مه‌ترسیی ئاشوب و شه‌ڕانگێزییەكانی دۆڕاوه‌كانی شه‌ڕی دژی داعش

مه‌ترسیی ئاشوب و شه‌ڕانگێزییەكانی دۆڕاوه‌كانی شه‌ڕی دژی داعش
دۆڕاوی سه‌ره‌كی له‌م شه‌ڕه‌دا تیرۆریستانی داعش ده‌بن، به‌ڵام ته‌نیالایه‌نی دۆڕاویش نابن، به‌ڵكو چه‌ندین كه‌س و لایه‌نی دیكه‌ش له‌سه‌ر ئاستی عێراق و كوردستان خۆیان وه‌ك دۆڕای شه‌ڕه‌كه‌ له‌دوای ئازادكردنه‌وه‌ی موسڵ ده‌بیننه‌وه‌.
سه‌باره‌ت به‌ دۆڕاوی سه‌ره‌كی كه‌ داعشه‌، پێنج شه‌ش مانگ پێش ئێستا به‌رنامه‌و پلانی بۆ دوای دۆڕانه‌كه‌ی به‌ناوی (پلانی ئینحیاز) ئاماده‌كردووه‌، ئه‌میش یان ئه‌وه‌یه‌ پاشكه‌شه‌ ده‌كات بۆ بیابانه‌كانی نێوان نه‌ینه‌واو ئه‌نبار، یان هه‌وار ده‌گوازێته‌وه‌ بۆ دیاله‌و له‌وێوه‌ دووباره‌ به‌ خه‌یاڵی خۆی ده‌ست پێده‌كاته‌وه‌، داعش له‌ماوه‌ی رابردوو ته‌واو هه‌ستی به‌وه‌ كردووه‌ كه‌ ده‌دۆڕێت، بۆیه‌ پێشوه‌خته‌ به‌رنامه‌ی خۆی ئاماده‌كردووه‌.
له‌سه‌ر ئاستی ناوخۆی عێراق و كوردستانیش دیاره‌ مالیكی و ئه‌وانه‌شی له‌كوردستانه‌وه‌ پشتگیری مالیكی ده‌كه‌ن، ئه‌وانیش هه‌ر له‌مانگی ئایاری 2016 ـه‌وه‌ هه‌ستیان كردووه‌ دۆڕای دوای ئه‌و شه‌ڕه‌ ده‌بن، بۆیه‌ له‌مانگی ئایاری رابردووه‌ پلانی خۆیان به‌ناوی "گۆڕینی هاوكێشه‌ی هێز"ئاماده‌كردووه‌، له‌مه‌شدا چۆن داعش پلانی خۆی نه‌شاردۆته‌وه‌و ئه‌بومحه‌مه‌دی عه‌دنانی به‌ئاشكرا پێش كوژارنی وه‌ك وته‌بێژی ده‌وڵه‌تی ئیسلامی رایگه‌یاندووه‌، به‌هه‌مان شێوه‌ له‌سه‌ر ئاستی عێراق نوری مالیكی له‌هه‌وڵی "گۆڕینی هاوكێشه‌ی هێز"بووه‌ به‌دروستكردنی هاوپه‌یمانیی تازه‌ له‌گه‌ڵ هێزگه‌لێكی عێراقی و كوردستانی بۆ ئه‌وه‌ی له‌ هه‌ر ده‌رفه‌تێكدا بێت، كوده‌تایه‌كی په‌رله‌مانی له‌ رێگه‌ی زۆرینه‌و كه‌مینه‌ی په‌رله‌مانییه‌وه‌ به‌سه‌ر عه‌بادی-دا بكات، له‌سه‌ر ئاستی كوردستانیش، دیاره‌ هه‌ر له‌مانگی ئایاری 2016ـه‌وه‌ دوای ئه‌وه‌ی نه‌وشیروان مسته‌فا له‌له‌نده‌ن گه‌ڕایه‌وه‌ خه‌رێكی رێككه‌وتن بووه‌ له‌گه‌ڵ یه‌كێتی نیشتمانی له‌ ژێر ناونیشانی "گۆڕینی هاوكێشه‌ی هێز" له‌كوردستان، ئه‌مه‌ش هه‌ر له‌ پێناوی ئه‌وه‌ بووه‌ كه‌ كوده‌تایه‌كی په‌رله‌مانی دیكه‌ی زۆرینه‌و كه‌مینه‌ دژی سه‌رۆكایه‌تی و حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئه‌نجامبدات، بۆ ئه‌مه‌ش هه‌م ئه‌وانه‌ی له‌ كوردستان پیلانی (گۆڕینی هاوكێشه‌ی هێزیان) به‌ڕێوه‌ده‌برد، سه‌ردانی نوری مالیكی-یان كردو له‌گه‌ڵی كۆبوونه‌وه‌و هاوپه‌یمانی تازه‌یان گرێدا، هه‌میش نوری مالیكی سه‌ردانی سلێمانی كردو له‌گه‌ڵ سه‌ركردایه‌تی گۆڕان و یه‌كێتی كۆبووه‌وه‌، به‌ڵام ئاكامی پلانی (گۆڕینی هاوكێشه‌ی هێز)ی هه‌ردوولا شكستی هێنا. ئێستا خه‌ریكه‌ هه‌موو ئه‌وانه‌ی كه‌ پلانی پێشوه‌خته‌یان بۆ دوای شه‌ڕی داعش داده‌ڕشت، له‌پرۆسه‌ سیاسیی كوردستان و عێراقدا ده‌كه‌ونه‌ په‌راوێزه‌و كاریگه‌رییان له‌ناو پرۆسه‌كه‌دا نامێنێت.
دیاره‌ مه‌ترسیی گه‌وره‌ له‌پلانه‌كه‌ی داعش دوای ئازادكردنی موسڵ، ئه‌وه‌یه‌ كه‌ كێشه‌ی مه‌زهه‌بگه‌رایی نێوان شیعه‌ و سوننه‌ بكاته‌ به‌رمیلێك بارووت و پاشان به‌هه‌موو عێراقدا بیته‌قێنێته‌وه‌، دیاره‌ ئه‌م پلانه‌ی داعش وه‌ك دۆڕاوی سه‌ره‌كیی شه‌ڕه‌كه‌ له‌لایه‌ن نوری مالیكی (ئه‌ویش وه‌ك دۆڕاوی شه‌ڕه‌كه‌)ـه‌وه‌ به‌گه‌رمی پێشوازی لێكراوه‌، پێشوازی گه‌رمی مالیكی له‌ پلانه‌كه‌ی داعش، بزواندنی هه‌ستی مه‌زهه‌بگه‌رایی شیعه‌یه‌، نه‌ك ته‌نیا له‌ عێراقدا، به‌ڵكو له‌ته‌واوی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كاتیك مالێكی ده‌ڵێت: "شه‌ڕی ئێمه‌ وه‌ك شیعه‌ له‌گه‌ڵ شه‌ڕی سووریا و یه‌مه‌ن جیاوازی نییه‌"، ئه‌مه‌ مانای ئه‌وه‌یه‌ مالیكی ته‌نیا خۆی ئاماده‌ناكات بۆ دروستكردنی فیتنه‌و ئاشوب له‌گه‌ڵ عه‌ره‌بی سوننه‌ی عێراق، به‌ڵكو خۆی گرێده‌داته‌وه‌ به‌ مه‌دی شیعه‌گه‌رایی له‌سه‌رانسه‌ری ناوچه‌كه‌دا، هه‌روه‌ها پیشاندانی ئاماده‌باشییه‌ بۆ ناردنی چه‌كدارانی حه‌شدی شه‌عبی بۆ سووریاو یه‌مه‌ن، هه‌روه‌ها هاتنی چه‌كدارانی شیعه‌ له‌یه‌مه‌ن و باشووری لوبنان و سووریاوه‌ بۆ فریای مالیكی له‌و كاته‌ی ده‌كه‌وێته‌ ته‌نگانه‌وه‌، ئه‌م حاڵه‌ته‌ی به‌سه‌ر مالیكی هاتووه‌، شه‌ڕێكی دۆڕاوه‌و كه‌سێكی دۆڕاوی سه‌رلێتێكچوو به‌ڕێوه‌ی ده‌بات، بۆیه‌ نه‌ك هه‌ر سه‌ركه‌توو نابێت، به‌ڵكو چاره‌نووسی له‌گه‌ڵ دۆڕاوی سه‌ره‌كیی شه‌ڕه‌كه‌ كه‌ داعشه‌ گرێده‌داته‌وه‌.
سه‌باره‌ به‌ دۆڕاوه‌كانی شه‌ڕی داعشیش له‌كوردستاندا، له‌ئێستا له‌ هه‌وڵی ئه‌وه‌دان تانه‌وته‌شه‌ر بۆ پێشمه‌رگه‌ و هه‌روه‌ها به‌شداری كوردستان له‌شه‌ڕی ئازادكردنه‌وه‌ی موسڵ بكه‌نه‌ جۆرێك له‌ فیتنه‌و ئاژاوه‌گێڕی له‌كوردستان و له‌گه‌ڵ ئازارو مه‌ینه‌تییه‌كانی خه‌ڵكی كوردستان تێكه‌ڵی بكه‌ن، هه‌روه‌ك چۆن ئێستا هاوپه‌یمانه‌كانی مالیكی بۆ تێكدانی ره‌وشی ئارامیی كوردستان، باری ناسه‌قامگیری دارایی و ئابووری كوردستانیان قۆستۆته‌وه‌و ده‌وام و ژیانی دامه‌زراوه‌ییان له‌و ناوچانه‌ په‌كخستووه‌ كه‌ تیایدا باڵاده‌ستن، ئه‌مه‌ش له‌پێناوی ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ژینگه‌یه‌كی ئاڵۆزی سیاسیی ئه‌وتۆ دروست بكه‌ن كه‌ دوای ئازادكردنه‌وه‌ی موسڵ، دۆڕاویی خۆیانی له‌شه‌ڕه‌كه‌دا پێ بشارنه‌وه‌.
به‌ڵام ئه‌وه‌ی جێگه‌ی بایه‌خه‌و سه‌ره‌تاكانی ده‌ركه‌وتووه‌، ئه‌وه‌یه‌ كه‌ دۆڕاوه‌كانی شه‌ڕی دژی داعش، ئه‌وجا چه‌كدار و تیرۆریستانی داعش بن، یان هه‌ر كه‌س و لایه‌نێك كه‌ به‌ دروستكردنی ئاژاوه‌ و ئاشوب هه‌وڵی بۆ ناسه‌قامگیریی عێراق و كوردستان دابێت، دوای تێكشكانی داعش له‌ پرۆسه‌ی سیاسیی عێراق و كوردستاندا جێگه‌یان نابێته‌وه‌، هه‌روه‌ك چۆن یه‌كێتی ئه‌وروپا رێگه‌ی نه‌دا یۆرگ هایده‌ر به‌ رێگه‌ی سندوقی ده‌نگدانیش تێكه‌ڵاوی پرۆسه‌ی سیاسیی نه‌مسا ببێته‌وه‌، ئه‌وا هاوپه‌یمانیی نێوده‌وڵه‌تیش رێگه‌نادات كه‌سانی وه‌ك مالیكی و ئه‌وانه‌شی له‌گه‌ڵ ئه‌و هاوپه‌یمانن تێكه‌ڵاوی پرۆسه‌ی سیاسیی عێراق و كوردستان ببنه‌وه‌.
Top