میدیای یەكێتی ... ئاستەنگ دروستكردن بۆ سەربەخۆیی و پەڵپ و بیانوو هێنانەوە بۆ دواخستنی ریفراندۆم

میدیای یەكێتی ... ئاستەنگ دروستكردن بۆ سەربەخۆیی و پەڵپ و بیانوو هێنانەوە بۆ دواخستنی ریفراندۆم
لەرۆژەوەی بەرێز نیچیرڤان بارزانی لە میانەی دیمانەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاندووە ، ئەمساڵ لە كوردستان ریفراندۆم ئەنجامدەدەین، میدیای یەكێتی نیشتمانی كوردستان زۆر راشكاوانە خەریكی دروستكردنی ئاستەنگە بۆ سەربەخۆیی و پەڵپ و بیانوو هێنانەوەیە بۆ دواخستنی ریفراندۆم.
ئارێز عەبدوڵا ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی لە وتارێكیدا كە رۆژی 27/3/2017 بە ناونیشانی ( سەربەخۆیی و پارتی !) لە كوردستانی نوێ بڵاوی كردۆتەوە ، ئەوە وەبیردێنتەوە كە لەساڵی 1992 یەكێتی بە دروشمی مافی هەڵبژاردن بەشداری هەڵبژاردنەكانی كردووە و پارتی بە دروشمی ئۆتۆنومی بەشداری كردووە، ئەمەش بەوجۆرە پیشاندەدات بەوەی گوایە پارتی كارێكی باشی كردووە كە دروشمی خۆی لە ئۆتۆنومیەوە گۆڕیووە بۆ سەربەخۆیی... لێرەدا من تەنیا لەسەر ئەم قسەیەی ئاریز عەبدوڵا دەكەم هەڵوەستە دەكەم و بیانووەكانی دیكەی بۆ دواخستنی سەربەخۆی واز لێدینم.
بیگومان راستە پارتی دیموكراتی كوردستان بەدروشمی ( ئۆتۆنومی بۆ كوردستان) بەشداری هەڵبژاردنەكانی ساڵی 1992ی كوردستانی كرد و لەگەڵ ئەوەشی بەم دروشمەوە هەڵبژاردنەكانی بردەوە و 50%+1 ی دەنگەكانی كوردستانی بەدەست هێنا، بەڵام ئەگەر وازی لە دروشمی ( ئۆتۆنومی بهێنابایە) و بیگۆڕیایە بۆ مافی چارەنووس یان سەربەخۆیی ، ئەوا لەوانەبوو زیاتر لە 60% دەنگەكانی بەدەست بهێنایە. بەڵام پرسیاری گرنگ لێرەدا ئەوەیە بۆچی پارتی بەتەنیا لە 1992 پێداگیری لەسەر دروشمی ئۆتۆنومی كرد و نەیگۆری بۆ سەربەخۆیی ، لە ئێستاشدا بەشی هەرە زۆری حزبە سیاسیەكان داوای مانەوە لەگەڵ عێراق دەكەن و پارتی بەتەنیا سورە لەسەر سەربەخۆیی؟
پارتی لە ساڵی 1992 بۆیە پێداگیری لەسەر دروشمی ئۆتۆنومی بۆ كوردستان كرد ، لەبەر ئەوەبوو كە كۆمەڵگەی نیودەوڵەتی لە ئۆتۆنومی زیاتریان بە كوردستان رەوا نەدەبینی، تەنانەت كە لە 4/10/1992 پەرلەمان بڕیاری فیدرالی پەسەند كرد، سەرۆك بارزانی هەتا دڵنیایی لەسەر فیدرالیزم وەك چارەسەرێك بۆ ئایندەی عێراقی لەلایەن ئەمریكاوە وەرنەگرت ، ئامادەنەبوو دروشمی فیدرالیش بەرز بكاتەوە، بەڵام كاتێك ئەمریكا تیشكی سەوزی بۆ فیدرالیەتی عێراق هەڵكرد، ئەوا پەرلەمانی كوردستان بڕیاری فیدرالی پەسەند كرد ، كە لەناو پەرلەماندا هەم پارتی زۆرینەی كورسیەكانی پەرلەمانی هەبوو ، هەمیش سەرۆكی پەرلەمان خوالیخۆشبوو جەوهەر نامیق سالم بوو كە ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان بوو، راشكاوانەتر گۆڕینی دروشمی بزاڤی رزگاریخوازی كوردستان لە ئۆتۆنومیەوە بۆ فیدرالی لەسەر دەستی پارتی بووە و ئەگەر فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان پەسەندی نەكردایە پەرلەمان نەیدەتوانی بریاری فیدرالی پەسەند بكات. ئەمەش ئەوەمان پێدەڵێت پارتی دیموكراتی كوردستان نە موجازەفە و موغامەرە و نە سازش و موجامەلە لەسەر پرسی نەتەوەیەك ناكات و لە هەر قۆناخێكدا بە پێی ئیمكاینەت و لەباری باردۆخەكە هەنگاو هەڵدەگرێت. لە ئێستاشدا كە بۆتە ئاڵا هەڵگری پرسی سەربەخۆیی دیارە سەرۆك بارزانی هەروا لە خۆرا باس لەم پرسە ناكات و دڵنیایی تەواوی وەرگرتووە بۆیە هەنگاوی جدی بۆ هەڵدەگرێت، ئەگەر بەرێز ئاریز عەبدوڵا پێویستی بەوەیە دڵنیایی زیاتر وەربگرێت كە لە وتارەكەیدا داوای كردووە، باشترە داوای ئەم دڵنیایە لە بەرێز قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیرانی كوردستان بكات كە ئەندامی ئەو شاندەی بارزانی بووە كە لە ساڵی 2015 پرسی سەربەخۆییان لەگەڵ ئیدارەی ئەمریكی باسكردووە و پاش هاتنەوەی ئەو شاندە ئەوجا سەرۆك بارزانی داوای لە حزبە سیاسیەكانی كوردستان كردووە كە ژوورێكی عەمەلیات بۆ پرۆسەی سەربەخۆیی كوردستان دروست بكەن بۆ ئەوەی هەموو لایەنە سیاسیەكان پێكەوە لەو ژوورەدا كار بۆ سەرخستنی پرۆسەی سەربەخۆیی بكەن، بەڵام بەداخەوە حزبەكان لەبری ئەوەی سوو لەو دەرفەتە وەربگرن ، دیاربوو چ بەرنامەیەكیان جێ بەجێ كرد كە لێرەدا پێویست نیە دووبارەی بكەینەوە.
هەر لەسەر هەمان پرس و لە وتاریكیدا بەناونیشانی ( یەكەمجار كەركوك ئینجا سەربەخۆیی) فەرید ئەسەردیش وتارێكی بڵاو كردۆتەوە و تیایدا جەخت لەسەر ئەوە دەكاتەوە ئەگەر ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی و راگەیاندنی سەربەخۆیی پێش چارەسەركردنی كێشەی كەركوك یان گەرانەوەی كەركوك بۆ سەر هەرێمی كوردستان بكەوێت، ئەوا پاشان كەركوك لەدەست دەدەین و ئەگەر بمانەوێت بە شێوەی ئاشتیانە ئەم كێشەیە لەگەڵ بەغدا چارەسەر بكەین، ئەوا دوای ئەنجامدانی ریفراندۆم بەغدا نەرمی لەسەر چارەسەركردنی كێشەی كەركوك و گەرانەوەی بۆ سەر هەرێمی كوردستان نانوێنێت.
ئەم شیكارەی بەرێز ئەسەسەرد بۆ باردۆخی كوردستان و عێراق كردوویەتی بۆ عێراق وكوردستانی تا ساڵی 2014 راستە ، بەڵام ئەو گۆرانكاریانەی لەماوەی ئەم سێ ساڵە هاتوونە ئاراوە واقیعێكی تازەی دروستكردووە و جارێكی دیكە وەك پێش 2014 مامەڵە لەگەڵ عێراق ناكرێت و عێراقی پێش 2014 كۆتایی هاتووە و جارێكی دیكە ئەو عێراقە دووبارە نابێتەوە ، بۆ پشت ئەستوری ئەم بۆچوونەش بەرێز ئەسەسەرد دەتوانیت ئەم سێ راپۆرتە زۆر بەووردی بخوێنێتەو كە هەرسێكیان وەك پێشنیار بۆ ئیدارەی دۆناڵد ترامپ لە كۆتایی 2016 ئامادەكراون و بڵاوكراونەتەوە كە ئەوانیش ئەمانەن:
1- راپۆرتی ئۆلبرایت –هادلی سەبارەت بە رۆژهەڵاتی ناوەراست لە ئامۆژگای ئەتڵەنتیك بڵاوكراوتەوە.
2- راپۆرتی سیاسەتی پێشنیار كراو بەرامبەر بە عێراق بۆ ئیدارەی ترامپ، كینس پۆلاك نووسیوویەتی و لە ئامۆژگای برۆكینگز بڵاوكراوەتەوە.
3- راپۆرتی 100 ساڵ دوای سایكس-پیكۆ كە لە ئامۆژگای واشنتۆن بۆ سیاسەتی رۆژهەڵاتی نزیك بڵاوكراوە.
لەم 3 راپۆرتەدا بەهیچ شێوەیەك عێراق و كوردستان وەك یەك دەوڵەت و یەك سیستمی سیاسی باسی لێنەكراوە و هەرسێكیانجەخت لەسەر ئەوە دەكەنەوە كە ئەمریكا ببێتە میانگرێكی جێگە متمانەی هەردوو لایەنی عێراق و كوردستان بۆ ئەوەی بە ئاشتی لێكجیاببنەوە و هەروەها لە هەرسێ راپۆرتەكەشدا بە روونی نەخشەی رێگە دەسنیشانكراوە چۆن كێشەی كەركوك چارەسەر دەكرێت و چۆن كەركوك دەبێتە بەشێك لە دەوڵەتی كوردستان.
لەمەش تازەتر لە ژمارەی ( مارت و نیسانی 2017) ی گۆڤاری فۆرین ئەفێرزیش كە تەواوی ژمارەكە تایبەتە بە ( سەردەمی ترامپ) و یەكێك لە دیراسەتەكانی لەسەر ( ترامپ و تیرۆریزمە) جەخت لەسەر ئەوە كراوەتەوە كە ئەگەر ئامانجی ئیدارەی ترامپ ریشەهەڵكێشانی فیكری توندرۆیی ئیسلامی بێت كە ریكخراوی هاوشێوەی وەك داعش و قاعیدە بەرهەم دەهێنن، ئیدارەی ئەمریكا بەسەرۆكایەتی دۆناڵد ترامپ بێجگە لەدوو بژارە ، رێگەی سێهەمی لەبەردەمدانییە، ئەمەش مانای ئەوەیە یان دەبێت بەتەواوەتی دەستبەرداری دەستێوەردانی سەربازی لە هەموو رۆژهەڵاتی ناوەراست بهێنێت، یاخود دەبێت زۆر بە توندی بەشێوەیەكی سەربازی خەلافەتی ئیسلامی داعش بروخێنێت و پاشانیش بەرنامەیەكی سیاسی لەبەردەستدا بێت بۆ ئەوەی وەرچەرخانی گەورە لەو كۆمەڵگایەنە دروست بكات كەشەڕی داعش بەرهەمی دەهێنێت. بیگومان یەكێك لەو دەسكەوتە گەورانەی كە هێزی پێشمەرگەی كوردستان لەشەڕی داعش بەدەستی هێناوە، دروستكردنی ئەو جوگرافیا تازەیەیە كە بەشی هەرە زۆری ناوچە كوردستانیەكانی دەرەوەی هەرێمی گەراندۆتەوە سەر هەرێمی كوردستان و لەسەر ئەم جوگرافیایەش ریككەوتنی سەربازی كراوە بە ئامادەبوونی ئەمریكا، ئەمەش مانای ئەوەیە بەغدا لەرووی سیاسیەوە ریكدەكەوێت یان رێكناكەوێت، ئەو سنورەی خوێنی پێشمەرگە دیاریكردووە، سنوری كوردستانە و جارێكی دیكە ناگەرێتەوە سەر عێراق، تەنها لایەنێكیش كە دژی ئەم جوگرافیایە بێت كە هێزی پێشمەرگە دروستی كردووە كۆماری ئیسلامی ئێرانە، بەڵام ئێرانیش گەیشتۆتە ئەو قەناعەتەی كە جارێكی دیكە ناتوانێت ئەو جوگرافیایە دەسكاری بكات یان رێگە لە سەربەخۆیی كوردستان بگرێت، بۆیە كەوتۆتە هەوڵی لابەلا و پیادەكردنی شەڕی بەوەكالەت، بەڵام ئێران لەوە ش تێگەیشتووە لەمەشدا سەركەتوو نابێت، بەڵام ئەگەر بەووردی جارێكی دیكە گوێ لەوتارەكەی محەمەد جەواد زەریفی وەزیری دەرەوەی ئێران بگرنەوە كە لە كۆنفرانسی 53ی میونشن بۆ ئاساییش پێشكەشی كرد، لەوە تیدەگەین ئەو هەوڵەی ئێران بۆ دژایەتی سەربەخۆیی كوردستان خستوویەتە گەڕ، جۆرێكە لە گوشار دروستكردن و بارزگانی سیاسی بۆ خزمەتی مەدی شیعی و ئەوانەشی كە دەبنە كاراكتەری دروستكردنی گوشار و پەڵپ و بیانوو هێنانەوە بۆ سەربەخۆیی و فیدرالی كوردستان سەرەنجام لەوە تیدەگەن ئەو ئاراستەیەی ئایندەی سەربەخۆیی كوردستان دیاری دەكات پشتگیری هاوپەیمانی نیودەڵەتی دژی داعشە بەسەرۆكایەتی ئەمریكا نەك ئەو ئاراستەیەی كە ئێران بۆ مەبەستی تایبەتی خۆی دژایەتی سەربەخۆیی كوردستان دەكات.
Top