رووخانی خەلافەتی داعش .. كۆتایی تیرۆر و تیرۆریستان نییە
February 27, 2017
وتار و بیروڕا
*****************
كاتێك پرۆسەی ئازادكردنی موسڵ كۆتایی دێت، ئایا بارودۆخی سیاسی لە بەشە عەرەبییەكەی عێراق و پێوەندیی نێوان كوردستان و عێراق چۆن دەبێت؟ لەوەڵامی ئەم پرسیارەدا خاتوو بەیان سامی عەبدولڕەحمان لە پەنێڵێ (دەوڵەتی عێراق. كۆماری كوردستان دوای داعش) بەمجۆرە روانگەی كوردستان بۆ ئەم پرسە دەخاتەڕوو و ئاماژە بەوە دەكات كە راستە دوای ئازادكردنی موسڵ، خەلافەتی ئیسلامی داعش دەڕووخێت، بەڵام رووخانی خەلافەت مانای كۆتاییهاتنی تیرۆر نییە، بەڵكو تیرۆر هەڕەشەی داهاتووی بەردەمی كوردستان و عێراق و هەموو لایەك دەبێت، ئەوجا لەژێر ناوی قاعیدە بێت، یان داعش، یان هەر ناوێكی دیكە.
پرسیاری دیكە لەدوای رووخانی خەلافەتی داعش ئەوەیە، ئایا لەسەر چ بنەمایەك پرۆسەی سیاسی دەست پێدەكاتەوە بۆ ئەوەی رێگە لەدووبارە سەرهەڵدانەوەی تیرۆر و شەڕی ناوخۆی نێوان شیعەو سوننە بگیرێت؟ یان ئایا چۆن مامەڵە لەگەڵ كوردستان دەكرێت بۆ ئەوەی لەشەڕی دژی تیرۆری دوای داعشیش هەمان رۆڵی شەڕی تێكشكاندنی تیرۆریستانی داعش بگێڕێت؟ دیارە بۆ بارودۆخی ئاڵۆز و نادیاری دوای ئازادكردنی موسڵ، وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە بەو ئاستە ئاسان نییە كە تەنیا بە بانگهێشتێك هەموو لایەنەكان و نوێنەری پێكهاتەكان لە سەر مێزێك كۆببنەوە و بڕیار لەسەر ئایندە بدەن، ئەمەش لەبەر ئەوەیە كاتێك هەوڵەكان دەخرێنەگەڕ بۆ ئەوەی پرۆسەی سیاسی لەدوای رووخانی خەلافەتی داعش دەستپێبكاتەوە، بەئاستێك بێ متمانەیی لە نێوان پێكهاتە سەرەكییەكان، (كوردو عەرەب، كوردو شیعە، كوردو سوننە، هەروەها شیعەو سوننە) بوونی هەیە، ئەمەش دەبێتە تەحەددایەكی گەورە بەوەی چۆن لەسەر زەمینەی ئەو بێمتمانەییە قووڵەی لەنێوان پێكهاتەكان هەیە، زەمینەی لێكتێگەیشن و وتووێژ و دیالۆگ دروست دەكرێتەوە، یان چۆن زەمینەیەك دەڕەخسێت بۆ گێڕانەوەی ئەو ئاوارانەی كە لە ئاكامی شەڕی دژی داعش مال و حاڵی خۆیان جێهێشتووە و ئێستا نزیكەی 1.8 ملیۆن هاوڵاتی عێراقی تەنیا لە كەمپەكانی كوردستان دەژین، ئایا چۆن ئەو هەموو خەڵكە دڵنیادەكرێتەوە و چۆن دووبارە لەسەر ماڵ و حاڵی خۆیان نیشتەجی دەكرێنەوە؟
ئەو تەحەددایانەی دوای رووخانی خەلافەتی داعش دروست دەبن، ئەگەر مامەڵەیەكی واقیعییانە و لۆژیكییانەی لەگەڵ نەكرێت، دەبنە هۆكاری ئەوەی زەمینەیەك دروست بێت كە بەئاسانی گروپی دیكەی تیرۆریستی لەناویاندا گەشە بكات، یان پاشماوەی تیرۆریستانی داعش دووبارە خۆیانی تێدا رێكبخەنەوە.
پرسیاری دیكە كە لەناو كاراكتەرەكانی پرۆسەی سیاسیی عێراقدا سەرهەڵدەدات، ئەوەیە كە دوای ئازادكردنی موسڵ و رووخانی خەلافەتی داعش، هێزەكانی حەشدی شەعبی (كە بەشێكیان لەچوارچێوەی یاسا چارەسەركراون و بەشێكیان لەدەرەوەی یاسان) وەك هێزێكی سەركەتوو و براوەی شەڕەكە خۆیان وێنا دەكەن، فەرماندەی ئەو هێزانە بەتایبەتی كەسانی وەك قەیس غەزعەلی فەرماندەی میلیشیای عەسائبی ئەهلی هەق و مەهدی موهەندیس كە رۆڵێكی كاریگەریان لەناو هەموو هێزەكانی حەشدی شەعبی هەیە، لەمیانەی هەڵبژاردەكانی عێراقدا ببنە كاراكتەری سیاسی و بڕیار بەدەست لەناو پرۆسەی سیاسیی عێراقدا، ئایا لە حاڵەتی لەمجۆرەدا چۆن دەتوانرێت لەگەڵ خەڵكانی وەك قەیس خەزعەلی و مەهدی موهەندیس كار بۆ رێكخستنەوەی نێوماڵی عەرەبی شیعەو سوننە بكرێت، یان رێگە لەوە بگیرێت ئەوانە هەڕەشە لە كوردستان بكەن؟
سەبارەت بەم خەڵكانە پڕۆفیسۆر مایك پێرگنت توێژەری باڵا لە ئامۆژگای هۆدسن و تایبەتمەند لەسەر گروپ و میلیشیاكانی عێراق، راشكاوانە ئاماژە بەوە دەكات، بارودۆخی دوای رووخانی خەلافەتی ئیسلامی داعش، بۆ عەرەبی سوننە وەك ساڵانی 2004 و 2005 وایە، ئەوكات عەرەبی سوننە متمانەی بە شیعە و كورد و ئەمریكا نەبوو، بۆیە بەشداری هەڵبژاردنی نەكردو سەرەنجامیش زەمینە بۆ شەڕی ناوخۆی شیعەو سوننە دروست بوو، لە ئێستاشدا بارودۆخەكە لەو كاتە خراپترە، هەر بۆ نموونە كەسێكی وەك مەهدی موهەندیس هێندەی پابەندە بە فەرمانەكانی ئێران، هێندە پابەند نابێت بە حكومەتی عێراقەوە، مەهدی موهەندیس لەدوای دەرچوونی هێزەكانی ئەمریكا لەگەڵ قاسمی سولەیمانی فەرماندەی سوپای پاسدارانی ئێران گەڕاوەتەوە بۆ عێراق، كە سێكی وەك قەیس خەزعەلیش، لەوكاتەی ئەمریكا لە عێراقدا بووە لەلایەن هێزەكانی ئەمریكاوە دەستگیر كراوە، بۆیە ئەگەر ئەوانە ببنە سەركردەی سیاسی و بڕیاربەدەست لە عێراقدا، ئەوا كارێكی حەتمییە كە شەڕی ناوخۆی نێوان شیعەو سوننە زۆر خراپتر سەرهەڵدەداتەوە و زەمینەش دروست دەبێت بۆ ئەوەی گروپی توندڕۆتر لە داعش و قاعیدە سەر هەڵبداتەوە.
بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەو بارودۆخە ئاڵۆزە چاوەڕوانكراوەی كە لەدوای ئازادكردنی موسڵ رووبەڕووی دەبینەوە، نوێنەری حكومەتی هەرێمی كوردستان لە ئەمریكا پێشنیاری ئەوە دەكات كە ناكرێت ئەمریكا بەوجۆرە رەفتار لەگەڵ ئەو قۆناخە هەستیارە بكات كە لەدوای ساڵی 2003 مامەڵەی لەگەڵ كێشەكانی عێراق كردووە، لەمبارەوە باس لەوە دەكات كە لە دەستووری عێراقی ساڵی 2005 و لە ماددەی 140 میكانیزمێك ئاماژەی پێكراوە بۆ چارەسەری ئەو ناوچە كوردستانییانەی لەدەرەوی ئیدارەی هەرێمی كوردستانن، بەڵام كێشەكە هەر ئەوەندە نییە كە حكومەتی عێراق نایەوێت ئەم ماددە دەستوورییە جێبەجێ بكات و ئەو كێشەیە چارەسەر بكرێت، بەڵكو كێشەی سەرەكی ئەوەیە كە ئەمریكاو ئەوروپاش گوشار ناكەن بۆ ئەوەی جێبەجێ بكرێت، ئەوان ماددەیەكیان دیاری كردووە بۆ چۆنیەتی چارەسەكردن، بەڵام جێبەجێ بكرێت، یان نەكرێت جێگەی بایەخی ئەوان نییە، بۆیە كاتێك كێشەكان چارەسەر نەكرێن، دەبێت چاوەڕێی بارودۆخی زۆر خراپتر بكرێت.
لەم حاڵەتەدا بارودۆخی عێراق و شێوازی بەڕێوەبردنی پرۆسەی سەربەخۆیی لەنێوان كوردستان و عێراق پێویستی بەوەیە كە هێزی ئەمریكا لەكوردستان و عێراق بوونی هەبێت و لەدانیشتنی نێوان كوردستان و عێراق ئامادەبوونی هەبێت، بۆ ئەوەی پرۆسەكە بە ئاشتی و سەركەتوویی كۆتایی پێبێت.
ئەوانەی بایەخ بە پرسی (دژایەتی تیرۆرو رێگرتن لەوەی جارێكی دیكە ژینگەی عێراق ببێتەوە بە نەوای ئارام بۆ تیرۆریستان) دەدەن، جەخت لەسەر ئەوە دەكەنەوە كە پێویستە ئەمجارەیان ئەمریكا سوود لە هەڵەكانی رابردووی وەربگرێت، بەتایبەتی كاتێك لە كۆتایی ساڵی 2011 هەموو هێزەكانی لە عێراق كشاندەوە و عێراقی بێ كاریگەری نفوز و هێزی خۆی بۆ نوری مالیكی بەجێهشت، ئەو هەڵەیە وایكرد كە كارەساتی گەورەی سەرهەڵدانی داعش و دامەزراندنی خەلافەتی ئیسلامی رووبدات و ئەمریكا ناچاربێت جارێكی دیكە بگەڕێتەوە بۆ عێراق، بەڵام گرنگە لێرەدا هەڵوەستە لەسەر ئەو راستییە بكرێت كە بارودۆخی دوای رووخانی خەلافەتی ئیسلامی زۆر ئاڵۆزتر و هەستیارترە وەك لە بارودۆخی كۆتایی 2011 و ئەوكات وەك ئێستا كێشە و تەنگژەكانی نێوان عەرەبی شیعەو سوننە بەو ئاستە قووڵ نەببوونەوە و بەو ئاستە بێ متمانەیی لەنێوان شیعەو سوننە نەبوو، بەڵام لە ئێستادا عەرەبی سوننە وێڕای ئەوەی جارێكی دیكە وەك لایەنی دۆڕاوی شەڕی دژ داعش لە چاوی عەرەبی شیعەدا سەیر دەكرێت، لەهەمانكاتدا هەموو شار و شارۆچكەكانی عەرەبی سوننە كاول بوون و وەك ماوەیەك پێش ئێستا پارێزگاری ئەنبار رایگەیاند كە تەنیا ئاوادەنكردنەوەی ئەنبار پێویستی بە زیاتر لە 11 ملیار دۆلار هەیە كە پارێزگای ئەنبار هێندەی شاری موسڵ كاول نەبووە، ئەمە بێجگە لەوەی زیاتر لە 2 ملیۆن ئاوارەی ناوخۆی عەرەبی سوننە لە عێراقدا هەن كە تەنیا ئەوانەی روویان كردۆتە كوردستان نزیكەی دوو ملیۆن هاوڵاتی دەبن، بۆیە لەم حاڵەتەدا كە بارودۆخی عەرەبی سوننە لەهەموو روویەكەوە لە خراپترین حاڵەتدایە، ئەوا ئەگەر مامەڵەیەكی تایبەت و تەندروستی لەگەڵ نەكرێت بۆ ئەوەی شارەكانیان بۆ ئاوەدان بكرێتەوەو بەشێوەیەكی عادیلانە تێكەڵاوی پرۆسەی سیاسی نەكرێنەوە، ئەوا جارێكی دیكە مەزندەی ئەوە دەكرێت كارەساتی گەورەتر لە عێراقدا رووبداتەوە.
سەبارەت بە كوردستان كە لەدوای ئازادكردنی موسڵ و رووخانی خەلافەتی ئیسلامی داعش، رێككەوتنێكی سەربازی لەگەڵ بەغدا بە شاهیدی و ئامادەبوونی ئەمریكا هەیە، ئەوا كوردستان بارودۆخێكی زۆر تایبەتتری لە ساڵی 2003 هەیە، ئەم بارودۆخە تایبەتەی كوردستان، ئەمری واقیعی دەوڵەتێكی سەربەخۆیە لەگەڵ عێراق و دەبێت عێراق وەك دەوڵەتێكی سەربەخۆ مامەڵەی لەگەڵ بكات و دەست بكات بە وتووێژ بۆ ئەوەی بەشێوەیەكی ئاشتییانە دوو دراوسێی باشی یەكتری بن، لە ئێستاداو سەبارەت بەمەزندەكردن بۆ دەستپێكردنی ئەو دیالۆگە لەنێوان كوردستان و عێراقدا، هەستدەكرێت ئەو لایەنە شیعەیانەی كە نایانەوێت وەك پێكهاتەیەكی سەرەكی مامەڵە لەگەڵ عەرەبی سوننە بكەن، هەوڵدەدەن كێشەیەك لەنێوان كوردستان و عێراق دروست بكەن، بۆ ئەوەی كێشەی مەزهەبگەرایی نێوان شیعەو سوننە بگۆڕن بۆ كێشەی نێوان كورد و عەرەب و كێشە سەرەكییەكەی پێ بشارنەوە، لەم حاڵەتەدا پێویستە ئەمریكا ئەمجارەیان هێزی پێویستی لە عێراق و كوردستاندا هەبێت، بۆ ئەوەی رێگە لەو ئاژاوەیە بگرێت و لەمەش زیاتر وەك پرۆفیسۆر كینس پۆلاك سەرۆكی سەنتەری سابان بۆ سیاسەتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێشنیاری كردووە، پێویستە ئەمریكا بە هاوشێوەی رێككەوتنی كامپ دەیڤید لەنێوان میسر و ئیسرائیل، سەرپەرشتی رێككەوتنێكی هاوشێوە لەنێوان كوردستان و عێراق بكات و گرنگە ئاستی بەشداری ئەمریكا لەو رێككەوتنە لە رێككەوتنی كامپ دەڤید كەمتر نەبێت، ئەمەش لەبەر ئەوەیە ئەگەر كوردستان بووە دەوڵەتێكی سەربەخۆ و لەعێراق جیابووەوە، ئەوا ئاسانتر دەتوانرێت بەشە عەرەبییەكەی عێراق رێكبخرێتەوە، یان پێوەندی لەنێوان پارێزگاكانی عەرەبی سوننە و پارێزگاكانی عەرەبی شیعە دروستبكرێتەوە و بەئاسانییش زەمینەی ئەوە دەڕەخسێت بۆ ئەوەی لایەنە سیاسییەكانی شیعەو سوننە لەدەوری مێزێك كۆبكرێنەوە.