كورد ده بێ خێى دەوڵه ت دروست بكات
March 5, 2017
وتار و بیروڕا
هەر بۆ زانیاری ئەو جۆرە كەس و لایەنانەی كە بەڕای كونسوڵێك دەتۆقن و ورەبەر دەدەن، پێویستە ئەو ڕاستییە بزانن كە بڕیاردەری سیاسەتی ئەو وڵاتانە لەلایەن كونسوڵەكانیانەوە داناڕێژرێ و ئەوان بەجێ هێنەری سیاسەتی وڵاتەكانیانن، ئەمە لەلایەك و لەلایەكی تریشەوە تا ئێستا رووی نەداوە كە دەوڵەتێك لە پێش دروستبوونیدا هەموو وڵاتان پێشەكی چرای سەوزو پشتیوانی خۆیان بە ئاشكرا بۆ نواندبێت، بۆیە هەمیشە دوای دامەزراندن و ڕاگەیاندنی ئەو دەوڵەتە ئەوسا هەر وڵاتەو بەپێی بەرژەوەندی خۆی و هەڵسەنگاندنی ئەوكات رای خۆی دركاندووە، نموونەی دەوڵەتی ئیسرائیل نموونەیەكی بەرچاوە كە تا رۆژی راگەیاندنی بە ئاشكرا هیچ وڵاتێك پشتیوانی نەدەكرد، بەڵكو هەندێك لەو دەوڵەتانەی لەمەودوا دانیان بەخێرایی پێدانا تا كاتی راگەیاندنی پشتیوانیان نەدەكردو تا رادەیەك ناڕازی بوون، بەڵام وەك دەركەوت هەر پاش ڕاگەیاندنەكەیان زۆربەی وڵاتانی زلهێزی ئەوسای جیهان زۆر بە زوویی دانیان بەو دەوڵەتا ناو هەر زووش لە نەتەوە یەكگرتووەكان جێگەی خۆی گرت.
جا گەر كەسێك بێت و بڵێت، بەڵام ئەوان (پەیمانی بلفۆر)یان هەبوو، دەڵێم سەد پەیمان هەبوایە هەر بە پەیمانی دەما، گەر خەڵكی خۆیان ئامادە نەبوونایەو پێویستییەكانی بوون بە دەوڵەتیان دانەڕشتایە.
جا پرسیار لێرەدا ئەوەیە ئێمەی كورد چ سوودێكمان لە بێ دەوڵەتی بینیوە جگە لە ماڵوێرانی و نەهامەتی، ئەوە نییە بەهۆی بێ دەوڵەتییەوە بووینەتە خاوەنی ئەنفال و كیمیاباران و ڕاگواستن و گۆڕینی دیمۆگرافیاو وێرانكردنی خاكمان لە مێژوودا، ئەی ئەوە نەبوو لەبەر بێ دەوڵەتی وڵاتێك لە وڵاتانی جیهان بە موسڵمان و ناموسڵمانەوە تەنانەت لە كیمیابارانی هەڵەبجەشدا كەسێك نەهاتە دەنگ.
ئەی ئەوە نەبوو هەرچی بەرامبەر گەلەكەمان لە باشووردا لە سەد ساڵی رابوردوودا كە دەرهەقمان دەكرا بە پاساوی دەستوەرنەدان لە كاروباری ناوخۆی وڵاتاندا كەسێك نەدەهاتە دەنگ.
ئیدی كاتی ئەوە هاتووە بەرگی ئەو نابوێری و ڕەشبینی و بڕوا بەخۆنەبوونە توڕ بدەین و وەكو گەلانی ئەم سەر زەمینە ئێمەش ببینە خاوەنی دەوڵەتی خۆمان و جێگەی شیاوی خۆمان لە نێو میللەتانی جیهاندا بگرین و سەربەرزانە خۆمان نیشانی جیهان بدەین و بەری ئەو هەموو قوربانی و خوێن بچنینەوەو گەلەكەمان ئاسوودە بكەین و ئەو كارە مێژووییەش دەبێت خۆمان ئەنجامی بدەین.
أعجبني
تعليقمشاركة