وەرچەرخان لەدەوڵەتی دەستەبژێری سیاسییەوە..بۆ دەوڵەتی هاوچەرخی بەهێز

وەرچەرخان لەدەوڵەتی دەستەبژێری سیاسییەوە..بۆ دەوڵەتی هاوچەرخی بەهێز
چەمكی دەوڵەتی دەستەبژێری سیاسی ) neo patrimonial state) لە چەمكی من وەك شەخس خاوەنی دەوڵەتم (Patrimonial state) كە ماكس ڤێبەر ئاماژەی پێكردووە وەرگیراوە، ئەمەش بەو مانایەی پێشتر لەسەردەمی پادشا و ئەمیرەكانی ئەوروپادا ئەو دیاردەیە هەبووە كە پادشا، یان ئەمیر خۆی بەخاوەنی دەوڵەتەكە بزانێت و ئەو مافەی هەبووە لە ئاهەنگی بوكێنی كچەكەیدا شارێكی بەخەڵات پێبەخشێت، بۆیە لەسەر ئەم بنەمایە زانایانی زانستی سیاسەت چەمكی دەوڵەتی (دەستەبژێری سیاسی)یان داڕشتووە، ئەمەش بەو مانایەی لەبری پادشا و ئەمیر، دەستەبژێری حزبە سیاسییەكان بەو جۆرە مامەڵە لەگەڵ دەوڵەت دەكەن وەك ئەوەی دەوڵەت تەنیا موڵكی ئەو دەستەبژێرە سیاسییە بێت و ئەو دەستەبژێرەش تەنیا وەڵامی خواست و دوای ئەو خەڵكانە دەدەنەوە كە بەرژەوەندی خۆدەوڵەمەندكردنیان لەگەڵیاندا هەیە، بەمەش كایەی سیستمی سیاسی لەكایەی پارێزگاریكردن لە بەرژەوەندیی گشتی دەگۆڕێت بۆ كایەی خۆدەوڵەمەندكردنی ئەو دەستەبژێرە سیاسییە.
سەبارەت بەم دیاردەیە بەشی زۆری بیرمەندان و تایبەتمەند و رۆژنامەنووسانی جیهانی دەڵێن، ژینگەی كاركردنی ناو كۆنگرێس لە ئەمریكا لەدەیەی رابردوو گەیشتبووە ئەو ئاستەی كە كۆنگرێسمان و سیناتۆرەكان هێندەی بە رێگەی ئایپادو كۆمپیۆتەرەكانیان سەرقاڵی گۆڕانكارییەكانی بۆرسە و سلیكۆن ڤالی بوون، هیندە سەرقاڵی كاری رۆژانەی خۆیان نەبوون، راشكاوانەتر ئەو خەڵكانە دەڵێن كاتێك دەچیتە ناو كاپیتۆڵ هۆل هەستت دەكرد كۆنگرێسمان و سیناتۆرەكان هێندەی بە ئامانجی خۆدەوڵەمەندكردن هاتوونەتە ناو پرۆسەی سیاسی، هێندە بۆ وەڵامدانەوەی خواستی خەڵك خۆیان تێكەڵاوی پرۆسەی سیاسی نەكردووە، سەبارەت بەم لایەنە بیرمەندانی سیاسی پێیانوایە، ئەم دیاردەیە بۆتە هۆكاری ئەوەی هەر كەسێك لەئەمریكا بیەوێت خۆی دەوڵەمەند بكات، باشترین رێگە ئەوەیە بێتە ناو پرۆسە سیاسییەكەوە.
سەبارەت بەدروستبوونی دەوڵەتی دەستەبژێری سیاسی و مەترسییەكانی، فرانیسس فۆكۆیاما لە میانەی زیاتر لە 2000 لاپەڕەی هەردوو كتێبی (بنەچەی سیستمی سیاسی و لەبەریەك هەڵوەشانی سیاسی) ئەوەمان پێدەڵێت كە وەرچەرخان لە دیكتاتۆریەتەوە بۆ دیموكراتی زۆر ئاسانترە لە وەرچەرخان لە دەستەبژێری سیاسییەوە بۆ دەوڵەتی هاوچەرخی بەهێز، هۆكاری سەرەكییش بۆ ئەم مەترسییە ئەوەیە، وەرچەرخان لە سیستمی دیكاتۆرییەوە بۆ سیستمی دیموكراتی ئاشكرایە و دەكرێت بەبەرچاوڕوونی هەنگاوی بۆ هەڵبگیردرێت، بەڵام لە وەرچەرخان لەدەوڵەتی دەستەبژێری سیاسییەوە بۆ دەوڵەتی هاوچەرخی بەهێز، ئەو بەرچاوڕوونییە بوونی نییە، ئەمەش لەبەر ئەوەیە لە دەوڵەتی دەستەبژێری سیاسیدا، هەموو بنەما سیاسییەكانی دیموكراتی و هەموو بنەماكانی ئابووریی بازاڕ بوونی هەیە، بەڵام ئەم پرانسیپ و بنەمایانەی كە سیستمی لیبڕاڵ دیموكراتی لەسەر بونیادنراوە لە چوارچێوەی دەوڵەتی هاوچەرخدا، كاتێك لەلایەن دەستەبژێری سیاسییەوە بەكار دەهێندرێت بۆ پاراستنی كەمینەیەكی خاوەن بەرژەوەندی، یان كۆمپانیاكان، یان بانكەكان، ئەوا نەك هەر سیستمە دیموكراتییەكە رووبەڕووی مەترسییەكی گەورە دەكاتەوە، بەڵكو كۆڵەگەكانی دەوڵەتی هاوچەرخ تێكدەشكێنێت و دەوڵەت ناتوانێت پارێزەری بەرژەوەندیی هاووڵاتیان بێت، یان وەڵامدانەوەی پێویستی بۆ هەڕەشە دەرەكی و ناوخۆییەكان هەبێت.
كەواتە كاتێك باس لە مەترسییەكانی دەوڵەتی دەستەبژێری سیاسی دەكەین و وەك دەوڵەتێكی لاواز لە قەڵەم دەدرێت، ئەمەشیان جۆرێكی دیكەی سەرلێتێكچوونی سیاسی بەدوای خۆیدا دەهێنێت، جەدەلێكی بێزەنتی بێتامی ئەوتۆ دروست دەكات كە سەرەنجام بە كۆمەڵێك قسەی ئەوتۆ كۆتایی بێت كە كێشەكە هەر بە چارەسەرنەكراوی دەمێنێتەوە و خاڵە بەهێزەكانیش لەسەر كاغەز نمایشی خۆیان دەكەن.
سەبارەت بەم حاڵەتەدا زۆر لە بیرمەندان بۆ نموونە وەك جۆزیف نای كە هەموو ژیانی خۆی بۆ لێكۆڵینەوەو توێژینەوە لەسەر هێز و شكۆی ئەمریكا تەرخان كردووە، كاتێك لە كتێبی (ئایا سەدەی ئەمریكا كۆتایی هاتووە؟) موناقەشەی ئەو بیرمەندانە دەكات كە پێیانوایە (سەدەی ئەمریكا كۆتایی هات)، پەنا بۆ هەندێك داتا دەبات كە بە راستی نیشانەی هێزی راستەقینەن لەسەر هەرسێ ئاستی (هێزی سەربازی، هێزی ئابووری، هێزی نەرم)، بەڵام ئەم سێ هێزە گەورەیە پێكەوە نەیانتوانیوە شكۆی ئەمریكا رابگرن، بەڵكو بەرەو داكشانی بردووە، نهێنیی ئەم داكشانە بە ئاستێكە كە جۆزیف نای وەڵامی پێویستی ناداتەوە، هەر بۆ نموونە كاتێك جۆزیف نای باس لە هێزی ئەمریكا دەكات لەسەر هەرسێ ئاست بەمجۆرە پیشانی جیهانی دەدات:
1- لەسەر ئاستی ئابووری هەتا ئێستاش ئەمریكا خاوەنی 20%ی هەموو ئابووریی جیهانە، ئەمەش بەو مانایە هێشتا زووە دەوڵەتێكی دیكە دروست بێت كە بتوانێت لە رووی ئابوورییەوە شان لە شانی ئەمریكا بدات.
2- لە رووی هێزی سەربازییەوە هیچ هێزێك نییە هاوتای هێزی سەربازی ئەمریكا بێت، ئەمریكا نەك هەر توانای ئەوەی هەیە خۆی بپارێزێت، بەڵكو توانای ئەوەی هەیە لە رووی سەربازییەوە سەركردایەتی جیهان بكات.
3- لەسەر ئاستی هێزی نەرم، ئەمریكا پلەی یەكەمە لەسەر ئاستی هەموو جیهان، ئەمە لە كاتێكدا چین كە خۆی بە مونافیسی ئەمریكا دەزانێت، پلەی 28ی هەیە، لەسەر ئاستی 20 باشترین زانكۆ لە جیهاندا، 16 زانكۆیان ئەمریكین و.. هتد.
پرسیاری گرنگ لێرەدا ئەوەیە ئایا ئەم داتایانەی بیرمەندێكی وەك جۆزیف نای سەبارەت بە هێزی ئەمریكا لەسەر هەرسێ ئاستی (سەربازی و ئابووری و نەرم) خستوویەتەڕوو، جێگەی گومانن؟ بێگومان نەخێر، بەڵام ئایا ئەم سێ هێزە پێكەوە توانیویانە شكۆی ئەمریكا بپارێزێت و داهاتی ساڵانەی تاكەكەس بەردەوام لەهەڵكشان بێت و خەڵك خاوەنی كاری شایستە بێت و رێگری لە فیكری توندڕەوی و كوشتن بكات؟
سەبارەت بەم لایەنە داتاكان شتێكی دیكە پیشان دەدەن كە پێچەوانەی ژیان و گوزەرانە لە دەوڵەتێكی هاوچەرخی بەهێزدا، هەر ئەمەش وایكردووە كاتێك دۆناڵد ترامپ دەڵێت: "سەرلەنوێ ئەمریكایەكی بەهێز بونیاد دەنێینەوە." بەشی هەرە زۆری دیپلۆمات و توێژەرەكانی ئەمریكا ئەو پرسیارە دەكەن: ئایا ئەمریكا لەچ سەردەمێكدا لاواز بووە هەتا ترامپ دووبارە ئەمریكای مەزن بونیاد بنێتەوە؟ وەڵامی ئەم پرسیارە پەیوەستە بەو نەخۆشییەی فۆكۆیاما دەستنیشانی كردووەو ناوی لێناوە (لەبەریەك هەڵوەشانی سیاسی)، ئەمەش بەو مانایەی كاتێك جەمسەرەكانی هێز ناتوانن پێكەوە كارلێك بكەن و هێزێكی راستەقینەی گەورە دروست بكەن، ئەوا چەند ئەو دەوڵەتە بەهێز بێت، بەرەو لەبەریەك هەڵوەشانی سیاسی هەنگاو هەڵدەگرێت.
كەواتە ئامانجی ترامپ لە دووبارە بونیادنانەوەی ئەمریكای مەزن، بریتییە لە وەرچەرخان لەم دەوڵەتەی ئێستای ئەمریكا كە بۆتە دەوڵەتی دەستەبژێری سیاسی بۆ دەوڵەتی هاوچەرخی بەهێز، مەبەستیش لە دەوڵەتی هاوچەرخی بەهێز بریتیە لە:
• لە دەوڵەتی هاوچەرخی بەهێزدا، دەوڵەت شەرعییەتی دروستكردنی هێز و بەكارهێنانی هێزی هەیە بۆ پاراستنی خاكەكەی لە هەڕەشە ناوخۆیی و دەرەكییەكان و پرۆسەی سیاسی لەخوار شەرعییەتدان بەم مافەی دەوڵەت دەست پێدەكات.
• لەدەوڵەتی هاوچەرخی بەهێزدا، سەروەریی یاسا بەمانای ( rule of low) بوونی هەیە و سنووری بەكارهێنانی ئەو هێزە لەلایەن دەوڵەتەوە دیاری دەكات، بەڵام لە دەوڵەتی دیكتاتۆری یان ئەسۆریتاریانیزم بۆ نموونە وەك چین حوكمڕانی بە یاسا بەمانای ( rule by low) بوونی هەیە، لەم حاڵەتەدا یاسا ئامێرێك دەبێت بەدەست حكومەتەوەو خەڵك دەبێت جێبەجێی بكات، بەڵام هیچ یاسایەك بوونی نابێت لێپرسینەوە لەگەڵ حكومەت بكات.
• هێڵێك بەرژەوەندی گشتی لە بەرژەوەندی تاكەكەس یان دەستەبژێرێكی سیاسی، یان خاوەن بەرژەوەندی تایبەت جیادەكاتەوە، راشكاوانەتر هەتا ئەم هێڵە لەنێوان بەرژەوەندی گشتیی خەڵك و بەرژەوەندی دەستەبژێری سیاسی دروست نەكرێت، ناتوانرێت پێناسەی گەندەڵیی سیاسی بكرێت و ناتوانرێت هەنگاو بۆ ریفۆرمی سیاسی هەڵبگیرێت، ناتوانرێت بیر لە چارەسەكردن، یان رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی بكرێت، ئەمەش لەبەر ئەوەی لە هیچ وڵاتێكدا گەندەڵی نابێتە پەتایەكی ترسناكی كۆمەڵایەتی، ئەگەر لەناو ژینگەی گەندەڵیی سیاسیدا گەشە نەكات، هەر وڵاتێكیش بیەوێت بەگژ گەندەڵیدا بچێتەوە دەبێت لە بنبڕكردنی گەندەڵیی سیاسییەوە دەست پێبكات، بۆ ئەمەش ئەمریكا باشترین نموونەیە، لەگەڵ ئەوەی لەهەموو بوارەكانی سەرچاوەی هێز ركابەری نییە، بەڵام سیستمە سیاسییەكەی توانای وەڵامدانەوەی خواستی خەڵكی نییە.
• لەدەوڵەتی هاوچەرخدا دامەزراوەكان توانای هەڵسووڕاندنیان بۆ بەرژەوەندی خەڵك چالاكە، دیاردەی رۆتین و بیرۆكراسی كەمە، بەڵام لەدەوڵەتی دەستەبژێری سیاسیدا، دامەزراوەكان لاواز دەبن و رۆتین و بیرۆكراتی زیاد دەكات.
ئەم پرۆسەیە كە دەوڵەتی هاوچەخ وەك دەوڵەتێكی بەهێز و چالاك هەڵدەسووڕێنێت، ئەگەر هەر یەكێك لەو كۆڵەگانە دووچاری شكست، یان لاوازی بێت، پێناسەی دەوڵەتی هاوچەرخ دەخاتە مەترسییەوە، هەر بۆ نموونە ئەگەر دەوڵەت توانای دروستكردنی هێز و بەكارهێنانی هێزی نەبێت بۆ پاراستنی خاكەكەی لە هەڕەشە ناوخۆیی و دەرەكییەكان، ئەوا ئەگەر هەموو كۆڵەگەكانی دیكەی دەوڵەتی هاوچەرخ لەو دەوڵەتەدا بوونی هەبێت، دەوڵەتێكی وەك ئەفغانستان و عێراق و سوریا و نەیجیریا بەرهەم دێت كە نەك هەر هەڕەشەیە بۆ سەر هاووڵاتیانی، بەڵكو دەبێتە هەڕەشە بۆسەر ئاشتی و ئاسایشی جیهانیش، بەڵام ئەگەر دەوڵەت بەهێز بێت، بەڵام سەروەریی یاسا بوونی نەبێت، یان بگۆرێت بۆ حوكمڕانی بەیاسا، ئەوا لەم حاڵەتەدا دەوڵەتی هاوشێوەی چین و رووسیا و ئێران و فەنزویلا بەرهەم دێت، ئەمەش بەو مانایەی راستە دەوڵەتەكە بەهێزە، بەڵام رێزگرتن لە دیموكراتی و مافەكانی مرۆڤ بوونی نییە. بەڵام ئەگەر دەوڵەت بەهێز بێت و سەروەریی یاساش بوونی هەبێت، بەڵام دامەزراوەكان بۆ بەرژوەندی خەڵكی هەڵنەسووڕان، ئەوا سسیتمی ئێستای سیاسیی ئەمریكا دروست دەبێت كە سیستمێكی لاوازەو دۆناڵد ترامپ هەوڵدەدات سەرلەنوێ ئەمریكایەكی بەهێز دروست بكاتەوە.
Top