سەربەخۆیی كێ رایدەگەێنێت؟
March 26, 2017
وتار و بیروڕا
بۆیە مەرج نییە ئێستا ئەو نیگەرانییە لەناو خەڵكیدا بڵاوبكرێتەوە كە مادام حزبەكان لەسەر ئەم مەسەلەیە كۆك نین ئەوا كاتی راگەیاندنی سەربەخۆیی نییە، هەر چەند تائێستا هیچ حزبێك جورئەتی ئەوەی نەكردووە كە دژی سەربەخۆیی هەرێم بە ئاشكرا هەڵوێست وەربگرێت.
دیارە حزبەكانی هەرێمی كوردستان هەریەكە و لەدیدو بەرژەوەندی خۆی و پەیوەندییەكانی لەو مەسەلەیە دەڕوانێت بۆیە ئاساییە گەر ڕایان وەك یەك نەبێت. جا بۆ ئەوەی ئەو كارە چارەنووسسازە كە داهاتووی گەلەكەمان بەندە پێوەی، هیچ حزبێك بە تەنیا ئەو ئەركە نەخاتە سەرشانی خۆی، چونكە تا ئێستا لای هەندێك وا پێناسە دەكرێ كە ئەمە - ئەگەرچی خواستی هەموو گەلە - تەنیا حزبێك دەیەوێت بیكات و سەروەری بۆی خۆی تۆمار بكات یان لای هەندێك هەر بە دروشم و پروپاگەندە یان داپۆشینی قەیران و بێ مووچەیی لە قەڵەمی دەدات.
بۆیە پێویستە حزبەكانی هەرێم گەر لەسەر هیچ مەسەلەیەك كۆك نەبوون ئەوا دەبێت لەسەر مەسەلەی ئەو گشتپرسییە بۆ راگەیاندنی سەربەخۆیی كۆك و تەبابن، چونكە ئەوسا ئیدی كەس بە كاری حزبەكەی یان حزبە نەیارەكەی لە قەڵەم نادات و كەسیش ناتوانێت بە تەنها ئەو سەركەوتنە بۆ حزبەكەی پێناسە بكات.
بۆیە كاتێك ئەو بڕیارە لەلایەن دانیشتوانی هەرێمی كوردستانەوە دەدرێت ئیدی ئەو كات ئەو حزبەی لایەنگری سەربەخۆیی ناكات و خوازیاری عێراقێكی یەكگرتووە - كە تازە بە هیچ جۆرێك یەك ناگرێتەوە - ئەوا دەتوانێت بنەو بارگەی بگوازێتەوە بۆ بەغدا كە ئیتر هیچ پەیوەندی بەهەرێمەوە نامێنێت.
بەڵام وەك مێژوو سەلماندوویەتی لەو وڵاتانەی راپرسی لەو بارەیەوە كراوە ئەوا ئیتر هەموو لایەك پابەندی رای زۆرینەی گەلەكەیان بوون و هەڵوێستی جیاوازیان نەنواندووە، بۆیە بڕوا ناكرێ حزبە كوردییەكانی هەرێمیش پەیوەستی ئەو ریسایە نەبن و دژی بڕیاری زۆرینەی گەلەكەیان بوەستن.
ئەوسا ئیدی ئەنجامی ئەو راپرسییە دەخرێتە بەردەمی جیهان كە ئەوە رای كوردە لە هەرێم و لە ئەنجامی سەدساڵ لە پێكەوە لكاندنی بە زۆرو پێكەوەژیانی سەرنەكەوتوو ئەو بڕیارەی داوە، بۆیە بڕوا ناكرێ هیچ وڵاتێك كە پابەندی مافی گەلەكەی خۆی و گەلانی جیهان بێت دژی بوەستێت.
لە كۆتاییدا دەڵێین سەربەخۆیی هەردەبێت گەل رایبگەیەنێت.