ئه‌وه‌ی له‌ڕیزه‌كانی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان ڕووده‌دات

ئه‌وه‌ی له‌ڕیزه‌كانی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان ڕووده‌دات
ئەوەی ئێستا لە ریزەکانی بزووتنەوەی گۆڕاندا روودەدات و بانگەواز بۆ خۆچەکدارکردن و پێکهێنانی شانەی جاسووسی بۆ ئیغتیالات و کوشتنی نەیارەکانیان دەکەن، نیشانە سەرەتاکانی سەرهەڵدانی باڵێکی توندڕەوتر و فاشیترە کە پێی وایە گوڕان چیتر ناتوانێ ئەو بزووتنەوە "شۆرشگێڕە رادیکال"ـە بێت کە هیوایان لەسەر هەڵچنی بوو.
باڵێک لە هەڵسوڕاوانی گۆڕان ئیتر بەو قەناعەتە گەیشتوون ئەم بزووتنەوەیەی ئێستایان کۆتایی هاتووە و قۆناغی سەرهەڵدانی بزووتنەوەیەکی نوێیە، بەڵام بەو مەرجە کە نابێ هیچی لەوەی رابردوو بچێ و ئەم قسانەش لەو کەسانەی گۆڕان و تام گۆڕان دەبیستین کە بە هەڵوێست و رەفتاری توندڕۆ ناسراون، کەواتە چاوەڕوانی ئینشیقاق یان هەڵوەشانەوە و سەرلەنوێ دروستکردنەوەی بزووتنەوەیەک دەکەین لەوەی پێشوو نەچێت، بەڵکو چەکدار بێ، شانەی جاسووسی و ئیغتیالاتی هەبێ و بڕوای بە بەرپاکردنی کودەتا هەبێ بۆ رووخاندن وەکوو چارەسەر بۆ ئەم مەملەکەتە. هەموو ئەمانەش واتە سەرهەڵدانی گروپێک کە توندوتیژی و فاشییەت و ئیرهابی سیاسی و فیکری ئێستای گۆڕانی پێ نەرمییە و دەبێ توندتر و فاشی تر بێ.
ئەم بزووتنەوە فاشییە نوێیە بە هەماهەنگی و هاوکاری ئاڵوگۆڕانە لەگەڵ سەرهەڵدانی فاشیزمی ئیسلامیدا کە ئەویش خەریکی چەکەرەکردنی نوێیە، هەر لە سلێمانی و دەوروبەری دروست دەبێ، بۆیە خەڵک و حزبەکانی دی بەگشتی و یەکێتی نیشتمانی کوردستان بە هەردوو باڵەکەی ئێستای و کاربەدەستان و رۆشنبیرانی سلێمانی کە یانزە ساڵە تەحەمولی فەوزا و رەفتاری ئەنارشیزمی پۆپۆلیستانە و بڵاوکردنەوەی بێ ئومێدی و رەشکردن و بێ بەها کردنی هەمووشتێک و بایکۆت و خۆپیشاندانی دروستکراوی بێ بەرهەم و پێشوەخت فرۆشراویان گرتووە، ئەرکێکی سەخت و چارەنووسسازیان دەکەوێتە ئەستۆ بۆ رێگە گرتن لە ئەگەری سەرهەڵدانی رێکخراوێکی وەها فاشی. پارتی دیموکراتی کوردستانیش بە حیکمەتی خۆی و تەرحکردنی چارەی کردەنی بۆ کێشە سیاسی و داراییەکانی ئێستای هەرێمی کوردستان دەتوانێ هاوکارێکی فعلی بێ لە پووچەڵکردنەوەی ئەو هۆکار و پاساوانە کە ئەو فاشییە نوێیە کردوونیەتە پاساوی دروست بوونی خۆی. بەر لە سەربەخۆیی کوردستان دەبێ ئەو فاشییە نوێیە لە منداڵدانی دایکیدا لەبار ببرێ.
Top