دۆناڵد ترامپ شەرابە كۆنەكەی كۆمارییەكانە لە بوتڵێكی نوێدا
November 14, 2016
وتار و بیروڕا
1- لەسەردەمی ئەبراهام لینكۆڵن شۆڕشی كۆیلایەتی دەستی پێكرد و سەركەوتوو بوو، بۆیە هەموو ئەمریكيیەكان بەهەردوو حزبی كۆماری و دیموكراتیشەوە، لینكۆڵن وەك میراتی ئازادی بۆ ئەمریكا پێناسە دەكەن.
2- لەسەردەمی شەڕی سارددا توانیان كۆماری چینی میللی بێننە ناو نەتەوە یەكگرتووەكان، بەمەش سیستمی جیهانیان لەسەردەمی شەڕی سارد بردە قۆناخێكی دیكە.
3- توانیان بڕیاری كشانەوە لەشەڕی ڤێتنام بدەن و دۆڕانی خۆیان لەشەڕەكەدا رابگەیەنن، هەر لەوماوەیەدا سەرۆكایەتيی نیكسۆندا تیۆری ( سەركەوتن بەبێ شەڕ بەسەر یەكێتيی سۆڤیەت ) داڕێژراو لەسەردەمی جۆرج بوشی باوك دیواری بەرلین رووخا و یەكێتيی سۆڤیەت لەبەر یەكهەڵوەشا.
4- كۆمارییەكان توانیان لەدوای شەڕی 1967ی نێوان ئیسرائیل و عەرەب ، نەخشە رێگەی پرۆسەی ئاشتی عەرەب – ئیسرائیل دابڕێژن و ئەم پرۆسەیەش بە چوونی سادات بۆ ئیسرائیل و رێككەوتنی كامب دەیڤید كۆتایی هات، راستە كارتەر سەرۆكایەتيی كامب دەیڤیدی كرد، بەڵام پرۆسەكە لەماوەی سەرۆكایەتيی نیكسۆن و فۆردا تەواو بووبوو.
5- لە هەشتاكانی سەدەی رابردوو كە ماوەی سێ خول لەسەر یەك كۆمارییەكان لەدەسەڵاتدا بوون( دوو خولی ریگان و خولێكی جورج بوش) كۆمارییەكان توانیان ئێران ناچار بكەن بڕیاری 598ی ئەنجوومەنی ئاسایش جێ بەجێ بكات و شەڕی نێوان عێراق و ئێران كۆتایی بێت، ئەم بڕیارە بۆ ئێران وەك خواردنەوەی پەرداخێك ژەهر وابوو.
6- هەر لەماوەی سەرۆكایەتيی ئەو سێ خولەی كۆمارییەكاندا، میخائیل گۆرباچۆف بیرۆستریكای راگەیاند، ئەمە بووە سەرەتای لەبەر یەكهەڵوەشانی یەكێتيی سۆڤیەت و رووخانی دیواری بەرلین و راگەیاندنی سیستمی نوێی جیهانی.
7- بە درێژایی میژووی سیاسيی نێودەوڵەتی هاوچەرخ یەكجار جیهان توانیویەتی بە كۆدەنگی لەسەر كێشەیەك هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دروست بكات، ئەویش هاوپەیمانی نیودەوڵەتی بوو بۆ ئازادكردنی كوەێت و بەسەركردایەتی ئەمریكا.
8- سەبارەت بە كورد لەگەڵ ئەوەی لە ساڵی 1975 لەسەردەمی كۆمارییەكاندا نسكۆ بەسەر شۆڕشی ئەیلولدا هات، بەڵام هەر لەسەردەمی كۆمارییەكاندا لەساڵی 1991 بڕیاری 688 ی ئەنجوومەنی ئاسایش بۆ دیاركردنی ناوچەی دژەفڕین دەرچوو، هەر لەسەردەمی كۆمارییەكاندا لە ساڵی 2004 كوردستان بووە هاوبەشی ئۆپەراسیۆنی ئازاديی عێراق و پاشانیش هەر لە ژێر چاودێری كۆمارییەكاندا هەرێمی كوردستان وەك ئەمری واقیع لەناو دەستوری عێراقدا چەسپێنرا، ئێستاش مەزندە دەكرێت ئەو دەوڵەتی ئەمری واقیعەی كە لەباشوری كوردستان بووە لەسەردەمی سەرۆكی داهاتووی ئەمریكا وەك دەوڵەتێكی خاوەن سەروەريی دانی پێدابنرێت.
9- لە سەرەتای ساڵانی 2000 و دوای ئەوەی جارێكی دیكە كۆمارییەكان هاتنەوە دەسەڵات ، سیاسەتی لغاوگیركردن ( الاحتوا) گۆڕا بۆ دەستێوەردانی سەربازيی راستەوخۆ و زەمینی و رووخانی رژێمە تیرۆریست و دیكتاتۆرەكان وەك هەردوو رژێمی تاڵیبان و سەدام حوسێن. بەڵام دواتر بە كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لەسەردەمی دیموكراتەكاندا سیستمی نوێی جیهانی كەوتە بەرمەترسی لەناوچوون، هەروەك چۆن ئێستا لەسەرەمەرگدایە.
دیارە گەڕانەوە بۆ میژووی سەركەوتن و ئەو گۆڕانكاريیە گەورانەی كۆمارییەكان بەدەستیان هێناوە، گەلێك جار بۆ ئەو دبلۆمات و وەزیرە پراكتیشنەرانەشی كە خۆیان لە پرۆسەی بڕیار دروستكردن و جێبەجیكردنی بڕیارەكاندا بوون، بۆ ئەوانیش جێگەی سەرسامی بووە، هەر بۆ نموونە كاتێك كیسنجەر توانی لەگەڵ كۆماری چینی میللی بگاتە رێككەوتن بۆ ئەوەی چین ببێتە ئەندامی نەتەوە یەكگرتووەكان خۆی سەرسام بوو چۆن ئەو رێككەوتنە كرا، لەم بارەوە دەڵێت : ( دووريی 30 ساڵم بە 3 رۆژ بڕی) ، لەمەش زیاتر كاتێك ئەنوەر ساداتی بەوە قایلكرد میسر و ئیسرائیل رێككەوتنی ئاشتی ئیمزا بكەن، ئەمەیان نەك هەر جێگەی سەرساميی خۆی بەڵكو هەموو جیهانیشی سەرسامكرد، لەمەش زیاتر كاتێك باسی تێۆری ( سەركەوتن بەبێ شەڕ دەگيرا بۆ رووخانی یەكێتی سۆڤیەتی پێشوو) ئەوا نەك هەر كەس بڕوای نەدەكرد، بەڵكو كە روویدا ناوی لێنرا ( كۆتایی مێژوو).
ئاماژەكردن بۆ مێژووی سەركەوتن و گۆڕانكارییە گەورەكانی پارتی كۆماری ، هەوڵێك نيیە بۆ ئەوەی ستایشی فەلەسەفە و بیركردنەوەی دۆناڵد ترامپی سەرۆكی تازەی ئەمریكا بكەین، ئەمەش لەبەر ئەوەی دۆناڵد ترامپ بە مێژووی ئەمریكادا تەنها سەرۆكە كە هەڵدەبژێردرێت و هیچ ئەزموونێكی پێشيی سەربازی و سیاسی نيیە، بەڵام پرسیار لێرەدا ئەوەیە ئایا بۆچی پارتی كۆماری لەنێو ئەو هەموو كەسە شارەزا و لێهاتووەی هەیەتی ، كەسێكی وەك دۆناڵد ترامپی كرد بە كاندیدی خۆی بۆ سەرۆكایەتيی ئەمریكا؟ دیارە وەڵامی ئەم پرسیارە كەسایەتی و رەفتاری دۆناڵد ترەمب دەیداتەوە و پێمان دەڵێت ، بێجگە لە ترامپ هیچ كاندیدێكی دیكە نەیدەتوانی ئەو دوو كێشە سەرەكيیەی سیستمی سیاسی ئەمریكای تووشی سەرەتان كردووە بیكاتە دروشمی هەڵمەتەكانی هەڵبژاردن، ئەمەش لەبەر ئەوەی چارەسەركردنی ئەو دوو كێشە گەورەیەی سیستمی سیاسی لە ئەمریكا سەرلەبەر پێویستی بە گۆڕینی هەموو سیستمی سیاسی ئەمریكایە، سیتمێك كە جارێكی دیكە لەناو بەیانی سەربەخۆیی و دەستووری ئەمریكا سەردەمی شۆڕشی ئەمریكا خۆی پێناسە بكاتەوە كە ئەویش گێڕانەوەی شكۆ و مەزنایەتيیە بۆ ئەمریكا. هەڵگرتنی ئەم دروشمە بۆ كەسێك كە خۆی پاڵاوتبێت بۆ سەرۆكی داهاتووی ئەمریكاو هیچ ئەزموونێكی سیاسی و سەربازی نەبێت، ئەوەمان پێدەڵێت، ئەم كارە هیندە موجازەفەیەكی گەورە بووە كە پارتی كۆماريی گەیاندۆتە ئەو ئاستەی قوربانی بە كانیدەكەی خۆی بدات، دیارە بێجگە لە دۆناڵد ترامبیش لەنێوان هەموو كاندیدەكانی دیكەی كۆمارییەكاندا ئامادەنەبووە خۆی بكاتە قۆچی قوربانی لەبەردەم ئامانجێكی نەك نیمچە مەحاڵ بەڵكو مەحاڵی تەواودا.
مەحاڵی گەیشتن بەو ئامانجەی كۆمارییەكان بە دروشمەكانی ترامپەوە سەرۆكایەتيی ئەمریكا بگرنەوە دەست، گەیشتبووە ئەو ئاستەی بەشێكی زۆر لە كۆنگرێسمان و سیناتۆری كۆمارییەكان دروشمی نابێت قەت ترامپ (Never Trump) بەرز بكەنەوە، ئەمەش لەترسی ئەوە بوو، دروشمی هەڵبژاردنەكانی ترامپ، پێش ئەوەی دوژمنەكانی ئەمریكا بترسێنت، دۆستەكانی ئەمریكای دەترساند، بۆیە ئەمجارەش پارتی كۆماری ئەمریكا سەركەوتنێكی بەدەست هێناوە، زۆر لەسەركەوتنەكەی ( ریگان و بوش) گەورەترە كە ناویان لێنا كۆتایی مێژوو، بۆیە دەشێت ئەمجارە ناوی لێ بنرێت سەرەتای سیستمێكی سیاسيی تازە لە ئەمریكاو كۆتایی سیستمی نوێی جیهان و رێكخستنەوەی جیهان لە چوارچێوەی سیتمێكی نوێی جیهانیدا.
ئەم ئاراستەیە ئەوەمان بۆ ئاشكرا دەكات كە پارتی كۆماری لە هەڵبژاردنەكانی ئەمجارەی ئەمریكادا ، بە دوو ئامانجی گرنگەوە هەڵمەتەكانی بە ترسناكی و سەختی بەڕێوەبردووە، ئامانجی یەكەمی پارتی كۆماری كە بردنەوەی پۆستی سەرۆك كۆماری ئەمریكا بوو، گەیشتە ئەو ئاستەی كە بەدیهێنانی ببێتە شتێكی مەحاڵ، بۆیە هەر زوو گەڕایەوە سەر ئامانجی دووەم كە پاریزگاریكردن بوو بە زۆرینەی ئەنجوومەنی نوێنەران و ئەنجوومەنی سەنات، ئەمەش مانای ئەوەیە لە ستراتیژیەتی كۆمارییەكاندا بۆ ئیدارەی داهاتووی ئەمریكا ئەوە بووە، هەتا ئەگەر ئیدارەی ئەمریكی لەدەست خۆشیاندا نەبێت، بەڵام لە ژێر كۆنترۆڵی خۆیاندا بێت، بەڵام ئێستا كە ئیدارەی داهاتوو و هەردوو ئەنجوومەنی نوێنەران و سەنات هەمووی پێكەوە لەژێر هەژموون و كۆنترۆڵی كۆمارییەكاندایە، ئەو ستراتیژەی دایانڕشتووە بە رێگەی سەرۆك ترامپ جێ بەجێی دەكەن، بەڵام پرسیار لێرەدا ئەوەیە ئایا مەترسی ئەوە نيیە كە ترامپ وەك سەرۆكی ئەمریكا كە خاوەنی گەورەترین دەسەڵاتە لە جیهاندا راوبۆچوونی خۆی فەرز بكات و رێگە نەدات ئەوەی پارتی كۆماری مەبەستێنی وەك خۆی جێ بەجێ بكرێت؟ وەڵامی ئەم پرسیارە بەو جۆرە دەدرێتەوە زۆرینەی ئەنجوومەنی نوێنەران و سەنات لای كام حزبە هەر ئەو ستراتیژە جێبەجێ دەكرێت، بۆیە ئەگەر دۆناڵد ترامپ وەك شەخسێكی سەربەخۆ خۆی كاندید بكردایە و پارتی كۆماری لە پشت نەبووایە ئەوا هێندەی كاندیدەكەی پارتی سەوز و لیبرالیيەكانیش دەنگی نەدەهێنا كە لەناو هەژماركردنی دەنگەكاندا بوونیان نەبوو، لەمەش زیاتر ئەگەر گریمانەی ئەوەش بكەین هەتا ئەگەر هیلاری كلینیتۆنیش ببووایە بەسەرۆكی داهاتووی ئەمریكا ئەوا دەبووایە بەو جۆرە سەرۆكایەتيی بكات كە ئەنجوومەنی نوێنەران و سەنات قەناعەت پێ بكات، هەربۆیە لێرە بەدواوە كە ترامپ دەبێتە نیشەجێی هەمیشەيی كۆشكی سپی و سەرۆكی داهاتووی ئەمریكا، ئەوا دەبێت ترامب وەك سەرۆكی ئەمریكا و پارتی كۆماری خوێندنەوەی لەسەر بكرێت، نەك ئەو كاندیدەی كە لە هەڵمەتی هەڵبژاردنەكاندا دەردەكەوت و بە رووكەش بەشێكی پارتی كۆماری خۆی لێ بێ بەری دەكرد، بەڵام وەك ئێستا پاول رایان سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی سەر بە پارتی كۆماری قسەدەكات، كۆمارییەكان سەركەوتنی ترامب نەك هەر بە سەركەوتنی خۆیان دەزانن، بەڵكو وەك ئەمجارەش ئەم سەركەوتنە بەجۆرێك پارتی كۆماری تووشی سەرسووڕمانێكی گەورە بوون.