دابەشنەکردنی عێراق.... سەربەخۆیی کوردستان (٤)

دابەشنەکردنی عێراق.... سەربەخۆیی کوردستان          (٤)
لای هەموومان زانراوە کە شەپۆلی ئیرهاب لە عێراقی دوای روخانی رژێمی سەددام، تائیفییەت و مەزهەبگەرایی دروستی کردووە و دەرەنجام داعشی بەرهەمهێنا و عێراق و ناوچەکە و جیهانیشی خستە بەردەم مەترسییەکی راستەقینە و تاکو ئێستایش لەناونەچووە. بەڵام خاوەنانی ئەم پرۆژەیە پابەندبوونیان بە مەزهەبەکەیانەوە وای لێ کردوون هیچ لەبارەی تائیفییەتەوە نەڵێن.
پرۆژەکە باسی بە سفر کردنی کێشەکان دەکات، بێ ئەوەی بزانرێ بە چ میکانیزمێک کێشە زۆر و زەوەندەکانی ناو عێراق سفر دەکرێ. ئایا لاپەڕەکان هەڵدەدرێننەوە و دەگوترێ ئەوەی چوو چوو با برینەکان نەکولێنینەوە و رۆژگارێکی نوێ دەست پێ بکەین؟! ئەمان کە دەستوور بە بنەما نازانن بۆ چارەسەری کێشەکان و تەنیا لە یەک جێدا ناوی دەهێنن کە داوا دەکەن هەموار بکرێتەوە، کەواتە چ زەمانەتێک هەیە کە ئەگەر لاپەڕەکانمان هەڵدایەوە و لە نوێوە دەستمان پێکردەوە، هەمان کارەسات نانووسنەوە؟
Top