نوێبوونه وه ى پرؤسه ى ئاشتى له به رژه وه ندى هه ر دوو لايه

نوێبوونه وه ى پرؤسه ى ئاشتى له به رژه وه ندى هه ر دوو لايه
نوێبوونەوەی پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا کە لەلایەن سەرۆکی هەرێمی کوردستانەوە هەوڵی بۆ دەدرێت لە خزمەتی هەردوولا دەبێت، چونکە مێژووی ململانێی دووروودرێژی ئەو دوو لایەنە لە چەندین ساڵی پێشوودا هەر ئەو راستییەی سەلماند کە چارەسەری ئەم کێشەیە تەنها و تەنها هەر بە ئاشتی دەکرێت، چونکە هەموو ئەو ئۆپراسیۆنانەی کە سوپای تورکیا لەو ماوە دوور و درێژەدا ئەنجامیدا نەگەیشتە ئەنجام و لە ماڵوێرانی و کوشت و کوشتار زیاتر بەرهەمی نەبوو.

بۆیە ئەو دەستپێشخەرییەی ‌‌حکوومەتی(ئاکپارتی) لە سەرەتای هاتنیەوە بۆ سەر کورسی دەسەڵات، نە تەنها لەلایەن کوردانی باکوورەوە، بەڵکوو لەلایەن ‌حکوومەتی هەرێمی کوردستانیشەوە زۆر بە گەرمی پشتیوانی لێکرا و پێشوازی کرا کە سەرەنجامی بەشداری پارتی(هەدەپە) بوو لە هەڵبژاردنی (٧ی حوزەیرانی ٢٠١٥) و بە بڕینی بەربەستی ١٠% توانی بە (٨٠) ئەندام سەرکەوتووانە بچێتە نێو پەرلەمانی تورکیاوە.

بەڵام بەداخەوە ئەم بارودۆخە لەبارەی بۆ HDP رەخسا، لە ئەنجامی هەندێ بڕیاری هەڵەدا کە دیارە کاریگەری سەرانی ( PKK) ی لەسەر بوو، لەبار بردرا و هەر ئەوەش بوو کە لە ئەنجامی هەڵبژاردنی دواییدا هەست بە کەمبوونەوەی رێژەی دەنگەکانی HDP کرا و بەوپێیەش (٢١) کورسی پەرلەمانی لەدەستدا.

نوێبوونەوەی شەڕیش کە بە گەرمی لەلایەن(PKK) ەوە پشتگیری دەکرا، هێندەی تر بارودۆخە سیاسییەکەی ئاڵۆزتر کرد و شەڕی خستە نێو شارەکانی باکوورەوە کە زەرەرمەندی یەکەم تێیدا خودی دانیشتووانی ئەو شارانە بوون.

بەردەوامی شەڕ و پێکدادان، بارودۆخی سیاسی لە تورکیای بەلای نەتەوەپەرەستانی تورکیاوە بەتایبەتی(MHP) وەرچەرخاند و بووە مایەی نزیکبوونەوەی (AKP) و (MHP) کە لە دوو بەرەی زۆر جیاوازدا بوون و بەوپێیەش وەلانانی (HDP) کە تا رادەی دەستگیرکردنی هاوسەرۆک و هەوادارانی و لێسەندنەوەی پارێزبەندی لە ئەندام پەرلەمانەکانی لە کۆی (٥٩) ئەندام (٥٤) یان متمانە و پارێزبەندییان لێسەندرایەوە.

لەراستیدا نەدەبوو (HDP) بەوجۆرە بچێتە ژێر کاریگەری بڕیارە هەڵەکانی(PKK)ەوە کە لە بەرژەوەندی وڵاتانی تر دەیدا و ئەجێندای لایەنی تری جێبەجێ دەکرد و دەبوو سوود لەو مۆڵەت و بەرەوپێشەوەچوونەی هەڵوێستی(AKP) وەربگرێ و سیاسەتی خودی خۆی و لە بەرژەوەندی کوردانی باکوور جێبەجێ بکات کە بەداخەوە نەیکرد.

ئێستا دەبێ سیاسەتمەدارانی (HDP) لەو راستییە گەیشتبن کە بە هەڵەدا براون و دەبێ لەلایەن ئەمانیشەوە زەمینەسازی بۆ نوێبوونەوەی گەڕێکی نوێی پرۆسەی ئاشتی دەستپێبکرێتەوە و خۆیان لە وابەستەیی بە (PKK)ەوە قوتار بکەن و سەربەخۆیانە هەڵسوکەوت بکەن.

بۆیە ئەم هەوڵەی جەنابی سەرۆک بارزانی، ئەوانیش بەرز دەینرخێنن و بە گەرمی پێشوازی لێدەکەن، بۆیە ئێمەش لە باشوور داوا لە حکوومەتی تورکیا دەکەین کە هەنگاوی جیددی لەوبارەیەوە بنێت و پرۆسەی ئاشتی دەستپێبکاتەوە کە بێگومان لە بەرژەوەندی هەردوولادا دەبێت.

بۆیە دەڵێین، بەردانی سەلاحەدین دەمیرتاش و هاوسەرۆکانی (HDP) و ئەندامانی، سەرەتاییەکی زۆر بەجێ دەبێت بۆ دەستپێکردنی ئەو دەستپێشخەرییە.
Top