ده‌وڵه‌تی كوردستان له‌ روانگه‌ی میتۆدی قازانج و زیانی بزنسمانانەی ترامپه‌وه‌

ده‌وڵه‌تی كوردستان له‌ روانگه‌ی میتۆدی قازانج و زیانی بزنسمانانەی ترامپه‌وه‌
هه‌موو ئه‌و چاودێرو پسپۆڕانه‌ی شرۆڤه‌ی سیاسیه‌تی ئیداره‌ی داهاتوو به‌گشتی و سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا به‌تایبه‌تی ده‌كه‌ن، به‌شی هه‌ره‌ زۆریان له‌یه‌ك خاڵدا یه‌ك ده‌گرنه‌وه‌، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌ كه‌ "دۆناڵد ترامپ سه‌رۆكی داهاتووی ئه‌مریكا وه‌ك بزنسمانێك به‌میتۆدی قازانج و زیان سه‌یری پرسه‌كانی جیهان به‌گشتی و رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست به‌تایبه‌تی ده‌كات".
ئه‌گه‌ر له‌سه‌ر ئه‌م میتۆده‌ی پێشبینی ده‌كرێت سه‌رۆكی داهاتووی ئه‌مریكا له‌سه‌ر بنه‌مای قازانج و زیان مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ كێشه‌كان ده‌كات، ئه‌وا گریمان به‌هه‌مان میتۆدیش مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ راگه‌یاندنی ده‌وڵه‌تی كوردستان بكات، پرسیار ئه‌وه‌یه‌ ئایا راگه‌یاندنی ده‌وڵه‌تی كوردستان قازانجه‌ بۆ به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی ئه‌مریكا، یان زیان له‌ به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی ئه‌مریكا ده‌دات؟ وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره‌ ئه‌و ژماره‌یه‌ ده‌یداته‌وه‌ كه‌ له‌ماوه‌ی 4 خولی رابردووی ئێداره‌ی ئه‌مریكا بۆ بونیادنانه‌وه‌ی ده‌وڵه‌ت و شه‌ڕی دژه‌تیرۆر خه‌رجكراون و له‌هه‌ردوو پرۆسه‌كه‌شدا هه‌ر چوار خوله‌كه‌ی ئیداره‌ی ئه‌مریكا له‌ماوه‌ی 16 ساڵدا شكستیان هێناوه‌. هه‌ر بۆ نموونه‌:
1- به‌پێی توێژینه‌وه‌یه‌ك كه‌ زانكۆی هارڤارد پێش چه‌ند ساڵێك بڵاوی كردۆته‌وه‌، ئیداره‌ی جۆرج ده‌بلیو بۆش و ئۆباما له‌ماوه‌ی ساڵانی 2001- 2011، بڕی 6 ترلێۆن دۆلاریان بۆ شه‌ڕو بونیادنانه‌وه‌ی هه‌ردوو ده‌وڵه‌تی عێراق و ئه‌فغانستان خه‌رج كردووه‌.
2- هێزه‌كانی ئه‌مریكا له‌هه‌ردوو شه‌ڕی عێراق و ئه‌فغانستان نزیكه‌ی 10 هه‌زار كوژراو و ده‌یان هه‌زار برینداریان هه‌بووه‌.
3- ته‌نیا بۆ دووباره‌ بونیادنانه‌وه‌ی سوپای عێراق، به‌های 25 ملیار دۆلار چه‌ك و پێداویستی بۆ سوپای عێراق دابینكردووه‌، ئه‌و سوپایه‌ی كه‌ له‌ساڵی 2014 پێنج فیرقه‌ی پێكه‌وه‌ خۆیان ته‌سلیمی تیرۆریستانی داعش كرد.
4- له‌بواره‌كانی هاوكاری مه‌شق و راهێنان به‌ سوپا و هه‌موو دامه‌زراوه‌كانی دیكه‌ی حكومه‌تی عێراق و ئه‌فغانستان به‌ ده‌یان هه‌زار راوێژكاری سه‌ربازی و یاسایی و كارگێڕی له‌و دوو وڵاته‌ بوون.
ئه‌گه‌ر له‌سه‌ر ئه‌م بنه‌مایه‌ سه‌یری هه‌ردوو شه‌ڕی ئه‌فغانستان و عێراق و پرۆسه‌ی بونیادنانه‌وه‌ی هه‌ردوو ده‌وڵه‌ته‌كه‌ بكه‌ین، ده‌بینین وێڕای ئه‌م هه‌موو قوربانیدان و خه‌رجییه‌، عێراق و ئه‌فغانستان وه‌ك دوو ده‌وڵه‌ت بارودۆخیان زۆر باشتر بووه‌ پێش ئه‌وه‌ی ئه‌مریكا به‌عس و تاڵیبان بڕووخێنێت. به‌ڵام ئه‌گه‌ر هه‌ر له‌سه‌ر ئه‌م بنه‌مایه‌ سه‌یری هاوپه‌یمانی نێوان كوردستان و ئه‌مریكا بكه‌ین و بزانین له‌ساڵی 2002 هه‌تا ئێستا ئه‌مریكا چی بۆ كوردستان كردووه‌، هاوكات ده‌زانین بۆچی هه‌ر خودی ئه‌مریكا وه‌ك ئه‌زموونێكی سه‌ركه‌توو شانازی به‌ كوردستانه‌وه‌ ده‌كات، كه‌ هۆكاره‌كانی ئه‌م چه‌ند نموونه‌یه‌ن:
• له‌ساڵی 2003وه‌ تا ئێستا سه‌ربازێكی ئه‌مریكی له‌كوردستان نه‌كوژراوه‌و هه‌روه‌ها سه‌ربازێكی ئه‌مریكا بۆ دابینكردنی ئاشتی و سه‌قامگیری هاوكاری كوردستانی نه‌كردووه‌.
• به‌پێی دیراسه‌تێكی ئامۆژگای واشنتۆن بۆ دیراسه‌تی رۆژهه‌ڵاتی نزیك، ئه‌مریكا له‌ماوه‌ی ساڵانی 2003 تا 2011 كه‌ بڕی 25 ملیار دۆلاری بۆ سوپای عێراق خه‌رجكردووه‌، له‌به‌رامبه‌ردا له‌ماوه‌ی 8ساڵدا ته‌نیا بڕی 92 ملیۆن دۆلاری یارمه‌تی هێزی پێشمه‌رگه‌ی داوه‌ .
• له‌پرۆسه‌ی په‌ره‌پێدان و بونیادنانه‌وه‌ی ژێرخانی كوردستاندا، ئه‌مریكا نه‌ك یارمه‌تی كوردستانی نه‌داوه‌، به‌ڵكو كۆمپایناكانی ئه‌مریكا له‌ پرۆسه‌ی په‌ره‌پێدانی كوردستاندا سوودمه‌ندی گه‌وره‌ بوون و قازانجیان كردووه‌.
• ئیداره‌ی ئه‌مریكا راوێژكاری سه‌ربازی و یاسایی و كارگێڕی به‌و ژماره‌ زۆره‌ی كه‌ بۆ حكومه‌تی عێراق و ئه‌فغانستان ناردووه‌، بۆ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانی نه‌ناردووه‌، به‌پێچه‌وانه‌وه‌ ئه‌گه‌ر حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان پێویستیشی به‌ راوێژكاری ئه‌مریكی هه‌بووبێت، له‌سه‌ر خه‌رجی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان هاوكاری حكومه‌ت و دامه‌زراوه‌كانیان كردووه‌، نه‌ك له‌سه‌ر خه‌رجی ئیداره‌ی ئه‌مریكا.
• له‌ عێراق و ئه‌فغانستاندا سوپای ئه‌مریكا وه‌ك داگیركارو دوژمن سه‌یرده‌كرێن، به‌ڵام له‌كوردستان وه‌ك دۆست سه‌یرده‌كرێن و پێشوازییان لێده‌كرێت.
ئه‌م به‌راوردكارییه‌ ئه‌وه‌مان پیشانده‌دات، ئه‌مریكا له‌ماوه‌ی نزیكه‌ی 13ساڵ پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ حكومه‌تی هه‌رێمی كورستان، جیا له‌وه‌ی سه‌بازێكی ئه‌مریكی نه‌كوژراوه‌و بریندار نه‌بووه‌، له‌هه‌مانكاتیشدا به‌به‌رارود به‌و پاره‌یه‌ی له‌عێراق و ئه‌فغانستان خه‌رجی كردووه‌، ده‌توانین بڵێن هیچی له‌ كوردستان سه‌رف نه‌كردووه‌، سه‌ره‌نجامیش له‌هاوپه‌یمانیه‌ته‌كه‌ی له‌گه‌ڵ كوردستان سه‌ركه‌تووه‌و له‌گه‌ڵ عێراق و ئه‌فغانستان شكستی هێناوه‌.
ئه‌گه‌ر به‌دیوێكی دیكه‌و دیسان به‌میتۆدی قازانج و زیان سه‌یری پێوه‌ندی نێوان كوردستان و ئه‌مریكا بكه‌ین، ئایا كوردستان له‌ماوه‌ی ئه‌م 14 ساڵه‌ (2002-2016) وه‌ك دۆستێك و هاوپه‌یمانێك چه‌ند سوودی به‌ ستراتیژیه‌ت و سیاسه‌تی ئه‌مریكا له‌ناوچه‌كه‌ گه‌یاندووه‌؟ وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره‌ش به‌ چه‌ند خاڵێك ده‌ده‌ینه‌وه‌:
- ئه‌گه‌ر كوردستان له‌ساڵی 2003 هاوپه‌یمانی ئه‌مریكا نه‌بوایه‌، ئه‌مریكا نه‌یده‌توانی له‌ پرۆسه‌ی رووخانی رژێمی سه‌دام حوسێن سه‌ركه‌توو بێت، ئه‌مه‌ش له‌به‌ر ئه‌وه‌یه‌ هیچ ده‌وڵه‌تێكی دراوسێی عێراق به‌ توركیاشه‌وه‌ رازی نه‌بوون له‌ باكووره‌وه‌ به‌ره‌یه‌كی شه‌ڕ بكه‌نه‌وه‌، خۆ ئه‌گه‌ر شه‌ڕه‌كه‌شی بكردایه‌و بیتوانیایه‌ رژێمی به‌عسیش بڕووخێنێت، ئه‌وا چۆن له‌ساڵی 1975 به‌ دۆڕاوی له‌ڤێتنام كشایه‌وه‌، ئه‌وا ده‌بوو له‌ساڵی 2007 و 2008 یش به‌دۆڕاوی له‌ عێراق پاشه‌كشه‌ی بكردایه‌.
- ئه‌گه‌ر هه‌رێمی كوردستان نه‌بوایه‌ ئه‌وا ئێستا نفوزی ئێرانی له‌عێراق و سووریا ده‌بووه‌ گه‌وره‌ترین هه‌ڕه‌شه‌ له‌سه‌ر به‌رژوه‌ندییه‌كانی ئه‌مریكاو دۆسته‌كانی له‌ناوچه‌كه‌داو ئه‌گه‌ری ئه‌وه‌ هه‌بوو شه‌ڕێكی گه‌وره‌ی هه‌رێمی له‌نێوان سعودیه‌و ئێران و هه‌روه‌ها توركیا و ئێران رووبدات، به‌ڵام بوونی هه‌رێمی كوردستان وه‌ك سیستمێكی حوكمڕانیی سه‌ركه‌توو نه‌هێشتووه‌ ئه‌وه‌ رووبدات.
- له‌ساڵی 2014 كاتێك پێنج فیرقه‌ی سوپای عێراق خۆی ته‌سلیمی داعش كردو دوای ئه‌وه‌ش داعش خه‌لافه‌تی ئیسلامی له‌عێراق و سووریا راگه‌یاند، ئه‌گه‌ر به‌رگریی قاره‌مانانه‌ی پێشمه‌رگه‌ نه‌بوایه‌، ئه‌وا ده‌بوو ئیداره‌ی ئه‌مریكا نه‌ك هه‌ر له‌ رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست نه‌مێنێت، به‌ڵكو ئاسایشی یه‌كێتی ئه‌وروپا و ئه‌مریكاش ده‌كه‌وته‌ مه‌ترسییه‌وه‌، داعش وه‌ك هێزێكی ئه‌فسانه‌یی له‌ ته‌واوی جیهان خۆی نمایش كردبوو، بێجگه‌ له‌هێزی پێشمه‌رگه‌، سوپای هیچ ده‌وڵه‌تێك نه‌یده‌توانی له‌رووی رابوه‌ستێت، بۆیه‌ هه‌رێمی كوردستان له‌شه‌ڕی دژی داعش، شكۆی بۆ ئه‌مریكا گێڕایه‌وه‌.
ئه‌وجا ئه‌گه‌ر له‌م روانگه‌یه‌وه‌ و له‌سه‌ر هه‌مان میتۆدی (قازانج و زیان) تێڕوانینی ئه‌مریكا بۆ راگه‌یاندنی ده‌وڵه‌تی كوردستان بخوێنینه‌وه‌، پرسیار ئه‌وه‌یه‌ ئایا ئه‌گه‌ر كوردستان ببێت به‌ده‌وڵه‌ت، ئه‌مریكا چه‌ند قازانج ده‌كات؟ ئه‌مه‌شیان به‌چه‌ند خاڵێك دیاری ده‌كه‌ین:
1- گرنگترین دوو هاوپه‌یمانی ئه‌مریكا له‌ناوچه‌كه‌ كه‌ وه‌ك دوو ده‌وڵه‌تی سه‌ركه‌توو سه‌یرده‌كرێن، بریتین له‌ توركیا و ئیسرائیل، ئه‌مریكا ناتوانیت به‌هیچ ده‌وڵه‌تێكی ناوچه‌كه‌ بڵێت، خۆتان له‌سه‌ر شێوازی ئیسرائیل و توركیا رێكبخه‌نه‌وه‌، ئه‌مه‌ش له‌به‌ر ئه‌وه‌یه‌ هیچ كام له‌م دوو ده‌وڵه‌ته‌ نه‌ بڕوایان به‌ فره‌یی و پێكه‌وه‌ژیان هه‌یه‌، نه‌وه‌ك پێویستیش رێز له‌مافه‌كانی مرۆڤ ده‌گرن، به‌ڵام ئه‌گه‌ر كوردستان ببێته‌ ده‌وڵه‌ت، ئه‌وا ئه‌مریكا هه‌م له‌سه‌ر ئاستی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و هه‌میش له‌سه‌ر ئاستی جیهانی عه‌ره‌بی ده‌توانێت وه‌ك ئه‌زموونێكی سه‌ركه‌تووی پێكه‌وه‌ژیان و دیموكراتی و رێزگرتن له‌مافی مرۆڤ ئاماژه‌ی پێبكات و بیكاته‌ نموونه‌یه‌ك بۆ ته‌واوی ئه‌و ده‌وڵه‌تانه‌.
2- له‌دوای شه‌ڕی دووه‌می جیهانییه‌وه‌ به‌شێك له‌و ده‌وڵه‌تانه‌ی هاوپه‌یمانی ئه‌مریكان، هه‌تا ئێستاش ژماره‌یه‌كی زۆر له‌ سوپای ئه‌مریكا له‌و ده‌وڵه‌تانه‌ بوونیان هه‌یه‌، ئه‌مه‌ش خه‌رجییه‌كی گه‌وره‌یه‌ كه‌ ساڵانه‌ ده‌بێت بۆ ئه‌و هێزانه‌ی دابین بكات، به‌ڵام كوردستان پێویستی به‌ بنكه‌یه‌كی سه‌ربازی هه‌میشه‌یی ئه‌مریكا نییه‌ كه‌ ته‌نیا ئه‌ركی ئه‌وه‌ بێت كوردستان بپارێزێت، له‌وانه‌یه‌ ئه‌مریكا پێویستی به‌وه‌ بێت بنكه‌یه‌كی سه‌ربازی له‌كوردستان هه‌بێت بۆ پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی خۆی له‌ناوچه‌كه‌، به‌ڵام كوردستان پێشمه‌رگه‌ی هه‌یه‌و له‌وانه‌یه‌ ته‌نیا پێویستی به‌ مه‌شق و راهێنان و یارمه‌تی چه‌ك و لۆجیستی سه‌ربازی بێت، ئه‌مه‌ش له‌به‌رژه‌وه‌ندی ئه‌مریكادا ده‌بێت.
3- سیستمی حوكمڕانیی هه‌رێمی كوردستان، سیستمێكی دیموكراتییه‌ له‌سه‌ر بنه‌مای ئابووری بازاڕو په‌ره‌پێدان له‌چوارچێوه‌ی وه‌به‌رهێناندا، له‌مه‌شدا ئه‌مریكا نه‌ك هه‌ر كۆمپانیاكانی خۆی له‌م ژینگه‌ی كوردستانه‌ سوودمه‌ند ده‌بن، به‌ڵكو دۆسته‌كانی ئه‌مریكاش له‌ناوچه‌كه‌و ئه‌وروپا سوودمه‌ند ده‌بن و پێكه‌وه‌ كۆیان ده‌كاته‌وه‌، له‌م حاڵه‌ته‌شدا كوردستان ته‌نیا ده‌وڵه‌ت ده‌بێت له‌ناوچه‌كه‌ كه‌ به‌رژوه‌ندیی ئه‌مریكاو هاوپه‌یمانه‌كانی له‌ناوچه‌كه‌و ئه‌وروپا پێكه‌وه‌ گرێده‌داته‌وه‌.
كه‌واته‌ جیاله‌وه‌ی ده‌وڵه‌تی كوردستان مافێكی ره‌وای هه‌موو تاكێكی كوردستانه‌و ئه‌ركی كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تییه‌ كه‌ له‌ رووی ئه‌خلاقییه‌وه‌ رێز له‌ئیراده‌ی خه‌ڵكی كوردستان بگرێت بۆ ئه‌وه‌ی بڕیاری مافی چاره‌نووس بدات، به‌ڵام وێڕای هه‌موو ئه‌مانه‌ش ده‌وڵه‌تی كوردستان جیا له‌وه‌ی هۆكارێكی سه‌ره‌كییه‌ بۆ بونیادنانی ئاشتی و سه‌قامگیری له‌ناوچه‌كه‌و جیهانیشدا، له‌هه‌مانكاتدا ئه‌گه‌ر به‌میتۆدی (قازانج و زیان)یش سه‌یربكرێت، كه‌ هه‌ندێك پێیانوایه‌ ئیداره‌ی داهاتووی ئه‌مریكا له‌سه‌ر ئه‌م بنه‌مایه‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ كێشه‌كان ده‌كات، ئه‌وا له‌مه‌شیاندا، دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی كوردستان پێش هه‌موولایه‌ك له‌به‌رژه‌وه‌ندیی ئه‌مریكادا ده‌بێت.
Top