بە ئەقڵیەتی مالیكی و هاوپەیمانەكانی .. هاوكێشە سیاسیە تازەكان ناخوێنرێتەوە

بە ئەقڵیەتی مالیكی و هاوپەیمانەكانی .. هاوكێشە سیاسیە تازەكان ناخوێنرێتەوە
ته‌نیا به‌شه‌ڕكردن له‌دژی تیرۆریستانی داعش، هیچ ده‌وڵه‌تێك نابێته‌ یه‌كێك له‌ ئه‌ندامانی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی دژی داعش، به‌ڵكو ئه‌و ده‌وڵه‌ت و هێزه‌ی له‌سه‌ر زه‌وی تیرۆریستانی داعش تێك ده‌شكێنێت، ئه‌وا ده‌بێت بیسه‌لمێنێت كه‌ دوای تێكشكاندنی داعش ئه‌و توانایه‌ی هه‌یه‌ ژینگه‌ی ئارام بۆ به‌رهه‌مهێنانی فیكری توندڕۆیی نه‌هێڵێت و له‌ جێگه‌یدا ژینگه‌یه‌كی سیاسیی ئه‌وتۆ بخوڵقێنێت كه‌ تیایدا لێبورده‌یی و پێكه‌وه‌ژیانی ئاشتییانه‌ له‌نێوان پێكهاته‌و نه‌ته‌وه‌و ئایینه‌ جیاوازه‌كان به‌رهه‌م بهێنێت.
ئه‌م جیاوازییه‌ خاڵی گه‌وهه‌رییه‌ له‌نێوان هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی له‌لایه‌ك، هه‌روه‌ها كۆماری ئیسلامی ئێران و مالیكی و هاوشێوه‌كانی له‌عێراقدا له‌لایه‌كی دیكه‌، بۆ ئه‌مه‌ش له‌وانه‌یه‌ هیچ ده‌وڵه‌تێك هێنده‌ی ئێران هاوكاری به‌غداو دیمه‌شقی نه‌كردبێت له‌شه‌ڕی دژی داعشدا، به‌ڵام له‌ هه‌مانكاتدا كۆماری ئیسلامی ئێران ئه‌ندامی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی دژی داعش نییه‌و هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی دژی داعشیش به‌ ئه‌ندامی ئه‌و هاوپه‌یمانییه‌ وه‌ریناگرن، هۆكاری ئه‌مه‌ش له‌به‌ر ئه‌وه‌یه‌ ئامانج و ستراتیژیه‌تی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی دژی داعش شتێكه‌و ئامانج و ستراتیژیه‌تی ئێران و دیمه‌شق و مالیكی و هاوشێوه‌كانی له‌عێراق شتێكی دیكه‌یه‌. راشكاوانه‌تر ئامانج و ستراتیژیه‌تی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی دژی داعش ئه‌وه‌یه‌ كه‌ داعش وه‌ك هێزێكی سه‌ربازی تێك بشكێنرێت و خه‌لافه‌ته‌كه‌ی بڕووخێنرێت و پاشان ده‌وڵه‌تی هاوچه‌رخ له‌سه‌ر به‌ها به‌رزه‌كانی مرۆڤایه‌تی ئاشتی و پێكه‌وه‌ژیان و سه‌قامگیری بونیاد بنێته‌وه‌، به‌ڵام له‌به‌رامبه‌ردا ئامانجی ئێران و رژێمی ئه‌سه‌دو مالیكی و هاوشێوه‌كانی له‌عێراق ئه‌وه‌یه‌ داعش له‌ رووی سه‌ربازییه‌وه‌ تێك بشكێنرێت، به‌ڵام له‌ رووی فیكر و سیاسه‌ته‌وه‌ مه‌زهه‌بگه‌رایی شیعه‌ جێگه‌ی بگرێته‌وه‌، ئه‌م دوو ئامانجه‌ كه‌ له‌ خاڵی یه‌كه‌مدا وه‌ك دوو هاوپه‌یمانی دژی تیرۆر یه‌ك ده‌گرنه‌وه‌، به‌ڵام له‌ خاڵی دووه‌مدا جارێكی دیكه‌ هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی دژی داعش له‌ به‌ره‌یه‌كی دژی مه‌زهه‌بگه‌رایی شیعه‌ خۆی ده‌بینێته‌وه‌.
ئه‌م چه‌ند دێڕه‌ ده‌روازه‌یه‌كی باش بوو بۆ ورووژاندنی ئه‌و پرسیاره‌: ئایا بۆچی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی نوری مالیكی له‌گه‌ڵ سه‌ركرده‌كانی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان و به‌شێك له‌په‌رله‌منتار و سه‌ركرده‌كانی یه‌كێتی و كۆمه‌ڵی ئیسلامی و په‌كه‌كه‌ یه‌ك ده‌گرێته‌وه‌، به‌ڵام تا سه‌ر ئێسقان دژایه‌تی هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان و فه‌رمانده‌ی گشتی هێزه‌ چه‌كداره‌كانی كوردستانه‌؟ له‌وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره‌دا پڕۆفیسۆر مایكل نایتس تایبه‌تمه‌ند له‌سه‌ر ئاسایشی كه‌نداو عێراق و ئێران له‌ وتارێكیدا به‌ ناونیشانی: (سه‌رۆكایه‌تی ترامپ: ئایا كورتترین رێگه‌یه‌ بۆ سه‌ربه‌خۆیی كوردستان، یان سه‌ره‌تایه‌كی هه‌ڵه‌یه‌؟) نووسیویه‌تی، راشكاوانه‌ جه‌ختی له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كردۆته‌وه‌ له‌ئێستادا هه‌ڵگیرسانی شه‌ڕێكی دیكه‌ له‌به‌رژه‌وه‌ندی كێدایه‌؟ له‌وه‌ڵامدا ده‌ڵێت: له‌وانه‌یه‌ میلیشیاكانی حه‌شدی شیعه‌ حه‌زی لێبكه‌ن، به‌ڵام كوردو چینی سه‌ره‌كیی شیعه‌ له‌سه‌ر ئاستی سیاسی و ئایینی حه‌ز به‌و شه‌ڕه‌ ناكه‌ن، ئه‌مه‌ له‌وانه‌یه‌ لایه‌نێكی سیاسیشی هه‌بێت، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌ سه‌كردایه‌تی بارزانی و سه‌رۆك وه‌زیران عه‌بادی له‌ئێستا له‌هه‌موو كات زیاتر پێویستیان به‌یه‌كترییه‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی دوژمنێكی هاوبه‌شیان هه‌یه‌، به‌ڵام هه‌وڵێك هه‌یه‌ بۆ لێكدوورخستنه‌وه‌یان كه‌ ئه‌ویش نوری مالكییه‌ كه‌ به‌ پشتگیری ئێران سه‌ركردایه‌تی ئه‌و یاخیبوون و فیتنه‌یه‌ ده‌كات.
ئه‌م وه‌ڵامه‌ی پڕۆفیسۆر نایتس پێمان ده‌ڵێت، دیارده‌ی سه‌رهه‌ڵدانی داعش و دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی خه‌لافه‌تی ئیسلامی، خودی نه‌خۆشییه‌كه‌ نییه‌، به‌ڵكو ده‌رهاویشته‌ی ئه‌و ئه‌قڵییه‌ته‌ كۆنه‌یه‌ كه‌ پێشتر نوری مالیكی حوكمڕانی عێراقی پێكردووه‌ و ئێستاش به‌پشتگیری ئێران بۆ تێكدانی هاوپه‌یمانی نێوان سوپای عێراق و پێشمه‌رگه‌ و هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی دژی داعش، سه‌ركردایه‌تی یاخیبوونێك ده‌كات بۆ ئه‌وه‌ی توندڕه‌وی و رادیكاڵیه‌تی شیعه‌گه‌رایی جێگه‌ی توندڕۆیی و رادیكاڵیه‌تی داعش بگرێته‌وه‌.
ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا مه‌رجی یه‌كه‌می بۆ هاوكاری عێراق ئه‌وه‌ بوو كه‌ نابێت نوری مالیكی جارێكی دیكه‌ سه‌رۆك وه‌زیرانی حكومه‌تی عێراق بێت، به‌ڵام كاتێك له‌ رێگه‌ی میلیشیاكانی (حه‌شدی شه‌عبی)ـه‌وه‌ هه‌وڵیدا جارێكی دیكه‌ بگه‌ڕێته‌وه‌ ناو پرۆسه‌ی سیاسی و رۆڵی یاخیبوون و فیتنه‌یه‌كی دیكه‌ بگێڕێت، مه‌رجی سه‌ره‌كی ئه‌مریكاو هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی دژی داعش له‌سه‌ر حكومه‌ته‌كه‌ی مالیكی ئه‌وه‌ بوو، به‌ یاسا حه‌شدی شه‌عبی رێكبخات بۆ ئه‌وه‌ی وه‌ك هێزێكی نیزامی له‌ ژێر فه‌رمانی فه‌رمانده‌ی هێزه‌ چه‌كداره‌كانی عێراقدا بێت، كه‌ شه‌خسی حه‌یده‌ر عه‌بادی-یه‌. به‌ڵام وه‌ك له‌یه‌ك دوو رۆژی رابردوو جارێكی دیكه‌ گوێبیستی قسه‌ ناماقووڵه‌كانی نوری مالیكی بووینه‌وه‌، كه‌ داوا ده‌كات هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان بكشێته‌وه‌ بۆ سنووره‌كانی رۆژی 19ی ئاداری 2003، ئه‌م ئه‌قڵییه‌ته‌ كۆنه‌ كاتێك ئه‌م قسانه‌ ده‌كات، له‌نێوان حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و حكومه‌تی عێراق ئاستی هاوپه‌یمانییه‌كان له‌م ئاسته‌دان:
1- ته‌نیا چه‌ند رۆژێك دوای قسه‌ ناماقووڵه‌كانی نوری مالیكی، بنیامین یه‌ڵدرم سه‌رۆك وه‌زیرانی توركیا له‌سه‌ر دوای نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆك وه‌زیرانی كوردستان سه‌ردانی به‌غدا ده‌كات و له‌لایه‌ن حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراقه‌وه‌ پێشوازی لێده‌كرێت، ئه‌مه‌ش مانای ئه‌وه‌یه‌ كه‌ به‌رژه‌وه‌ندی حكومه‌تی عه‌بادی و حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ نییه‌ ته‌نیا پێوه‌ندی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا له‌ ئاستێكی باشدا بێت، به‌ڵكو له‌به‌رژه‌وه‌ندی هه‌ردوولایه‌ كه‌ به‌غدا و هه‌ولێر پێوه‌ندییه‌كانیان له‌گه‌ڵ دۆسته‌كانی هه‌ردووكیاندا باش بێت.
2- پێده‌چێت نوری مالیكی و هاوشێوه‌كانی یان نه‌توانن وه‌رچه‌رخان و گۆڕانكارییه‌كانی ئێستای نێوان هه‌ولێرو به‌غدا بخوێننه‌وه‌، یان هه‌ر به‌و ئه‌قڵییه‌ته‌ كۆنه‌ بیرده‌كه‌نه‌وه‌ و له‌واقیعی تازه‌ ناگه‌ن، بۆیه‌ ئه‌گه‌ر له‌م واقیعه‌ تازه‌یه‌ تێبگه‌ن، ده‌یانزانی ئیمزاكردنی پڕۆتۆكۆلی سه‌ربازی له‌نێوان پێنتاگۆن و وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان به‌ ئاگاداری و ره‌زامه‌ندی به‌غدا مانای چییه‌. هه‌روه‌ها ده‌یانزانی دوای ئه‌م پڕۆتۆكۆڵه‌ش هاوپه‌یمانی نێوان هێزی پێشمه‌رگه‌ و سوپای عێراق مانای چییه‌، سه‌مه‌ره‌ی ئه‌قڵییه‌تی نوری مالیكی ئه‌وه‌یه‌ سوپای عێراق به‌ رێككه‌وتن و له‌چوارچێوه‌ی هاوپه‌یمانییه‌كه‌دا به‌ناوچه‌ ئازادكراوه‌كانی پێشمه‌رگه‌دا ده‌چێت شه‌ڕی دژی داعش ده‌كات، كه‌چی مالیكی به‌ هێزی میلیشیایی هه‌ڕه‌شه‌ له‌ پێشمه‌رگه‌ ده‌كات. هه‌ر بۆیه‌ له‌و كاته‌ی نوری مالیكی ئه‌و قسه‌ بێ مانایانه‌ ده‌كات، سوپای عێراق و هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان له‌یه‌ك سه‌نگه‌ردا دژی دوژمنێكی هاوبه‌ش شه‌ڕده‌كه‌ن و ناوچه‌كه‌ له‌ تیرۆریستانی داعش پاك ده‌كه‌نه‌وه‌، ئه‌مه‌ش جیاوازی نێوان ئه‌قڵییه‌تی كۆن و مه‌زهه‌بگه‌رایی مالیكی له‌گه‌ڵ گۆڕانكارییه‌ ئیجابییه‌كانی سه‌ر ئه‌رزی واقیع به‌رجه‌سته‌ ده‌كات.
3- سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان به‌ سه‌رۆكایه‌تی شاندێكی كوردستان ده‌چێته‌ به‌غداو به‌ ئاگاداری ئه‌مریكاو هاوپه‌یمانی نێوده‌ڵه‌تی دژی داعش له‌گه‌ڵ حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌رۆك وه‌زیران عێراق باس له‌میكانیزم و شێوازی ئاشتییانه‌ی سه‌ربه‌خۆیی كوردستان ده‌كه‌ن، به‌ڵام نوری مالیكی و هاوشێوه‌كانی تازه‌ به‌تازه‌ به‌ ئه‌قڵییه‌تی 100 ساڵ له‌مه‌وپێش له‌ راگه‌یاندنه‌كانه‌وه‌ هه‌ڕشه‌ له‌كوردستان و پێشمه‌رگه‌ ده‌كه‌ن، مالیكی زۆر باش وه‌ڵامدانه‌وه‌ی پێشمه‌رگه‌شی وه‌رگرتۆته‌وه‌.
4- ئه‌م ئه‌قڵییه‌ته‌ كۆن و نه‌خۆشه‌ی مالیكی و هاوشێوه‌كانی، هه‌ردوو په‌رله‌مانی عێراق و كوردستانی په‌كخستووه‌و بڕیارو راسپارده‌كانیان كاری پێ ناكرێت، هه‌ر بۆ نموونه‌ په‌رله‌مانتاری بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان و سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان كه‌ هه‌ڵسووڕاوێكی بزووتنه‌وه‌ی گۆرانه‌، ویستیان به‌ رێگه‌ی زۆرینه‌ی په‌رله‌مانی ئاژاوه‌و كوده‌تا له‌ كوردستان به‌رپا بكه‌ن، به‌ڵام كه‌ سنووریان بۆ دانراو رێگه‌ نه‌درا سه‌رۆكی په‌رله‌مان بێته‌ هه‌ولێر، ئه‌وان وایاندانابوو كه‌ هه‌موو جیهان دژی كوردستان هه‌ڵده‌ستێت، به‌ڵام به‌پێچه‌وانه‌وه‌ ده‌رچوو ئه‌وان له‌ پرۆسه‌ی سیاسی كرانه‌ ده‌ره‌وه‌و هیچ لایه‌نێكی سیاسی دوایان نه‌كه‌وت، به‌هه‌مان شێوه‌ و به‌پشتگیری نوری مالیكی و به‌ رێگه‌ی په‌رله‌مانتارانی گۆڕان و كۆمه‌ڵی ئیسلامی و هه‌ندێك له‌ په‌رله‌مانتارانی یه‌كێتی هه‌وڵیاندا به‌ رێگه‌ی په‌رله‌مانی عێراق، سلێمانی بگێڕنه‌وه‌ سه‌ر عێراق، به‌ڵام حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق راشكاوانه‌ به‌ په‌رله‌مانتاره‌كانی گۆڕانی راگه‌یاندبوو، مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ سلێمانی وه‌ك پارێزگایه‌كی عێراق پێچه‌وانه‌ی ده‌ستوری عێراقه‌ و من له‌گه‌ڵ حكومه‌تی هه‌رێمی كورستان مامه‌ڵه‌ ده‌كه‌م.
ئه‌م خاڵانه‌ ته‌نیا چه‌ند خاڵێك بوون له‌كۆی ئه‌و یاخیبوونه‌ی نوری مالیكی سه‌ركردایه‌تی ده‌كات، به‌ڵام پرسیاری سه‌ره‌كی لێره‌دا ئه‌وه‌یه‌ ئایا ئه‌وه‌ی مالیكی خه‌وی پێوه‌ ده‌بینێت له‌ ناو شیعه‌ی عێراقدا بۆی دێته‌دی، تا ئامانجی ئه‌وه‌ بێت به‌ رێگه‌ی هه‌ڕه‌شه‌كردن له‌ كوردستان بۆی بێته‌دی؟ وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره‌ د.حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق و سه‌ید عه‌مار حه‌كیم و سه‌ركرده‌كانی شیعه‌ی عێراق ده‌یده‌نه‌وه‌ كه‌ ئاماده‌ن له‌سه‌ر پرسی سه‌ربه‌خۆیی كوردستان به‌ دیالۆگ و ئاشتییانه‌ قسه‌بكه‌ن، نه‌ك نوری مالیكیه‌كی دۆڕاو كه‌ جارێكی دیكه‌ نه‌ك هه‌ر عێراقییه‌كان، به‌ڵكو كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تیش ریگه‌ نادات تێكه‌ڵاوی پرۆسه‌ی سیاسی بێته‌وه‌، یان خۆی بۆ پۆستی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق كاندید بكاته‌وه‌، له‌مه‌ش زیاتر ئه‌وه‌ی خۆی خستۆته‌ ژێرباڵی ئه‌و یاخیبوونه‌و له‌ كوردستاندا درێژه‌ به‌ ره‌فتاره‌كانی نوری مالكی ده‌داته‌وه‌، ئه‌وا چۆن مالیكی له‌ پرۆسه‌ی سیاسیی عێراقدا جێگه‌ی نابێته‌وه‌، به‌هه‌مان شێوه‌ ئه‌وانه‌شی دوای مالیكی كه‌وتوون له‌ پرۆسه‌ی سیاسیی كوردستان جێگه‌یان نابێته‌وه‌.
Top