چەواشەكاریی بزووتنەوەی گۆڕان ئاكامی خراپ بەدوای خۆیدا دەهێنێت

چەواشەكاریی بزووتنەوەی گۆڕان  ئاكامی خراپ بەدوای خۆیدا دەهێنێت
پرۆسەی سیاسی شوێنی راستەقینەی دیالۆگ و دانوستاندنە بۆ داڕشتنی سیاسەتێكی راست و درووست و چاوخشاندنەوە بەهەڵە و كەموكوڕیەكاندا، ئەمەش سیمایەكی تەندرووست بۆ پرۆسەی سیاسی و سیستمی دیموكراتی دروست دەكات.
بەداخەوە كاتێك لەم چوارچێوەیەدا سەیری پرۆسەی سیاسی لە وڵاتی خۆمان دەكەین، هەست دەكەین لەبری ئامادەباشی بۆ چارەسەركردنی كێشەكان و هەوڵەكان بۆ پێداچوونەوەی هەڵەكان، ئەوا لە بەرامبەردا چەواشەكاریەكی زۆر بێ ویژدانانە بەناوی سیاسەتكردن و پرۆسەی سیاسییەوە بەبەردەوامی بوونی هەیە، ئەم چەواشەكاریانەش وەك دەرهاویشتەی ئەو سیاسەتی ڕق و كینە و بوغزی چەندین ساڵەیە كە ئاكامی سیاسەتی هەڵە بەرهەمی هێناوە، بۆیە بەردەوام ئەم چەواشەكارییە وەك ژەهرێك وایە ژینگەی سیاسی كوردستان پیس دەكات، راشكاوانە ئەگەر ئەو چەواشەكاریانە بە ئاستێك بۆ مەبەستی لێكترازانی نیشتمانی بەگەڕدەخرێن، ئەوا دەگاتە ئەو ئاستەی كە بڵێم ئەگەر ئەم ژەهرانە بكرێنە ناو ئۆقیانووسێكیشەوە بە ئاستێك ئاوی ئۆقیانووسەكە بۆگەن و پیس دەكات.
لە هەموو جیهانی دیموكراتی لەگەڵ ئەو حزبە سیاسیانەی بڕوایان بە ژیانی سیاسی و پێكەوە كاركردن هەیە، پرۆسەی سیاسی شوێنێكی لەبارە بۆ ئەوەی هەموو هەوڵبدەن هەڵەكانی خۆیان راستبكەنەوە و لەسەر بنەمای كۆمپرۆمایز و یەكتری قبوڵكردن، ئەگەر هەڵە یان كەموكورتییەكیش هەبووبێت هەموو لایەنەكان راستی بكەنەوە، بەڵام پێدەچێ لای ئێمەی كورد خەریكە سوور بوون و عینادی لەسەر جەختكردنەوە لەسەر هەڵەكان و ئامادەنەبوون بۆ خۆڕاستكردنەوە، دەبێتە نەریتێكی باو، ئەمەش وەك ئەوەی ئەگەر لایەنێكی سیاسی هەڵەی كرد یان نەیتوانیبێت لە قۆناخێكدا هاوكێشەی سیاسی وەك خۆی بخوێنێتەوە، ئەوا كاتێك دەگاتە ئەوەی هەڵەشیی كردبێت، ئەوا پێی شەرم بێت هەڵەی خۆی راست بكاتەوە یان ئەو پێی وایە ئەگەر سوور بێت لەسەر هەڵەكانی دەتوانێت هەڵەكانی وەك راستی لای خەڵك پیشانبدات.
دیارە لەناو پرۆسەی سیاسی كوردستاندا، بزووتنەوەی گۆڕان گەیشتۆتە ئەو ئاستەی ریكۆردی چەواشەكاری بشكێنێت، سیاسەتە هەڵەكانی بەو ئاراستەیەن، كێشە بە كێشە چارەسەر بكات و هەڵەكردن بە هەڵەیەكی دیكە پەردەپۆش بكات، ئەمەش لە پێناوی ئەوەیە كە حاڵەتێكی نەخوازراوی ئەوتۆ دروست بكات كە هەڵەكانی بشارێتەوە.
لەوانەیە هەندێك ئەم خوێندنەوەیەی ئێمە بەجۆرێك لە تۆمەتباركردنی حزبێك بۆ حزبێكی دیكە شرۆڤە بكات، بەڵام ئەگەر لۆژیكانە سەیری رووداوەكانی ساڵ و چەند مانگی رابردووی كوردستان بكەین، بەتایبەتی كە كوردستان لە شەڕێكی گەورەی جیهانیدایە دژی دڕندەترین دەوڵەتی تیرۆریستی و لەبەرامبەردا سیاسەتی سیاسەتە هەڵە و بەردەوامەكانی بزووتنەوەی گۆڕان بكەین، ئەوا ئەو پرسیارە دێتە ئاراوە بەوەی، چۆن بزووتنەوەیەكی سیاسی وەك بزووتنەوەی گۆڕان لە ئاكامی سیاسەت هەڵەكانی خۆی گەورەترین شكستی سیاسی بەسەر خۆیدا هێنا و چۆن دوای ئەو شكستەش دیسان لەسەر پیادەكردنی سیاسەتی هەڵە بەردەوامە و شكست لەدوای شكست بەسەر خۆیدا دەهێنێت. لەهەمانكاتیشدا بەهیچ جۆرێك ئامادەباشی ئەوەی تیدا نەبێت چاو بەسیاسەتە هەڵەكانی خۆیدا بخشێنێتەوە، یان دان بەهەڵەكانی خۆیدا بهێنێت و خۆی راست بكاتەوە.
ئەمجۆرە لە سیاسەت كردنی هەڵە و هەوڵدان بۆ رەتكردنەوەی بەرامبەر و تێكدانی رەوشی سەقامگیریی هەرێمی كوردستان بۆ ئاڵۆزی و پاشاگەردانی، پێویستی بەوەیە لە شوێنێكدا سنووری بۆ دابنرێت و، رێگە نەدرێت یاری بە ئاسایش و سەقامگیری كوردستان بكرێت، ئەمەش لەبەر ئەوەیە ئەگەر سنوورێك بۆ سیاسەتی هەڵە دانەنرێت ئەوا بارودۆخەكە لەدەست دەردەچێت و پاشان ناتوانرێت كۆنتڕۆڵ بكرێت و سەرەنجامیش گەلی كوردستان تێكڕا هەموویان پێكەوە زەرەرمەند دەبن.
دوای ئەو شكستە گەورەیەی بزووتنەوەی گۆڕان لە ئاكامی سیاسەتە هەڵەكانی خۆیەوە بەسەری هات،چاوەڕێی ئەوە دەكرا كە ئەم بزووتنەوەیە بەخۆیدا بچێتەوە و بەجۆرێك خۆی رێكبخاتەوە كە سیاسەتەكانی لەخزمەتی یەكڕیزی و تەبایی و سەقامگیری كوردستاندا بێت، بەڵام ئەوەی جێگەی سەرسوڕمانە ئەوەیە كە ئەم بزووتنەوەیە چەند شكستی سیاسی زیاتری بەسەردا بێت، هێندەی دیكە زیاتر لەسەر سیاسەتە هەڵەكانی خۆی بەردەوام دەبێت و ئامادە نییە كە خۆی راست بكاتەوە.
لە ئێستادا كە كوردستان رۆڵێكی كاریگەری لە تێكشكاندنی تیرۆریستانی داعش گێڕاوە و شەڕەكە لەڕووی سەربازییەوە بەرەو كۆتایی دەچێت، هەموو مەزندەكان بەو ئاراستەیەن كە ئایندەیەكی رۆشن لە كوردستان دیارە، ئەوا ئەركی سەرشانی هەموو حزبە سیاسییەكانی كوردستانە كە بە ئاراستەیەكی راست سیاسەت بكەن و رق و كینە و بوغزی كۆن وەلانێن بۆ ئەوەی پێكەوە ئەم دەرفەتە لەدەست نەدەین.
بەڵام ئەوەی جێگەی داخە ئەوەیە كە هەتا ئێستاش بزووتنەوەی گۆڕان سوورە لەسەر ئەوەی سیاسەتی هەڵە پیادەبكات و چەواشەكاری لەناو خەڵكدا بڵاو بكاتەوە، بەڵام وەك ئەزموونەكانی رابردوو سەلماندوویانە بەردەوام بوون لەسەر سیاسەتی هەڵە و چەواشەكاری ئاكامی خراپتر بەسەر خاوەنەكەیدا دەهێنێت.


*جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان
Top