لەسەروبەندی ژانی لەدایكبوونی دەوڵەتێكی سەربەخۆدا كوردستان بەرەو قۆناخێكی هەستیار بەڵام پڕشنگدار
March 12, 2017
وتار و بیروڕا
لە ئێستا پرسی سەربەخۆیی دەوڵەتی كوردستان یان بڕیاردان لەسەر چارەنووسی ئەم جوگرافیایە ، تەنها پرسێكی ناوخۆیی نێوان عێراق و كوردستان نیە ئەمە لەگەڵ ئەوەی پێویستە پێش هەرلایەكی دیكە عێراق و كوردستان لەسەر ئەم پرسە چارەنووسسازە وتو وێژ بكەن و بریاری یەكلایكەرەوە بدەن. بەڵام گرنگی یەكلایی بوونەوە یان دیاریكردنی جۆری پەیوەندیی ئایندەی نێوان عێراق و كوردستان نەك هەر تەنها بۆ ئەو دوو لایەنە، بەڵكو بۆ تەواوی رۆژئاوا و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش و تەواوی دەوڵەتانی ناوچەكە بە سونە و شیعەوە گرنگی خۆی هەیە و یەكلایبوونەوەی كێشەی نێوان عێراق و كوردستان دەبێتە شا دروستكەری ئاشتی لەناوچەكەدا.
هێز و لایەنە شیعیەكانی عێراق تارادەیەكی زۆر لەو راستیە دڵنیابوون كە جارێكی دیكە ناتوانن ئەو هاوپەیمانیەی نێوان كوردستان و شیعە بگێرنەوە بۆ سەرەتای ساڵانی 2002-2003، ئەمەش لەبەر ئەوەیە لەیەكەم ئەزموونی حكومرانی شیعە لە عێراقدا، كە كورد پێی وابوو كورد و شیعە هەردوولایان قوربانی دەستی یەك جەلاد بوون و دەتوانن بەهاوبەشی عێراق بەرێوە بەرن و ئارەزوومەندانە لەیەك وڵاتدا پێكەوە بژین، بەڵام نەك هەر سەركەتوو نەبوو بەڵكو كوردیان گەیاندە ئەو قەناعەتەی كە جیاوازی حكومرانی عەرەبی سونە( سەدام حوسێن) لەگەڵ جیاوازی حكومرانی شیعە ( نوری مالیكی) تەنها ئەوەندەیە دوو دەمووچاوی جیاوازن، رژێمی سەدام حوسێن كوردستانی كیماباران كرد و رژێمەكەی نوری مالیكیش بودجە و مووچەی كوردستانی بڕی ، ئەمەش وەك پەندە عەرەبیەكە دەڵێت : (قطع الاعناق ولا قطع الارزاق) واتە سەریان ببرن بەڵام رزقیان مەبڕن، بەڵام نموونەی حكومرانی شیعە ( نوری مالیكی) ئەمەشی كرد. بەداخەوە لەبەرامبەر ئەم رەفتارە نامرۆڤانەی نوری مالیكیشدا نەك هەر تەنها هێز و لایەنە شیعیەكاتنی ناو هاوپەیمانی نیشتمانی بەڵكو مەرجەعیەتی باڵای نەجەف بێدەنگی هەڵبژارد، دیارە هەڵبژاردنی بێدەنگیش لەسەر پرسی لەو جۆرە واتە رازیبوون بەو زوڵمەی لەلایەن رژێمی نوری مالكیەوە لە خەڵكی كوردستان دەكرێت.
هێز و لایەنە شیعیەكانی عێراق تەواو لەو راستیە حاڵیبوون كە جارێكی دیكە كوردستان نابێتەوە بە بەشێك لە عێراق، بۆیە هەندێك لایەنیان ئامادەباشیان پیشانداوە كە لەسەر پرسی سەربەخۆیی لەگەڵ كوردستان دانوستاندن بكرێت، دیارە چەمكی دانوستاندیش لای عەرەبی شیعە هەمان مانای لای عەرەبی سونە هەیە، بەڵام جیاوازی نێوانیان ئەوەیە، ئەمجارەیان جوگرافیای باشوری كوردستان لەلایەن هێزی پێشمەرگەی كوردستانەوە بە خوێن و قوربانیدان ئازادكراوەتەوە و بۆتە ئەو ئەمری واقیعەی پێش دانوستاندنی سیاسی ، دانوستاندنی سەربازی بە ئامادەبوونی ئەمریكا لەسەر كراوە و ئەم ریككەوتنە سەربازیەش شەرعیەت بەمانەوەی پێشمەرگە دەدات نەك هەروەك بەشێك لە خاكی باشوری كوردستان لە چوارچێوەی عێراقدا، بەڵكو وەك بەرەی پێشەوەی شەڕی دژی داعش و ، بوونی بە هێڵێك بۆ جیاكردنەوەی كوردستان لەبەشەكانی دیكەی عێراق كە ئێستا مەزندەی ئەوەی لێدەكرێت دوای ئازادكردنەوەی موسڵ و ملنەدانی حكومەتی بەغدا بۆ داواكاری سونەكان، بەجۆرێكی دیكە شەڕێكی دیكەی خوێناوی مەزهەبگەرایی لە نێوان عەرەبی شیعە و سونە دروست بێتەوە.
كەواتە جیاكردنەوەی كوردستان لە عێراق لەرووی سەربازیەوە پێش ئەوەی ئامانج لێی سەربەخۆیی كوردستان بێت، ئامانجی سەرەكی هەوڵدانە بۆ كۆنترۆڵكردنەوەی بەشە عەرەبیەكەی عێراق و دووبارە رێكخستنەوەی پەیوەندیەكانی نێوان عەرەبی شیعە و سونە، ئەوجا ئەم پرۆسەیەی ریكخستنەوەیە چەندی پێدەچێت و چۆن ریكدەخرێتەوە، ئەمەیان مەسەلەیەكە و پەیوەندی نێوان كوردستان و بەشە عەرەبیەكەی عێراقیش مەسەلەیەكی دیكەیە، بەڵام بۆ ئەوەی پرۆسەی رێكخستنەوەی بەشە عەرەبیەكەی عێراق و رێكخستنەوەی پەیوەندیەكانی نێوان عەرەبی شیعە و سونە ، كێشەی كەمتر بێتە رێگا و پرسی سەربەخۆی كوردستان نەبێتە كارتی گوشاری دەستی شیعە و سونەكان بۆ بەهێزكردنی پێگەی جەماوەری خۆیان، ئەوا باشترە كە پرسی سەربەخۆی كوردستان وەك هەنگاوی یەكەم لەگەڵ عێراق یەكلایی بكرێتەوە و پاشان بەشە عەرەبیەكەی عێراق بە هاوكاری ئەمریكا و دەوڵەتانی هاوپەیمانی دژی داعش، هاوكاری هەردوو لایەنی عەرەبی شیعە و سونە بكەن بۆ ئەوەی لەسەر شێوازێكی تازە پەیوەندی خۆیان ریكبخەنەوە.
كێشەی سەرەكی لە دووبارە ریكخستنەوەی عێراقی دوای داعش، بریتی دەبێت لە جیاكردنەوەی سوپا لە سیاسەتی مەزهەبگەرایی و دوورخستنەوەی هێزەكانی حەشدی شەعبی لەناوچەكانی عەرەبی سونەنشین، ئەمەش پێویستی بەوەیە كە هێزێكی ئاسایشی لۆكال بەناوی گاردی نیشتمانی بۆ عەرەبی سونەی عێراق دابمەزرێت و پرسی ئاسایش لە عێراقی عەرەبیدا بەرەو لامەركەزی كردن بەرن، ئەمەش دەبێتە یەكەم نموونەی لامەركەزی هێزی سەربازی و ئاسایش لە ئەزموونی دەوڵەتی فیدرالی لە جیهاندا، هێنانە ئارای ئەزموونێكی لەمشێوەی دەوڵەتی فیدرالی لەنێوان عەرەبی شیعە و سونە لەسەر بنەمای بەلامەركەزی كردنی هێزی سەربازی و ئاسایش، خۆی لە خۆیدا ئەو راستیە ئاشكرا دەكات كە ئەزموونی دابەشكردنی دەسەڵات لە عێراقدا سەركەتوو نەبووە و دەبێت بۆ چارەسەكردنی كێشەی عەرەبی سونەش لە عێراقدا پەنا بۆ جۆرێك لە دابەشكردنی سەروەری ببرێت، بەڵام ئەگەر كۆماری ئیسلامی ئێران سنورێك بۆ دەستێوەردانەكانی لەم چارەسەرێكی لەمجۆرەی نێوان شیعەو سونە دابنێت، ئەوا لەوانەیە عەرەبی شیعە و سونەی عێراق، لەبەر ئەوەی كێشەی ناسنامەی نەتەوەییان نیە، بەم رێگەیە كێشەكەیان چارەسەر بكرێت و پەیوەندی نێوانیان ریكبخرێتەوە.
بەڵام سەبارەت بە باشوری كوردستان، كە لە ئێستادا كۆمەڵێك كێشەی سەرەكی لەگەڵ حكومەتی بەغدا بەئەمری واقیع یەكلایی بۆتەوە ، وایكردووە كە كوردستان و عێراق بەشێوەیەكی هێمنتر دیالۆگ بكەن و باشتریش لە یەكتری تێبگەن و بوونی كوردستان و عێراقیش بەدوو دەوڵەتی دراوسێی یەكتری كێشەیەكی ئەوتۆ دروست نەكات ، بەتایبەتیش كە پێشتر بەشی هەرە زۆری كێشەكانی نێوان كوردستان عێراق لەسەر ئەم كێشانە بوون:
1- گەورەترین كێشەی نێوان كوردستان و عێراق، كێشەی خاك و دیاریكردنی سنوری باشوری كوردستان بوو، بەڵام ئێستا بەشی هەرە زۆری ئەو ناوچانەی پێیان دەگوترا ( ناوچەی كێشە لەسەر) ئێستا كێشەیان لەسەر نەماوە و لەژێر دەستی هێزی پێشمەرگەی كوردستاندایە و حكومەتی بەغداش لەگەڵ كوردستان لەسەر مانەوەی هێزی پێشمەرگە لەو ناوچانە ریككەوتنی سەربازی بە ئامادەبوونی ئەمریكا لەسەر كراوە، ئەمەش مانای ئەوەیە ئەگەر حكومەتی بەغدا بیەوێت بە ئاشتی و دیالۆگ كێشەی ئەو ناوچانە چارەسەر بكرێت، ئەوا دەبێت خۆی هەماهەنگ و هاوكار بێت بۆ ئەنجامدانی راپرسی، ئەگەر ئەو ئامادەباشیەشی تێدا نەبێت ، ئەوا رێككەوتنی سەربازی نێوان بەغدا و هەولێر، هەروەها دەستوری عێراقی ساڵی 2005 یش ئەو مافەی بە پەرلەمانی كوردستان داوە كە یەكلایەنە بریاری ریفراندۆم لەسەر چارەنووسی ئەو ناوچانە بدات.
2- كێشەیەكی دیكەی گەورەی نێوان كوردستان و عێراق، بوونی هێزی پێشمەرگەی كوردستان بوو وەك سوپای بەرگریكاری كوردستان، ئێستا ئەم كێشەیە نەك هەر چارەسەر بووە ، بەڵكو حكومەتی عێراق رێككەوتنی هاوپەیمانی لەگەڵ هێزی پێشمەرگە ئەنجامداوە و ئێستا وەك دوو سوپای دوو دەوڵەت پێكەوە دژی دوژمنێكی هاوبەش پێكەوە شەڕ دەكەن ، بۆیە ئەگەر پرسی چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان عەرەبی شیعەو سونە پێویستی بەجۆرێك بە لامەركەزیكردنی هێزی سەربازی و ئاسایش هەبێت، ئەوا ئێستا جیاكردنەوەی هێزی پێشمەرگە وەك سوپای كوردستان سەركەوتنی بەدەست هێناوە و لەگەڵ سوپای عێراقیشدا وەك سوپای دەوڵەتێكی دراوسێ هاوپەیمانە.
3- كێشەیەكی هەستیاری دیكەی نێوان هەولێر و بەغدا، ئاراستەی سیاسەتی نەوتی حكومەتی عێراقە كە ئەو مافە لەكوردستان وەردەگرێتەوە كە خۆی خاوەنی سیاسەتی نەوتی خۆی بێت و خۆی نەوت دەربهێنێت و رەوانەی بازارەكانی نەوتی جیهانی بكات، لە ئێستادا ئەم كێشەیەش نەك هەر چارەسەر كراوە، بەڵكو بەشێك لە نەوتی عێراقیش لە رێگەی بۆرییە نەوتەكانی كوردستانەوە دەنرێتە دەرەوە و لەوێوە هەناردەی بازارەكانی نەوتی جیهان دەكرێت، هەروەها حكومەتی عێراق ئەوا بۆ ماوەی 4 ساڵە بودجە و مووچەی هەرێمی كوردستان نانێرێت و كوردستان بەرەو دروستكردنی ژێرخانی ئابوریەكی سەربەخۆ هەنگاو هەڵدەگرێت، راستە حكومەتی كوردستان ناتوانێت وەك حكومەتی بەغدا مووچەی فەرمانبەرانی دابین بكات، بەڵام ئەو قەیرانەی لەلایەن بەغداوە وەك گوشار لەسەر پرۆسەی سەربەخۆیی كوردستان دروستكراوە وا خەریكە ووردە ووردە دەرەوێتەوە و كۆتایی دێت، بۆیە لەم حاڵەتە پرسی دابەشكردنیداهاتیش لەنێوان كوردستان و عێراق كۆتایی هاتووە.
ئەوەی كە دەمێنتەوە پرسی بەشداریكردنی كوردە لە پرۆسەی سیاسی عێراق، لەمەشیاندا حكومەتی عێراق ووردە ووردە قەوارەی بەشداری كوردی لە پرۆسەی سیاسی عێراقدا كەمكردۆتەوە بەڵام لایەنی كوردستانی بە تایبەتی پارتی دیموكراتی كوردستان كە پشكی شێری لەم كەمكردنەوەیە بەركەوتووە جۆرێك لە بێدەنگی هەڵبژاردووە و كاردانەوەیەكی ئەوتۆی نیە كە بۆنی پەرۆشی ئەوەی لێبێت جارێكی دیكە كوردستان ببێتەوە بەبەشێك لە عێراق، بۆیە ئەمەش مانای ئەوەیە خەریكە رۆژ لەدوای رۆژ بەغداو كوردستان بەهێمنی لەیەكتری دوور دەكەونەوە.
لەچوارچێوەی ئەم هاوكێشە ئاڵۆز و ناسكەی عێراق و كوردستانی پێدا تێدەپەرێت، جۆرێك لە موزایەداتی سیاسی حزبەكان دیمەنی هاوكێشەكەی تەڵخكردووە ، دیارە بۆ پێگەو هەڵوێستی كوردستان باشتر بوو ئەو شێوازی موزایەدەی سیاسیە لەم قۆناخەدا بوونی نەبێت، بەڵام وێرای هەموو ئەمانەش باردۆخەكە گەیشتۆتە ئاستێك كە موزایەدەی حزبە سیاسیەكان یان خۆنزیكردنەوە لە مالیكی و هاوشێوەكانی كاریگەری لەسەر پەیوەندیەكانی نێوان كوردستان و بەغدا و رەوتی وتو وێژەكانی كوردستان و عێراق بۆ سەربەخۆی نەبێت، ئەوانەشی كە ئێستا خۆیان لەبەرەی دژی سەربەخۆیی و پرۆسەی دانوستاندنی كوردستان و عێراق بۆ سەربەخۆیی دەبیننەوە و دیاری بەلاشی كورد فرۆشی پێشكەشی داگیركەران دەكەن ، دەبێت باش بزانن نە ئەوان و نە نوری مالكیش لە ئایندەی سیاسی بەشە عەرەبیەكەی عێراق( نەك ئەو عێراقەی پێش 2014) رۆڵیان نابێت و هەتا ئەگەر لە ئاكامی سندوقەكانی دەنگدانیشەوە كە سێكی وەك مالیكی شەڕعیەتی ئەوەی پێبدرێت بگەرێتەوە ناو پرۆسەی سیاسی عێراق، ئەوا ئایندەی عێراق و ناوچەكە و كۆی هاوسەنگی نێوان شیعەو سونە و سەقامگیری رۆژهەڵاتی ناوەراست رێگە نادات مالیكی و ئەوانەی وەك مالیكی بیردەكەنەوە لە پرۆسەی سیاسی ئایندەی عێراقدا هیچ ئایندەیەكیان هەبێت.
بۆ ئەمەش گرنگە هەڵوەستەیەك لەسەر بێ بایەخبوونی رۆڵی پەرلەمانی عێراقی بكەین، كە تیایدا باڵی نوری مالیكی و هاوپەیمانەكانی تیایدا باڵادەستن و بریارەكانی هیچ بەهایەكی نەماوە و بۆتە شوێنێك بۆ خۆنمایشكردن و موزایەداتی سیاسی، دیارە هۆكاری سەرەكی لە پشت بێ بایەخبوونی بریارەكانی پەرلەمانی عێراق لەلایەن ئەمریكا و عێراق و كوردستانەوە ، دەگەرێتەوە بۆ ئەوەی ئێستا پەرلەمانی عێراق وەك پەرلەمانەكەی حكومەتی بەشار ئەسەد تەنها نوێنەرایەتی ئەو كەسانە دەكات كە لەدەورو پشتی نوری مالیكی دەخولێنەوە، بۆیە لە ئێستا ئەگەر بەرووردی سەرنج بدەین تەنها ئەو بریار و یاسانەی حكومەتی عێراقی بایەخیان هەیە كە حكومەتی عێراق، حكومەتی كوردستان و حكومەتی ئەمریكا مەبەستیانە، لەم راستەوە دەكرێت ئاماژە بە یاسای حەشدی شەعبی بكەین، كە ئەم یاسایە داواكاری سەرەكی حكومەتی ئەمریكا بووە لە حكومەتی عێراق بۆ ئەوەی بەیاسا چارەنووسی ئەو هێزە مەزهەبگەراییە بگۆرێت بۆ هێزێكی نیشتمانی و لە ژێر دەستی فەرماندەی ملیشیاكان بیهێنێتە دەرەوە و بیخاتە ژێر كۆنترۆڵی فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی عێراقەوە، لەسەر ئەم پرسە نوری مالیكی كەوتبووە دووریانێكەوە ، یان دەبوو هەموو هەوڵی خۆی بخاتە گەڕ بۆ ئەوەی یاسای حەشدی شەعبی تێپەرێت، یان ئەو هێزە گوشاری دەخرایە سەر و لەبەریەك هەڵدەوەشێنرایەوە، بۆیە كاتێك یاسای حەشدی شەعبی پەسەند كرا زۆر كەس وەك سەركەوتنی باڵی نوری مالیكی ئەم سیناریۆیەیان بە كوردستان فرۆشتوە، بەڵام پرۆسەی ئازادكردنی موسڵ و شەڕ فرۆشتنی هەندێك لە هێزەكانی حەشد بە پێشمەرگە، ئەو راستیەی سەلماند، ئەو یاسایە بۆ ئەوەیە لغاوی ئەو خەڵكانەی ناو حەشدی شەعبی بكەن كە دەیانەوێت گێچەڵ دروست بكەن.
بەڵام ئەگەر سەیری پەسەندكردنی یاسای بودجەی ساڵی 2017 بكەین كە جكومەتی كوردستان ئامادەنەبوو پێوەی پابەند بێت لەبەر ئەوەی زیانی لە ئابوری كوردستان دەدا، وێرای ئەوەی پەرلەمانتارانی گۆران و چەند لایەنێكی دیكە دەهۆڵی زۆریان بۆ كوتا، بەڵام سەرەنجام حەیدەر عەبادی رایگەیاند، ئەو پرسە پەیوەندی بە رێككەوتنی نێوان حكومەتی كوردستان و حكومەتی بەغداوە هەیە.
هەموو ئەمانە پێكەوە راستیەكمان بۆ دەخاتە روو، ئەویش ئەوەیە كە بەغدا پێش كوردستان گەیشتۆتە ئەو قەناعەتەی كە عەرەبی شیعە دەبێت هەموو هەوڵیان بۆ ئەوەبێت كە بەشە عەرەبیەكەی عێراق بەیەكگرتوویی بمێنێتەوە و لە پرۆسەی دانوستاندن بۆ سەربەخۆیی كوردستان نەرمی بنوێنن و هەوڵبدەن ئەم پرسە بەزوویی و بە ئاشتیانە یەكلایی بێتەوە ، لەبەر ئەوەی سەربەخۆیی كوردستان چەند لەبەرژەوەندی خەڵكی كوردستاندایە هێندە زیاتریش بۆ ئایندەی عێراقی عەرەبی و تەواوی رۆژهەڵاتی ناوەراست گرنگە، بۆ ئەوانەی لە كوردستان و ئەوانەشی لەناو عەرەبی شیعە دژی ئەم واقیعە تازەیەن و چاویان بەسەربەخۆی كوردستان هەڵنایەت، ئەوا لە پرۆسەی سیاسی ئایندەی عێراق و كوردستان هیچ رۆڵێكیان نابێت و ئەوەی ئێستا دەیكەن راكردنە بەرەو ناو ئاگرەكە كە ئەمرۆ بێت یان سبەی دەیان سووتێنێت.