به ڵێ كاتى هاتووه
February 7, 2017
وتار و بیروڕا
هەموو بە رووخاندنی رژێمی بەعس شاگەشگەبووین و هیوای عێراقێكی دیموكرات و فیدراڵ و فرەیی لە هزرماندا چەكەرەی دەكرد و چاوەڕوانی عێراقێكی نوێ بووین كە كوردیش تێیدا بە مافە زەوتكراوەكانی خۆی بگات و هەر لەسەر ئەم بناغەیەش كورد رووی كردە بەغدا و بەشداری لە حكوومەتی نوێدا كرد.
بەڵام بەداخەوە هەر زوو ئەو راستییەی بۆ دەركەوت كە برادەرانی دوێنێ كە هاوپەیمان و دۆستمان بوو و هەرێمی كوردستان بۆ ئەوان پەناو پشتیوان بوو كە دەسەڵاتیان گرتە دەست ئیدی هەڵوێستیان بەرامبەرمان گۆڕاو و وەك نەتەوەیەكی سەردەست مامەڵەیان دەكردین و رۆژ لە دوای رۆژ دەسەڵاتی كوردیان چ لە حكوومەت و چ لە سوپادا كەم دەكردەوە، بەتایبەتی لەنێو سوپای عێراقیدا كە دەبوو لەسەدا حەڤدە كەمتر نەبێ ئەمڕۆ لە سەدا دوو زیاتر نییە.
لە دەورانی نوری مالیكیدا رەوشەكە بەجۆرێكی ترسناك پەرەی سەند تا كار گەیشتە بڕینی بودجە و مووچە و نە تەنیا ئەوەش بەڵكو هەموو یارمەتیەكیان لە هێزی پێشمەرگەی هەرێمی كوردستان بڕی و تەنانەت ئەو چەكانەی بۆ پێشمەرگەش دەهاتن، دەستی بەسەردا دەگیراو نەدەنێردرا ئەمەش لە كاتێكدا پێشمەرگە قارەمانەكانی كوردستان لە شەڕێكی گەورەدا بوون لەگەڵ دەوڵەتی تیرۆریستی بەحساب خەلافەتی ئیسلامی، هەر ئەم بارودۆخە نالەبارە و هەستكردنی هەندێ لایەنی شیعی بەو ناهەقیانەی دەرهەق ئێمەی كورد كراوە وای لە عەمار حەكیم - كە خۆی وەك دۆستێكی گەلی كورد نیشان دەدات - لەگەڵ شاندێكی یاوەری بێنە هەرێم و بە پرۆژەیەك لەژێر ناوی (التسویە الوگنیە) دەیانەوێ دانوستاندن لەگەڵ بەرپرسانی هەرێمدا بكەن بەو حسابەی دەیانەوێ عێراقێكی نوێ و یەكگرتوو بونیاد بنێنەوە.
لە راستیدا پرۆژەكە ئەگەرچی لەژێر ئەو ناوەشدایە بەڵام دوورو نزیك باسی هەرێم و گرفتەكانی نێوان بەغدا و هەرێم ناكات و بەجۆرێك داڕێژراوە كە مرۆڤ هەست دەكات بۆ دژایەتی داوا رەواكەی گەلی كورد بێت كە دەیەوێت لەگەڵ عێراقدا بە ئاشتیانە باسی سەربەخۆیی بكات چونكە لە زۆر بڕگەی ئەو پرۆژەیەدا زوو زوو ئاماژە بە عێراقێكی یەكگرتوو دەدات و لە هەندێ بڕگەی لاستیكیشدا بەجۆرێكی زیرەكانە دژایەتی پێشمەرگە دەكات.
ئێمە لە ماوەی سەدەیەكدا، حكوومەتە جیاجیاكانی بەغدامان تاقی كردەوە، هەر لە پاشایەتییەوە تا كودەتاو حوكمی سەربازیی، هەموو بە جۆرێك لە جۆرەكان هەر دژایەتی داوا رەواكانی گەلەكەمانیان دەكرد و لە 2003شەوە ئەوەتا خۆمان بە چاوی خۆمان رەوشەكە دەبینین، بۆیە سوپاسی مەرامی ئەرێنی ئەم شاندە دەكەین و دەڵێین: چارەسەری راستەقینە و یەكجارەكی هەر لە سەربەخۆییدا خۆی دەبینێتەوە و چارەسەری نیوەچل دادی گەلەكەمان ئیدی نادات.