ئازادكردنی موسڵ و شێوازێكی نوێی پەیوەندی نێوان كوردستان و عێراق
October 21, 2016
وتار و بیروڕا
لەم خاڵەوە گرنگە كە باس لە كۆتایی هاتنی ریكخراوی تیرۆریستی داعش دەكەین، دەبێت جەخت لەسەر ئەو هۆكارانە بكەینەوە كە بوونە فاكتەری سەرەكی بۆ دروستبوونی توندوتیژی و تیرۆر و یەكتری رەتكردنەوە. هەر بۆیە ئەگەر ئەو هۆكارانە چارەسەر نەكرێن، ئەوا چۆن هێزەكانی ئەمریكا بە هاوكاری هێزەكانی سەحوەی خێڵەكانی عەرەبی سونە لە ماوەی ساڵانی 2008-2011، ریكخراوی قاعیدەی لقی عێراقی تێكشكاند ، بەڵام پاش كشانەوەی هێزەكانی لە ساڵی 2011 ، سیاسەتەكانی نوری مالیكی وایكرد ، نەك هەر ریكخراوی قاعیدە لقی عێراق سەرلەنوێ دروست بێتەوە، بەڵكو لەجێی ئەو رێكخراوێكی تیرۆریستی ترسناكتر دروستبووە كە ئەویش ریكخراوی تیرۆریستانی داعش بووە.
جیاوازی نێوان رێكخراوی تیرۆریستی و داعش لەسەر ئەولەویەتی دامەزراندنەوەی خەلافەت ئیسلامیە ، دیارە لای قاعیدە بنەمای دروستكردنی خەلافەتی ئیسلامی لەسەر بنەمای دژایەتیكردنی ئەمریكا و رۆژئاوا ، هەربۆیە دامەزراندنی دەوڵەتی ئیسلامی عێراقیش پێش 2011 لەلایەن قاعیدەوە بۆ رووبەرووبوونەوەی هێزەكانی ئەمریكا و رۆژئاوا بووە لە عێراقدا، بەڵام دوای كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە 2011، ستراتیژیەتی داعش بۆ دامەزراندنی خەلافەتی ئیسلامی لە عێراق و سوریا، لەسەر بنەمای رووبەرووبونەوەی سیاسەتی مەزهەبگەرایی شیعە و عەلەویی لە دیمەشق و بەغدا داڕێژراوە، ئەمەش مانای ئەوەیە كاتێك باس لە نەمانی داعش دەكەین( بەتایبەتی لەعێراقدا)، دەبێت میكانیزمێك هەبێت بۆ ئەوەی سیاسەتی مەزهەبگەرایی شیعە و سونە كۆتایی پێبهێنێت، دیارە بەهۆی قووڵبوونەوە و خوێناویی بوونی كێشەی نێوان سونە و شیعە لە عێراقدا، ئەوا هەر چارەسەرێك بۆ كۆتایی هێنان بەم كێشەیە بگیرێتە بەر،ئەگەر لێكجیاكردنەوەی شیعەو سونە لە خۆی نەگرێت، ئەوا جارێكی دیكە و بە شێوازێكی خوێناوی تر سەرلەنوێ شەڕ و كاولكاری سەرهەڵدەداتەوە، لەم چوارچێوەیەدا ئەگەر سەیری ئەو ستراتیژە بكەین كە باراك ئۆباما بۆ رووبەرووبوونەوەی تیرۆریستانی داعش رایگەیاندووە و بریتیە لە ( ریشەهەڵكێسان و تێكشكاندنی تیرۆریستانی داعش) ، ئەوا ئەمە مانای ئەوەیە هاوشانی تێكشكاندنی داعش بە شێوەیەكی سەربازی، دەبێت پرۆسەیەكی سیاسی هەمەلایەنەش هەبێت بۆ رێكخستنەوەی پەیوەندیەكانی نێوان عەرەبی شیعە و سونە لە عێراقدا ، ئەم ریكخستنەوەیەش پێویستی بە دووبارە پێناسەكردنەوەی عێراق وەك دەوڵەت و، پێكهاتەی عەرەبی شیعەو سونە وەك دوو پێكهاتەی جیاواز لە عێراقدا هەیە.
لەم چوارچێوەیەدا ئەوەی پەیوەندی بە ئایندەی هەرێمی كوردستانەوە هەبێت، دەبێت ئەوە فەرامۆش نەكەین سەكردایەتی سیاسی كوردستان پێش دەسپێكی شۆرشی ئەیلوول هەتا ئێستاش لەسەر بنەمای دەستوری كاتی 1958 مامەڵە لەگەڵ عێراق دەكات و عێراق وەك نیشتمانی هاوبەشی ( كورد و عەرەب) پێناسە دەكات و هەر لەسەر ئەم بنەمایەش بە درێژایی شۆرشەكانی كوردستان وتوێژ و دانوستاندن و شۆرشی كردووە، بۆیە عەرەبی سونە و شیعە چۆن كێشەی نێوان خۆیان چارەسەر دەكەن، ئەوە مەسەلەیەكە و چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان كوردستان و بەغداش ئەوە مەسەلەیەكی دیكەیە، هەربۆیە دوای پرۆسەی ئازادكردنەوەی موسڵ، عێراق ئەو عێراقەی پێش ئازادكردنەوەی موسڵ نابێت، تەنانەت دەستوری ساڵی 2005 كە عێراقی لەسەر بونیادنرایەوە وەك دەوڵەتێكی فیدرالی ، عێراقی داهاتووی پێ رێكناخرێتەوە و بارودۆخی تازەی دوای ئازادكردنەوەی موسڵ پێویستی بە میكانیزمیكی تازە دەبێت، ئەم میكانیزمە تازەیەش دەبێت لە چوارچێوەی دەستورێكی تازە كە عێراق لەسەر بنەمای چەند دەوڵەتێك لە چوارچێوەی یەكێتی دەوڵەتەكانی عێراق بە هاوشێوەی یەكێتی ئەورپا رێكدەخاتەوە.
بۆیە ئەو مەترسیانەی باسی لێوە دەكرێت ، وەك مەترسی حەشدی شەعبی یان گۆڕینی هەڵوێستی حكومەتی عێراق بەرامبەر كوردستان، پێموایە ئەو مەترسیانە ئەگەر هەشبن لە هاشو و هوشی ئیعلامی زیاتر نابن و ناتوانن لە رووی كردەییەوە هیچ مەترسیەك لەسەر كوردستان دروست بكەن، ئەمەش لەبەر ئەوەیە هاوپەیمانی نیودەوڵەتی دژی داعش و لەسەرووی هەمووشیانەوە ئەمریكا ، كاتێك دەیانەوێت داعش تێكبشكێت، ئامانجیان ئەوەیە فیكری داعش ریشەكێش بكەن، ئەم ئامانجەش ئەو كاتە دێتەدی كە لە هەموو روویەكەوە هاوسەنگیەكی سیاسی و ئابوری و سەربازی لە نێوان كیانی سیاسی كوردستان و كیانی سیاسی عەرەبی شیعەو سونە بێتە ئاراوە، هەر یەك لەم سێ كیانە سیاسیە شەرعیەتی پاراستنی ئەو خاكەیان هەبێت كە جوگرافیای كیانە سیاسیەكەیان دروست دەكات، ئەوجا هەر كیانێكی سیاسی لەسەر ئاستی نیودەوڵەتی ئەم شەرعیەتەی پێدرا، ئەوا وەك دەوڵەتێكی سەربەخۆ دانیشی پێدادەنرێت.
ئەو رێككەوتنەی لە نێوان هەولێر و واشنتۆن و بەغدا بۆ پرۆسەی ئازادكردنەوەی موسڵ و نەمانی داعش ئیمزاكراوە، بە هەمان ئەو میكانیزمەیە كە لە ساڵی 2003 كوردستان بووە بەشێك لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ رووخاندنی رژێمی سەدام حوسێن، ئەو بنەمایەش ئەوەبوو كە ئەمری واقیعی كوردستان تا 19ی مارتی 2003 وەك خۆی بمێنتەوە و پاشان لەچوارچێوەی دەستوری عێراقدا كێشەی ناوچە كوردستانیەكانی دەرەوەی هەرێمی كوردستان چارەسەر بكرێت، رێككەوتنی ئەمجارەش كە حكومەتی بەغدا رازی بووە كوردستان وەك ئەمری واقیعی پێش پرۆسەی ئازادكردنەوەی موسڵ لەگەڵ حكومەتی عێراق بۆ چۆنیەتی پەیوەندی داهاتووی نێوان بەغدا و هەولێر قسە دەكەن، ئەو میكانیزمەی كە پەیوەندی داهاتووی نێوان هەولێر و بەغدای وەك دوو دراوسێ یان دوو دەوڵەتی كۆنفیدرالی لەچوارچێوەی یەكتێتی دەوڵەتەكانی عێراقدا لە چوارچێوەی دەستورێكی تازەدا دەچەسپێنرێت، ئەمەش مانای ئەوەیە ئەو جوگرافیایەی هەتا بەرەبەیانی 17ی ئۆكتۆبەری 2016 لە ژێر دەستی پێشمەرگە بووە و ناوچەی كوردستانی بووە و بە خوێن ئازادكراوەتەوە ، ئەوا دوای ئازادكردنی موسڵ وەك بەشێك لە جوگرافیای باشوری كوردستان لەگەڵ بەغدا قسە دەكات، ئەو ناوچانەشی كە پێشمەرگە دوای ئەم بەروارە ئازادی دەكاتەوە كە بەشێكیان كوردستانی و بەشێكیشیان لەوانەیە كوردستانی نەبن ئەوا دوای ئازادكردنەوەی موسڵ بە دانوستاندن لەسەری رێكدەكەون و سەبارەت بە رێكخستنەوەی پەیوەندی ئابوری نێوان بەغداو هەولێریش كە دەبێتە لینكێكی بەهێز لە نێوان هەولێر و بەغدا، هەر لە ئێستاوە دەستكراوە بەوەی كاری لەسەر بكرێت و پرۆژەیەك گەڵاڵە دەكرێت بۆ ئەوەی پاشان لەسەری رێكبكەون. راشكاوانەتر هەوڵەكانی دوای ئازادكردنەوەی موسڵ بۆ بە یاسایكردنی چارەسەكردنی كێشەكانی نێوان كوردستان و عێراق دەبێت.
هەر بۆیە ئەگەر سەرنج بدەین دەبینین هەر لە ئێستاوە بەغداو و عەرەبی سونەش سەبارەت بە میكانیزمی بە یاسایكردنی چارەسەكردنی كێشەی خاك لە نێوان كوردستان و بەغدا ، لەهەوڵی ئەوەدان فێڵێكی یاسایی بدۆزنەوە، وەك ئەوەی باسی دەكەن، نابێت جوگرافیای پارێزگای نەینەوا گۆڕانكاری بەسەردا بێت یان پێشنیاری ئەوە دەكەن پارێزگای نەینەوا قەینا دەكرێتە چەند پارێزگایەك بەڵام با هەرێمێكی سەربەخۆ بێت.
ئەم جۆرە لێدوانانە لەلایەن حكومەتی بەغدا و عەرەبی سونەوە بۆ ئیستهلاكی ناوخۆیی یان موزایەدەی سیاسی لایەنەكانی ناو حكومەتی بەغداو عەرەبی سونەیە، چونكە گەڕانەوەی ناوچە كوردستانیەكانی پارێزگای نەینەوا یان هەموو ئەو ناوچانەی پێشتر پێیان دەوترا ناوچەكوردستانیەكانی دەرەوەی هەرێم، بەندە بە راپرسی خەڵكی ئەو ناوچانە، بەڵام لەبەر ئەوەی رێككەوتنە سیاسیەكەی نێوان هەولێر و بەغداو واشنتۆن لەسەر ئەو بنەمایەیە كە هێزی پێشمەرگە لەو ناوچانە ناكشێتەوە و ئەو ناوچانە هەر لەژێر كۆنترۆڵی هێزی پێشمەرگە دەمێنەوە، ئەوا پرسی بە یاسایی كردنی چارەسەكردنی كێشەكان بێجگە لە رۆتنێك بۆ چەسپاندنی جوگرافیای راستەقینەی باشوری كوردستان شتێكی دیكە نابێت، هیچ مەترسیەك لەسەر كوردستان دروست ناكات.