بەرژەوەندیی ستراتیژیی سوننەكان لە ئەمڕۆدا

بەرژەوەندیی ستراتیژیی سوننەكان لە ئەمڕۆدا
دامەزراندنی دەوڵەتی عێراق لەساڵی 1921 لەسەر بنەمای باڵادەستی و حوكمڕانیی پێكهاتەی سوننە بووە بەسەر گشت پێكهاتەكانی تر لە چوارچێوەی ئەو وڵاتەدا. لەو ماوەیەداو تا ساڵی 2003 كە 82 ساڵی خایاندووە، لەسەردەمی رژێمی پاشایەتی و پاشان رووخانی ئەو رژێمە لە1958و هاتنەئارای سیستمی كۆماری، گشت پاشا و سەرۆكەكان سوننە مەزهەب بوون.
لەپاش رووخانی حكومەتی بەعس و هاتنەئارای جۆرێك لە سیستمی دیموكراسی و هەڵبژاردن و ململانێی فرەحزبی، خۆری سوننەكان ئاوابوو. بەوپێیەی شیعەكان زۆرینەی عەرەبی عێراق پێكدەهێنن و زیاتر لە نیو سەدەشە لەلایەن سوننەی حوكمڕان چەوسێندراونەتەوە، لەپاش ئەو قۆناغە بوونە خاوەن پێگەیەكی بەرز لەناوەندی حوكمڕانیدا، كە ئەو دۆخە تازەیە بۆ سوننەكان بەئاسانی قابیلی قبووڵكردن نەبووە . پێكهاتەی شیعەی باڵادەست لەو سەردەمە زێڕینەی خۆیدا نەیتوانی مامەڵەیەكی عەقڵانی و سیاسەتی لەخۆگرتنی سوننەكان پەیڕەوبكات، بەڵكو لەژێر كاریگەریی كەفوكوڵی تۆڵەسەندنەوە، سیاسەتی تەسفیەكردن و دوورخستنەوەی ژمارەیەكی دیاری لەسەرانی سوننە گرتەبەر. بەشێك لە سوننەكانیش، بەتایبەتی بەعسییەكان لەبەرامبەردا پەنایان بۆ گرووپی توندڕەو و تەنانەت كاری تیرۆریستیش برد.
ئەنجامی ململانێكان:
لە ئەنجامی ئەو ململانێ توندوتیژە كە 13ساڵە بەردەوامی هەیە، بەسەدان هەزار هاووڵاتی لە هەردوو پێكهاتەكە بوونەتە قوربانی، بەڵام زەرەرمەندی یەكەم خودی سوننەكان بوون. ململانێی مەزهەبی لەنێوان شیعە و سوننە لەئاستێكی مەترسیداردا بووە كە بووە هۆی لەدایكبوونی داعش وكۆنتڕۆڵكردنی ناوچەی سوننە لەلایەن تیرۆریستانەوە. دیموگرافیای سوننەكان خەریكە گۆرانكاڕی بەسەردادێت، بەشێكی زۆر لەپێكهاتەی سوننە شاروشارۆچكەكانی خۆیان چۆڵ كردووەو ئاوارەن. ژێرخانی ئابووری ئەو پێكهاتەیە روو لە وێرانییە. زۆربەی شوێنەوارە مێژوویی و شارستانییەكان بەهۆی شەڕ لەناو بران.
سوننەكان لەناوخۆشیاندا پەرتەوازەن و ئەزمەی سەركردایەتییان هەیە.
رۆڵی پێكهاتەی كورد لەوناوەندەدا:
نەتەوەی كورد وەك دووەم پێكهاتەی سەرەكی لەعێراق، هەم لەسەردەمی حوكمڕانییەكانی پێشوو كە سوننەكان تێیدا باڵادەست بوون، هەم لەسەردەمی حوكمڕانی ئێستا كە شیعە باڵادەستە تێیدا، كراوەتە قوربانی.
وێڕای هەموو ئەو زوڵم و ستەم و تاوانە نامرۆیی و كۆمەڵكوژییانەی بەرامبەر گەلی كورد ئەنجام دراون، نەتەوەی كورد لەپاش رووخانی بەعس لە 2003 ئامادەیی نیشان دا لاپەڕەیێكی تازە لەگەڵ نەتەوەی عەرەب بە هەردوو پێكهاتەی شیعە و سوننەوە بكاتەوەو بەشداری لە پرۆسەی سیاسی و ئیداری دەوڵەتی عێراقی تازەدا بكات.
كورد هەمیشە هەوڵی داوە خۆی لە ململانێی مەزهەبی نێوان شیعە و سوننە بەدوور بگرێ و رۆڵی ناوبژیوانی بگێڕێ . بەهۆی ئەو رۆڵە مرۆییەی هەرێمی كوردستان گێڕاویەتی، ئەمڕۆ ئەو ناوچە ئارامە بۆتە شوێنگەو پەنای ئاوارەو لێقەوماوانی سوننەكان، وێڕای پێكهاتەی ئایینی و مەزهەبی تری عێراق كە بەهۆی مەترسی لەسەر ژیانیان روویان لەو هەرێمە كردووە.
خاڵە ناكۆك وهاوبەشەكانی نێوان كورد و سوننە:
خاڵە ناكۆكەكان:
- كێشەی خاك و سنوور ئەوەی كە پەیوەستە بە ماددەی 140ی دەستووری عێراق .
- لاوازیی متمانەی كورد بە عەرەبی سوننە بەهۆی ئەزموونی تاڵی پێشووی حوكمڕانی ئەوان و مامەڵەی نامرۆییان لەگەڵ پرسی كورد.
- برەوسەندنی بیری توندڕەوی و تیرۆریستی لەناو بەشێك لە عەرەبی سوننە.
خاڵە هاوبەشەكان:
- لە رووی مەزهەبییەوە هەردوولا سەربە مەزهەبی سوننەن.
- لە سستمی حوكمڕانیی هەنووكەیی عێراقدا هەردوو پێكهاتە هەست بە پەراوێزخستن و پێشێلكردنی مافەكانیان دەكەن. واتا هەردوو پێكهاتە وەك قوربانی دەردەكەون.
- بەهۆی نزیكایەتی سنووری جوگرافیای هەردوو پێكهاتەكە پێوەندیی كۆمەڵایەتی و مێژوویی لەنێوان بەشێك لە عەشایەرەكانی سەر بەو دوو پێكهاتەیە دروست بووە.
- متمانەی سوننەكان بە كورد زیاتر بووە، هەر بۆیە لەكاتی شەڕو لێقەومان هانایان بۆ هەرێمی كوردستان هێناوە.
لەئێستادا سوننەكان چۆن بیردەكەنەوە؟
زۆر لە پسپۆڕ و شرۆڤەكارانی سیاسیی بیانی و ناوخۆیی لەو باوەڕەدان كە پرۆسەی ئازادكردنی شاری موسڵ، قۆناغێكی تازە بەدوای خۆیدا دەهێنێت.
ئەزموونی تاڵی ساڵانی رابردوو بەشێكی زۆر لە سوننەكانی گەیاندۆتە ئەو قەناعەتەی كە ئەگەر بڕیارە سوننەكان لەگەڵ شیعەو پێكهاتەكانی تردا لەچوارچێوەی عێراقدا بمێننەوە، پێویستە میكانزمێكی تازە بۆ ئیدارەدانی ناوچەكان بگیرێتەبەر، ئەویش دابەشكردنی عێراقە بۆ سەر چەند فیدڕاڵیەتێكی تازە. بەبۆچوونی ئێمە بەشێكی زۆر لە سوننەكان ئەمڕۆ بەرژەوەندییەكانی خۆیان لە هەرێمی كوردستان نزیكتر دەبینن بە بەراورد بە عەرەبی شیعە.
چاوەڕوان دەكرێ كە رووداوەكانی رابردوو رەوشی خراپی سوننەكان لەعێراق، گۆڕانكاری بەسەر بۆچوونی ئەوان لەهەمبەر پرسی نەتەوەیی گەلی كوردستان دروست كردبێت.
بە بۆچوونی ئێمە قبووڵكردنی پرسی سەربەخۆیی كوردستان بۆ عەرەبی سوننە ئەگەر لە دوێنێدا زۆر ئەستەم بوو، پێویستە ئەم تێڕوانینە لەئێستادا گۆڕانكاری زۆری بەسەردا هاتبێت. لەبەرئەوەی ئاوارە سوننەكانی هەرێمی كوردستان كە رێژەكەیان ئەمڕۆ دەگاتە زیاتر لە ملیۆنێك و چاوەڕوان دەكرێ لە داهاتوودا بەهۆی شەڕی موسڵ ئەو رێژەیە بەرزتریش ببێتەوە، لە دۆخێكی هاوژیانی (معایشە) لەناو سیستمی ئیداری هەرێمی كوردستان بەئارامی و ئاسوودەیی دەژین. ئەوان لەنزیكەوە جیاوازی دۆخی ئەمنی و خزمەتگوزاری و رەوشی ژیانی هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان دەبینن. هەروەها عەرەبی سوننە ئەگەر تا كۆتاییهاتنی سەردەمی حوكمڕانی بەعس بە چاوێكی نزم سەیری نەتەوەی كوردیان كردووەو لەوباوەڕەدا بوون كە تەنیا ئەوان شایەنی دەسەڵات و حوكمڕانیكردنن، وێڕای كەمئەزموونی هەرێمی كوردستان لەو ماوەیەدا بە بەراورد لەگەڵ بەشەكانی تری عێراق، لە خۆبەڕێوەبردندا سەركەوتووتر بووە.
* ئەندامی ئەنجومەنی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان

Top