ده‌وڵه‌تی كوردستان وێستگه‌ی یه‌كه‌می جێبه‌جێكردنی ستراتیژیه‌تی تازه‌ی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست

ده‌وڵه‌تی كوردستان وێستگه‌ی یه‌كه‌می جێبه‌جێكردنی  ستراتیژیه‌تی تازه‌ی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست

فەرهاد محەمەد
رۆژێك پێش راگه‌یاندنی راپۆرتی كۆتایی ئۆلبرایت – هادلی، خاتوو مادلین ئۆلبرایت له‌ په‌نێلێكدا ئاماژه‌ی به‌وه‌ كرد ئه‌م راپۆرته‌ كه‌ ئاراسته‌یه‌كی نوێ بۆ سیاسه‌تی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست ده‌خاته‌ڕوو، له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه‌ نووسراوه‌ كه‌ كێشه‌كانی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست چه‌ند كاریگه‌ری و ده‌رهاویشته‌ی نه‌رێنییان له‌سه‌ر هه‌موو جیهان هه‌بووه‌، واته‌ راپۆرته‌كه‌ به‌و ئاراسته‌یه‌ نه‌نووسراوه‌ كه‌ سه‌یری كێشه‌كانی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست بكات، وه‌ك كێشه‌ی ناوچه‌یه‌ك، به‌ڵكو وه‌ك كێشه‌یه‌ك كه‌ كاریگه‌ریی نه‌رێنی له‌سه‌ر هه‌موو جیهان هه‌یه‌. له‌ به‌شكێكی دیكه‌ی هه‌مان په‌نێل و له‌وه‌ڵامی پرسیارێكی دیكه‌ی ئاماده‌بووندا كه‌ لێیان پرسی: ئایا به‌و راده‌یه‌ رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست بۆ سیاسه‌تی ئیداره‌ی داهاتووی ئه‌مریكا گرینگه‌؟ له‌وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره‌شدا ئۆلبرایت گوتی: "نه‌ك هه‌موو رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، به‌ڵكو ته‌نیا ئه‌و بارودۆخه‌ی له‌ سووریا هه‌یه‌، ئه‌و هه‌موو ئاواره‌ی رووده‌كه‌نه‌ ئه‌وروپاو رۆژئاوا، بۆته‌ هۆكاری ئه‌وه‌ی كه‌ ئه‌و یه‌كێتی ئه‌وروپایه‌ی ئه‌مریكا ده‌یان ساڵ پشتگیریی كرد بۆ ئه‌وه‌ی دروست بێت، ئێستا خه‌ریكه‌ له‌به‌ریه‌ك هه‌ڵده‌وه‌شێت و به‌ریتانیا له‌و یه‌كێتییه‌ هاتۆته‌ده‌ره‌وه‌، له‌مه‌ش زیاتر بۆته‌ هۆكاری سه‌رهه‌ڵدانی پۆپۆلیستی راستڕه‌و كه‌ خه‌ریكه‌ هه‌موو به‌هاكانی رۆژئاوا ده‌خاته‌ مه‌ترسییه‌وه‌."
ئه‌گه‌ر سه‌رنج له‌و دوو بنه‌مایه‌ بده‌ین كه‌ خاتوو ئۆلبرایت ده‌ستنیشانی كردووه‌، ئه‌وا به‌ راشكاوی ده‌رده‌كه‌وێت، ئه‌م راپۆرته‌ ته‌نیا بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی ناوچه‌یه‌كی وه‌ك رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست ئاماده‌ نه‌كراوه‌، به‌ڵكو ره‌واندنه‌وه‌ی ئه‌و مه‌ترسییانه‌یه‌ كه‌ كێشه‌ی سیستمی ده‌وڵه‌ت له‌م ناوچه‌یه‌ له‌سه‌ر ئاشتی و ئاسایشی جیهانی و به‌هاكانی دیموكراتی دروستیان كردووه‌، بۆته‌ هۆكاری ئه‌وه‌ی یه‌كگرتوویی یه‌كتێتی ئه‌وروپا بخاته‌ مه‌ترسییه‌وه‌، له‌مه‌ش زیاتر ده‌ركه‌وتنی پۆپۆلیستی راستڕه‌و به‌ره‌و ئه‌و ئاراسته‌یه‌ هه‌نگاو هه‌ڵده‌گرێت كه‌ به‌هاو بنه‌ماكانی سیستمی دیموكراتی له‌به‌ر یه‌ك هه‌ڵبوه‌شێنێت.
ئه‌وجا لێره‌وه‌ ئه‌گه‌ر له‌هه‌مان په‌نێلدا بگه‌ڕێینه‌وه‌ بۆ قسه‌كانی ستیفن هادلی سه‌باره‌ت به‌ ئامانجی ئه‌م راپۆرته‌ كه‌ نه‌خشه‌ی رێگه‌یه‌ بۆ ستراتیژیه‌تێكی تازه‌ له‌ رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا، هادلی له‌مباره‌وه‌ ده‌ڵێت: "پێش هه‌موو شت جیاوازیی گه‌وره‌ی ئه‌م راپۆرته‌ له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌و راپۆرتانه‌ی پێشتر بۆ رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست ئاماده‌كراون، ئه‌وه‌یه‌ كه‌ له‌م راپۆرته‌دا به‌ یه‌ك وشه‌ش باسی ئه‌وه‌ نه‌كراوه‌ كه‌ وڵاتانی ئه‌م ناوچه‌یه‌ خاوه‌نی په‌تڕۆڵن، به‌ڵام پێشتر یه‌كه‌م وشه‌ كه‌ ده‌نووسرا وه‌ك ده‌وڵه‌تانی خاوه‌ن په‌تڕۆڵ پێناسه‌ ده‌كران، ئه‌مه‌ش مانای ئه‌وه‌یه‌ رێكخستنه‌وه‌ی سیستمی ده‌وڵه‌ت له‌ رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست له‌سه‌ر بنه‌مای گرێبه‌ستێكی كۆمه‌ڵایه‌تی بۆ سه‌ده‌ی بیست و یه‌ك ده‌بێت، واته‌ ده‌وڵه‌ت هه‌م توانای ئه‌وه‌ی ده‌بێت ئاسایش و سه‌قامگیری بپارێزێت، هه‌میش توانای ئه‌وه‌ی ده‌بێت كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی خۆشگوزه‌ران دابین بكات، كه‌ تاكی هاووڵاتی تێیدا به‌هێز بێت، بۆیه‌ ئه‌م راپۆرته‌ دووبه‌شه‌، یه‌كه‌میان گێڕانه‌وه‌ی ئاسایش و سه‌قامگیرییه‌ بۆ ناوچه‌كه‌ به‌تایبه‌تی ئه‌و چوار وڵاته‌ (عێراق، سووریا، یه‌مه‌ن، لیبیا) كه‌ سیستمی ده‌وڵه‌ت تیایاندا له‌به‌ریه‌ك هه‌ڵوه‌شاوه‌، بۆ گێڕانه‌وه‌ی ئاشتی و سه‌قامگیری پێویسته‌ ئه‌مریكا بانگهێشتی یه‌كێتی ئه‌وروپا و رووسیاو چین بكات بۆ ئه‌وه‌ی به‌شێوه‌یه‌كی سیاسی كێشه‌كان چاره‌سه‌ر بكه‌ن و سه‌رله‌نوێ ئه‌م ناوچه‌یه‌ رێكبخه‌نه‌وه‌، به‌ڵام باشترین شوێن كه‌ فرسه‌تی ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ ئه‌م ستراتیژه‌ نوێیه‌ی تێدا جێبه‌جێ بكرێت، عێراقه‌."
ئه‌گه‌ر له‌سه‌ر ئه‌م دوو بۆچوونه‌ی ئۆلبرایت و هادلی كه‌ ئاماژه‌ به‌جێبه‌جێكردنی ئه‌م ستراتیژه‌ تازه‌یه‌ ده‌كه‌ن دوای كۆتاییهاتنی داعش، ئه‌وا بێگومان عێراق له‌ناوچه‌كه‌دا یه‌كه‌مین ده‌وڵه‌ت ده‌بێت كه‌ داعش تێیدا كۆتایی دێت، ئه‌وا عێراق ده‌بێته‌ یه‌كه‌م ناوچه‌ش كه‌ به‌ پشتگیری و ده‌ستپێشخه‌ری ئه‌مریكا ئه‌م ستراتیژه‌ نوێیه‌ی تێدا جێبه‌جێ ده‌كرێت، به‌ڵام پرسیاری گرینگ لێره‌دا ئه‌وه‌یه‌ ئایا پێناسه‌ی حكومه‌تی عێراق له‌م ستراتیژه‌ تازه‌یه‌ چییه‌؟
ئه‌گه‌ر بۆ وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره‌ له‌ هه‌ردوو راپۆرتی (ئاینده‌ی عێراق دوای داعش) و (ئاراسته‌ی نوێ بۆ ستراتیژیه‌تی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست) بگه‌ڕێین، ئه‌وا له‌هه‌ردوو راپۆرته‌كه‌دا كه‌ باسی حكومه‌تی تازه‌ و حوكمڕانیی تازه‌ی عێراق ده‌كه‌ن، راشكاوانه‌ باس له‌ حكومه‌ت و حوكمڕانی بۆ (به‌شه‌ عه‌ره‌بییه‌كه‌ی عێراق) ده‌كه‌ن، نه‌ك ئه‌و عێراقه‌ی كه‌ كوردستان به‌حیساب تائێستا به‌شێكه‌ له‌و وڵاته‌، ئه‌مه‌ش به‌چه‌ند خاڵێك ئاماژه‌ی پێده‌كه‌ین:
1- له‌ هه‌ردوو راپۆرته‌كه‌دا سه‌باره‌ت به‌ سوپای عێراق جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كراوه‌ته‌وه‌ ده‌بێت ئه‌م سوپایه‌ سوپایه‌كی نیشتمانی بێت و نه‌بێته‌ هه‌ڕه‌شه‌ بۆ سه‌ر عه‌ره‌بی سوننه‌، هه‌روه‌ها كه‌ ناكرێت و نابێت هێزه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی رۆڵی سه‌ره‌كی و سه‌ركردایه‌تی له‌ شه‌ڕی دژی داعش بگێڕن.
ئه‌گه‌ر سه‌رنج له‌ شیوازی نووسینی ئه‌م په‌ره‌گرافه‌ بده‌ین، كه‌ خاڵی سه‌ره‌كیی هه‌ردوو راپۆرته‌كه‌یه‌ له‌گه‌ڵ عێراقدا، ته‌نیا خاڵێك كه‌ جه‌ختی له‌سه‌ر ده‌كرێته‌وه‌، ئه‌وه‌یه‌ كه‌ سوپای عێراق ئه‌و توانایه‌ی هه‌بێت به‌شه‌ عه‌ره‌بییه‌كه‌ی عێراق بپارێزیت، له‌به‌رامبه‌ردا نه‌ك له‌ دوو راپۆرته‌دا، به‌ڵكو ساڵێك پێش ئه‌وه‌ی ئیداره‌ی داهاتووی ئه‌مریكا ده‌ست به‌كارێت، وه‌زاره‌تی به‌رگری ئه‌مریكا به‌ ره‌زامه‌ندیی حكومه‌تی عێراق، رێككه‌وتنی له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ ئیمزا كردووه‌، ئه‌مه‌ش مانای ئه‌وه‌یه‌ جیا له‌وه‌ی ئه‌مریكا خۆی دانی به‌ هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستاندا ناوه‌، كه‌ سوپای به‌رگریی كوردستانه‌، له‌هه‌مانكاتدا زه‌مینه‌ی بۆ ئه‌وه‌ش خۆشكردووه‌ كه‌ له‌نێوان هێزی پێشمه‌رگه‌و سوپای عێراقیش هاوپه‌یمانییه‌ك دروست بكات و پێكه‌وه‌ ئۆپه‌راسیۆنی ئازادكردنی موسڵ به‌ڕێوه‌به‌رن وه‌ك دوو سوپای دوو ده‌وڵه‌تی دراوسێی یه‌كتری، له‌مه‌ش زیاتر ئه‌گه‌ر له‌سه‌ر میكانیزمی هاوپه‌یمانیی نێوان هێزی پێشمه‌رگه‌و سوپای عێراق بۆ ئازاكردنه‌وه‌ی موسڵ هه‌ڵوه‌سته‌ بكه‌ین، ئه‌ركی پێشمه‌رگه‌ وه‌ك سوپای كوردستان ته‌نیا له‌ ناوچه‌ كوردستانییه‌كاندا دیاریكراوه‌، ئه‌وه‌ی ده‌بێته‌ عێراقی دوای داعش به‌ سوپای عێراق سپێردراوه‌.
2- له‌ راپۆرتی ئاینده‌ی عێراق دوای داعش باس له‌ بونیادنانه‌وه‌ی حكومه‌تێك كراوه‌ كه‌ سوننه‌و شیعه‌ بتوانن پێكه‌وه‌ حوكمڕانیی بكه‌ین، له‌ راپۆرتی دووه‌مدا له‌مه‌ش زیاتر پێداگیراوه‌ كه‌ عێراقیش وه‌ك سووریا پێویستی به‌ شێوازیكی حوكمڕانیی تازه‌ هه‌یه‌. له‌ راپۆرتی یه‌كه‌مدا باس له‌وه‌ ده‌كات كه‌ پێوه‌ندیی نێوان كوردستان و عێراق له‌ چوارچێوه‌ی كۆنفیدڕاڵی، یان جیابوونه‌وه‌ی ئاشتییانه‌ به‌ پشتگیری ئه‌مریكا رێكبخرێت، به‌ڵام له‌ راپۆرتی دووه‌مدا راشكاوانه‌تر هاتووه‌و پرسی بونیادنه‌وه‌ی حوكمڕانییه‌كی تازه‌ كه‌ شیعه‌و سوننه‌ پێكه‌وه‌ كۆده‌كاته‌وه‌، كردوویه‌ته‌ ئه‌وله‌وییه‌ت، دوای دامه‌زراندنه‌وه‌ی ئه‌و حوكمڕانییه‌ تازه‌یه‌، دواده‌كات ئه‌مریكا گوشار بخاته‌ سه‌ر كوردستان و عێراق بۆ ئه‌وه‌ی رێكبكه‌ون، به‌ڵام به‌یه‌ك وشه‌ش له‌ ته‌واوی هه‌ردوو راپۆرته‌كه‌دا، كوردستان وه‌ك به‌شێك له‌ عێراق له‌ بونیادنانه‌وه‌ی حوكمڕانیی تازه‌ی عێراقدا ئاماژه‌ی پێنه‌كراوه‌.
3- خاڵێكی گرینگی دیكه‌ ستیفن هادلی راشكاوانه‌ ئاماژه‌ی پێده‌كات، ئه‌وه‌یه‌ كه‌ یه‌كپارچه‌یی عێراق به‌ستراوه‌ته‌وه‌ به‌وه‌ی حكومه‌تی به‌غدا ئه‌و گه‌ره‌نتییه‌ به‌ عه‌ره‌بی سوننه‌ بدات كه‌ متمانه‌ی به‌و حكومه‌ته‌ هه‌بێت، ئه‌مه‌ش مانای ئه‌وه‌یه‌ له‌م ستراتیژه‌ تازه‌یه‌دا چیدیكه‌ سه‌ربه‌خۆیی كوردستان وه‌ك پارچه‌ پارچه‌بوونی عێراق باسی لینه‌كراوه‌، به‌ڵكو عێراق وه‌ك به‌شه‌ عه‌ره‌بیه‌كه‌ی وه‌ك ده‌وڵه‌تێكی یه‌كپارچه‌ باس كراوه‌و مه‌به‌ستیانه‌ به‌شه‌ عه‌ره‌بییه‌كه‌ یه‌كگرتوو بێت، بۆیه‌ هه‌وڵیان بو ئه‌وه‌یه‌ حكومه‌تێك دروست بكه‌ن شیعه‌و سوننه‌ پێكه‌وه‌ كۆبكاته‌وه‌.
ئه‌گه‌ر له‌سه‌ر ئه‌م په‌ره‌گرافه‌ گرینگه‌ی هه‌ردوو راپۆرته‌كه‌ به‌وردی هه‌ڵوه‌سته‌ بكه‌ین، راشكاوانه‌ ئه‌وه‌ ده‌خوێنینه‌وه‌ كه‌ كوردستان له‌هه‌ردوو راپۆرته‌كه‌ وه‌ك به‌شێك له‌عێراق ئاماژه‌ی بۆ نه‌كراوه‌، راپۆرته‌كه‌ی ئۆلبرایت و هادلی راشكاوانه‌ ده‌ڵێت: (عێراقیش وه‌ك سووریا پێویستی به‌ حوكمڕانییه‌كی تازه‌ هه‌یه‌). پرسیار لێره‌دا ئه‌وه‌یه‌ ئایا مه‌به‌ست له‌ حوكمڕانیی تازه‌ی سووریا چییه‌؟ له‌وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره‌دا ستیفن هادلی ده‌ڵێت: "سووریا كاتێك ده‌توانرێت حوكمڕانییه‌كی تازه‌ی تێدا دابمه‌زرێت كه‌ ئه‌سه‌د له‌ ده‌سه‌ڵاتدا نه‌بێت و ئێران ده‌ستێوه‌ردان له‌ سووریا و وڵاتانی دیكه‌ی ناوچه‌كه‌ نه‌كات". ئه‌م قسه‌یه‌ی هادلی دووباره‌كردنه‌وه‌ی هه‌مان قسه‌ی كیسنجه‌ر-ـه‌ كه‌ ده‌ڵێت : "ده‌بێت له‌وه‌ تێبگه‌ین ئایا ئێران ده‌وڵه‌ته‌ و رێز له‌ پرانسیپه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان ده‌گرێت، یان سه‌رچاوه‌ی كێشه‌یه‌ بۆ ناوچه‌كه‌."
ئه‌مه‌ بۆ عێراقیش راسته‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی به‌ ده‌ق ده‌ڵێت: "بۆ مه‌سه‌له‌ی حوكمڕانی ده‌بێت به‌هاوشێوه‌ی سووریا مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ عێراقیش بكرێت." ئه‌مه‌ش مانای ئه‌وه‌یه‌ ده‌بێت ده‌ستێوه‌ردانی ئێران له‌ عێراقیش كۆتایی پێبێت، ئه‌م پرسه‌ كه‌ ده‌ستنیشانكردنی كرۆكیی ته‌نگژه‌ی حوكمڕانییه‌ له‌ئێستای عێراقدا، هه‌روه‌ها كرۆكی ته‌نگژه‌ی پێوه‌ندییه‌كانی نێوان كوردستان و عێراقیشه‌. هه‌روه‌ك چۆن به‌م دواییه‌ له‌ ژێركاریگه‌ری مالیكی وه‌ك وه‌كیلی سیاسه‌تی ئێرانی له‌عێراقدا، جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی عێراق كه‌ هه‌ڵسووڕاوێكی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕانه‌، داوای كرد به‌غدا وه‌ك پارێزگاكانی عێراق مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ سلێمانی بكات، به‌ڵام حكومه‌ته‌كه‌ی عه‌بادی ره‌تیكرده‌وه‌و رایگه‌یاند ئه‌وه‌ پێچه‌وانه‌ی ده‌ستووره‌، گرینگیشه‌ له‌سه‌ر وه‌ڵامدانه‌وه‌كه‌ی حكومه‌تی عه‌بادی هه‌ڵوه‌سته‌ بكه‌ین، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی ئه‌و پابه‌ندبوونه‌ی حكومه‌تی عه‌بادی جێگه‌ی ده‌ستخۆشییه‌، به‌ڵام له‌بنه‌ڕه‌تدا د.حه‌یده‌ر عه‌بادی ئاگاداری ئه‌و پرۆژه‌یه‌یه‌ كه‌ دوای نه‌مانی داعش، پێوه‌ندیی نێوان كوردستان و عێراق به‌ره‌و كام ئاراسته‌ هه‌نگاو هه‌ڵده‌گرێت. كه‌ ئه‌ویش له‌دایكبوونی ده‌وڵه‌تی كوردستانه‌.
Top