گرنگیی ئابووریی پارێزگای موسڵ

گرنگیی ئابووریی  پارێزگای موسڵ
لە ساڵی 1897 و لەسەردەمی عوسمانییەكان ویلایەتی موسڵ دامەزرا و شاری موسڵیش پایتەختی بازرگانیی دەوڵەتی عوسمانی بوو بە هۆی ئەوەی كە خاڵی گەیشتنی بازرگانی بوو لە نێوان دەریای سپی ناوەڕاست و هیندستان، نەوت لەو سەردەمەدا كاڵایەكی ناسراو بوو و لەمیانی شەڕی یەكەمی جیهاندا گرنگیی ئەو كاڵایە زیاتر بوو، وێڕای ئەمە موسڵ ناوەندی ململانێی دەوڵەتان بوو لەسەر نەوت، دواتر لە ساڵی 1926 بە بڕیارێكی كۆمەڵەی گەلان ویلایەتی موسڵ بە عێراقەوە لكێنرا بە رەزامەندیی حكومەتی توركیا لەبەرامبەر ئەوەی كە عێراق 10%ی داهاتی موسڵ بۆ ماوەی 25 ساڵ بە توركیا بدات.
زانیارییە سەرەتاییە جیۆلۆجییەكان دەربارەی دەوڵەمەندیی ناوچەكە بە نەوت و غاز هۆكارێك بوو لە زیاتر وروژاندنی ئاستی ململانێ لەسەر ناوچەكە، نەوت و غاز ببوونە بنەمای هەموو رێكەوتننامە نهێنی و ئاشكراكان، لەوانە( رێكەوتننامەی سایكس پیكۆ و لۆزان و نەخشەكێشانی سنوورە نێودەوڵەتییەكان)، ئەنجامی ئەو رێكەوتننامانەش بە بێبەشكردنی دانیشتوانە رەسەنەكان بوو لە مافی هاووڵاتیبوون، گەلی كوردیش بە درێژایی ئەو ماوەیە قوربانی ئەو ململانێیە ئیقلیمی و نێودەوڵەتییانە بوو.
یەكەم: دامەزراوە نەوتییەكان لە پارێزگای نەینەوا
1. (22) كێڵگەی نەوت و غاز هەیە، هەندێكیان دۆزراونەتەوەو بیرەكانی نەینەوای تێدا هەڵكەندراون و بەشێكیشیان دەكەونە ناوچە كوردییەكان.
2. (7) كێڵگەی بەرهەمهێن هەیە، (3)یان لەژێر كۆنتڕۆڵی پێشمەرگەدان: كێڵگەی بەتمە توانای بەرهەمی 1000 بەرمیلە لە رۆژێكدا، عەین زالە 5000 بەرمیل لە رۆژێكدا، سەفییە 4000 بەرمیل لە رۆژێكدا، توانای بەرهەمهێنانی هەرسێكیان نزیكەی 10000 بەرمیلە لە رۆژێكدا، بەرهەمی ئەو كێڵگانە لە 10ی حوزەیرانی 2014 دوای كەوتنی موسڵ و كۆنتڕۆڵكردنی شارەكە لەلایەن داعشەوە راگیرا.
كێڵگەی سەفییە بە بۆریی 8 گرێ و بە درێژیی 40 كم و كێڵگەی بەتمە بە بۆریی 8 گرێ و بە درێژیی 11 كیلۆمەتر بە كێڵگەی عەین زالەوە بەستراونەتەوە. بەرهەمی ئەو سێ كێڵگەیە بە بۆریی 10 گرێ و درێژیی 31 كم بۆ پاڵاوتگەی كەسكێ دەنێردرێت، پێشتر بەرهەمی ئەم كێڵگانە بە رێی هێڵی كەركووك – جیهاندا دەنێردرایە دەرەوە.
چوار كێڵگەی دیكە هەن، كە سەر بە كێڵگەكانی گەیارەن (گەیارە، نەجمە، قەسەب، باجوان) توانای بەرهەمی كێڵگەكانی گەیارە نزیكەی 20000 بەرمیلە لە رۆژێكدا، كە لەژێر كۆنتڕۆڵی داعشدا بوون و لە ئابی ئەم ساڵدا رزگاركران. هەروەها چەند كێڵگەی دیكە هەن كە دۆزراونەتەوە، بەڵام بەرهەمیان نییە وەك (عەلان، ئیبراهیم، ساسان، عەتشانە) كە تائێستا لەژێر كۆنتڕۆڵی داعشدان.
3. لەو حەوت كێڵگانەدا غازیش هەیە كە نزیكەی 100-200 پێ سێجای غاز لە هەر بەرمیلێك نەوتی خاو بەرهەم دێت.
4. (36) پێكهاتەی دیكەی جیۆلۆجی لە پارێزگای نەینەوا هەن كە تا ئێستا توێژینەوەیان بۆ نەكراوەو بنەماكانی گەڕان و پشكنینی بەسەردا جێبەجێ نەكراوە كە زۆربەیان لە ناوچە كوردییەكاندان، چاوەڕوانیش دەكرێت ماددەی هایدرۆكاربۆنی لە زۆربەی ئەم پێكهاتانەدا هەبێت، ئەمەش دەبێتە هۆی بەرزكردنەوەی ئاستی بەرهەم و یەدەگی نەوت و غاز لە عێراق و هەرێمی كوردستان، شایانی باسە یەدەگی نەوت لە پارێزگای نەینەوا بە 3.5%ی كۆی یەدەگی نەوت لە عێراق مەزەندەدەكرێت كە لە ئێستادا بە 143 ملیار بەرمیل نەوتی خاو مەزەندەدەكرێت.
5. (2) پاڵاوتگەی نەوتی خاو لە پارێزگای نەینەوادا هەن، (پاڵاوتگەی گەیارە) كە لەژێر دەستی داعشدا بوو، توانای پاڵاوتنی 10000 بەرمیل نەوت لە رۆژێكدا، نزیكەی 40%ی قیڕ بەرهەم دێنێت و ئەوی دیكەش نەوت و گازوایلە، ( پاڵاوتگەی كەسكێ) كە بە 31 كم دەكەوێتە باشووری كێڵگەی عەین زالە تواناكەی 10000بەرمیلە لە رۆژێكدا. كە 80%ی بەنزین و 20%ی قیڕو ماددەی دیكەیە كە تا ئێستاش لەژێر دەستی داعشدایە.
6. هێڵی هەناردەكردنی نەوت كە بە هێڵی(كەركوك- جەیهان) ناسراوەو لە كێڵگەكانی كەركووكەوە دەست پێدەكات تا باشوور بۆ فەتحە( باكووری پاڵاوتگەی بێجی) كە پشت بە كێڵگەكانی پارێزگای كەركووك و هەندێكی پارێزگای سەلاحەدین دەبەستێت، ئەم هێڵە بە تەنیشت زنجیرە چیای مەكحولدا تێدەپەڕێت بەرەو باكووری رۆژئاوا، تا دەگاتە سنووری عێراق- توركیا لە قەزای زوممار.بەشێكی ئەم هێڵە لەژێر كۆنتڕۆڵی پێشمەرگەدایە، لەو ناوچەیەدا بەهیچ شێوەیەك تێك نەدراوە، بەڵام ئەوەی لە نێوان ناوچەی فەتحەو كەسكێدایە زۆرجار لەلایەن تیرۆریستانەوە تەقێندراوەتەوە.
هەناردەكردنی نەوت بەو هێڵەدا لەوەتەی ئاداری 2013 وەستاوە بە هۆی ناسەقامگیریی ناوچەكەو بە هۆی ئەوەی كۆمپانیای نەوتی باكوور توانای پارێزگاری كردنی نەبووە، هەرچەندە زیاتر لە 4000 پاسەوانی دامەزراوە نەوتییەكانی لێیە. توانای هەناردەكردنی نەوتی خاو بەم هێڵە نزیكەی 1.6ملیۆن بەرمیلە لە رۆژێكدا، كە نەوتی پارێزگاكانی كەركووك و سەڵاحەددین و نەینەوای پێدا دەڕوات، لەئێستاشدا توانای بەرهەمهێنانی گشت كێڵگەكانی كەركووك نزیكەی 500.000 بەرمیلە لە رۆژێكدا.
دووەم: سەرچاوە كانزاییەكان
1. بوونی كێڵگەی میشراق بە 45 كیلۆمەتر دەكەوێتە باشووری ناوەندی شاری موسڵ، كۆمپانیای گۆگردی میشراق لە ساڵی 1969 دامەزراو لە ساڵی 1971 دەستی بە بەرهەمهێنانی گۆگرد كرد بە بڕی یەك ملیۆن تەن لە ساڵێكدا، قەبارەی یەدەگی گۆگرد نزیكەی 600 ملیۆن تەنە و بەهای ئابووریی نزیكەی 10 ملیار دۆلارە. گۆگرد لە زۆر پیشەسازییدا بەكاردێت، لەوانە (گۆگردی پاككراوە، گۆگرداتی ئەلەمنیۆم، گۆگردی كشتوكاڵ، پەیین، ترشەڵۆكی چڕیی گۆگرد، بۆیاخكاریی، هەڵكۆڵینی بیری نەوت، پیشەسازیی لاستیك، پیشەسازیی پۆڵا. تاد)، تیرۆریستانی داعش سوودیان لە گۆگردی میشراق وەرگرتووە كە لە كۆگاكانی گۆگرد هەیە بۆ پیشەسازیی تەقەمەنی و بارووت.
2. تایبەتمەندییەكانی جیۆلۆجیی پێكهاتە چینەكان( چینی بەردەكان)، وەك بەردی كلس و كاربۆنی و گەچ و مەڕمەڕ و حەلان و قوڕ، ئەمانە سەرچاوەی سامانی سەرەتایی سرووشتین لە پیشەسازیدا، هەندێ پڕۆژەی پیشەسازیی لە موسڵ دامەزراون، وەك كارگەی چیمەنتۆی بادۆش و كارگەی حەلان لە شنگال و هی دیكە.
3. پارێزگای موسڵ بە كانیی ئاوی گۆگردی سرووشتی بەناوبانگە، بە درێژایی رێڕەوی حەمام عەلیل و لە تەلەعفەریش كانیی ئاوی گۆگردی سرووشتی هەیە، ئەمانە سەرچاوەی چاكبوونەوەی نەخۆشین، هەروەها دەبنە شوێنی گەشتوگوزاری و تەندروستی و ژینگە، هاوكات هەزاران دەرفەتی كاری بۆ دانیشتوانی پارێزگای موسڵ دابین كردووە.
سێیەم: سەرچاوەی ئاوو كشتوكاڵ
1. كۆنتڕۆڵكردنی بەنداوی موسڵ زۆر گرنگە لە رووی ئابووری و ئەمنی و سیاسییەوە، هەروەها كۆنتڕۆڵكردنی هێڵەكانی گواستنەوەو گەشتكردن، بۆیە پێویستە هێزی پێشمەرگە بە تەواوی ئەو شوێنە بپارێزێت، داعش زۆرجار هەوڵی دا دەست بەسەر بەنداوی موسڵدا بگرێت بۆ گوشار خستنە سەر حكومەتی بەغداو نقومكردنی شارەكانی عێراق كە دەكەونە باشووری بەنداوی موسڵ. ئەم بەنداوە نزیكەی 13.11ملیار مەتر سێجا ئاو گلدەداتەوە، كە بە ناوچەی جەزیرەوە بەستراوەتەوە و وزەی كارەبای لێ بەرهەم دەهێنرێت، بەنداوەكە بنەمایەكی پشتیوانیی و پەرەپێدانی هەردوو لای بەنداوەكەیە، هەروەها پەرە بەو ناوچەیەیە دەدات كە دەكەوێتە رۆژئاوای رووباری دیجلە. ئەو ناوچەیە كەشوهەوایەكی نیمچەوشكی هەیە.
2. ئاو بۆ ناوچە بەرزەكانی رووباری دیجلە دابین دەكات، ئاو بۆ كشتوكاڵ و ئاودێری كۆدەكاتەوە، ئاو بۆ زیاتر لە 250 هەزار دۆنم زەویی كشتوكاڵی لە هەر دوو بەری حەوزی بەنداوەكە دابین دەكات، گەشتیاری و سامانی ماسی و چاككردنی ژینگەش پەرەپێدەدات.
3. رووباری دیجلە ئەو رێڕەوە ئاوییەیە كە موسڵ بە شەتولعەرەبەوە دەبەستێتەوە كە بە چەند شارێكدا تێدەپەڕێت و بۆتە سەرچاوەیەك بۆ بەنداوەكانی (سامەڕاو كوت)، هەروەها سەرچاوەی ئاو بۆ ئەو شارو شارۆچكانەی كەوتوونەتە سەر هەردوو بەری رووبارەكە. داعشیش هەوڵی دا دوای ئازادكردنی گەیارە نەوتی خاو بڕژێنێتە نێو ئاوی دیجلەوە كە سەرچاوەی ئاوی ملیۆنان كەسە لەو ناوچانەدا.
4. بوونی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی كە لە ساڵی 1920 لەلایەن هێزی ئاسمانیی بەریتانیا دامەزرا، وێڕای بوونی هێڵی شەمەندەفەر كە لە ساڵی 1940 دامەزرا.
چوارەم: سەرچاوە سنوورییەكان
1. بوونی ئاسنەرێگا كە ناوچەكە بە سوریاو توركیاو ئەوروپا دەبەستێتەوە، ئەمەش پڕۆژەیەكی ستراتیژیی گرنگە، بنەمایەكی گواستنەوەیە لە پارێزگای موسڵ، پاراستنی زۆر پێویستە، لە داهاتووشدا دەتوانرێت ئەم هێڵە بە پارێزگای دهۆك و پارێزگاكانی دیكەی هەرێم ببەسترێتەوە.
2. رووبەری پارێزگای موسڵ 25300 كیلۆمەتر دووجایە و سنووری نێودەوڵەتی هەیە لەگەڵ سوریادا، درێژیی سنووری نێودەوڵەتی 605 كیلۆمەترە لەنێوان سوریاو عێراق لە چوارچێوەی سنووری هەردوو پارێزگای ئەنبارو موسڵ، زۆربەی سنووری نەینەوا لەگەڵ سوریا و لە رۆژئاوادا لە چوارچێوەی ناوچەی كوردییە كە لایەنێكی بازرگانی و ئابووریی گرنگە، لەگەڵ بوونی چەند كێڵگەیەكی هاوبەشی نەوت لەگەڵ سوریا.
3. پارێزگای موسڵ تا كۆتایی سەدەی بیسستەم سەبەتەی خۆراكی عێراق بووە، بە حوكمی پێگەی بازرگانی و تایبەتمەندیی كشتوكاڵی و دابینكردنی ئاوی سەرزەوی و ژێرزەوی، هەروەها رێژەی باران و بەفر گونجاوە بۆ پەرەپێدانی كشتوكاڵ و سامانی ئاژەڵ.
4. پارێزگای نەینەوا زۆر دەوڵەمەندە بە شوێنەوارو شوێنە ئاینییەكان و فرە بەرزی ونزمیی زەوی و كەشوهەواو سامانی سرووشتی و فرە كلتوورو ئایین و نەتەوە، ئەمەش دەبێتە هۆی پەرەپێدانی گەشتوگوزارو پێشخستنی ئابووری و دابینكردنی هەلی كارو سەقامگیری لە ناوچەكەدا.
پێنجەم: سەرچاوەكانی رۆشنبیری و شارستانی و مرۆیی
شاری موسڵ ناوەندێكی رۆشنبیری و زانستیی گرنگە لە عێراقدا، بە هۆی مێژووی دێرینی شارستانی و فرە كلتوورو ئایین، هەروەها بوونی زانكۆی موسڵ كە لە ساڵی 1967 دامەزراوەو لە 23 كۆلێژ و لق و 7 مەڵبەندی لێكۆڵینەوە پێكدێت، بە لایەنێكی گرنگ دەژمێردرێت بۆ هەڵسەنگاندن و تەرخانكردنی توانا سرووشتی و مرۆیی وشارستانی بۆ خزمەتی دانیشتوانی پارێزگاكە، لەپێناو سەقامگیری و پێكەوەژیانی ئاشتییانە كە ماف و دەستكەوتەكانی دانیشتوانەكەی دەپارێزێت كە فرە دیموگرافی و جوگرافی و ئایینی و كلتووری و نەتەوەییە.
شەشەم: پشكی پارێزگای موسڵ لە بودجەی عێراقی فیدڕاڵی
دوای راگەیاندنی دەستووری تازەی عێراق، بودجەی پارێزگاكان دەستنیشان كرا لەسەر بنەمای ژمارەی دانیشتوانی هەر پارێزگایەك، نەینەواش كە ژمارەی دانیشتوانی 3.5 ملیۆن كەسە، لە ساڵی 2003وە تا ئێستا پشكی بودجەكەی گەیشتۆتە 10%ی بودجەی گشتی كە دەیكردە 10 ملیار دۆلار لە ساڵێكدا. خراپ بەڕێوەبردنی پارێزگاكان و نەبوونی دادپەروەری لە دابەشكردن و پەرەپێدانی قەزاو ناحیەكانی سەر بەو پارێزگایە بووە هۆی نارەزایی هاووڵاتیان. ئەم داهاتە ساڵانەیە كە بۆ پارێزگاكە تەرخانكراوە هێزێكی ئابوووریی گرنگە لە پەرەپێدانی پارێزگاكە لە سایەی سیستەمێكی ئیداریی دادپەروەر و دامەزراوەی دەستووری و سانسۆریی كە پارێزگاریی لێ بكەن.
دەرهاویشتەو دەرئەنجام
ئەگەر بە خێرایی سەیری مێژووی موسڵ بكەین هەر لە كۆنەوە تاكو ئێستا، دەبینین كە ململانێی هێزەكان لەو ناوچەیە لە برەودا بووە، سامانە سرووشتییەكان بە تایبەتیش نەوت و غاز توخمی سەرەكیی نێوان هێزە ناكۆك و ململانێخوازەكان بووە بۆ دەستكەوتی زیاتری ئەم سامانە، بۆیە دانیشتوانی ئەو ناوچەیە بۆتە قوربانیی ئەو ململانێی و رێكەوتننامە نهێنی و ئاشكراكان، كە لە كۆتاییدا بوونەتە هۆی بێبەشكردنی دانیشتوان لە خێرە سرووشتییەكان. لەم روانگەوە و لە ئێستادا زۆر قسەدەكرێت لە چوارچێوەی ململانێكانی نێوان هێزە ناوخۆییەكان لەلایەك و نێوان هێزە دەرەكییەكان لەلایەكی دیكەوە، قسە لەسەر ئاییندەی پارێزگای نەینەوا دەكرێت، پێش رزگاركردنی لە داعش، بۆیە لە سۆنگەی گرنگیی ئابووریی پارێزگاكەوەو بە تایبەتیش لە بواری نەوت و غاز ( ئەم دوو توخمە پێشترو لە ئێستاشدا رۆڵی سەرەكی دەبینن لە دیاریكردنی سیستەمی ئیداری و ناسنامەی ئەم پارێزگایە لە ئاییندەیەكی نزیكداو مێژووش گەواهیدەری ئەم راستییەیە.

Top