سه‌ره‌تای وه‌رچه‌رخانێكی دراماتیكیی گه‌وره له‌ناوچه‌كه‌دا
November 9, 2016
وتار و بیروڕا
پرسیاری گرنگ لێره‌دا ئه‌وه‌یه ئه‌گه‌ر ستراتیژیه‌تی ئێران له ته‌واوی ناوچه‌كه پشتگیریكردنی شه‌ڕی به‌وه‌كاله‌ت بێت، ئایا كاردانه‌وه‌ی جه‌مسه‌ره‌كانی دیكه به‌رامبه‌ر ئه‌م ستراتیژه‌ی ئێران چۆن ده‌بێت؟ دیاره پسپۆڕان له‌وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره‌دا ده‌ڵێن: ئه‌گه‌ر ئێستا شه‌ڕه ناراستهوخۆكه به‌ئاشكرا له‌نێوان سعودیه‌و ئێران‌دا بوونی هه‌بێت، ئه‌وا ئه‌م شه‌ڕه به‌شێوه‌یه‌ك له‌نێوان جه‌مسه‌ری شیعه‌و سوننهدایهو هیچ لایه‌ك لهسعودیهو ئێران به ته‌نیا نین و هه‌ریه‌كه‌یان كۆمه‌ڵێك هاوپه‌یمانی هه‌یه. هه‌ر بۆ نموونه ئه‌گه‌ر له‌چوارچێوه‌ی شه‌ڕی سوننه‌و شیعه، به‌شێكی زۆری ده‌وڵه‌تانی عه‌ره‌بی و پاكستان و توركیا پشتگیری به‌ره‌ی سعودیه بكه‌ن، له‌به‌رامبه‌ردا به‌شێكی شیعه‌ی عێراق و رژێمی ئه‌سه‌دو حزبوڵا و حوسییه‌كانیش خۆیان له‌به‌ره‌ی ئێران‌دا ده‌بیننه‌وه، خۆ ئه‌گه‌ر كێشه‌كه‌ش وه‌ك دووبه‌ره له‌سه‌ر ئاستی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست وه‌ك كێشه‌ی نێوان ئێران و ئیسرائیل سه‌یری بكه‌ین، ئه‌وا به‌ره‌كه فراوانتر ده‌بێت، ئیسرائیل ده‌كه‌وێته به‌ره‌ی سعودیه‌و ئهمریكاو ناتۆ، ئێرانیش ده‌كه‌وێته به‌ره‌ی عێراق و سووریا و حزبوڵا و حوسییه‌كان و رووسیاو كۆریای باكووره‌وه.
سه‌باره‌ت به ئه‌گه‌ری یه‌كه‌میان كه شه‌ڕی به‌وه‌كاله‌ت بۆ فراوانكردنی مهدی شیعه كه ئێران رێبه‌رایه‌تی ده‌كات، چاودێران پێیانوایه، ئه‌گه‌ری ئه‌م شه‌ڕه له‌گه‌ڵ پرۆسه‌ی ئازادكردنه‌وه‌ی موسڵ چاوه‌ڕوانكراوه، به‌ڵام سه‌باره‌ت به ئه‌گه‌ری دووه‌میان كه رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ئیسرائیل و ئێرانه، ئه‌مه‌یان ئه‌گه‌رێكی دووره‌و مه‌ترسیی روودانی زۆر كه‌مه، ئه‌مه‌ش له‌به‌ر ئه‌وه‌یه ئیسرائیل چه‌كی ئه‌تۆمی هه‌یه، به‌ڵام ئێران توانا ئه‌تۆمییه‌كه‌ی له چوارچێوه‌ی رێككه‌وتنی له‌گه‌ڵ ئه‌مریكادا سڕكراوه، بۆیه خۆی ناخاته ئه‌م شه‌ڕه‌وه.
كه‌واته ئه‌م ئاراسته‌یه به‌ره‌و ئه‌وه‌مان ده‌بات كه شه‌ڕی به‌وه‌كاله‌ت ئه‌گه‌رێكی نزیكه، به‌ڵام پرسیار ئه‌وه‌یه ئه‌گه‌ر شێوازی شه‌ڕی به‌وه‌كاله‌تی ئێران گۆڕه‌پانی شه‌ڕی نێوان شیعه‌و سوننه بێت له‌و وڵاتانه، ئایا گۆڕه‌پانی شه‌ڕی به‌وه‌كاله‌ت دژی ئێران كوێ ده‌بێت؟ سه‌باره‌ت به‌وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره‌ش شاره‌زایان و پسپۆڕان ده‌ڵێن، پێكهاته‌ی ئێران پێكهاته‌یه‌كی ههمهڕهنگهو له‌چه‌ندین نه‌ته‌وه‌و مه‌زهه‌ب و ئایینی جیاواز پێكهاتووه، به‌شێكی زۆری ئه‌م پێكهاتانه ئۆپۆزیسیۆنی ده‌سه‌ڵاتی سیاسیی تارانن، هه‌ربۆیه كاتێك داعش له رووی سه‌ربازییه‌وه كۆتایی دێت، ئه‌وا شه‌ڕه‌كه شێوازێكی ته‌واو شه‌ڕێكی ناوخۆیی مه‌زهه‌بگه‌رایی سوننه‌و شیعه وه‌رده‌گرێت، له‌م حاڵه‌ته‌دا ئه‌گه‌ر شه‌ڕی به‌وه‌كاله‌تی ئێران ببێته هۆكاری درێژه پێدانی شه‌ڕی ناوخۆ له عێراق و سووریا و یه‌مه‌ن، ئه‌وا به‌هه‌مان شێواز شه‌ڕێكی به‌وه‌كاله‌تی ناوخۆ بۆ به‌رژه‌وه‌ندی ئه‌و وڵاتانه له‌ناو ئێرانیشدا ده‌ست پێده‌كات.
له‌ناو ئه‌م هاوكێشه ئاڵۆزه‌دا كه پرۆسه‌ی ئازادكردنه‌وه‌ی موسڵ به‌ره‌و كۆتاییهاتن ده‌ڕوات، ئه‌مریكا وه‌ك سه‌رۆكی هاوپه‌یمانیی نێوده‌وڵه‌تی دژی داعش، له‌هه‌وڵی ئه‌وه‌دایه، فاكته‌ری سه‌ره‌كیی دروستبوونی شه‌ڕی به‌وه‌كاله‌ت و ئیقلیمی دووربخاته‌وه، هه‌ر بۆیه به ئاشكرا رایگه‌یاندووه، ئه‌و هێزانه‌ی بۆ نموونه وه‌ك (حه‌شدی شه‌عبی و هێزی دیكه‌ش له كوردستاندا) كه راسته‌وخۆ سیاسه‌ت و ستراتیژیه‌تی ئێران جێبه‌جێ ده‌كه‌ن، له‌شه‌ڕی دژی داعشدا به هێزی ئاسمانی پشتگیری ناكرێن، ئه‌مه‌ش مانای ئه‌وه‌یه له‌ئێستاوه ئه‌و هێزانه ده‌ستنیشان كراون كه دوای داعش بۆ به‌رژه‌وه‌ندیی مهدی شیعه‌گه‌رایی له‌ناوچه‌كه‌دا درێژه به شه‌ڕی ناوخۆیی ده‌ده‌ن. پرسیار لێره‌دا ئه‌وه‌یه ئه‌گه‌ر هه‌ڵوێستی ئه‌مریكا له‌ناو شه‌ڕی كۆتاییهێنان به‌رامبه‌ر داعش، ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ی هه‌بێت، ئایا دوای ئازادكردنه‌وه‌ی موسڵ و ده‌ستپێكردنی قۆناخی گێڕانه‌وه‌ی سه‌قامگیری و متمانه له‌نێوان شیعه‌و سوننه‌ی عێراقدا، چ هه‌ڵوێستێكی به‌رامبه‌ر ئه‌و هێز و لایه‌نانه ده‌بێت، كه بۆ به‌رژه‌وه‌ندیی ئێران فیتنه‌ی مه‌زهه‌بگه‌رایی دروست ده‌كه‌ن؟ بێگومان له‌م حاڵه‌ته‌دا كه ستراتیژیه‌تی ئهمریكاو هاوپه‌یمانان تێكشكاندنی داعش و له ریشه‌هه‌ڵكێشانی فیكری داعشه وه‌ك فیتنه‌ی شه‌ڕی مه‌زهه‌بگه‌رایی له‌ناوچه‌كه‌دا، له‌م حاڵه‌ته‌دا ئه‌گه‌ر دوای داعش شه‌ڕی ناوخۆی نێوان شیعه‌و سوننه به‌رده‌وام بێت، ئه‌وا ئه‌و لایه‌نه‌ی كه ده‌بێته هۆكاری به‌رده‌وامیی شه‌ڕی ناوخۆی شیعه‌و سوننه، وه‌ك فیكری داعش سه‌یرده‌كرێت و هاوپه‌یمانی نیوده‌وڵه‌تی و ئه‌مریكا به‌رامبه‌ری راده‌وه‌ستن، ئه‌مه‌ش به‌و مانایه‌ی كاتێك داعش كۆتایی دێت، هاوپه‌یمانیی نێوده‌وڵه‌تیی دژی داعش ئه‌ركه‌كه‌ی كۆتایی نایه‌ت، به‌ڵكو ئه‌و كاته ئه‌ركی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی كۆتایی پێدێت، كه هۆكاری فیتنه‌ی مه‌زهه‌بگه‌رایی نێوان شیعه‌و سوننه كۆتایی پێهاتبێت.