گەمەكردنی سیاسی بە كارتی كراوە

گەمەكردنی سیاسی  بە كارتی كراوە
كایەی سیاسی مەیدانێكی زۆر فراوانەو مەیدانی هونەری مومكیناتەو هەموو كەس دەتوانێت لەم مەیدان و كایە سیاسییە بەشداری بكات و خۆی تاقی بكاتەوە، بەڵام مێژووی سیاسەت سەلماندوویەتی تەنیا ئەو كەسانە لەناو پرۆسەی سیاسی سەركەوتوو دەبن كە بە ئەقڵانی سیاسەت دەكەن و لەهونەری بەڕێوەبردنی سیاسەتەدا لێهاتوو و زیرەكن و ئەوانەشی كە بە ساویلكەیی و هەرزەكارانە سیاسەت دەكەن و خۆیان بەوجۆرە نمایش دەكەن كە توانای ململانێی سیاسییان هەیەو هەڕەمەكییانە رەفتار دەكەن، هەمیشە دۆڕاو بوون و نەیانتوانیوە لە چوارچێوەی كاری سیاسیدا جێگەی خۆیان بكەنەوە.
دیارە مەیدان و كایەی سیاسی چەند كراوەیە، بەڵام بە هەمان ئاستیش ئاڵۆزە، چەند كارتی ئاشكراو كراوەی تێدا بەكاردێت، هێندەش كارتی شاراوەی تێدایە كە دەكرێت ئەوانەی بە شێوەیەكی ئەقڵانی سیاسەت دەكەن، جۆرێك لە هاوسەنگی لەنێوان كارتی شاراوە و كراوە دروست بكەن، یان بەكارتە كراوەكان كارتە شاراوەكان بخوێننەوە.
ئەو قسەو باسانەی كە لەسەر سیاسەت دەكرێت، تا رادەیەكی زۆر هەمان قسەو ئاخاوتنیش لەبارەی فەلسەفەوە دەكرێت و راستیشن، ئەمەش بەو مانایەی چۆن دەگوترێت فەلسەفە دەریایەكەو كەنارەكانی پڕن لە شەپۆل و مەترسی و لە قووڵایی دەریادا پڕە لە ئارامی، بەهەمان شێوە سیاسەتیش ئەو دەریایەیە كە كەنارەكانی پڕن لەمەترسیی شەپۆلەكان و لەناو قووڵایی دەریاكەدا هەست بەئارامیی تەواو دەكرێت، ئەم پێناسەیە ئەوەمان پێدەڵێت: ئەگەر سیاسەتمەدار مەلەوان بێت و بیەوێت لەناو ئەو دەریایە مەلەوانی بكات، پێویستە مەلەوانێكی لێهاتوو و شارەزا بێت و تەنیا بەو جۆرە كەسانە سیاسەت دەكرێت و بەڕێوە دەبرێت.
لە كاری سیاسیدا، پێویستە سیاسەتمەدار توانای پێشبینیكردن و پلانی تۆكمەو ئامانجی دیاریكراوی هەبێت و هەوڵبدات تواناكان پێكەوە گرێبداتەوە بۆ ئەوەی بە پێشبینیكردن و بە داڕشتنی پلانی تۆكمە ئامانجە گەورەكانی بەدیبهێنێت، ئەمەش پێمان دەڵێت: سیاسەت تەنیا بە خەڵكانی لێهاتووی وشیار و پڕۆفیشناڵ دەكرێت و هەر ئەو كەسانەش دەتوانن لەمەیدانی سیاسەتدا ئاكامی ئەرێنی بەدەست بهێنن.
لەلایەكی دیكەوە سیاسەتكردن جۆرێكە لە گەمەكردن، بۆیە ئەگەر گەمەی سیاسی بە كارتی كراوە بكرێت، باشترە لەوەی بەكارتی شاراوە بكرێت، بەڵام ئەو پرسیارەی لە ئێستا خۆی رووبەڕووی سیاسەت و سیاسەتكردن دەكاتەوە، ئەوەیە ئایا لەسەردەمی شۆڕشی تەكنەلۆژیا شتێك ماوە پێی بگوترێت كارتی شاراوە، یان كراوە؟ دیارە لە وەڵامی ئەم پرسیارەشدا شۆڕشی تەكنەلۆژیا پێمان دەڵێت، كارتی كراوەو ئاشكرای سیاسەت لەهەموو سەردەمێكی دیكە زیاترە، بۆیە ئێمە كە سیاسەت دەكەین، دەبێت لێی رابێن بەكارتی كراوە سیاسەت بكەین و لەو پرۆسە دوانەكەوین، لەمەش زیاتر ناكرێت و نابێت كە هیچ كەس و لایەنێك گەمەی سیاسیی خۆكوژی ئەنجام بدات، ئەمەش لەبەر ئەوەیە سیاسەت لە بنەڕەتدا هونەری مومكیناتە و بۆ رێكخستن و چۆنیەتی بەكارهێنانی هەموو توخمەكانە لەكات و ساتی خۆیدا، هەر كەس و لایەنێكیش كە دێتە ناو پرۆسەكە لەسەر ئاستی پێگەی خۆی بەشداری گەمەكە دەكات، هەروەك چۆن ئێستا ئەمریكا و رووسیا لەسەر ئاستی پێگەی خۆیان لەناو پرۆسەكەدا گەمەی سیاسی دەكەن، ئەم حاڵەتە ئەگەر بۆ ئەمریكا و رووسیا بەوجۆرە بێت، بێگومان بۆ گەمەی سیاسیی نێوان كوردستان و عێراق و تەنانەت نێوان لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستانیش هەر بەو شێوەیە دەبێت.
لێرەوە ئەگەر سەرنج لەماوەی نزیكەی ئەو دوو هەفتەیە بدەین كە دۆناڵد ترەمپ وەك سەرۆكی هەڵبژێردراوی ئەمریكا سیاسەتی ئیدارەكەی پیادە دەكات، دەبینین هەر لە دەستپێكەوە كارتەكانی دەستی خۆی ئاشكرا كردووە، پیشانیداین كە ئەو وەك بزنسمان لە چوارچێوەی میتۆدی قازانج و زیان سیاسەت دەكات، لەكۆی قازانج بۆ بەرژەوەندیی وڵاتەكەی هەبێت، ئەو لەوێیەو لە هەر شوێنێكیش زیان هەبوو، هەوڵی داوە ركەبارەكانی بخاتە ئەو بازنەیەوە، ئەمەش مانای ئەوەیە بە ئاشكرا سیاسەت دەكات. لەبەرامبەر ترەمپ ئەگەر سەیری رووسیا بكەین، دەبینین پوتن-یش بەهەمان شێوە بە ئاشكرا گەمەی سیاسی دەكات و ئەوەی خواستێتی و دەیەوێت بیكات، نایشارێتەوە، لەپێوەندی نێوان بەغداو كوردستانیش ئەوانیش هەر یەكەیان بە ئاشكرا سیاسەتی خۆیان دەكەن و پلانی خۆیان دەخەنەڕوو، بەپێی دەرفەت و ژینگەی سیاسیی عێراق لەناو پرۆسەی سیاسیدا رەفتار دەكەن، بۆیە لە كایەی سیاسیدا شتێكی شاراوەی ئەوتۆ نەماوە كە لەبەر چاو نەبێت، ئەوەی دەمێنێتەوە و دەبێت رۆژانە حیسابی وردی لەسەر بكرێت، تەنیا درووستكردنی دەرفەت و پەیداكردنی ئیمكانیەت و چۆنیەتی داڕشتنی پلان و جێبەجێكردنی پلانەكانە بەسەركەوتوویی، هەر ئەمەش جیاوازیی نێوان كاری سیاسی بە شێوەیەكی پڕۆفیشناڵ و لێهاتووانە لەگەڵ كاری سیاسی بەشێوەی هیوایەت و ساویلكانە.
لێرەوە گرنگە لەسەر پرۆسەی سیاسیی هەرێمی كوردستان، چەند پرسیارێك ئاراستەی خۆمان و تەواوی لایەنە سیاسییەكان بكەین و بپرسین: ئایا بۆچی تائێستا هەندێك لایەنی سیاسی لەكوردستاندا لە سیاسەتدا گەمەی شاراوە دەكەن؟ بۆ تا ئێستا ئەو لایەنە سیاسییانە سەنگ و پێگەی خۆیان نازانن و بە ئاستی سەنگ و پێگەی خۆیان سیاسەت ناكەن؟ بۆ پڕۆفیشناڵانە نایەنە ناو پرۆسەی سیاسی و لێهاتووانە ئیرادەی خۆیان پیشان بدەن؟ دروستبوونی ئەم پرسیارانە بەرەنجامی ئەوەیە كە لایەنە سیاسییەكان ناتوانن وەڵامێكی راشكاوانەی خواستی خەڵك بدەنەوەو كێشەكانیان بۆچارەسەر بكەن.
ئەم ئاراستەیە بەرەو ئەوەمان دەبات كە ژینگەی پرۆسەی سیاسیی كوردستان پێویستی بە جووڵەی سیاسیی نوێ هەیە، بەڵام جووڵەیەكی پڕۆفیشناڵانە و هەر لایەك دان بە سەنگ و پێگەی بەرامبەرەكەی بنێت و رێزی لێبگرێت، هەموو لایەنێك قەبارەی خۆی بزانێت و بەپێی قەبارەی خۆی هەنگاو هەڵبگرێت، نەك وەك ئەوەی كە خۆی دەیەوێت، یان حەزی پێدەكات. هەروەها دەبێت هەموو لایەنە سیاسییەكانی كوردستان لە خۆیان بپرسن: ئایا لە نێوان كوردستان و بەغدا چ كارتێكی شاراوە هەیە تا نەتوانین هەموومان بەرامبەر بەغدا یەكدەنگ و یەكهەڵوێست بین؟ ئایا چ كارتێكی شاراوە هەیە وادەكات بۆ رێكخستنی پێوەندییەكانمان لەگەڵ هەموو دەوڵەتانی دراوسێ، یەك دەنگ و یەكهەڵوێست نەبین؟ بێگومان لە سەردەمی ئێستا هەموو كارتەكان ئاشكران و بژارەكان دیارن، بەڵام ئەوەی نادیارە، ژیری و ناپڕۆفیشناڵی ئێمەیە.

*جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان

Top