راستییەكانی قۆناغی دوای داعش

راستییەكانی قۆناغی دوای داعش
هەموو لایەنە پێك ناكۆكەكان لەعێراقدا دوو راستی دەزانن و لەبەر رۆشنایی ئەو دووەشدا لەناو گۆڕەپانی ململانێ و بەرژەوەندییاكاندا دەجووڵێن.
یەكەم راستی:
بە كۆتایی داعش قۆناغێكی نوێ دەستپێدەكات. لەم قۆناغە نوێیەدا ئەگەر هەموو پێدراوەكانیشی هێشتا روون نەبن، بەڵام مانەوەی عێراق، چی وەكوو جوگرافیا، چی وەكوو دابەشبوونی دەسەڵاتی حوكمڕانی و سامان، ئەو عێراقەی جاران نامێنێ. ئەگەر بە یەكجارییش لەبەریەك هەڵنەوەشێ، ئەوا بۆ ماوەیەكی دیاریكراو و تا ئەو كاتەی پێویستییەكانی لێك هەڵوەشانەوەی ئاشتییانەو لەسەر بنەمای گرێبەستەكانی دراوسێیەتی باش دابین دەبێ، عێراق وەكوو دەوڵەتی كۆكراوەی دەوڵەتەكان دەمێنێ. ئەم حاڵەتە كۆنفیدڕاڵییەكی پێشكەوتووە، چونكە كۆنفیدڕاڵی گرێبەستە بۆ مانەوە لەگەڵ یەك، بەڵام ئەمەی عێراق گرێبەستە بۆ لێك جیابوونەوە. بۆچی؟! چونكە لەمێژووی بوونی ئەم دەوڵەتەدا هیچ رێگایەك نەماوە تاقی نەكرابێتەوە بۆ پێكەوەژیان، هەر هەمووی فەشەلی هێناوە و لە كۆتاییەكەیدا بە شەڕ و ماڵوێرانی گەیشتووە؟
بۆچی؟! چونكە سەرەڕای زیاتر لە هەشتا ساڵ جینۆسایدكردنی گەلی كوردستان لەسەر دەستی حكومەتە یەك لەدوای یەكەكان، تەنانەت هاوسەنگەرە چەوساوەو زوڵملێكراوەكەیشمان كە عەرەبی شیعە مەزهەبە، هەر عەرەبی دەسەڵاتخوازی تاكڕەو و هەژموونگەرای سەنترالیزم دەرچوو. ئامادەیە دەستی لە شەڕی داعش بەتاڵ بێ، بۆئەوەی شەڕی ئێمە بكات. بڕوای بەوەیە ئەو سنووری نیشتمانەكەمان دیاری بكات و ئەگەر بستێك تێپەڕین، قاچمان ببڕێتەوە (بەڵگەیش دوالێدوانی نووری مالیكی)یە كە یانزە ساڵە خۆی و ئێمەیشی سەرقاڵ كردووە بە تەفسیر و تەئویلی دەستوور و یاساكانی ئەنجومەنی نوێنەران و شەراكەتەوە، ژێربەژێریش دەستی دەستی و ئەمساڵ بۆ ئەوساڵ بە جێبەجێكردنی ماددە دەستوورییەكان و موستەحەقاتی هەرێمی كوردستان و بنەماكانی شەراكەتەوە دەكات. ئیتر وەكوو «نێچیرڤان بارزانی» دەڵێ ؛ یانزە ساڵی تریش چاوەڕێ ناكەین داخوا مافەكانمان دەسەلمێنن و جێبەجێ دەكەن.
بۆچی؟! چونكە هەر لە بناغەوە كوردستان عێراق نییە. كوردستان نیشتمانێكی جیاوازە. كۆلۆنیالیزم لەدابەشكردنی میراتەكەی دەوڵەتی عوسمانیدا، چوار پارچەی كردووەو پارچەیەكی لكاندووە بە دەوڵەتی بەزۆر دروستكراوی عێراقەوە. بەم مانایە وەكوو كۆمەڵناسی تورك، «ئیسماعیل بێشكچی» دەڵێ، بۆتە كۆلۆنیالییەكی نێودەوڵەتی. بۆیە رۆژێ لە رۆژان هەر دەبێ ببێتەوە نیشتمانێكی سەربەخۆ و خودان سەروەری. جا كە دەرفەتە مێژووییەكان بە پێویستییە بابەتییەكانیەوە دەڕەخسێن، دەبێ ئیرادەی بڕیاردان لە سەربەخۆیی بڕیاری چارەنووسساز بدات. لۆژیكی مێژوویی و جیۆپۆلەتیك سەبارەت بە سەربەخۆیی كوردستانیش هەر ئەوەیە كە ئێمە لە عێراق جیا نابینەوە، بەڵكو سەربەخۆیی رادەگەیەنین، چوون كوردستان بەشێك نییە لو دەوڵەتی عێراق وەكوو هەر پارێزگایەك، یان یەكەیەكی ئیداریی تا لێی جیابێتەوە. كوردستان وڵاتێكی داگیركراوە لەلایەن دەوڵەتی عێراقەوەو بە زۆرەملێ پێوەی لكێنراوەو ئیتر دەبێ سەربەخۆ ببێ.
عەرەبی شۆڤێنی و حوكمڕانە فاشییەكان كە خاكی كوردستانیان بە بەشێكی دانەبڕاو لە وەتەنی عەرەبی ئەژمار دەكردو كوردیشیان بە بەشێك لە ئوممەی عەرەبی دادەنا، هەمیشە شۆڕشەكانی كوردیان بە بزووتنەوەی جوداخواز ناودەبرد، نەك شۆڕشی ئازادیخواز، یان سەربەخۆییخواز. ئەوان بە ئاگرو ئاسن و ئەنفال و چەكی كیمیاوی و سیاسەتی جینۆساید رووبەڕووی خەباتی گەلەكەمان دەبوونەوە، چونكە وایان هەڵدەبەست كە یاخی بووە كوردەكان دەیانەوێ بە فیتی ئیستیعمار و زایۆنیزم پارچەیەك لە وەتەنی عەرەبی جیا بكەنەوە!!
كەواتە سەرۆك بارزانی راستی وتووە كە كوردستان نایەوێ لە عێراق جیابێتەوە، بەڵكو خەبات بۆ سەربەخۆیی دەكات.
سەرۆك بارزانی دەزانێ كرۆكیی خەباتی گەلی كوردستان سەربەخۆییخوازییە، نەك جوداخوازی و دەشزانێ كە جیابوونەوە دەبێ بە رەزامەندی دەوڵەتی دایك بێ و بە پێی دەستووری ئەو بێ، ئەمەیش دەمانباتە تونێل و پێچەلپێچە تاریك و بەستراوەكانی عێراقەوە و لێی دەرناچین، بەڵام سەربەخۆییمان، پێوەندی بە دەستوورو یاساكانی دەوڵەتی داگیركەرەوە نییەو لەوێوە شەرعییەت وەرناگرێ، بەڵكو مافێكی سروشتییەو یاسا نێودەوڵەتییەكانیش دووپاتی دەكەنەوەو پشتیوانی دەكەن. ئێمەی گەلی كوردستانیش شەرعییەتی سەربەخۆیی خۆمان لەشەرعی خوا وەردەگرین كە بە جیاواز خەڵقی كردووین. لەشەرعی یاسا سروشتییەكان و یاسا نێودەوڵەتییەكانەوە وەردەگرین كە مافی بڕیاردانی چارەنووسیان پێ رەوا بینیوین.
دووەم راستی:
ململانێكانی ناو عێراق زۆر دەمێكە سنووری عێراقیان بڕیوەو وەكوو بەشێك لە ریزبەندی و میحوەربەندی ناوچەكەو لەگەڵیشیدا نێودەوڵەتی شوێنی گرتووە. تەنانەت گەیشتۆتە رادەیەك لە توانەوە كە ئیتر خەسڵەتی عێراقییان نەماوەو زۆر بەدەگمەن نەبێ ئیرادەیەكی عێراقی تێدا نابینیت. تەنیا دۆزی نیشتمانی گەلی كوردستان نەبێ، كە خودان ئیرادەی سەربەخۆیە. مامەڵەیەك لەگەڵ كۆی ململانێ هێزە ئیقلیمییەكان دەكات كە ئیرادەو ئامانجی خۆی ون ناكات و لەناو بەرژەوەندییەكانی ئەوانی تردا نایتوێنێتەوە. دووری و نزیكی ئەوان لە مافەكانی گەلی كوردستانەوە دەكاتە مەسافەی خۆی لەگەڵ هەموویاندا.
لەگەڵ نزیكبوونەوەی كۆتایی داعش و دەركەوتنی سەرەتاكانی ئەو گۆڕانكارییانەی روودەدەن، ئیتر كارەكتەرە ئیقلیمییەكان (ئێران و توركیا بەتایبەتی) وەكوو نوێنەرو دەمڕاستی كارەكتەرە بەشەڕهاتووەكان خۆیان بە تەواوی دەرخستووەو هیچ گومانێكیان نەهێشتۆتەوە كە ئەوانن شەڕدەكەن و لە شەڕەكەیاندا ئەمانەی سەر گۆڕەپانەكە بەكاردەهێنن. هێزە نێودەوڵەتییەكانیش ئەم میحوەربەندییەیان ساغ كردۆتەوەو تەنانەت پشتیوانی خۆیان بۆ ئەم، یان ئەویتر نەشاردۆتەوە (ئەمریكا و رووسیا بەتایبەتی)، كە رووسیا بەلای ئێراندا دەیشكێنێتەوە، ئەمریكاش بەلای توركیادا، وەلێ لەبەر ئەوەی ئەوان زلهێزەكانن هەمیشە مەسافەیەكی زۆر باش بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەكانیان لەگەڵ یەكدا دەهێڵنەوەو جارجارە گەرمی دەكەنەوە، بەڵام پێوەندیی نێوان هێزو كارەكتەرە بەكارهێنراوەكان بەتەواوی دەپچڕن.
(زەڵمای خەلیل زاد) باڵیۆزی پێشووتری ئەمریكا لەئەفغانستان و نەتەوەیەكگرتووەكان و عێراق، لە دواوتاری خۆیدا كە لەپێگەی ناشناڵ ئەنتریستی ئەمریكی بڵاوكراوەتەوە، پرسی توركیاو ئێرانی لەعێراقدا شیكردۆتەوەو دەڵێ واشنتۆن لە نیگەرانییەكانی توركیاو فشارەكانی سەری تێدەگات و رێزی لێ دەگرێ و ئەمەیشی گرێداوە بە رۆڵی زێدە فراوانبووی ئێران لەناوچەكەدا بەو رادەیە كە ئێران توانای لە تەواوی خاكی عێراق و سووریا و لە سەر دۆزی كوردیش لە توركیا هەیە. هەژموونی ئێران لەناوچەكەدا ڕێگەی داوە كە ببێتە هێزێكی كاریگەر و راستەخۆ و ناڕاستەخۆ بە نوێنەرایەتی سووریا و عێراق جووڵەی نیودەوڵەتی بكات و لە كەنداوەوە تا دەریای سپی ناوەڕاست قەڵەمڕەوی بكات و پلان دابڕێژێت. لەسەر گۆڕەپانی شەڕیش لە سووریا (حزب اللە) و یەكینەكانی خۆی و هاوپەیمانێتییەكەی لەگەڵ یەپەگە لە رۆژئاوای كوردستان دەجووڵێنێ، لە عێراقیش حەشدی شەعبی شیعەو چەكدارانی پەكەكە و هەندێ لایەن و لاباڵی سیاسی دەجووڵێنێ.
دووبارە دووپاتی دەكەمەوە كە سەركردایەتی سیاسی ـ سەربازیی كوردستان كە شەخسی سەرۆك بارزانی نوێنەرایەتی دەكات لە شەڕی داعش و جموجوڵی دیپلۆماسیدا، لە ماوەی رابردوودا بە حیكمەت و ژیرانەو بە سەرچاوەگرتن لە بنەماكانی نیشتمانپەروەرییەوە لەگەڵ ئەم ئاڵۆزییە سیاسییە ـ سەربازییە مامەڵەی كردووە. كوردستان لەیەك كاتدا شەڕێكی سەرسەختی لەگەڵ دڕندەترین دەوڵەتی تیرۆر كردووەو ئەفسانەی داعشی تێكشكاندووە. هەروەها شەڕی پەلكێشكردنی بۆناو ئەو میحوەربەندییانە كردووەو نەیهێشتووە بكرێتە بەشێك لە شەڕی میحوەرەكان و شەڕی مەزهەبی. تەنانەت بەپێی ئەولەوییەتی قۆناغەكە كە لەناوبردنی داعشە، هاوكاری هەمووانی قبووڵە تا ئەو شوێنە كە هاوكاری بێت، نەك دەستێوەردان و بڕیاردان و خۆسەپاندن. بۆ قۆناغی داهاتووش، واتە دوای نەمانی داعش و داڕشتنەوەی نەخشەی سیاسی و جوگرافی و دەسەڵات و حوكمڕانی لە عێراقدا، سەرۆك بارزانی هەر وەكوو ئێستا مامەڵە دەكات. هەر لایەن و ناوەندی هێز و دەوڵەتێكی ئیقلیمی و نێودەوڵەتی بە قازانجی چارەسەری كێشەی گەلی كوردستان بە بڕیاردان لە چارەنووسی خۆی هاوكاری پێشكەش بكات، دەستخۆشانەی لێ دەكرێ. كێ بە قازانجی گەلانی عێراق بۆ سەرلەنوێ دامەزراندنەوە لەسەر بنەمای دەوڵەتی كۆكراوەی دەوڵەتەكان و هاوسێیەتی باش هاوكاری پێشكەشی عێراقییەكان لە شیعە و سوننە بكات، كارێكی باشە و پێشوازی لێ دەكرێ.
ئێستا پرسیارەكە ئەوەندەی تێدا ماوە كە ئایا ئێران و توركیا ئەم دوو هاوكارە دەبن، یان هەر ئەوەی ئێستا دەبن، خۆسەپێن.. ئیرادە زەوتكەر.. بڕیاردەر لە چارەنووسی عەرەبی شیعەو سوننە. ئایا عەرەبیش بە شیعە و سوننەوە ئیرادەی خۆیان وەردەگرنەوە، یان هەر ئاوا جڵەویان بە دەستی ئێران و توركیاوە دەهێڵنەوە؟!

Top