پارتی و یەكێتی.. دوو هێزی كاریگەر بۆ ئەكتیفكردنەوەی حكومرانی

پارتی و یەكێتی.. دوو هێزی كاریگەر بۆ ئەكتیفكردنەوەی حكومرانی
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی له‌نێوان پارتی دیموكراتی كوردستان و یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان زوو شه‌ڕی ناوخۆ له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵات هه‌ڵگیرسا، به‌ڵام زووش نه‌ك هه‌ردوولا به‌ڵكو ئه‌مریكا و ئه‌وروپاش گه‌یشتنه‌ ئه‌و قه‌ناعه‌ته‌ی كه‌ بارودۆخی كوردستان ته‌نیا به‌ دوو حزبی جه‌ماوه‌ری و دیموكراتی به‌ڕێوه‌ده‌چێت كه‌ ئه‌ویش (پارتی و یه‌كێتی)یه‌.
پێش ئه‌وه‌ی ئه‌مریكا ببێته‌ ناوبژیوان له‌ نێوان پارتی و یه‌كێتی له‌ماوه‌ی ساڵانی شه‌ڕی ناوخۆدا، به‌شێك له‌ ده‌وڵه‌تانی ئه‌وروپا و له‌سه‌رووی هه‌مووشیانه‌وه‌ به‌ریتانیا هه‌وڵیاندا چه‌ند جارێك ناوبژیوانی له‌نێوانیاندا بكه‌ن، بۆ ئه‌وه‌ی ئاشته‌وایی له‌نێوان پارتی و یه‌كێتی بێته‌ئاراوه‌، به‌ڵام سه‌ره‌نجام له‌ ئه‌یلوولی 1998 وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا به‌فه‌رمی بووه‌ ناوبژیوان و به‌ ئاماده‌بوونی مادلین ئۆلبرایت كه‌ ئه‌وكات وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا بوو، رێككه‌وتنی واشنتۆن له‌نێوان پارتی و یه‌كێتی ئیمزا كراو ئه‌م رێككه‌وتنه‌ بووه‌ نه‌خشه‌ی رێگه‌ بۆ ئه‌وه‌ی پارتی و یه‌كێتی به‌ره‌و رێككه‌وتنی ستراتیژی و یه‌كگرتنه‌وه‌ی هه‌ردوو ئیداره‌ی (هه‌ولێر و سلێمانی) له‌چوارچێوه‌ی كابینه‌ی پێنجه‌می حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستاندا هه‌نگاو بنێن.
كه‌واته‌ رێككه‌وتنی واشنتۆن چوارچێوه‌یه‌كی بۆ كاری هاوبه‌ش و حوكمڕانی له‌ نێوان یه‌كێتی و پارتی دروستكردو هه‌ر دوو به‌ڕێزانیش جه‌نابی مسعود بارزانی و جه‌نابی جه‌لال تاڵه‌بانی وه‌ك دوو ده‌وڵه‌تمه‌دار له‌ گرنگیی ئه‌م رێككه‌وتنه‌ ستراتیژییه‌ تێده‌گه‌یشتن و به‌مه‌ش توانییان له‌ ناو ده‌ستووری عێراقی 2005 كۆمه‌ڵێك ده‌ستكه‌وتی گرنگ و مێژوویی بۆ كوردستان تۆمار بكه‌ن. به‌ڵام سه‌قامگیریی سیاسیی ناو یه‌كێتی نیشتمانی له‌ دوای ساڵی 2005 به‌هۆی ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنه‌ ناوخۆییه‌كانی یه‌كێتی جۆرێك ئاڵۆزی به‌خۆیه‌وه‌ بینی، به‌تایبه‌تی دوای ئه‌وه‌ی باڵی نه‌وشیروان مسته‌فا له‌ناو هه‌ڵبژاردنه‌ ناوخۆییه‌كانی یه‌كێتیدا شكستی خوارد، ئه‌مه‌ش ژینگه‌یه‌كی سیاسی و ئاڵۆزی ئه‌وتۆی دروستكرد، كه‌ نه‌وشیروان مسته‌فا له‌یه‌كێتی جیاببێته‌وه‌ ، ئه‌وجا چۆن له‌ ساڵی 1964 به‌لێكترازانی پارتی، باڵی مه‌كته‌بی سیاسی به‌ره‌و حزبێكی ئایدیۆلۆژی هه‌نگاوی هه‌ڵگرت ، ئه‌وا له‌دوای 2005 له‌ لێكترازانی یه‌كێتی، باڵی نه‌وشیروان مسته‌فا به‌ره‌و ئاراسته‌یه‌كی پۆپۆلیستی دژی دیموكراسی هه‌نگاوی هه‌ڵگرت.
دیاره‌ جیابوونه‌وه‌ی باڵی نه‌وشیروان مسته‌فا له‌ یه‌كێتی نه‌بووه‌ هۆكاری ئه‌وه‌ی رێككه‌وتنی ستراتیژی درزی تێبه‌كه‌وێت، هۆكاری مانه‌وه‌ی رێككه‌وتنی ستراتیژی نێوانیشیان ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ بایه‌خ و گرنگیی یه‌كریزیی نێوان پارتی و یه‌كێتی له‌بیركردنه‌وه‌و تێڕوانینی هه‌ردوو به‌ڕێزان مسعود بارزانی و جه‌لال تاڵه‌بانی، ئه‌مه‌ش بووه‌ هۆكاری ئه‌وه‌ی له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی 2009 پارتی و یه‌كێتی به‌ یه‌ك لیستی هاوبه‌ش به‌شداری هه‌ڵبژاردن بكه‌ن و هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ش ببنه‌وه‌ و كابینه‌ی شه‌شه‌می حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان پێكبهێنن.
به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌وه‌ی هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه‌ ئامانجی باڵی نه‌وشیروان مسته‌فا كه‌ پاشان بووه‌ (بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان) ئه‌وه‌ بوو كه‌ رێككه‌وتنی ستراتیژی نێوان پارتی و یه‌كێتی هه‌ڵبوه‌شێنێته‌وه‌، ئه‌وا دوای نه‌خۆشكه‌وتنی به‌ڕێز مام جه‌لال له‌ 2012 ، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی به‌پێداگیری پارتی دیموكراتی كوردستان نه‌وشیروان مسته‌فا ئه‌و خه‌وه‌ی بۆ نه‌هاته‌دی رێككه‌وتنی ستراتیژی هه‌ڵبوه‌شێنێته‌وه‌، به‌ڵام توانی گوشار بكاته‌ سه‌ر كادر و بنكه‌ی جه‌ماوه‌ری یه‌كێتی بۆ ئه‌وه‌ی یه‌كێتی به‌ لیستی هاوبه‌ش له‌گه‌ڵ پارتی به‌شداری هه‌ڵبژاردنه‌كانی 2013 نه‌كات، به‌مه‌ش راسته‌ رێككه‌وتنی ستراتیژی كۆتایی نه‌هات، به‌ڵام جۆرێك له‌سڕبوونی به‌خۆیه‌وه‌ دی و نه‌یتوانی وه‌ك پێشان هاوسه‌نگی و سه‌قامگیری له‌ناو پرۆسه‌ی سیاسیی كوردستان و عێراقدا رابگرێت.
هۆكاری سه‌ره‌كی بۆ دروستنه‌بوونی لێكتگه‌یشتن له‌نێوان یه‌كێتی و گۆڕان له‌لایه‌ك و پارتی و گۆڕان له‌لایه‌كی دیكه‌، ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی كه‌ شه‌خسی نه‌وشیروان مسته‌فا و بزووتنه‌وه‌كه‌شی وه‌ك بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان، وه‌ك سه‌ركرده‌ و حزبێكی پۆپۆلیستی، بڕوایان به‌ چه‌مكی ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌یی نییه‌ كه‌ سیستمه‌كه‌ی دیموكراتی و لیبڕاڵی بێت، به‌ڵام له‌نێوانی پارتی و یه‌كێتی به‌تایبه‌تی ئه‌و باڵانه‌ی نه‌كه‌وتوونه‌ته‌ ژێر كاریگه‌ریی بیروبۆچوونی پۆپۆلیستانه‌ی نه‌وشیروان مسته‌فاوه‌، لێكتێگه‌یشتنێك سه‌باره‌ت به‌ ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌یی و هه‌روه‌ها سیستمه‌ سیاسییه‌كه‌شی وه‌ك سیستمی دیموكراتی هه‌یه‌، ئه‌م لێكتێگه‌یشتنه‌ی نێوان پارتی و یه‌كێتی له‌سه‌ر پرسی ده‌وڵه‌ت و سیستمی حوكمڕانی كه‌ ئێستا هه‌ردوولاش زیاتر به‌م ئاراسته‌یه‌ هه‌نگاو هه‌ڵده‌گرن، كه‌ جارێكی دیكه‌ به‌هه‌مان شێوه‌ی ساڵانی دوای 1987 له‌ چوارچێوه‌ی گوتارێكی نه‌ته‌وه‌یی پرۆسه‌ی سیاسی رێكبخه‌نه‌وه‌، ئه‌م رێكخستنه‌وه‌یه‌ به‌و مانایه‌ نییه‌ كه‌ هه‌موو حزبه‌ سیاسییه‌كان به‌ بزووتنه‌وه‌ی گۆڕانیشه‌وه‌ بگه‌نه‌ قه‌ناعه‌ت و له‌یه‌ك گوتاردا خۆیان به‌رجه‌سته‌ بكه‌ن، به‌ڵكو ئه‌م لێكتێگه‌یشتنه‌ی پارتی و یه‌كێتی ئاراسته‌یه‌كی راشكاوانه‌ دیاری ده‌كات كه‌ به‌ره‌ی ئه‌و حزبانه‌ پێكه‌وه‌ كۆده‌كاته‌وه‌ كه‌ ئامانجیان سه‌رخستنی پرۆسه‌ی سه‌ربه‌خۆییه‌، ئه‌و لایه‌نانه‌ش جیاده‌كاته‌وه‌ كه‌ بانگه‌شه‌ بۆ عێراقێكی یه‌كگرتوو، یانو شێوه‌ن بۆ یه‌كپارچه‌یی خاكی عێراق ده‌كه‌ن.
Top