باندؤرى جه نگى ده روونيى
October 25, 2016
وتار و بیروڕا
جەنگی دەروونیی چەكێكی زۆر كاریگەرو كارایە لەشەڕدا، زانستە سەربازییەكان و ئەزموونی جەنگ پێمان دەڵێت كە ئەم جۆرە جەنگە بەشدارییەكی بەهێزی هەیە، لەكاتی شەڕدا، بۆ بەدیهێنانی سەركەوتن بەخێرایی و بەكەمترین زیان.
لەكاتێكدا شەڕ -بەچەك- هێزەكانی دوژمن دەشكێنێ و لەناوی دەبات و شەڕی ئابووریش لە كەرەستە زەروورییەكان بێ بەشی دەكات، جەنگی دەروونی بەنرخترین كەرەسە، لای دوژمن، كە توانای شەڕكردنییەتی، لەناو دەبات، بۆیە ئەم جۆرە جەنگە زۆر مەترسیدارە چونكە باندۆر لەسەر عەقڵ و بیركردنەوەو ورەی جەنگاوەر پەیدا دەكات و لەناوی دەبات و ئەمەش ورەی دادەڕمێنی و بەو پێیەش بەرەو شكستی دەبات.
ئامانجی هەرە گەورەی ئەم جەنگە دەروونییە، لێكهەڵوەشانی یەكڕیزی نێو گەلەو بەدیهێنانی لێكترازان و دژایەتی یەكدی و دەرچوون لە یەكهەڵوێستی و بڵاوكردنەوەی ترس و نیگەرانی یە لەنێو خەڵكداو لەسەرو هەمووشیانەوە پەیداكردنی گومان لەسەركردایەتی و توانا و دڵسۆزییەتی..
لەمێژووی جەنگی وڵاتانی تردا، هەست بەوە نەكراوە كە لەناو خۆدا، كەسانێك یان لایەنێك هەبێت كە بەو كارە هەڵستا بێت و گەر بوو بێتیش ئەوا بەزوویی بەرەنگاری بوونەتەوەو تاوانباران گەورەترین سزا دراون بۆیە نەهێڵراوە ئەو دیاردەیە پەرە بستێنێ و زیان بە بەرەكانی جەنگ و بەرەی یەكڕیزی گەل بگەیەنێت.
بەڵام ئەوەی لە هەرێمی كوردستان و لەجەنگی دژ بە داعشدا تێبینی دەكرێت و ئەم دیاردەیە بە زەقی دەبینرێت و هەستی پێدەكرێت و لەژێر پەردەی ئازادی دەربڕیندا پاساوی بۆ دەهێنێتەوە، ئەوە نییە ناوە ناوە لەم كەناڵ و لەو كەناڵ و لەو ڕادیۆ و لەو ڕۆژنامەو لەو گۆڤاردا هەڵوێست و بۆچوونی وا دەبینرێ و دەبیسترێ كە جەنگێكی دەروونی دژ بە پێشمەرگە و یەكریزی گەل و تەبایی لێدادەچۆڕێت كە تەنها سوودمەند لێی تیرۆریستانی داعشە لەم كاتەدا.
گەر نا، ئەو شەڕە قارەمانانەی پێشمەرگەی گیان لەسەر دەست ڕۆژانە بۆ پاراستنی هەرێمی كوردستان دەیكات و لەپێناویدا ڕۆژ نییە قوربانی نەدات چۆن دەبێ بەبێ تواناو بێ ورە و لاواز پێناسە بكرێ؟ ئایا ئەمە جەنگی دەروونی نییە دژ بە پێشمەرگەو خەڵكی كوردستان؟ خزمەتێكی بێ بەرامبەری تیرۆریستانی داعش نییە؟ ئایا نەبوونی هێزی ئاسمانی لەلای پێشمەرگەی كوردستان قەت رێگر بووە لە خەبات و تێكۆشان و ئازادیی و قوربانیدانی.
هەموو كەسێك ئەو ڕاستییە سادەیە دەزانێ كە تا كورد نەبێتە دەوڵەت مەحاڵە بتوانێ هێزی ئاسمانی كاراو كردەو چەكی قورس پەیدا بكات، بۆیە ئێمە هەمیشە دەڵێین، كورد بۆ بەرگری لە خۆی دەوڵەتی پێویستە كە ئەم زاتانەی ئەم جەنگە دەروونییە بەرپا دەكەن و ئەوانەی لەپشتیانەوەن بڕوایان پێ نییە.
لەكۆتاییدا دەڵێم: ئەوانەی لەبری داعش ئەو جەنگە دەروونی یە لەناوخۆدا ساز دەكەن، بێ دوودڵی دەچنە خانەی ناپاكی نیشتیمانییەوە.