لە ئیدارەی داهاتووی ئەمریكادا كوردستان رۆڵێكی نوێ و شكۆیەكی گەورەتر

لە ئیدارەی داهاتووی ئەمریكادا كوردستان رۆڵێكی نوێ و شكۆیەكی گەورەتر
ئاڵۆزی و كێشەكانی رۆژهەڵاتی ناوەراست لە سیاسەتی ئیدارەی دۆناڵد ترامپدا لە ئەولەویەتی بایەخپێدانی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریكا دەبێت و پشتگیری و كۆدەنگی ( نەك زۆرینەی) ئەندامانی كونگرێس و سەناتی لە پشتەوە دەبێت، ئەمەش نەك لەبەرئەوەیە پێویستە كێشەكانی ئەو ناوچەیە هەر دەبێت چارەسەر بكرێت، بەڵكو لەبەر ئەوەیە دەرهاویشتەی كێشەكانی رۆژهەڵاتی ناوەراست كاریگەری خراپی لەسەر كۆی ئاشتی و ئاسایشی جیهان و سیستمی حكومرانی لە وڵاتانی دیموكراتی رۆژئاوا دروستكردووە.
دۆناڵد ترامپ لە هەڵمەتەكانی هەڵبژاردندا دروشمی ( دووبارە گێرانەوەی شكۆی بۆ ئەمریكا) بەرز كردبۆەوە، بەڵام پرسیاری سەرەكی لێرەدا ئەوەیە ، ئایا چۆن ئەمریكا هەمان شكۆ و هێزی جارانی بۆ دەگەرێتەوە؟ ئاشكرایە ئەو كاتە ئەمریكا دەبێتەوە ئەو ئەمریكایەی كە لەسەر هەموو ئاستەكانی هێزی نەرم و هێزی زیرەك و هیزی سەربازی هیچ ركەبارێكی نەبێت، كە یەكێتی ئەورپا یەكگرتوو بێت و ناتۆ توانای كۆنترۆڵكردنی كێشەكانی جیهانی هەبێت ، هاوپەیمانەكانی لە ناوچە جیاوازەكانی جیهان بە گشتی و لە رۆژهەڵاتی ناوەراست بە تایبەتی بە هیز بن.
لێرەوە ئەگەر سەرنج لە هۆكاری سەرەكی ئەو فاكتەرانە بدەین كە بوونە هۆكاری لاوازی ئەمریكا و هاوپەیمانەكانی، دیارە ئاشكرابووە كە كێشەكانی رۆژهەڵاتی ناوەراستە ، لەبەر ئەوەی ژینگەیەكی دروستكردووە بۆ هەڵكشانی فیكری توندرۆیی و كاری تیرۆریستی و شاڵاوی پەنابەرانە كە روودەكاتە رۆژئاوا و، بیگومان ئەمریكاش لە هیچ كام لەم هەرەشانە بەدەرنابێت و هەتا ستراتیژیەتێكی نوێ بۆ رۆژهەڵاتی ناوەراست پیادە نەكرێت ، ئەو هەڕەشانە نەك هەر بەردەوام دەبن بەڵكو رۆژ لەدوای رۆژ لە هەڵكشاندا دەبن و رۆژ لەدوای رۆژیش دەرهاویشتە نەرێنیەكانی زیاتر لەسەر بەهاكانی رۆژئاوا بەگشتی و ئازادی ئەمریكا بەتایبەتی زیاتر دەردەكەون.
ئیدارەكانی پێشتری ئەمریكا بەشێكیان هەوڵیاندا لەرێگەی پشتگیركردنی رژێمە تۆتالیتار و سەركوتكارەكانەوە بەزۆر ئاشتی و سەقامگیری لەناوچەكە بچەسپێنن، بەڵام لە راپەرینەكانی ساڵی 2011 دەركەوت ئەم پشتگیری كردنەی ئەو جۆرە رژێمانە لەكاتی رووخاندیاندا ئاژاوەیەكی ئەوتۆ دروست دەكەن كە پاشان چارەسەركردنی مەحاڵ دەبێت، بەشێكی دیكەشیان هەوڵیاندا بەرێگەی سەركردایەتیكردنی راستەوخۆی هەردوو پرۆسەی بونیادنانی نەتەوە و دەوڵەت، كۆپیەكی دەوڵەتی دیموكراتی لە رۆژهەڵاتدا دووبارە دروست بكەنەوە، ئەم هەوڵانە بەو ئامانجە بوون لە عێراق و ئەفغانستاندا ، ژاپۆن و ئەڵمانیایەكی دوای شەڕی دووەمی جیهانی بونیاد بنێنەوە، بەڵام دەركەوت نەك هەر شكستیان هێنا، بەڵكو مۆدیلێكی تازەی ریكخراوی تیرۆریستیان بەرهەم هێنا كە نەك هەر ئاشتی و ئاسایشی جیهانی خستۆتە مەترسیەوە بەڵكو خەریكە بەها و ئاكارە جوانەكانی سیستمی لیبرال دیموكراتی لەریشەوە هەڵدەكێشێت .
كەواتە مامەڵەكردن لەگەڵ كێشەیەكی وەك رۆژهەڵاتی ناوەراست كە بۆتە كێشە بۆ تەواوی جیهان و كۆمەڵگەی نیودەوڵەتی، پێویستی بە تێروانیكی تازەیە، ئەم ئاراستە تازەیە كە بەشێوەیەكی هەڵچوو لە هەڵمەتەكانی هەڵبژاردنی ئەمجارەی ئەمریكادا خۆی بەرجەستە دەكرد، ئێستا دوای تەواوبوونی هەڵمەتەكان و خۆریكخستن بۆ وەرگرتنی ئیدارەی تازە بەجۆرێكی دیكە دەردەكەون و میكانیزمی ئەم وەرچەرخانە تازەیە ، رۆژ لەدوای رۆژ خەریكە سیماكانی باشتر دەردەكەون. كە ئەویش بریتیە لەزمانیكی راشكاوی تازە كە پێویستە ئەمریكا وەك ئەو هێزەی كە دەیەوێت سەركردایەتی جیهان بكات لەگەڵ هەموو جیهان بەگشتی و لەگەڵ جیهانی عەرەبی و ئیسلامی بە تایبەتی قسەی پێ بكات.
ئەو زمانە راشكاوەی كە ئیدارەی داهاتووی ئەمریكا دەیەوێت لەگەڵ سەركردە و گەلانی رۆژهەڵاتی ناوەراست قسەی پێبكات، وەك زۆربەی پسپۆران و تایبەتمەندا ئاماژەی پێدەكەن ئەوەیە، ئەگەر سەركردەیەك یان گەلێك یان دەوڵەتێك نایەوێت لە دەوڵەتێكی هاوچەرخدا بژی و لەسەر بنەمای پەرەپیدانی سامانی مرۆیی دووبارە دەوڵەتەكەی بونیاد بنێتەوە و نەتوانیت فیكری توندۆریی ریشە كێش بكات و خاكەكەی لە تیرۆریستان بپارێزێت و سەقامگیرو ئاشتی ناوخۆی بۆ گەلەكەی دابین بكات، ئەوا ئەو سەركردە و دەوڵەتە شایستەی ئەوە نابن كە هاوپەیمانی ئەمریكا بن، بەپێچەوانەشەوە ئەو سەرۆك و گەل و دەوڵەتەی ئەوەی بۆ جیهان سەلماندبێت كە خۆی لە ناخی خۆیدا بڕوای بە لیبوردەیی و پێكەوە ژیان هەیە و توانیوویەتی ئیرادەی گەلەكەی بكاتە ئیرادەیەكی زیندوو جوامێرانە بۆ تێكشكاندی تیرۆریستان خاكەكەی و دابینكردنی سەقامگیری و ئاشتی لەناوخۆی وڵاتدا، ئەوا ئەو گەل و وڵاتە كاتێك دەبنە هاوپەیمانی ئەمریكا ، هاوپەیمانێكی بەهێز دەبن و ئەمریكا جیا لەوەی خۆی دەبێتە پشت و پەنای لە هەمانكاتدا دەبێتە هاندەرێكیش بۆ ئەوەی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەچاوی رێزەوە سەیری بكات و هەموو هاوكاری و هەماهەنگیەكی پێشكەش بكات.
لەم چوارچێوەیەدا ئەو پەیوەندییە تەلەفونیەی بەرێز مایك پیتیس جێگری سەرۆكی تازەی ئەمریكا لەگەڵ بەرێز مسعود بارزانی سەرۆكی كوردستان، تەواوی ئەو گۆڕانكاریانەمان پیشاندەدات لە سیاسەتی ئیدارەی داهاتووی ئەمریكادا بەرامبەر ناوچەكە بەگشتی و كوردستان بەتایبەتی مامەڵەی پێدەكات، لەهەمانكاتدا قسەكانی پیتس جۆرێك لە پێكەوە گرێدانەوەی هەڵمەتی هەڵبژاردنی سەرۆك ترامپ پیشاندەدا لەگەڵ ئەو سیاسەتەی كە سیماكانی دەركەوتوون لە ئیدارەی داهاتوو لەگەڵ كوردستاندا مامەڵەی پێدەكرێت.
كوردستانی باشور لەگەڵ ئەوەی وەك جوگرافیا بەبەراورد بە دەوڵەتانی دیكەی ناوچەكە هێندە گەورە نیە، بەڵام لەرووی ریزگرتن لەبەها مرۆڤایەتیەكان و دروستكردنی گیانی لێبوردەیی و پێكەوە ژیانی نێوان نەتەوەو ئایینەكان، هەروەها بوونی سەرۆكێكی وەك مسعود بارزانی كە توانیوویەتی لەناو ئەو ژینگە ئاڵۆز و مەترسیدار و هەستیارەی رۆژهەڵاتی ناوەراستدا سەركردایەتی ئەم وڵاتە بچكۆلەیە بكات و گەورەترین و درندەترین ریكخراوی تیرۆریستی كە داعشە تێكبشكێنێت و لەناوخۆی وڵاتدا باری نا ئاسایی رانەگەیەنێت، ئەوا لە ستراتیژیەتی داهاتووی ئەمریكادا، كوردستان ئەو دەوڵەتە گەورەیەی رۆژهەڵاتی ناوەراستە كە دەبێت هەموو دەوڵەتانی رۆژهەڵاتی ناوەراست لەسەر ئەو بەها بەرزانە بونیاد بنرێنەوە كە ئاشتی و پێكەوە ژیانی لەنێوان نەتەوە و ئایینە جیاوازەكاندا دروستكردووە، سەرۆكەكەشی كە بەرێز مسعود بارزانی یە، دەبێت وەك لی كوان یوی سەدەی بیستەم سەیر بكرێت كە سەنگافورای كردە نموونەی حكومرانیەكی شاز و ناوازە لە رۆژهەڵاتی ئاسیا ، ئەزموونی سەركردایەتی و دەوڵەتمەداری مسعود بارزانی بكرێتە وانەیەك بۆ شێوازی نوێ سەركردایەتی و بونیادنەوەی دەوڵەت لەسەدەی بیست و یەكەمدا.
زۆر جار كە باسی هاوپەیمانە گرنگەكانی ئەمریكا لە رۆژهەڵاتی ناوەراست دەكرێت، ئیسرائیل وەك گرنگترین و بەهێزترین هاوپەیمانی ئەمریكا سەیر دەكرێت، ئەم گرنگی و بەهێزیەی ئیسرائیل بۆ ئیدارەكانی پێشووی ئەمریكا وەك هێزێكی كاریگەری سەربازی هاوشانی شای ئێران بۆ رووبەرووبونەوەی سۆڤیەتی پێشان و دواتریش وەك هێزێكی سەربازی كاریگەر دژی كۆماری ئیسلامی ئێران سەیر كراوە، لەوانەیە لە ئیدارەی داهاتووی ئەمریكا بایەخ و گرنگی هاوپەیمانی ئەمریكا و ئیسرائیل گۆرانكاری بەسەردا نەیەت،بەڵام ئیدارەی داهاتوو پێویستی بەوەیە هاوپەیمانەكانی دیكەشی بۆ بونیادنانی دەوڵەتی بەهێز لەسەر بنەما بەرزەكانی لێبوردەیی و پێكەوە ژیان بە هاوتای ئیسرائیل بەهێز بكات، بۆیە ئەگەر لەرووی سەربازییەوە شكۆی ئەمریكا بۆ راگرتنی باڵانسی هێز لەناوچەكە گرێدرابێت بە هێزی سەربازی ئیسرائیلەوە ، ئەوا بۆ بونیادنانەوەی دەوڵەتی بەهێز لەسەر بەها بەرزەكانی مرۆڤایەتی و چارەسەكردنی كێشەكانی رۆژهەڵاتی ناوەراست، شكۆی كوردستان و شكۆی ئەمریكا پێكەوە گرێدەدرێتەوە.
Top