كۆڕەو وەك ریفڕاندۆمێكی میللی بۆ داوای سەربەخۆیی

كۆڕەو وەك ریفڕاندۆمێكی میللی بۆ داوای سەربەخۆیی
كۆڕەوە مەزنەكەی بەهاری ساڵی 1991 وێڕای هەموو نەهامەتی و كارەساتەكانی، لەهەمان كاتدا جووڵەیەكی بەكۆمەڵی گشتی و سەرتاسەریی نەتەوەیەك بوو كە زۆر ماناو ئاماژەی گەورەی تێدا بوو، لەوانە:
یەكەم: كۆڕەو خۆی لەخۆیدا رەتكردنەوەی زوڵم و ستەم بوو لەلایەن گەلێكەوە كە ئامادە نەبوو لە ژێر دەستی رژێمێكی كۆكۆژدا درێژە بە ژیان بدات.
دووەم: لە كۆڕەودا، لەنێوان دووانەی نان و ئازادیدا، گەلی كوردستان ئازادی هەڵبژاردو، چوونەدەرەوەیشی خۆدەربازكردن بوو لە كۆت و بەندی دەسەڵاتێكی دژ بە ئازادی.
سێیەم: كۆڕەو ریفراندۆمێكی سەرتاسەری و میللی بوو كە تیایدا گەلی كوردستان بە شێوازێكی نوێ واقیعێكی دەیان ساڵەی سەپێندراوی رەتكردەوە، لەهەمان كاتیشدا داوایەكی خۆڕسكانەش بوو بۆ دیاركردنی مافی چارەنووسی خۆی.
بۆیە لە 5ی نیسانی ساڵی 1991 دا ئەنجومەنی ئاسایشی سەر بەنەتەوە یەكگرتووەكان بڕیاری ژمارە 688ی دەرچوواند، كە تیایدا چەمكی دەستتێوەردانی مرۆیی هێنایەئاراوە.
ئەم بڕیارە لەكاتی خۆیدا مشتومڕێكی زۆری نایەوە لەسەر ئاستی جیهان، بەتایبەت لەلایەن ئەو دەوڵەتانەی كە لەلایەن رژێمی دیكتاتۆرییەوە بەڕێوە دەبران، هەر بۆیە وڵاتانێكی ئەندام لەئەنجومەنی ئاسایش لەدژی ئەم بڕیارە دەنگیان دا، وەك (یەمەن و كوبا و زیمبابۆی).
گرنگیی ئەم بڕیارە لەزۆر خاڵدا بوو، لەوانە:
یەكەم: بۆ كوردستان
1- ئەم بڕیارە بووە هۆی دیاریكردنی ناوچەی ئارام لەسەرووی هێڵی 36 بۆ هەرێمی كوردستان و پاراستنی گەلەكەی لە رژێمی سەدام.
2- ئەم بڕیارە بوو بە هۆكارێكی یاریدەدەر بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنەكەی ساڵی 1992 بۆ پەرلەمان و حكومەتی هەرێمی كوردستان و زۆربەی دەستكەوتەكانی دواتریش.
دووەم: بۆ عێراق
1- ئەم بڕیارە بووە هۆی دەرچوواندنی بڕیاری كۆنگریسی ئەمریكا لەساڵی 1996 لەژێر ناوی (رزگاركردنی عێراق)
2- بڕیارەكە بووە هۆی یارمەتیدانی ئۆپۆزیسیۆنی عێراقی بۆ رووخاندنی رژێمی سەدام.
سێیەم: لەسەر ئاستی جیهان
1- بنەمای دەستێوەردانی مرۆیی پەسەند كرا لەكاروباری نێوخۆیی وڵاتانێكی خاوەن سیستمی ستەمكار.
2- لەحوزەیرانی 1991 رێككەوتننامەیەكی نێودەوڵەتی واژۆكرا بۆ پێدانی مافی دستێوەردانی مرۆیی بۆ راگرتنی ئەو ستەمكارییانەی دژ بە مافەكانی مرۆڤ و یاسا نێودەوڵەتییەكان دەكرێت لەهەر وڵاتێكدا.
3- لەكانوونی یەكەمی 1991 نەتەوە یەكگرتووەكان بڕیارێكی پەسەند كرد كە رێگەی دەدا بە نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ یارمەتیدانی هەر دەوڵەتێك بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن لەچوارچێوەی پڕۆسەی ئاشتیی ناوچەیی و جیهانی لەسەر داوای هەر دەوڵەتێكی خاوەن سەروەری.
بۆیە لەهزری ئێمەدا كۆڕەو و بڕیاری 688 تائێستاش پێكەوە دێنەباسكردن چونكە كۆڕەو هۆكاری دەرچوواندنی ئەم بڕیارە گرنگە بوو.
لێرەدا گرنگە تیشك بخەینە سەر ئەو هەنگاوانەی كەپێویستن لەئێستاداو، بەئیلهام وەرگرتن لە كۆڕەوەكەی بەهاری ساڵی 1991 بگیرێنەبەر، لەوانەش:
یەكەم: ئاگاداركردنەوەی بەردەوامیی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەو راستییەی كە بەزۆر پێكەوەلكاندنی گەلان پڕۆسەیەكی كارەساتهێنەو گەلانی ئازادیخواز دەكاتە قوربانیی دەستی ستەمكاران.
دووەم: زیندووكردنەوەی كێشەی لەمێژینەی گەلەكەمان و بەدەمەوەهاتنی زلهێزان بەلای دۆزی كوردەوە وەك دۆزێكی سیاسی و رەوای گەلێك كە شایانی مافێكی باشتری سیاسی بێت، لەوەی ئێستای.
سێیەم: دابینكردنی مافی بڕیاردانی چارەنووس بۆ گەلی كوردستان و پێدانی هەلی ئەنجامدانی ریفراندۆم.
چوارەم: مافی هەبوونی دەوڵەتێكی سەربەخۆ بۆ گەلی كوردستان، ئەو گەلەی كە بەكردەوە ئاشتی و پێكەوەژیانی سیاسی و ئایینی وەك جوانترین نموونە لەم ناوچەیەدا بەرجەستە كردووە.
پێنجەم: لەبەرچاوگرتنی قەبارەی ئەو قوربانییانەی كە گەلی كوردستان پێشكەشی كردووە لەشەڕی دژ بە رێكخراوی تیرۆریستیی دەوڵەتی ئیسلامی ناسراو بە داعش.
شەشەم: زەمینەسازكردن بۆ گفتوگۆی سیاسییانەی هێمن لەنێوان عێراق و هەرێمی كوردستاندا بۆ پێدانی مافی ریفراندۆم و سەرپشككردنی گەلی كوردستان لەدیاركردنی چارەنووسی خۆی.

Top