دەوڵەتی كوردستان.. بەرهەمی بریاری شەڕی مان و نەمانە

دەوڵەتی كوردستان.. بەرهەمی بریاری شەڕی مان و نەمانە
ساموئیل هنتگتن پێی وایە هۆكاری سەرەكی روودانی كارەساتی 11ی سێپتەمبەر دووركەوتنەوە و هەستنەكردنی ئەمریكیەكانە لە ناسنامەی نەتەوەیی و نیشتمانی و ئەگەر ئەمریكیەكان مەبەستیان بێت جارێكی دیكە كارەساتی هاوشێوەی 11ی سیپتەمبەر روونەداتەوە ، ئەوا پێویستە لەسەریان بگەرێنەوە بۆ ئەو ناسنامە نەتەوەییەی كە باوكانی دامەزرێنەری كۆماری ئەمریكا دروستیان كردووە و هەموو لەدەوری ئاڵای ئەمریكا كۆببنەوە كە هێمایە بۆ نەتەوەیەك كەناوی ئەمریكایە.
هنتگتن لە كتێبی ( ئێمە كێین؟) دژی ئەو بۆچوونانە دەوەستێتەوە كە پێیان وایە نەتەوەی ئەمریكا نەتەوەی كۆچبەرانە و، پێی لەسەر ئەوە دادەگرێت ئەو خەڵكانەی لەبەریتانیا و ئۆسكتلەندا و ئیرلەنداوە هاتوونە ئەمریكا و لەوێ نیشتەجێبوون، لەسەر بنەمای كەلتور و ئایین و زمانێك نەتەوەیەكیان دروستكردووە كە هیچ جیاوازییەكی نیە لە نەتەوەی ئەنگلۆ سەكسۆنی، لەمەش زیاتر هەر لەسەر بنەمای فیكری رۆشنگەری ئەورپا ئەمریكیەكان دژی دەسەڵاتی بەریتانیا شۆرشیان كردووە و كۆماری ئەمریكایان دامەزراندووە، بۆیە دەبێت ئەمریكیەكان رێز لەو كەلتورەی خۆیان بگرن و ئینتمایان بۆ نەتەوەكەی خۆیان هەبێت.
لەسەر ئەم بنەمایە هنتگتن راشكاوانە جەخت لەسەر ئەوە دەكاتەوە ئەگەر ئەمریكیەكان هەست بە ئەمریكیبوونی خۆیان نەك ئەوا نازانن بەرژەوەندی نەتەوەیشیان چیە، بۆیە داوایان لێدەكات یەكەمجار بزانن خۆتان كێن و ناسنامەتان چی یە، ئەوجا هەوڵبدەن بەرژەوەندی نەتەوەیی ئەمریكا چیە. بۆ ئەم مەبەستەش هنتگتن پەنا بۆ قسەیەكی سیاسەتمەداری ئینگلیزی مایكل هاوارد لە كتێبی ( شەڕ و دەوڵەتی نەتەوەیی دەبات) كە دەڵێت : (هیچ نەتەوەیەك بەمانای راستەقینەی وشە بەبێ شەڕ لە دایك نابێت و ناتوانێت بێتە یارزانێكی سەرەكی ئەگەر شەڕی چەكداری نەكات یان شەڕێكی سەربازی نەبووبێتە هەڕەشە لە سەر مان و نەمانی ئەو نەتەوەیە)، ئاماژەكردنی هنتگتن بەم قسەیەی مایكل هاوارد، واتە پشتگیركردنی ئەو بۆچوونەیە كە پێی وایە كاتێك هەڕەشەی مان و نەمان دەكەوێتە سەر نەتەوەیەك ، ئەوا نەتەوە نەك هەر دەتوانێت ئەو هەرەشەیە تێپەرێنیت بەڵكو ئەو هەڕەشەیە دەبێتە هۆكاری ئەوەی نەتەوە یەكگرتوو بێت و ببێتە یاریزانێكی سەرەكی لەسەر شانۆی سیاسی جیهان. ئەمەش بەو مانایەی هنتگتن دەیەوێت بە ئەمریكیەكان بڵێت كارەساتی 11ی سێپتەمبەر كە ئێستا بۆتە هەرەشەیەكی گەورە لەسەر مان و نەمانی نەتەوەی ئەمریكا، پێویستە بكرێتە دەروازەیەك بۆ ئەوەی هەموو تاكێك بگەرێتەوە بۆ ناسنامەی خۆی و لەدەورەی ئاڵای خۆی كۆبێتەوە بۆ ئەوەی جارێكی دیكە ئەمریكا هەر بە یاریزانی سەرەكی لەسەر شانۆی سیاسەتی جیهانی بمێنێتەوە.
بێگومان هێرشی تیرۆریستانی داعش بۆ سەر كوردستان نەك هەر هاوشێوەی كارەساتی 11ی سێپتەمبەری ئەمریكا بووە، بەڵكو مەترسیەكی راستەقینەشی لەسەر مان و نەمانی كوردستان دروست كرد، ئەوجا ئەگەر لەسەر ئەم دیدوبۆچوونەی هنتگتن هەوڵێك بدەین بۆ ئەوەی ئێمەش خۆمان بخوێنینەوە، ئەوا راشكاوانە دەگەینە ئەو راستیەی كە گەلی كوردستان ئەوكاتە بووە یاریزانێكی سەرەكی لەسەر شانۆی شەڕی جیهانی دژی تیرۆر كە سەرۆك بارزانی بریاری شەڕی مان و نەمانی دژی تیرۆریستانی داعش داو خۆی وەك پێشمەرگەیەك چووە بەرەكانی پێشەوەی شەڕ، ئەم بڕیارەی بارزانی لەگەڵ ئەوەی هەڵقوڵاوی بروابوونی بوو بە ئیرادەی نەتەوەكەی لە هەمانكاتدا ئەوەشی بۆ هەموو جیهان هێزی پێشمەرگەی كوردستان ئەو هێزەیە كە دەتوانێت ئەفسانەی تیرۆریستانی داعش بەتاڵ بكاتەوە كە هەموو جیهان لە ئاستیدا نەیاندەتوانی بریار بدەن.
بەڵام پرسیاری سەرەكی و گرنگن لێرەدا ئەوەیە ئایا چۆن دەتوانین ئەو پێگە و شكۆیەی بریارەكەی بارزانی و هێزی پێشمەرگەی كوردستان بۆ نەتەوەكەمانی لە شەڕی دژی داعش دروستیان كردووە بیپارێزێن؟ بیگومان بە پابەندبوونی هەموومان بە ناسنامەی نەتەوەیی خۆمان و پشتگیری سەرۆك بارزانی بۆ ئەوەی ئەم ناسنامەیە لە چوارچێوەی دەوڵەتی سەربەخۆی كوردستاندا بەرجەستە بێت، ئەم دەوڵەتە كە دەبێتە دەربری ناسنامەی نەتەوەیمان دەبێتە ئامرازێك بۆ ئەوەی ئامانجە نەتەوەییەكانی خۆمان لەچوارچێوەی ئەو دەوڵەتەدا دیاری بكەین و لەسەر بنەمای بەرژەوەندی گشتی نەتەوەیمان بۆ ئاییندە هەنگاو هەڵبگرین.
ئەوەی هەتا ئێستا بۆتە جێگەی ئومێد و گەشبینی بۆ ئایندە ئەوەیە كە لەسەر ئاستی هێزی پێشمەرگەی كوردستان ئەو گردبوونەوەیە لەدەوری ئاڵای كوردستان و ناسنامەی نەتەوەیمان بوونی هەیە و هەر ئەمەش بۆتە هۆكاری ئەوەی نەتەوەكەمان بە ئاییندەی خۆی گەش بین بێت، ئەم یەكریزی و یەكهەڵوێستیەی پێشمەرگە تارادەیەكی زۆر كێشە و ناكۆكیە سیاسیەكانی نیوان حزبە سیاسیەكانی كوردستانی شاردۆتەوە و لە هەمانكاتدا تارادەیەكی گەورەش ئەو راستیەی بۆ خەڵك و جەماوەر روونكردۆتەوە كە كێشە و ناكۆكی نێوان حزبە سیاسیەكان هۆكاری دەستێوەردانی دەرەكی ئەو دەوڵەت و لایەنانەیە كە دژی دەوڵەتی سەربەخۆی كوردستانن. بۆیە ئەم كێشانە ئەو كاتە بەتەواوەتی چارەسەر دەبن كە دەوڵەتی سەربەخۆ رابگەیەنرێت و بەتەواوەتی سنور بۆ دەستێوەردانی دەرەكی دابنرێت، ئەم حاڵەتە بۆ زۆربەی نەتەوەكانی دیكەی جیهانیش راستە كە دوای ئەوەی دەوڵەتی سەربەخۆ راگەیەنراوە ئەوجا توانراوە یەكریز و هاوهەڵوێستی تەواو لە بەرژوەندی نەتەوەیی دروست بكرێت و ئەمەش سەلمێنەری ئەو قسەیەی هنتگتنە كە دەڵێت هەتا نەتەوە نەبێتە خاوەنی كیان و ناسنامەی سیاسی خۆی ناتوانێت بەتەواوەتی لەوە تیبگات كە بەرژەوەندییە نەتەوەیەكانی چین.
لە ئێستا كە بەرێز مسعود بارزانی هەموو هەوڵەكانی خۆی چڕكردۆتەوە بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی كوردستان ، ئەو تەواو تەواو لەوە دڵنیایە كە بەرژەوەندی نەتەوەیی لەناو دەوڵەتی سەربەخۆی كوردستاندا بەرجەستە دەبێت و دەتوانرێت بەسەر هەموو كۆسپ و ئاستەنگانە زاڵ بیین كە بۆتە هۆكاری ئەوەی یەكریز و یەكهەڵوێستی نیوماڵی كورد بەو ئاستە نەبێت كە ئومێدی بۆ دەخوازین.
Top