پڕۆژەی دەزگای پاراستنی هەرێمی كوردستان لە كارەسات نووسینی/دكتۆر بێوار خەنەسی
November 8, 2016
وتار و بیروڕا
چەمكی كارەسات
كارەسات زۆر جار رووداوێكی نەخوازراوی لە ناكاوە كە بە زەبری سرووشت دێتەئاراوە، ئەم كارەساتە دەبێتە هەڕەشە بۆسەر بەرژەوەندییە نەتەوەییەكانی وڵات و هاوسەنگیی سرووشتیی شتكان دەگۆڕێت، لەبەر ئەوە هەموو دەزگاكانی دەوڵەت بەشداریی لە رووبەڕووبوونەوەیدا دەكەن. چەندین پێناسە بۆ كارەسات هەیە، كە رێكخراوو دەستە نێودەوڵەتی و نیشتمانییە پسپۆڕييەكان دەستنیشانیان كردووە، پێویستە لە پێناسەكردنیدا روونیی و گشتگیریی و پووختەیی و وردیی لە هەڵبژاردنی وشەكاندا بكرێت، لەم پێناسانەشدا:
كارەسات دۆخێكی ناخۆش و بەئازارە لە ئاكامی ئەو كارەساتەدا شێوازو ریتمی ژیان كتوپڕ دەگۆڕێت و خەڵكەكە دووچاری ناسۆر دەبنەوەو پێویستیان بە پاراستن و پۆشاك و پەناگە و چاودێریی پزیشكی و كۆمەڵایەتی و ژیان دەبێت. كارەسات بریتییە لە رووداوگەلێكی چاوەڕواننەكراو كە لە ئەنجامی هێزگەلێكی سرووشتی دێنەئاراوە، یان بە هۆی مرۆڤەوەیەو ئاكامەكەی كەوتنەوەی زیانی گیانی و وێرانبوون و خاپووربوونی موڵك و ماڵە، كاریگەریی توندو بەهێزی دەبێت بۆسەر ئابووریی نیشتمانی و ژیانی كۆمەڵایەتی و تەنانەت لە تواناو رووبەڕووبوونەوەی داهات و سامانی نیشتمانیش زیاتر دەبێت و پێویستیی بە كۆمەكی نێودەوڵەتی دەبێت.
جۆرەكانی كارەسات
كارەسات بۆ سێ بەش دابەشدەبێت:
1- كارەساتە سرووشتییەكان: ئەمانە بەهۆی سرووشتەوە روودەدەن و مرۆڤ دەستی لە روودانیاندا نابێت، بەڵام رەنگە مرۆڤ هۆكار بێت بۆ زیادبوونی قەبارەی زیانەكان، ئەویش بە كەمتەرخەمی یان وەرنەگرتنی رێوشوێنی پێویست بۆ بەلاوەنانی زیانەكان و كەمكردنەوەی ئاسەوارەكان، نموونەی ئەو كارەساتە سرووشتییانەش وەك( زەمینلەرزە، گڕكان، زریان، لافاو، داڕمان و رۆچوونی زەوی، وشكەساڵی، وشكبوونی سەرچاوەكانی ئاو، ئاگركەوتنەوە).
2- كارەساتە ناسرووشتییەكان: مرۆڤ رۆڵی سەرەكی لە روودانیاندا دەبینێت، ئەمانە یان لە دروستكراوی بە ئەنقەستی مرۆڤە یان بە هەڵەیە یاخود لە ئەنجامی كەمتەرخەمی و خەمساردیی و خراپ بەكارهێنانە. نموونەی ئەمانەش وەك( پشێویی گشتی و فیتنەكاری، هەڕەشە بە هێرشی سەربازی، كردەوەی تیرۆریستی، چاندن و دانانەوەی تەقەمەنی، رووداوەكانی پیسبوونی ژینگە).
3- كارەساتی تێكەڵ: كە بریتییە لە تێكەڵبوونی كارەساتی سرووشتی و ناسرووشتی و هەندێ جاریش بە ( كارەساتی تەكنەڵۆجی) ناسراوە، كە بە رێگەی مرۆڤ دەست پێدەكات و دواتر سرووشت رۆڵ دەبینێت و هەڵسوكەوتی خراپی مرۆڤ قەبارەكەی زیاتردەكات و دەبێتە هۆكاری روودانی ئەم جۆرە رووداوانە، وەك: ( كەمتەرخەمی كە دەبێتە هۆی روودانی پردەكان، ئاگركەوتنەوە لە شارو دارستانەكان، تەقینەوەی وێستگە ئەتۆمییەكان، نقوومبوونی كەشتییەكان، رووداوی فڕۆكە.. تاد).
رەهەندەكانی كارەسات
رەهەندەكانی كارەسات و پلەی مەترسییەكانی بەو فاكتەرانە دەستنیشان دەكرێن:( سەرچاوەی كارەسات و هۆكارەكانی، قورسایی كارەسات، ئاستی هەڕەشەكانی بۆسەر بەرژەوەندییە زیندووەكانی دەوڵەت، ئاڵۆزیی كارەسات، ئاستی بژاردەی بەردەست بۆ رووبەڕووبوونەوەی، چڕیی كارەساتەكە، ئاستی روودانی كارەساتەكەو ئەو كاتەی دەیخایەنێت، چوارچێوەی كارەساتەكە- واتا چوارچێوەی جوگرافیی- كە كارەساتەكە دەیگرێتەوە.
هۆكارەكانی زیادبوونی ئاسەواری مەترسیی رووداوەكان
1- زیادبوونی ژمارەی دانیشتوان كە دەبێتەهۆی زیادبوونی ژمارەی تووشبووی زیانەكان.
2- ئاسەواری گۆڕینی كەشوهەوا بۆسەر ژینگەی سرووشتی و سیستەمگەلی ئابووری و كشتوكاڵی.
3- خراپ بەكارهێنانی زەوی و جێبەجێ نەكردنی گونجاوی نۆڕم و پێورەكانی پلاندانان و دیزایین و بنیاتنان.
مەترسییە چاوەڕوانكراوەكانی كارەسات لە ئایندەدا
ئەمانەش بریتین لەو كارەساتانەی كە لە ئایندەدا روودەدەن، لەوانە هەندێكیان بە كارەساتی (نەخۆشی، برسێتی، لابردنی دارستان، بەبیابانبوون، وشكەساڵی، هەرەسهێنانی ئابووری، بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوی دەریاكان، گڕكانە گەورەكان، قەیرانی ئاو، تیرۆر)
بەڕێوەبردنی كارەسات
بریتییە لە كۆمەڵە رێوشوێن و هەنگاوی پێویست بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ دۆخێكی نائاسایی، بە مەبەستی كەمكردنەوەی زیانەكان بۆسەر موڵك و ماڵ بەپێی پێویست، بۆیە بەڕێوەبردنی كارەسات پرۆسەیەكی درێژخایەنە و پڕیەتی لە پرۆسەی پلاندانان و چالاكی و دەركردنی بڕیارو ئەزموون و راهێنان، پێویستە پرۆسەی ئەنجامدانی پلانێكی سەركەوتووی بەڕێوەبردنی كارەسات پشت بەو هەنگاوانە ببەستێت:
1- دەستپێكردنی بەڕێوەبردنی كارەسات: ئەم هەنگاوە دوای روودانی كارەساتەكە دەست پێدەكات( شەڕ، زەمینلەرزە، لافاو، زریان.. تاد)، ئەم جۆرە كارەساتانە پێویستیان بە رێوشوێن و شتی چاوەڕوانكراو هەیە كە بریتین لە:( دەركردنی یاسا، زانینی ئەرك و ئامانج و بوارەكانی پلانی فریاگوزاری، پێكهێنانی تیمی كار، راڤەكردنی بەرپرسیارێتی و توانا و شرۆڤەكردنی سەرچاوەكان).
2- مەترسییە چاوەڕوانكراوەكانی كارەساتەكە، بەم هەنگاوە دەست پێدەكات كە زانیاری كۆبكرێتەوە دەربارەی مەترسیی چاوەڕوانكراو و ئامادەكردنی نەخشە بۆ دیاریكردنی مەترسییەكان ئەویش بە دەستنیشان كردنی شوێن و قەبارەیان.
3- دياريكردنی ئاستی مەترسییەكان كە دەكرێ قبووڵبكرێت، ئەویش بە گرتنەبەری چەند رێوشوێنێكی گونجاوی جێبەجێ كردن بەپێی ئەولەویاتی نیشتمانی.
4- هەنگاوگەلی ئامادە: بریتییە لە ئامادەكاریی بەرپرسان لەسەر ئاستە جیاوازەكان بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ كارەساتەكان، هەروەها پێكهێنانی لیژنەو هەڵمەتی وشیاركردنەوەو راهێنان، هەندێكیان بۆ كاتێكی دوورتر، وەك لە حاڵەتی زەمینلەرزە بە پشتبەستن بە كۆد و شێوازی زەمینلەرزە، هاوكات دانانی سیاسەتێك بۆ بەكارهێنانی زەوی و ئامادەكردنی شوێن وبیناكان.
5- پشكنینی پلان: ئەمە بە دڵنیابوون لە پلانەكە دەست پێدەكات كە پێویستە چەندین مانۆڕو سیناریۆی خەیاڵی دابنرێن، ئەمەش بەمەبەستی پاراستنی پلانەكە لە كەمتەرخەمی و دەستتێوەردانی سیاسی كە رەنگە لە ماوەكانی هێوربوونەوەی نێوان كارەساتەكان دەربكەوێت.
6- وانەی سوودلێوەرگیراو: واتا سوودوەرگرتن لە رووداوەكانی هاوشێوەی پێشتر، دەكرێ لە هەنگاوی شەشەمەوە بگەڕێینەوە بۆ هەنگاوی دووەم یان سێیەم، بۆ جێبەجێكردنی ئەم هەنگاوە پێویستە پشت بە چەندین توێژی جیاجیای گەل ببەسترێت، ئەویش بە ئامادەكردنی پێشوەختەی دامەزراوەكان كە ئیشی تێدا دەكەن، واتا بەر لە روودانی كارەساتەكە، بۆیە پلانی بەڕێوەبردنی كارەسات راستەوخۆ پەیوەستە بە سرووشت و ئاستی گوزەرانی كۆمەڵگا.
7- ئەستەمە رێگە لە روودانی كارەساتی سرووشتی بگیرێت، لەگەڵ ئەوەشدا دەتوانرێت سنوورێك بۆ ئەو كارەساتانە دابنرێت بە گرتنەبەری ستراتیژیگەلێكی گونجاو بۆ كەمكردنەوەی كارەساتەكان، دیارە ئەمەش بە پشتبەستن بە پلانی پەرەپێدان بۆ ئەوەی بتوانن رووبەڕووی ئەم جۆرە كارەساتانە ببنەوە.
دەزگای پاراستنی هەرێمی كوردستان لە كارەسات
مێژووی هەرێمی كوردستان ئاماژە بەوە دەكات كە چەندین جار رووبەڕووی كارەساتی سرووشتی بۆتەوە، وەك(زەمینلەرزە، لافاو، رۆچوونی زەوی، گەردەلوولی خۆڵاوی، دەردونەخۆشی، رەوەكولـلە و چەندین كارەساتی دیكەی سرووشتی)، بۆیە لە ئەنجامی زیادبوونی هەمەڕەكیی دانیشتوان و فراوانبوونی ئاوەدانی و گۆڕانكاریی كەشوهەوا كاریگەریی ئەو كارەساتانە بۆ سەر دانیشتوان و نیشتمان زیادی كردووە، دەستنیشان كردنی راستەقینەی كارەساتەكان فاكتەری بنەڕەتیی مامەڵەكردنی سەركەوتووانەیە لەگەڵ ئەو كارەساتانە، بە پێچەوانەوە زیانی مرۆیی و دارایی زیاتردەبێت، هەروەها هەڕەشە لە ئاسایشی نەتەوەیی و ئابووری و كۆمەڵایەتی و گوزەرانی خەڵكی هەرێمی كوردستان دەكات، ئەمەش هانمان دەدات كە سوود لە شێوازە زانستییە تازەكانی دەوڵەوتانی پێشكەوتوو وەربگیرێت، ئەو شێوازە تازانەش بۆ رووبەڕووبوونەوەی كارەساتەكان لە هەرێمی كوردستان ئەمانەن:
1- دامەزراندنی ناوەندی پسپۆڕی مەشق و راهێنان بۆ كادرانی ئەم بوارە و هاوكاریكردن لەگەڵ ناوەندەكانی زانكۆ لە دەوڵەتانی پێشكەوتوو كە پسپۆڕن لە بواری كارەساتدا.
2- كردنەوەی پەیمانگەی كارەساتە سرووشتییەكان لە هەرێمی كوردستان.
3- دامەزراندنی تۆڕێكی دەزگا بۆ روانگەی زەمینلەرزە و بەستنەوەی بە ناوەندەكانی زەمینلەرزەی ئیقلیمی لە دەوروبەری هەرێمی كوردستان، هەروەها دامەزراندنی تۆڕێكی كەشوهەوا و بەستنەوەی بە تۆڕی كەشوهەوای ئیقلیمی.
4- بەكارهێنانی تازەترین تەكنەڵۆجیای كۆمپیوتەر و سوود وەرگرتن لە دیزایین و ئامادەكردنی بەرنامەكانی مەشق و راهێنان بۆ رووبەڕووبوونەوەی قەەیرانەكانی كارەسات.
5- دیاریكردنی رێگاو شێوازەكانی چۆنێتی مامەڵەكردنی دروست لەگەڵ دەزگاكانی راگەیاندن لەكاتی كارەساتەكاندا، چونكە كاریگەریی گرنگی دەبێت بۆ سەرخستنی بەڕێوەبردنی كارەساتەكان.
6- دانانی پلانی ئەو بەرنامانەی كە مەبەستیان بەتینكردنی هاوكاریی نێوان دەستەكانی بەڕێوەبردن لە پارێزگاكانی هەرێم لەلایەك و نێوان هەرێمەكانی دەوروبەری لەلایەكی دیكەوە.
7- پەرەپێدانی هۆشیاریی هاووڵاتی كوردستان بۆ چۆنێتیی مامەڵەكردنی سەركەوتوو و خێرا لەگەڵ قەیرانەكان و مەشقكردن لەسەر كاری خۆبەخشیی بەمەبەستی دوورخستنەوەی مەترسی و كەمكردنەوەی زیانە مرۆیی و ماددییەكان لە حاڵەتی روودانی كارەساتەكاندا.