ئەمریكا تێكبدات، هەر بۆیە ئەگەر لەم راستەوە سەیری كاردانەوە سەرەتاییەكانی مۆسكۆ بەرامبەر ئەم گورزە سەربازییە بكەین، دەبینین بێجگە لەسەركۆنەكردنی كردەوە سەربازییەكە و بەرگری كردن لە رژێمی ئەسەد بەوەی چەكە كیمیاییەكان لای نەیارانی ئەسەد بوون نەك حكومەتی سوریا، پاشانیش هەڵپەساردنی ئەو رێككەوتنەی لەنێوان ئەمریكا و روسیا هەبووە لەسەر ئاسمانی سوریا، كاردانەوەی دیكەی نەبووە، بەڵام ئەوەی كە سەرۆك پۆتینی نیگەرانكردووە ئەوەیە كە ئەو نایەوێت ئەمریكا پەنا بۆ هێز ببات بە شێوەیەكی یەكلاییكەرەوە.

ئەگەر لەمیانەی كاردانەوەكانی روسیا لەهەمبەر گورزە سەربازییەكیە ئەمریكا بۆ سەر بنكە ئاسمانیەكەی شوعەیرات هەڵوەستەیەكی وورد بكەین، بە ئاشكرا بۆمان دەردەكەوێت كە رووسیا ئەوەی مەبەستی بوو لە سوریا دەستی بكەوێت وەك، هێشتنەوەی رژێمی ئەسەد، فراوانكردنی رێرەوی سەربازی، دامەزراندنی بنكەی سەربازی، ئەمانەش هەمووی دەسكەتووە، بۆیە لە ئێستادا هێندەی دەیەوێت ئەم دەسكەوتانە بپارێزێت و بیانچەسێنێت، هێندە نایەوێت زیاتر خۆ تیوە بگلێنێت و باجی گەورەتر بدات.

ئەگەر هەتا ئێستا كاردانەوەكان بەمجۆرە بوون، ئایا سەرۆك ترەمپ ئەم گورزە سەربازییەی تەنها لەبەر ئەوەندە بوو كە بەكارهێنانی چەكی كیمیایی باجێكی گەورەی بەدوادا دێت، یان ئەم گورزە سەربازییە پەیامێكی گەورەترە بۆ هەریەكە لە روسیا و ئێران و ترەمپ مەبەستێتی بە باشی هەردوولا لە پەیامی ئیدارەكەی بكەن و هەوڵنەدەن ئیرادەی ترەمپ تاقیبكەنەوە و چیتر لەگەڵ ئیدارەی تازەی ئەمریكا یاری بە ئاگر نەكەن؟ دیارە ئەم بریارەی ترەمپ بە تایبەتی بۆ رووسیا ئەو پەیامەی بۆ ناردووە كە هەتا ئێستاش چەكدارانی رژێمی ئەسەد هەرماون و هێشتا مانەوەی رژێمی ئەسەد گەرەنتی نیە، بۆیە ئەگەر روسیا نەیەوێت باردۆخەكە زیاتر هەڵبكشێت و باجی گەورە تر نەدات، ئەوا ئەمریكا ئامادەیە كار لەگەڵ روسیا بكات و پشتگیری لە پرانسیپەكانی پرۆسەی ئاشتی ژنێف بكات، دیاریشە كە جێبەجێكردنی پرانسیپەكانی ژنێف ، دەسكەوتەكانی روسیا لە سوریا دەپارێزێت، بەڵام بەپێچەوانەوە ئەگەر روسیا رەفتار بكات، ئەوا ترەمپ كارتی دیكەی لەبەر دەستە بۆ ئەوەی بەتەواوەتی سیاسەتی خۆی بگۆرێت بۆ رووخانی رژێمەكەی ئەسەد، سەبارەت بە ئێرانیش كە زۆربەی شارەزایان پێیان وایە ئێران ئەو توانایەی هەیە شەڕی بەوەكالەت بە ملیشیا شیعەكان لە عێراق و سوریا دژی سوپای ئەمریكا ئەنجامبدات، بەڵام ئەگەر ئێران ئەمكارە بەرامبەر سوپای ئەمریكا جێبەجێ بكات بەشێوەیەك لە شێوەكان مانەوەی داعش درێژدەكاتەوە و داعشیش دوژمنی سەرسەختی شیعەیە نەك هەر لە عێراق و سوریا بەڵكو لەتەواوی ناوچەكە و جیهانیشدا و ئەوەشی ئێستا داعش وەك كاردانەوە بەرامبەر رۆژئاوا بەشێوەیەكی گشتی دەیكات ، لەبەر ئەوەیە رۆژئاوا وەك پشتگیری شیعەو ئێران لە قەڵەمدەدات و دەیەوێت تۆڵەی شیعە لە شەڕی دژی داعش لە رۆژئاواو هاوپەیمانی نیودەوڵەتی دژی داعش بكاتەوە.
Top