لێكجیاكردنه‌وه‌ی كارته‌كان و پراكتیزه‌كردنی داوای ئه‌مجاره‌ی سه‌رۆك

لێكجیاكردنه‌وه‌ی كارته‌كان و پراكتیزه‌كردنی داوای ئه‌مجاره‌ی سه‌رۆك
له‌20ی نۆڤه‌مبه‌ری ئه‌مساڵ، به‌ڕێز بارزانی وه‌ك وه‌ڵامدانه‌وه‌یه‌ك بۆ ده‌سته‌بژێری سیاسی و رۆشنبیر و ئه‌كادیمی و رۆژنامه‌نووسانی كوردستان كه‌ داویان لێكردبوو ئه‌م چه‌قبه‌ستوویی و گرێكوێره‌یه‌ی پرۆسه‌ی سیاسی له‌ كوردستان بكاته‌وه‌، به‌ڕێزیان له‌ په‌یامێكی كورت و پوختدا، نه‌خشه‌ڕێگه‌ی بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی كوردستان راگه‌یاند كه‌ دووخاڵی سه‌ره‌كییه‌:
1- حزبه‌كان كۆببنه‌وه‌و كه‌سێك ده‌ستنیشان بكه‌ن بۆ پۆستی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان بۆ ئه‌وه‌ی سه‌رۆك بارزانی پۆسته‌كه‌ی راده‌ست بكات.
2- حزبه‌كان رێكبكه‌ون له‌سه‌ر سه‌رۆكایه‌تییه‌كی نوێ بۆ په‌رله‌مان و حكومه‌تێكی نوێ پێكبهێنن.
به‌ڕێز بارزانی وه‌ك زه‌مینه‌سازی بۆ ئه‌م پرۆسه‌ جددییه‌، داوای كردووه‌ به‌ هه‌موو لایه‌ك كاری جددی بكه‌ن هه‌تا ئه‌و ئیرهابه‌ فیكرییه‌ی باڵی به‌سه‌ر سلێمانیدا كێشاوه‌، نه‌مێنێت.
ئه‌وه‌ی له‌و په‌یامه‌ كورته‌ی سه‌رۆكدا ده‌كرێت ئومێدو گه‌شبینی له‌سه‌ر هه‌ڵبچنرێت، ئه‌وه‌یه‌ كه‌ سه‌رۆك بارزانی زۆر به‌ساده‌یی ئه‌و كارتانه‌ی ئیرهابی فیكریی نه‌وشیروان مسته‌فاو بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان و یه‌ك دوو لایه‌نی دیكه‌ كه‌ بۆ مه‌به‌ستی ئاژاوه‌گێڕی و تێكدانی سه‌قامگیریی كوردستان تێكه‌ڵیان كردووه‌و خه‌ڵكیان پێ چه‌واشه‌ كردووه‌، زۆر به‌ روونی لێكی جیاكردووه‌ته‌وه‌، به‌ده‌نگه‌وه‌ هاتنی حزب و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانیش هه‌ر له‌ئێستاوه‌ ئاماژه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی، ئه‌گه‌ر بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان و نه‌وشیروان مسته‌فا به‌زوویی به‌خۆیاندا نه‌چنه‌وه‌و به‌ ئه‌قڵێكی تازه‌وه‌ نه‌گه‌ڕێنه‌وه‌ ناو پرۆسه‌ی سیاسیی كوردستان، ئه‌وا ده‌كه‌ونه‌ په‌راوێزه‌وه‌و له‌ناو پرۆسه‌ی سیاسیدا شوێنێكیان بۆ نامێنێته‌وه‌.
لایه‌نێكی دیكه‌ كه‌ په‌یامه‌كه‌ی بارزانی پێمان ده‌ڵێت، ئه‌وه‌یه‌ كه‌ بارزانی به‌م په‌یامه‌ی حزبه‌كانی كوردستان ده‌خاته‌ به‌رده‌م به‌رپرسیاریه‌تیێكی مێژوویی بۆ چۆنیه‌تی پیاده‌كردنی فره‌یی حزبی له‌كوردستان و چۆنیه‌تی مامه‌ڵه‌كردنی حزبه‌كان له‌گه‌ڵ فره‌حزبی و داڕشتنی سیاسه‌ت و ستراتیژیه‌ت بۆ كوردستان له‌سه‌ر بنه‌مای خاڵی هاوبه‌ش و بۆچوونی هاوبه‌شی هه‌موو لایه‌ك، نه‌ك خۆسه‌پاندن و فه‌رزكردنی لایه‌ك به‌سه‌ر لایه‌كی دیكه‌دا. له‌مه‌ش زیاتر سه‌رۆك چاره‌نووسی كوردستان و ته‌واوی دامه‌زراوه‌ ده‌وڵه‌تییه‌كانی گه‌ڕاندۆته‌وه‌ بۆ ده‌سه‌ڵاتی حزبه‌كان و چۆنیه‌تی مامه‌ڵه‌كردنی حزبه‌كان له‌گه‌ڵ ئه‌و دامه‌زراوانه‌ی ده‌وڵه‌تدا، به‌ڵام سه‌رۆك بارزانی له‌و په‌یامه‌دا ته‌نیا یه‌ك ده‌سه‌ڵاتی سه‌باره‌ت به‌خۆی نه‌داوه‌ته‌وه‌ به‌ حزبه‌كان، ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ش ئه‌وه‌یه‌ كه‌ هه‌ر پێشمه‌رگه‌یه‌و هه‌ر به‌ پێشمه‌رگه‌ییش ده‌مێنێته‌وه‌ تا ئه‌و رۆژه‌ی ده‌وڵه‌تی كوردستان ده‌بێته‌ ئه‌ندامی كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی و ئاڵاكه‌ی شان به‌شانی ئاڵای نه‌ته‌وه‌كانی دیكه‌ی جیهان له‌ ئاسمانی ئازادیدا ده‌شه‌كێته‌وه‌، ئه‌مه‌ش مانای ئه‌وه‌ی سه‌رۆك بارزانی بێجگه‌ له‌ ناوی پێشمه‌رگه‌ هه‌موو پۆستێكی سیاسی ره‌تكردۆته‌وه‌، بۆ حزبه‌كانیش مانای ئه‌وه‌یه‌ ده‌بێت له‌ ئێستاوه‌ شان بده‌نه‌ به‌ر به‌رپرسیاریه‌تی به‌بێ چه‌تری مسعود بارزانی هه‌وڵبده‌ن كێشه‌كانی خۆیان چاره‌سه‌ر بكه‌ن. به‌دیوێكی دیكه‌دا ئه‌م په‌یامه‌ پێمان ده‌ڵێت: له‌ئێستاوه‌ حزبه‌كان چ بڕیارێك ده‌ده‌ن و له‌سه‌رچی رێك ده‌كه‌ون، به‌ڕێز بارزانی ئه‌و بڕیاره‌ی ئه‌وان جێبه‌جێ ده‌كات.
كه‌واته‌ ئێستا كوردستان له‌چاوه‌ڕوانی هه‌نگاوی پراكتیكی حزبه‌كانی كوردستاندایه‌، نه‌ك بانگه‌شه‌ی سه‌رۆك بۆ ئه‌وه‌ی حزبه‌كان كۆببنه‌وه‌، ئه‌مه‌ش له‌به‌ر ئه‌وه‌یه‌، ده‌بێت حزبه‌كانی كوردستان خۆیان بۆ ئه‌و به‌رپرسیاریه‌تییه‌ ئاماده‌بكه‌ن كه‌ ئه‌و په‌یامه‌ی سه‌رۆك ده‌یخاته‌ سه‌رشانیان، راسته‌ له‌م قۆناخه‌دا هه‌موو حزبه‌كانی كوردستان بۆ ئه‌وه‌ی رایه‌ڵه‌یه‌ك له‌نێوان خاڵه‌ هاوبه‌شه‌كانی خۆیاندا دروست بكه‌نه‌وه‌، پێویستیان به‌ رێنمایی و راسپارده‌ و ئه‌زموونی سه‌رۆك بارزانی هه‌یه‌، به‌ڵام له‌دوای ئه‌و په‌یامه‌وه‌ ده‌بێت وه‌ك سوودوه‌رگرتن له‌ رێنمایی و راسپارده‌ی مه‌رجه‌عێك، یان رێبه‌ری نه‌ته‌وه‌ په‌نا بۆ رێنمایی و راسپارده‌كانی سه‌رۆك بارزانی ببرێت.
لایه‌نێكی دیكه‌ كه‌ دیسان ئه‌م په‌یامه‌ پێمان ده‌ڵێت، ئه‌وه‌یه‌ به‌ڕێز بارزانی پۆستی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان، به‌ به‌ركه‌وته‌ی مافی هه‌ڵبژاردنی هیچ حزبێكی سیاسی نازانێت، به‌پارتی دیموكراتی كوردستانیشه‌وه‌، ئه‌مه‌ش له‌به‌ر ئه‌وه‌یه‌ سه‌رۆك له‌لایه‌ن خه‌ڵكی كوردستانه‌وه‌ ده‌نگی پێدراوه‌، بۆیه‌ كاتێك باس له‌ پۆستی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان ده‌كرێت و بارودۆخی كوردستان له‌بار نییه‌ بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ڵبژاردن بۆ ئه‌و پۆسته‌ بكرێت، ئه‌وا سه‌رۆك نوێنه‌رایه‌تی هیچ حزبێكی سیاسی ناكات بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌م پۆسته‌ وه‌ك به‌ركه‌وته‌ی حزبێكی سیاسی مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ بكرێت، به‌پێچه‌وانه‌وه‌، ئه‌م په‌یامه‌ی بارزانی وه‌ك پێشتریش به‌ حزبه‌كانی گوتووه‌: "رێبكه‌ون له‌سه‌ر كه‌سێك بۆ پۆستی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان بۆ ماوه‌یه‌كی كاتی تا هه‌ڵبژاردن ده‌كرێت، یان لێگه‌ڕێن باردۆخه‌كه‌ به‌وجۆره‌ بڕوات تا ده‌گه‌ینه‌ هه‌ڵبژاردن، یان خۆتان ئاماده‌بكه‌ن هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته‌ بكرێت."، به‌ڵام له‌ په‌یامی ئه‌مجاره‌یاندا به‌ڕێز بارزانی راسته‌وخۆ داوای ئه‌وه‌ ده‌كات كه‌سێك بۆ پۆستی سه‌رۆكی هه‌رێم ده‌ستنیشان بكرێت، بۆ ئه‌وه‌ی تا هه‌ڵبژاردنی داهاتوو به‌ هه‌موو شێوه‌یه‌ك هاوكاری بكات. هه‌ر بۆیه‌ ئه‌گه‌ر وردتر له‌سه‌ر ئه‌م وشانه‌ی سه‌رۆك هه‌ڵوه‌سته‌ بكه‌ین، درك به‌وه‌ ده‌كه‌ین كه‌ سه‌رۆك ده‌ستنیشانكردنی كه‌سێكیش بۆ ئه‌و پۆسته‌ به‌مافی خۆی نازانێت، به‌ڵام وه‌ك چاره‌سه‌رێكی كاتی ئه‌مه‌ ده‌داته‌وه‌ به‌ رێككه‌وتنی حزبه‌ سیاسییه‌كان، بۆیه‌ هه‌تا ئه‌گه‌ر ئه‌و كه‌سه‌ی كه‌ حزبه‌كانیش ده‌ستنیشانی ده‌كه‌ن، به‌دڵی ئه‌ویش نه‌بێت، سه‌رۆك بڕیاره‌كه‌ جێبه‌جێ ده‌كات، به‌ڵام وه‌ك ئه‌مانوئێل كانت له‌ كتێبی ئاشتی هه‌میشه‌یی ئاماژه‌ی پێكردووه‌، ئه‌گه‌ر بمانه‌وێت كاروباره‌ سیاسییه‌كان به‌سه‌ركه‌وتوویی به‌ڕێوه‌بچن، كارێكی باش ده‌كه‌ن لایه‌نه‌كان ملكه‌چی یاسای ئه‌خلاق بن و گوێ بۆ ده‌نگی ویژدان بگرن، دیاره‌ له‌م پرۆسه‌یه‌شدا كه‌ سه‌رۆك رایگه‌یاندووه‌ پرۆسه‌كه‌ به‌و جۆره‌ سه‌ركه‌توو ده‌بێت كه‌ هه‌موو لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان ملكه‌چی یاسای ئه‌خلاق و ده‌نگی وێژدانی گه‌ل و نه‌ته‌وه‌ی خۆیان بن، ئه‌م دوو بنه‌مایه‌ش یارمه‌تیده‌ر ده‌بێت بۆ هه‌موو حزبه‌كان بۆ ئه‌وه‌ی به‌ سوودوه‌رگرتن له‌ راوێژ و رێنمایی و لۆژیك و ئه‌زموونی بارزانی ئه‌م پرۆسه‌یه‌ به‌ره‌و سه‌ركه‌وتن به‌رن، بۆ ئه‌وه‌ی كوردستان له‌م بارودۆخه‌ ناسك و هه‌ستیاره‌دا رووبه‌ڕووی هه‌ڵدێر و شكست نه‌بێته‌وه‌.
Top