بودجەكەی بەغدا و یاریكردنی بزوتنەوەی گۆڕان بە شكۆی كوردستان و پێشمەرگە

بودجەكەی بەغدا و یاریكردنی بزوتنەوەی گۆڕان بە شكۆی كوردستان و پێشمەرگە
ئەو یاریكردن و سوكایەتیەی پەرلەمانتارانی بزووتنەوەی گۆڕان لەژێر پەردەی دەنگدان بە یاسای بودجەی عێراق، بە شكۆی كوردستان و پێشمەرگەی دەكەن ، كارێكە هەڵوێستەیەكی جدی دەوێت و دەبێت حكومەتی هەرێمی كوردستان سنوری بۆ دابنێت.
مامەڵەكردن بەم شێوە ئاست نزم و خۆفرۆشیە لەگەڵ شكۆی كوردستان و پێشمەرگە، راوبۆچوونی پەرلەمانتارێك نیە هەتا تاوانەكە بخەینە سەر ئەم ئەندام پەرلەمانتار یان ئەوی دیكەیان، ئەمە پرۆگرامی بزووتنەوەی گۆڕان و پەیامی راستەوخۆی رێكخەری ئەو بزووتنەوەیەیە بۆ پەرلەمانتارەكانی و وەك حزبێكی سیاسی مەبەستێتی سوكایەتی بە كوردستان و پێشمەرگە بكات. رق و كینەی گۆڕان و رێكخەرەكەی گەیشتۆتە ئەو ئاستەی ئامادەیە كوردستان كاولبكات و هەرزان فرۆشی بكات بۆ بەغدا و مالیكی تەنها لە پێناوی ئەوەی دژایەتی پارتی و بارزانی بكات و زەمینەی لەبار بۆ دروستبوونی دەوڵەتی كوردستان لەبار بەرێت.
قسەكردن لەسەر ئەم پرسە بەجۆرە نابێت كە هەندێك لە هەڵسوراو پەرلەمانتاری گۆڕان بازار گەرمی بۆ دەكەن، كێشەی كوردستان وەك دەوڵەتی ئەمری واقیع بەوجۆرە نیە كە ئەو هەرزەكارە سیاسیانە باسی دەكەن، بۆیە لێرەدا گرنگە موناقەشەیەكی جدی لەسەر ئەو پرسە بكرێت و چیدیكە بوار نەدرێت ئەو جۆرە خەڵكانە خۆڵ بكەنە چاوی خەڵكی كوردستانەوە، لێرە بە خاڵ ئاماژەیان پێدەكەین:
1- ئەگەر حكومەتی هەرێمی كوردستان بەپێی یاسای بودجەی عێراق بڕی 550 هەزار بەرمیل نەوت رۆژانە تەسلیمی سۆمۆ بكات وەك لە یاساكەدا هاتووە، ئەوا بەغدا دوای ئەوەی خەرجی سەروەریی لێ جیادەكاتەوە، پاشان ئەگەر لە باشترین حاڵەتدا بڕی 17%ی بگێرێتەوە بۆ كوردستان، ئەوا دەكاتە 10-11% بوجەی عێراق ، ئەمەش مانای ئەوەیە 35- 40% داهاتی كوردستان دەكرێتە خەرجی سیادی بۆ مووچەی حەشدی شەعبی و سوپای عێراق و پەرەپێدانی نەوت و یەك دیناری ناگەرێتەوە بۆ كوردستان. ئەمەش وەك ئەوەیە كوردستان هیچ سەروەریەكی نەبێت هەتا پشكی لە خەرجی سەروەری بەربكەوێت.
2- لە ئێستا كوردستان و عێراق وەك دوو وڵاتی دراوسێی یەكتری شەڕێكی هاوبەش دژی تیرۆریستانی داعش دەكەن، سنوری ئەو بەرەی شەڕەی كە هێزی پێشمەرگە كماوەی 2ساڵە بەرگری لە خاكی كوردستان دەكات، هێندەی ئەو بەرەی شەڕەیە كە سوپای عێراق و حەشدی شەعبی شەڕی تێدا دەكەن، ئەمەش مانای ئەوەیە ئەگەر خەرجی ئەم دوو بەرەی شەڕە وەك یەكیش نەبێت، ئەوا دەبێت لێكەوە نزیك بن، بۆ ئەمەش حكومەتی عێراق بە مافی خۆی دەزانێت تەنها بۆ ئەم شەڕە نزیكەی 15-17 ملیار دۆلار تەرخان بكات بۆ مووچەی حەشدی شەعبی و سوپا ، بەڵام لەبەرامبەردا ئامادەنیە تەنها یەك ملیار دۆلار بۆ مووچەی پێشمەرگە دابین بكات كە مانگانە دەكاتە 100 ملێۆن دۆلار، ئەمە لەكاتیكدا ئەگەر ئەو پەرلەمانتارە كوردانە یەك تۆزقاڵ هەستی نیشتمانی و كوردایەتیان هەبوایە، رازی نەدەبوون لە خەرجی سەروەریی هیچ حسابێك بۆ كوردستان نەكرێت، لەمەش زیاتر دەبوو پێداگیری بكەن كە دەبێت لە پشكی خەرجی سەروەری، دەبێت پشكی پێشمەرگە هاوتای پشكی هەموو هێزە چەكدارەكانی عێراق بێت، لەبەر ئەوەی ئەو بەرەی پێشمەرگە شەڕی تیدا دەكات هیچی لەو بەرەیە كەمتر نیە كە سوپای عیراق و حەشدی شەعبی شەڕی تێدا دەكەن. باشە بۆ دەبێت نزیكەی 15-17 ملیار دۆلار بۆ مووچەی سوپا و حەشدی شەعبی تەرخان بكرێت، بەڵام پێشمەرگە لە چوارچێوەی خەرجی سەروەریی مووچەی پێ نەدرێت؟
3- ماوەی دووساڵە نزیكەی 2 ملێۆن ئاوارە و پەنابەر روویان كردۆتە كوردستان ، ئەم ژمارەیە ئەگەر رۆژانە هەر یەكەیان بڕی 5 دۆلار خەرجی لەسەر حكومەتی هەرێمی كوردستان دروست بكات، واتە حكومەت دەبێت لانی كەم مانگانە بڕی 200-300 ملیۆن دۆلار بۆ خزمەتگوزارییە سەرەكیەكان وەك ( كارەبا، ئاو ، خوێندن، تەندروستی ..هتد) دابین بكات ، پرسیار ئەوەیە ئایا حكومەتی عێراق لەماوەی ئەم دوو ساڵەدا وەك دەوڵەتێكی دراوسێش هاوكاری كوردستانی كردووە بۆ ئەوەی باری سەرشانی حكومەتی كوردستان بۆ دابینكردنی خزمەتگوزاری بۆ ئەو ئاوارە عێراقیانە ئاسان بكات.
4- حكومەتی عێراق لە چوارچێوەی یاسای بودجەی عێراقدا، مووچەی 670 هەزار موچەخۆری كوردستان دابین دەكات، ئەم رێژەیە لە نیوەی ئەو فەرمانبەرانە كەمترە كە حكومەتی هەرێمی كوردستان دەبێت مووچەیان بۆ دابین بكات، ئایا رازی بوون بەوەی كە زیاتر لە 700 هەزار لە كوردستان بێ مووچە بێت، ئەمە خۆڵكردنە چاوی خەڵك و گەوجاندنی خەڵك نیە؟
ئەمانە چەند خاڵێك بوون ئاماژەمان پێكردن ، هەر هەموویان دەچنە ئەو چوارچێوەیەوە كە حزبێكی سیاسی وەك بزووتنەوەی گۆران و هەندێك پەرلەمانتاری دیكە بە ئەنقەست یاری بە شكۆی كوردستان و قارەمانیەتی هێزی پێشمەرگە وەك سوپای كوردستان دەكەن.
ئەم حاڵەتە كە لەهەموو وڵاتانی دیموكراتیدا بە تاعونی سیستمی دیموكراتی ناوزەد دەكرێت، ئەگەر حكومەتی كوردستان سنوری بۆ دانەنێت،ئەوا پاشا گەردانی و چەواشەكاریەكی ئەوتۆ لە ژینگەی سیاسی كوردستاندا دروست دەبێت، كە پاشان دەبێت باجەكەی لەسەر سەروەریی و شكۆی كوردستان تەواو بێت.
Top