جەنابی ئیدریس بارزانی و یادەوەرییەك
February 15, 2017
وتار و بیروڕا
ئەو وتارەی گوڵان منی گێڕایەوە بۆ یادەوەرییەكی مێژوویی، ئێوارەیەكی سەخت و بەفرانباری ساڵی (1983) لە گوندی بێتواتە كە ئەو كات تەمەنم (16) ساڵ بوو، باوكی رەحمەتیم دەستی گرتم و بردمی بۆ ژوورەكەی خۆی، بینیم پیاوێك لەژوورەوە دانیشتووەو لەسیماو روخساریدا حەسرەت و ماندووبوونێكی زۆر دەخوێندرایەوە، یەكسەر شتێكی دایە باوكم كە بەقەد نیو شقارتەیەك دەبوو، باوكیشم دایە دەستم كە سەیرم كرد نامە بوو هەمووی بە (تێپ) بەسترابوو، باوكم گوتی: بۆم بخوێنەوە، منیش بەوردی نامەكەم بۆ خوێندەوە، سەیر بوو كە ناوو ئیمزای هیچ كەس بەسەر نامەكەوە نەبوو، بەڵام باوكم گوتی: ئەوە نامەی كاك ئیدریس بارزانییەو بۆمنی ناردووە، بەڵام لەبەر مەترسی سەر ژیانی من و نامەهەڵگر ناوی خۆی نەنووسیوە، هەڵبەت من ئێستاش نازانم نامەكە هی جەنابی كاك ئیدریس بارزانی بوو، یان نا، دواتریش هیچ سۆراغ و زانیارییەكی ترم لەسەر ئەو نامەیە نەزانی، چونكە ماوەیەك دوای ئەوە ماڵ و باوكم و قوتابخانەم جێ هێشت و چووم بووم بە پێشمەرگە، بەڵام دواتر قەناعەتی ئەوەم لا پەیدا بوو، كە كابرا راستی دەكردو نامەكە هی خودی كاك ئیدریس بارزانی بوو.
لەبەرچی؟ كۆمەڵێك رستە لەنامەكەدا هاتبوو، كە پێشبینی بارودۆخی سیاسیی كوردستان و ناوچەكەی تێدا بوو بۆ نموونە: نوسرابوو: رێزدار كاك كەمال بەگ تۆ لەهەركوێیەك بیت، مایەی سیقەو متمانەی ئێمەی و دڵنیاش بە لەئایندە رژێمی بەعس دەڕووخێت و ئەگەر تۆش نەیبینی، رۆڵەو نەوەكانی ئێمەو میللەتەكەمان رۆژی ئازادی بەچاوی خۆیان دەبینن. هەروەها لەنامەكەدا نووسرابوو: لە ئێستا كە سەدام و رژێمەكەی بەربوونەتە گیانی میللەتەكەمان و ئازادیخوازان و هەروەها دنیاش لە ئاستی ئەو تاوانانەدا گوێی خۆی كەڕ كردووە، رۆژێك دێت هەر ئەو وڵاتانەی خۆیان بەدۆستی سەدام دەزانن و بێدەنگن لە ئاستی كارە خراپەكانی، ئەوا هەر سەدام و رژێمەكەی خۆیان دەبێتە مایەی فیتنەو سەرئێشە بۆ خۆیان.
دیسان دەمەوێت جەخت بكەمەوە كە نامەكەی هی خودی كاك ئیدریس بارزانی بوو، چونكە جارێكیان لەداوەتێكی نووسەران و رۆشنبیراندا كە بەڕێز مام جەلال تاڵەبانی سازی كردبوو، هەر خودی مام جەلال لەیەكێك لە تەوەرەكانی قسەكانیدا گوتی: ئیدریس بارزانی جگە لەوەی دەورێكی گەورەو سەرەكی هەبوو لە ئاشتبوونەوەی گشتیی نێوان ئێمەو پارتی و حزبەكانی تری كوردستان لە ساڵی (1986)، هەروەها پیاوێكی وردبین و ژیر بوو، داهاتووی وەكو ئێستا دەبینی و رۆژێك كاك ئیدریس بەمنی گوت: ئەو وڵاتانەی لە ئاستی تاوانەكانی سەدام بێدەنگن، رۆژێك دێت دەبێتە كێشە بۆ خۆشیان، واتا دەقی قسەكەی مام جەلال و قسەی ناو ئەو نامەیەی بۆ باوكم هاتبوو وەكو یەك بوون.
ساڵی 1984 كە بوومە پێشمەرگە لە سنووری بارزان حاجی حەمەدەمین شێخوەسانیم بینی كە تێكۆشەرێكی پارتی بوو. خۆم پێناساندو پێمگوت: ئەگەر نامەیەك بۆ كاك ئیدریس بارزانی بنێرم، دەگاتە دەستی؟ گوتی تۆ بینووسە، خوا كەریمە، دوای شەش مانگ حاجی حەمەدەمینم بینییەوە، گوتی خەبەرم هەیە نامەكەی بەدەست گەیشتووەو زۆری پێ خۆش بووەو ئەوەشی گوتووە خۆ ئەو بنەماڵەیە، هی خۆمانن، چۆن نەهاتۆتە لای خۆمان، بەڵام قەیناكە گرنگ ئەوەیە بۆتە پێشمەرگەو حزبی شیوعیش دۆست و هاوپەیمانی ئێمەیە، ئێمەش وەكو پێشمەرگایەتی بۆی حیساب دەكەین. ئەوەشی گوتبوو ئەگەر رێی كەوتە ئەو ناوە، با پێوەندیم پێوە بكات و دەیبینم.
دیارە جەنابی كاك ئیدریس بارزانی و باوكم ئازادیی كوردستانیان نەبینی، بەڵام خەون و ئامانجی هەردووكیان دڵنیام لە ئایندەیەكی نزیكدا دێتەدی كە خۆی لە سەربەخۆیی كوردستاندا دەبینێتەوە.