كاتێك دەوڵەتە ئیسلامییەكان دان بەمافی برا موسڵمانەكانیاندا نانێن
March 13, 2017
وتار و بیروڕا
ئایین لە بچووكترین پێوەندی نێوان دوو كەس، یان دوو هاوكاردا دەڵێت: دەبێت رەزامەندیی هەردوو لای لەسەر بێت و نابێت بە زۆر بێت. ئەی ئایا پێكەوەلكاندنی گەلان لە چوارچێوەی سنوورێكدا كە وەك تەنوورە، نەك سنوور، تیایدا گەلان دەسووتێن و لەنێو دەبرێن، ئەمە لەپای چییە؟ ئایا خودا ئەمەی پێ قبووڵە تۆ كیمیاباران بكرێیت و بسووتێنرێیت و لەنێو ببردرێیت و مافت ژێرپێ بخرێت؟ هەموو ئەمانە بێگومان خودا قبووڵی نییە، بەڵام لەپای چی ئەمە روودەدات؟ لەپای ئەوە روودەدات كە بە هێڵێك سنوورێك دەكێشرێت كە بەپێی بەرژەوەندیی گەلانی براوەیە لەجەنگەكاندا، لەئەنجامیشدا ئەم سنوورە دەبێت بە تەنوورو خەڵك لەنێویدا دەسووتێت.
بۆیە دەبێت هەموو پێوەندییەكان لەسەر بنەمای ئازادی و ئیرادەی مرۆڤەكان پێك بێن، بێگومان دەبێت سنوورەكانیش بەهەمان شێوە بن.
لەمانگی یازدەی 2001 ئەم كێشەیەم خستەڕوو لەبابەتێكدا بەناونیشانی (مافی گەلان لەبەردەمی ئاستەنگی سنووری نێودەوڵەتی)، چونكە لە راستیدا جێی پرسیارە كە ئەم سنوورانە چۆن كێشراون؟ خۆ خەڵكێك هەیە بپرسێت و بڵێت: ئایا ئەم سنوورانە بە رەزامەندیی گشت گەلان كێشراون، یان براوەكانی جەنگ كێشاویانە؟ ئەوەتا دەبینیت یەكێتیی سۆڤیەتی جاران دابەش دەبێت و دەبێتە چەندین كۆمار، دەبینیت چیكۆسلۆڤاك لەیەك جیادەبنەوە دەبنە چیك و سلۆڤاك، دەبینیت یۆگسلاڤیای جاران دەبنە شەش كۆمار، دەبینیت تەیموری رۆژهەڵات لەئەندۆنیزیا جیادەبێتەوە، باشووری سوودان لە سوودان جیادەكەنەوەو دەبێتە دەوڵەت، هەموو ئەمانە مافی بڕیاردانی چارەنووسیان هەیە، ئەی ئەم مافە ئەگەر مافە، بۆچی تا ئێستا بۆ گەلی كوردستان نییە؟
كەواتە لە رووی ئایینییەوە:
یەكەم: سنووری نێودەوڵەتی خواكرد نییە، بەڵكو مرۆڤكردە، مرۆڤەكانیش لەبەر بەرژەوەندیی خۆیان كردوویانە.
دووەم: سنوورەكان دەبێت ئارەزوومەندانە دیار بكرێن، نەك دەرهاویشتەی جەنگە جیهانییەكان بن.
سێیەم: ئایین فێرمان دەكات بەدوای ئەو شوێنەوە بین كە مافەكانمان دەكەوێتە لایان، بۆیە بۆمان هەیە ئێمە وەك كورد بپرسین: مافەكانمان لای كێن؟
هەندێك دەڵێن: مافەكانتان لە بەریتانیاو فەڕەنسا داوا بكەن، چونكە لە رێگەی رێككەوتننامەی -سایكس پیكۆ-وە بەریتانیا و فەڕەنسا نەخشەی ناوچەكەیان داڕشتۆتەوە، ئێمەش دەڵێین: بەڵام ئێستا كوردستان دابەش كراوەتە سەر چوار وڵاتی ئیسلامیی وەك عێراق و ئێران و توركیا و سووریا.
كێ رێگەی لە توركیا گرتووە ئەگەر دان بەمافی كورددا بنێت و ئەو بەشەی كوردستان ئازاد بكات بۆ گەیشتن بە مافەكانی؟
كێ رێگەی لە ئێرانی ئیسلامی گرتووە كە رێگە بدات بە كوردانی رۆژهەڵات بۆ گەیشتن بە مافە رەواكانیان؟
كێ رێگەی لە سووریای موسڵمان گرتووە كە یارمەتی كوردانی رۆژئاوا بدات بۆ دەستخستنی مافە نەتەوەییەكانیان؟
ئێستا عێراق كە حزبە ئیسلامییە شیعەكان حوكمی دەكەن، وەك حزبی دەعوە و مەجلسی ئەعلاو ئەحرارو فەزیڵە، باشە ئەم برا مسوڵمان و دەسەڵاتە ئیسلامییەی ئێستای عێراق بۆ بە هەرێمی كوردستان ناڵێن خوا پێوەندییەكانی نێوان ئێمەو ئێوەی لەسەر بنەمای پێكەوەژیانی ئارەزوومەندانە داناوە، ئەوە ئێمە مافی بڕیاردانی چارەنووستان دەدەینێ و، خۆتان لەسەر مانەوە، یان جودابوونەوە لەعێراق بڕیار بدەن؟