بە راست ئەمە رای تێكڕای بزوتنەوەی گۆڕانە؟؟ عێراقچێتی پیرۆزە و كوردایەتی فاشیزمە!!!..

بە راست ئەمە رای تێكڕای بزوتنەوەی گۆڕانە؟؟   عێراقچێتی پیرۆزە و كوردایەتی فاشیزمە!!!..
قەدیم كە خۆفرۆشان بەهانەیان بۆ جاشایەتی دەهێنایەوە دەیانگووت: حكومەت وەتەنییە و بایەعییەكی بەلاش و لە كاتی خۆیدا دابەشدەكات و ئەوە (جەیبی عەمیل)ە ناسرەوێ و بە فیتی ئەم و ئەو (تەمەررود) ئەكا و شەڕدەنێنەوە.
ماوەیەكە هۆشیار عەبدوڵڵای گۆڕان كت و مت بە هەمان لۆژیك و بەڵام توڕەتر لەوانەی قەدیم قسان دەكات.

- دەڵێ كوردایەتی فاشییەتە. كەواتە داگیر و دابەشكردنی كوردستان و بەعەرەب كردن و بە فارس كردن و بە تورك كردن بە رەوا و حەق و ئینسانی دەزانێ .

- تەبلیغێكی هەرزان بۆ خیتابی (خۆبەخەتابارزانین و پاككردنەوەی پەرێزی دوژمن) دەكات و دەڵێ ئەوە (كوردایەتی)یە هەشتا ساڵە نایەڵێ عێراق بسرەوێ . كەواتە ئەوە كوردە چاوی تەماعی لە خاكی عەرەبە و كەركووكیان لێ زەوت دەكات و بەزۆر دەیەوێ ببێتە شەریك لە وڵاتی عێراقدا و دەنا دابەشی دەكات.

- دەڵێ ئەوە (سەردارانی كوردایەتی)ن دەیانەوێ عەرەب و فارس و توركمان لێ بكەن بە دوژمن. كەواتە ئەنفال و قەتل و عام و كیمیایی و سوتماكی خاك و راگواستن تا دەگاتە پەلامارەكانی پارساڵ و چاوسووركردنەوەی ئەم دواییەی حەشدی شەعبی ئەسڵ و ئەساسیان نییە.

- دەڵێ دەبێ خەڵكی ناوچە كوردستانییەكان هۆشیان بێتەوە و بچنەوە سەر بەغدا چونكە ئیدارەی كورد نە هیچیان بۆ دەكا و نە پێشمەرگەش دەتوانێ بیانپارێزێ.

- دەڵێ كورد و پێشمەرگە و بارزانی بازرگانی شەڕن دەنا حەشدی شەعبی هیچی نەكردووە و ناكات و كورد بە زۆر دەیەوێ ئاگری شەڕ خۆش بكات.

- دەڵێ رۆشنبیرانی كورد بەوپەڕی شەرمەوە هێشتا لە ژێر سێبەری خیتابی نەتەوەیی و كوردایەتی نەهاتوونەدەرێ و خۆیان لەو خیتابە فاشییە رزگار نەكردووە!!

- ئەم كوڕە ماڵفامە خیتابی دەسەڵاتدارانی شۆڤێنیزمی عەرەب و تورك و فارس بە خیتابێكی ئینسانی و بەڵام بزوتنەوەی رزگاریخوازیی گەلی كوردستان و كوردایەتی بە فاشییەت و رەگەزپەرستی دەزانێ. میللەتەكەی خۆی كە ئێستاش نزیكەی دوو ملیۆن عەرەبی داڵدە داوە بە ئەنارشیست دەزانێ و دەڵێ گەنجانی كورد جنێو بە عەرەب دەدەن.

- ئەم كوڕە كە زیاتر موعجب و دەروێشی هەندێك فەریكە تیۆریست و چەپگەڕای لە مێژووبەجێماو و هەندێك فەیسبوكەوانی پەكەكەیە، نەك هەر قەدری پێشمەرگە نازانێ، بەڵكو وجودیان بە زیادە دەزانێ و دەڵێ (ئەگەر دیموكراتخواز !!! بوینایە، وەك ئیسرائیل دەپارێزراین و پێشمەرگەمان پێویست نەبوو) بێ ئاگا لەوەی ئیسرائیل نەك هەر (جەیشی دیفاع) بەڵكو بە (چەكی ئەتۆمی) پارێزراوە.
- هەمان خیتابی ئیستسلامی پەكەكە كاوێژدەكاتەوە و خەبات و قوربانیی سەد ساڵی نەتەوەی كورد بێ ئەرزش دەكات و داوای تەسلیمبوون و قایل بوون بە بندەستی و پاشكۆییمان لێداكا و دەڵێ (كوردایەتی لە ماوەی حەفتا ساڵدا هیچی بۆ كورد لێ شین نەبووە، دەبێ دەستی لێهەڵگرین )!!

- لە بێ ئاگایی و كاڵفامی سیاسییەوە پێكەنینی بەوە دێت كە كورد و پێشمەرگە بووبن بە كارتی براوە لە كێبركێی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی و حكوماتی ووڵاتانی زلهێزدا و بە لاقرتێوە دەڵێ (ئۆلاند بۆ حەملەی ئینتخابات هاتبوو)!!

- ئەم كوڕە گەنجە كە تەنانەت گاڵتەی بە سەركردەكانی ئێستای گۆڕانیش دێت و بە نائیدارییان دەزانێ، لە دڵسۆزی و خەمخۆرییەوە بۆ مالكی و حەشدی شەعبی و وەك یەكێك لە (ئەكرادی مالكی)، مالكی و حەشد بە بێ توانا و كەم دەسەڵات وێنا دەكات و دەڵێ بارزانی بەزۆر دەیانکات بە مەترسی.

ئەم گەنجە بێ پاشخان و كەمزانە هەڵبەت شایانی هەڵوەستە لەسەركردن نییە، بەڵام گرنگە وەك نموونە سەرنج بدرێت تا بزانرێ حەرەكاتی پۆپۆلیستی و دروشمباز و گاڵتەجاڕی سیاسی چ جۆرە كەسانێك بەرهەم دێنن.
Top