راستكردنه‌وه‌ی ئاراسته‌ی پرۆسه‌ی سیاسی و دیالۆگی راشكاوانه به شاهیدی خه‌ڵكی كوردستان
February 14, 2017
وتار و بیروڕا
ئه‌وانه‌ی له‌كوردستان چاودێری سیاسین، یان رۆژنامه‌نووسن، ئاگاداری ئه‌و راستییه‌ن كه هه‌تا ئایاری 2015 كه شاندی كوردستان له‌ئه‌مریكا گه‌ڕایه‌وه، هیچ كێشه‌یه‌ك له‌نێوان پارتی و گۆڕان و له نێوان هیچ كام له‌و حزبانه نه‌بووه كه به‌خۆیان ده‌گوت (پێنج حزبه سه‌ره‌كییه‌كه!!)، ئه‌و كێشه‌یه‌ی به‌زۆر دروسیتان كرد‌و ناویان لێنا پرۆژه‌ی هه‌مواركردنه‌وه‌ی یاسای سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان، ئه‌سڵه‌ن هه‌تا مانگی ئایاری 2015 هیچ پرۆژه‌یه‌ك نه‌بووه به‌ناوی (پرۆژه‌ی هه‌مواركردنه‌وه‌ی یاسای سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان) له‌لایه‌كی دیكه‌ش ئه‌م پرۆژه‌یه كه ده‌كرێت پێشی بڵێین (گۆڕینی شێوازی حوكمڕانی له كوردستان) نه‌ك هه‌ر به پرۆژه‌ی ئه‌م حزب و ئه‌و حزب هه‌موار ناكرێته‌وه، به‌ڵكو هه‌تا ئه‌گه‌ر له‌ده‌ستووریشدا سیستمی سیاسی، یان پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان به‌و جۆره دابڕێژدرێت كه بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان بانگه‌شه‌ی بۆ ده‌كرد، ئه‌وا هه‌تا له پرۆسه‌یه‌كی گشتپرسیدا خه‌ڵكی كوردستان ده‌ستووره‌كه په‌سه‌ند نه‌كات، ئه‌و شێوازه نابێته سیستمی سیاسی له هه‌رێمی كوردستاندا.
سه‌باره‌ت به هه‌ڵوێستی شه‌خسی به‌ڕێز مسعود بارزانی وه‌ك سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان وه‌ك حزبی سه‌ره‌كی له پرۆسه‌ی سیاسیی كوردستاندا، بۆ هه‌موو لایه‌ك ئاشكرایه‌و شه‌خسی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان نه‌ك هه‌ر داوای نه‌كردووه له‌و پۆسته‌دا بمێنێته‌وه، به‌ڵكو داوای له حزبه سیاسییه‌كان كردبوو كه له ناو خۆیاندا رێكبكه‌ون و كه‌سێك دیاری بكه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی زۆر به ساده‌یی ئه‌و پۆسته‌ی له‌گه‌ڵ ئاڵۆگۆڕ بكات، سه‌باره‌ت به هه‌ڵوێستی پارتی دیموكراتی كوردستانیش، ئاشكرایه كه پارتی رایگه‌یاند، گۆڕینی سیسته‌م، یان گۆڕینی شێوازی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان، یان ئه‌وه‌تا ده‌ستووری كوردستان چاره‌سه‌ری بكات و پاشان ده‌ستووره‌كه ده‌خرێته گشتپرسییه‌وه، یان ئه‌وه‌یه ته‌نیا بۆ ئه‌م پرسه گشتپرسی بكرێت و گه‌لی كوردستان چی بڕیارێكی دا، هه‌موو لایه‌ك پێوه‌ی پابه‌ند ده‌بین، به‌ڵام ئه‌م پرسه به پرۆژه و پرۆژه‌كاری حزبه‌كان و كه‌مینه و زۆرینه‌ی په‌رله‌مانی چاره‌سه‌ر ناكرێت. بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان بۆ چاره‌سه‌ری ئه‌م پرسه هه‌ستیاره بنه‌مای سازانی نیشتمانی پێشێل كرد‌و ویستی به رێگه‌ی كه‌مینه‌و زۆرینه‌ی په‌رله‌مانی كوده‌تایه‌ك به‌سه‌ر پرۆسه‌ی سیاسیی كوردستاندا بكات، به‌ڵام ئه‌وه بوو ئه‌م گه‌مه‌یه‌ی دۆڕاند، بۆیه هه‌وڵیدا ئه‌م دۆڕاندنه‌ی به سووتاندنی كوردستان په‌رده‌پۆش بكات، له‌م حاڵه‌ته پارتی دیموكراتی كوردستان ناچار بوو به بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان بڵێ به‌سه‌و ده‌بێت سنووری بۆ دابنرێت، له‌م چوارچێوه‌یه‌دا هاوپه‌یمانی خۆی بۆ پێكهێنانی كابینه‌ی هه‌شته‌م له‌گه‌ڵ گۆڕان هه‌ڵوه‌شانده‌وه و به ئاشكراش رایگه‌یاند هه‌ر لایه‌نێكی سیاسی ده‌یه‌وێت لاسایی گۆڕان بكاته‌وه، ئه‌وا ده‌توانێت ئه‌ویش هاوپه‌یمانیی خۆی هه‌ڵبوه‌شێنێته‌وه و له حكومه‌ت بكشێته‌وه.
ماوه‌ی نزیكه‌ی 18 مانگه ئه‌م حاڵه‌ته له كوردستان روویداوه‌و پرۆسه‌ی سیاسی جۆرێك له چه‌قبه‌ستوویی و سڕبوونی پێوه دیاربووه، به‌ڵام له ئێستادا خه‌ریكه هه‌نگاوه‌كان به‌ره‌و ئه‌وه ده‌چن كه جۆرێك لێكتێگه‌یشتنی تازه له‌نێوان به‌شێك له حزبه‌كان بێته‌ئاراوه‌و ئه‌و چه‌قبه‌ستوویی و سڕبوونه‌ی پرۆسه سیاسییه‌كه كۆتایی پێبێت. به‌ڵام كۆتاییهاتن و دووباره به‌گه‌ڕخستنه‌وه‌ی پرۆسه‌ی سیاسی نه‌ك ته‌نیا فراوانكردنی بازنه‌ی (پێنج حزبه‌كه)ی پێویسته، به‌ڵكو ده‌بێت بازنه‌ی دیالۆگ و وتوویژ بۆ دۆزینه‌وه‌ی میكانیزمێك بۆ ده‌رچوون له‌م كێشه دروستكراوه بدۆزرێته‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی جارێكی دیكه كێشه‌ی دروستكراوی دیكه دروست نه‌كرێته‌وه، بۆ ئه‌مه‌ش پێوسته بازنه‌كه به ئاستێك فراوان بێت كه دیالۆگ و وتووێژ به ئاشكرا و له‌به‌رده‌می خه‌ڵكی كوردستان و شه‌فافانه ئه‌نجام بدرێت و چیدیكه بۆ مه‌رامی سیاسیی حزبه‌كان كارته‌كان تێكه‌ڵ نه‌كه‌ن و راستییه‌كان له خه‌ڵكی نه‌شارنه‌وه.
له‌ماوه‌ی ئه‌م 18 مانگه‌ی پارتی دیموكراتی كوردستان هاوپه‌یمانیی خۆی له‌گه‌ڵ بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان هه‌ڵوه‌شاندۆته‌وه، هه‌موو هه‌وڵی كادر‌و هه‌ڵسووڕاوانی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان و هه‌ندێك له په‌رله‌مانتارانی لایه‌نه‌كانی دیكه، ئه‌وه بووه كه به هه‌ر نرخ و شێوازێك بۆیان ده‌كرێت، باری سه‌قامگیری سیاسی كوردستان بشێوێنن و، هه‌وڵیانداوه به هه‌موو شێوه‌یه‌ك له‌ناو په‌رله‌مانی عێراق دژایه‌تی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی كوردستان و پێشمه‌رگه بكه‌ن، له‌مه‌ش زیاتر به ئاشكرا له‌سه‌ر زاری هه‌ڵسووڕاوێكی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان كه ئێستا جێگری دووه‌می سه‌رۆكی په‌رله‌مانی عێراقه، داواكراوه سلێمانی بگێرنه‌وه بۆ سه‌ر به‌غدا و له‌كوردستان دایببڕێنن و له ئێستادا كه خه‌ریكه پرۆسه‌ی وتووێژ له نێوان هه‌رێمی كوردستان و هاوپه‌یمانیی لایه‌نه شیعه‌كان بۆ پرۆسه‌ی سه‌ربه‌خۆیی كوردستان ده‌ست پێده‌كات، كادر‌و هه‌ڵسووڕاوه‌كانی گۆڕان زۆر به ئاشكرا به‌رگری له یه‌كپارچه‌یی خاكی عێراق ده‌كه‌ن و ده‌یانه‌وێت به‌وجۆره پیشانی بده‌ن كه خه‌ڵكی كوردستان له‌گه‌ڵ سه‌ربه‌خۆییدا نییه و حه‌زی له پاشكۆیی و بنده‌ستیی حوكمڕانیی ده‌سه‌لاتدارانی عێراقه.
كادر و هه‌ڵسووڕاو و په‌رله‌مانتارانی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان له‌به‌غدا، هه‌ر جاره‌ی به بیانوویه‌ك ده‌یانه‌وێت بیانوو بۆ ره‌فتار و لێدوانه‌كانیان دژ به كوردستان و پێشمه‌رگه بهێننه‌وه، مه‌به‌ستیانه پرۆسه‌ی سیاسیی كوردستان سه‌قامگیری بۆ نه‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی له‌سه‌ر چه‌واشه‌كاری و دژایه‌تی پرۆسه‌ی سه‌ربه‌خۆیی كوردستان به‌رده‌وام بن.
له حاڵه‌تی له‌مجۆره‌دا كه په‌رله‌مان كراوه به ئامێرێكی شه‌ڕ به‌ده‌ستی لایه‌نێكه‌وه و رێگه‌نادات په‌رله‌مان ئه‌كتیڤ بكرێته‌وه‌و له‌ناو پرۆسه‌ی سیاسیش‌دا چۆته سه‌ر داری عینادو نایه‌ته خواره‌وه‌و ده‌یه‌وێت خۆی به‌سه‌ر هه‌موو لایه‌كدا فه‌رزبكات، ئه‌وا ته‌نیا ریگه‌ی دروست بۆ كردنه‌وه‌ی ته‌لیسمی ئه‌م ئاژاوه‌گێڕی و عینادییه ئه‌وه‌یه راسته‌وخۆ له‌گه‌ڵ خه‌ڵكی كوردستان قسه بكرێت، یان خه‌ڵكی كوردستان ئاگاداری هه‌موو ئه‌جیندای سیاسی كوردستان بن و شاهید بن به‌سه‌ر پرۆسه سیاسییه‌كه‌وه.
له‌وانه‌یه بۆ دژایه‌تی پرۆسه‌ی سه‌ربه‌خۆیی كوردستان، بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان به‌ته‌نیا نه‌بێت و له باخچه‌ی پشته‌وه‌ی سیاسه‌ت خه‌ڵكی دیكه‌ش له‌ده‌وره‌ی كۆببێته‌وه، به‌ڵام ئه‌وه‌ی زۆر به‌ئاشكرا سه‌ركردایه‌تی ئه‌م ره‌وته ئاژاوه‌گێڕییه ده‌كات و رۆڵی پاڵه‌وانی فیلمه‌كه ده‌گێڕێت، هه‌ڵسووڕاوانی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕانن، ئه‌وجا بۆ ئه‌وه‌ی خه‌ڵكی كوردستان بزانن كه گۆڕان بۆ چ مه‌به‌ستێك ئه‌م كاره ده‌كات و كێی تریش له باخچه‌ی پشته‌وه له‌گه‌ڵی یه‌كده‌گرێته‌وه، ئه‌وا ئه‌و كاته ره‌ش و سپی لای خه‌ڵك ئاشكرا ده‌بێت و با خه‌ڵكی كوردستان خۆیان بڕیاربده‌ن، ئایا به قسه‌ی گۆڕان و هاوپه‌یمانه‌كانیان ده‌كه‌ن كه ده‌یانه‌وێت كوردستان بكه‌نه‌وه به به‌شێك له عێراقێك كه هیچ سیفه‌تێكی ده‌وڵه‌ت و حوكمڕانی تیدا نه‌ماوه، یان له‌ده‌وری پرۆسه‌ی سه‌ربه‌خۆیی كۆده‌بنه‌وه كه هه‌ر خۆیان رابه‌رایه‌تی سه‌ركه‌وتنی ده‌كه‌ن.