بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان .. له‌ناو پرۆسه‌ی سیاسیدا هه‌ڵناكات

بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان  .. له‌ناو پرۆسه‌ی سیاسیدا هه‌ڵناكات
راسته‌ بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان و پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ 17ی نیسانی 2014 رێككه‌وتنیان بۆ پێكهێنانی كابینه‌ی هه‌شته‌م گرێداوه‌، به‌ڵام ته‌مه‌نی به‌شداری پارتی و گۆڕان پێكه‌وه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی كرداری له‌ناو پرۆسه‌ی سیاسیی كوردستاندا ته‌نیا یه‌ك دوو مانگ بووه‌، ئه‌مه‌ش له‌به‌ر ئه‌وه‌یه‌ ئه‌گه‌ر یه‌كه‌م دانیشتنی په‌رله‌مان له‌ 4ی ئایاری 2014 ده‌ستی پێكردبێت، ئه‌وا پێش ئه‌وه‌ی كابینه‌ی هه‌شته‌م متمانه‌ له‌ په‌رله‌مان وه‌ربگرێت، شه‌ڕی دژی داعش ده‌ستی پێكردووه‌، هه‌رێمی كوردستان له‌ماوه‌ی حوزه‌یرانی 2014 هه‌تا ئایاری 2015 كه‌ به‌ته‌واوه‌تی مه‌ترسیی داعش له‌سه‌ر كوردستان بوونی نه‌ما، له‌ بارودۆخێكی ئاڵۆزو شه‌ڕدا بووه‌، پرۆسه‌ی سیاسی له‌ كوردستاندا ته‌نیا سه‌رقاڵی دابینكردنی پێداویستییه‌كانی پێشمه‌رگه‌ و به‌ره‌كانی شه‌ڕ و پێداویستیی زیاتر له‌ یه‌ك ملیۆن و هه‌شت سه‌د هه‌زار ئاواره‌ بووه‌ كه‌ روویان له‌هه‌رێمی كوردستان كردبوو.
بۆیه‌ كاری پێكه‌وه‌یی نێوان حزبه‌ سیاسییه‌كان بۆ چۆنیه‌تی مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ كێشه‌كانی ناوخۆی كوردستان له‌مانگی ئایاری 2015 ده‌ست پێده‌كات، یه‌كێك له‌و پرسانه‌ی كه‌ گرنگ بوو به‌ شێوه‌یه‌كی لۆژیكانه‌و له‌چوارچێوه‌ی سازانی نیشتمانی مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ بكرێت، پرسی واده‌ی كۆتاییهاتنی پۆستی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان بوو، ئه‌مه‌ش به‌و مانایه‌ی چۆن مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌م پۆسته‌ هه‌ستیاره‌ ده‌كرێت له‌م بارودۆخه‌ ئاڵۆز و هه‌ستیاره‌ تازه‌ی به‌ هۆی شه‌ڕی دژی داعشه‌وه‌ له‌ كوردستان و ناوچه‌كه‌ هاتۆته‌ئاراوه‌.
كه‌واته‌ پرسه‌كه‌ بریتی بوو له‌وه‌ی حزبه‌ سیاسییه‌كان چۆن له‌سه‌ر ویلایه‌تی سه‌رۆك بارزانی قسه‌ده‌كه‌ن؟ ئایا ده‌یانه‌وێت ئه‌و له‌ ویلایه‌ته‌كه‌ی بمێنێته‌وه‌، یان كه‌سێكی دیكه‌ بۆ ئه‌و پۆسته‌ دیاری ده‌كه‌ن؟ له‌سه‌ر ئه‌م پرسه‌ سه‌رۆك بارزانی ته‌واوی كاری یه‌كلاكردنه‌وه‌ی ئه‌م پرسه‌ی دابووه‌ ده‌ست حزبه‌ سیاسییه‌كان، وه‌ك خۆی راشكاوانه‌ رایگه‌یاندبوو، حزبه‌كان گه‌یشتنه‌ چ رێككه‌وتنێك، هه‌ر ئه‌و بڕیاره‌ جێبه‌جێ ده‌كات.
رێكخه‌ری بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان كه‌ به‌ پیلان داڕێژه‌ری ئه‌و ئاژاوه‌گێڕییه‌ داده‌نرێت كه‌ له‌ماوه‌ی ساڵی رابردوو له‌كوردستاندا روویدا، ئه‌م پرسه‌ی هه‌ڵگێڕایه‌وه‌، له‌و كاته‌ی په‌رله‌مانی كوردستان لیژنه‌یه‌كی تازه‌ی پێكهێنابوو بۆ ئه‌وه‌ی سه‌رله‌نوێ ده‌ستووری كوردستان بنووسنه‌وه‌و له‌ناو ده‌ستووردا پرسی سیستمی سیاسی له‌كوردستاندا چاره‌سه‌ر بكرێت، هات پرۆژه‌یاسای هه‌مواركردنی یاسای سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستانی دروستكرد، بۆ ئه‌وه‌ی خه‌ڵكی كوردستان سه‌ریان لێ بشێوێت، یان به‌ تێگه‌یشتنی نه‌وشیروان مسته‌فا، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی سه‌رۆك بارزانی زۆر مه‌به‌ستێتی له‌ پۆسته‌كه‌ی بمێنێته‌وه‌، ئه‌وا ئه‌م فیڵه‌ سیاسییه‌ به‌سه‌ر پارتی و سه‌رۆك بارزانی-دا تێده‌په‌ڕێنێت.
به‌ڵام وه‌ك بیرمه‌ندی ئه‌مریكی ئۆسن ره‌نی له‌ كتێبی (سیاسه‌تی حوكمڕانی) ئاماژه‌ی پێكردووه‌: "ده‌وڵه‌تمه‌دار سه‌یری نه‌وه‌كانی داهاتوو ده‌كات و سیاسه‌تمه‌دار سه‌یری سندوقی هه‌ڵبژاردنی داهاتوو ده‌كات." سه‌رۆك بارزانی وه‌ك ده‌وڵه‌تمه‌دارێكی به‌ئه‌زموون سه‌یری ئاینده‌ی كوردستانی كرد، ئه‌و لای گرنگ نه‌بوو، ئێستاش لای گرنگ نییه‌ له‌ پۆستی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان بمێنێته‌وه‌، چه‌ندین جاریش داوای له‌ حزبه‌ سیاسییه‌كان كردووه‌ كه‌ كه‌سێكی دیكه‌ ده‌ستنیشان بكه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی ده‌ورو ته‌سلیمی له‌گه‌ڵ بكات، به‌ڵام ئاینده‌ی سیستمی سیاسیی كوردستانی لا گرنگ بوو، كه‌ به‌جۆرێك بێت ئاشتی و سه‌قامگیری نه‌كه‌وێته‌ مه‌ترسییه‌وه‌.
نه‌وشیروان مسته‌فا بۆ سه‌رخستنی ئه‌م پیلانه‌ی په‌نای بۆ زۆرینه‌و كه‌مینه‌ی په‌رله‌مانی برد، ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدا بوو كه‌ سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان له‌ده‌سه‌ڵاتی خۆیدا بوو، رۆژێك بۆ ریفراندۆم له‌سه‌ر ره‌شنووسی په‌سندكراوی ده‌ستوور له‌ لایه‌ن په‌رله‌مانه‌وه‌ دیاری بكات، كه‌ له‌ كۆی 97 په‌رله‌مانتار 96 په‌رله‌مانتار ده‌نگی له‌سه‌ر دابوو، به‌ڵام بۆ ئه‌وه‌ی كۆده‌نگیی نێوماڵی كوردستان تێكنه‌چێت، پارتی دیموكراتی كوردستان نه‌ك هه‌ر رازی بوو ئه‌و ده‌ستووره‌ بگه‌ڕێته‌وه‌، به‌ڵكو رازی بوو لیژنه‌یه‌كی تازه‌ش بۆ نووسینه‌وه‌ی ده‌ستوورێكی تازه‌ دابمه‌زرێت.
سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان بۆ ئه‌وه‌ی پرسی تێكه‌ڵاوكردنی (یاسای سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم له‌گه‌ڵ پۆستی سه‌رۆكی هه‌رێم) له‌یه‌كتری جیابكاته‌وه‌، به‌ دوومانگ به‌ر له‌ كۆتاییهاتنی واده‌ی ویلایه‌ته‌كه‌ی، داوای له‌ په‌رله‌مانی كوردستان كرد، ئاماده‌باشی بۆ دووباره‌ هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان بكرێت و له‌كاتی خۆیدا هه‌ڵبژاردن بكرێت، به‌ڵام بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان له‌ رێگه‌ی هه‌ڵسووڕاوه‌كه‌یه‌وه‌ كه‌ سه‌رۆكی په‌رله‌مان بوو، خوێندنه‌وه‌ی یه‌كه‌می بۆ یاسای سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان كرد، ئه‌مه‌ش له‌ پێناوی ئه‌وه‌ی كارته‌كان به‌ته‌واوی تێكه‌ڵاو بكات و لێكجیاكردنه‌وه‌ی ئاسان نه‌بێت.
پارتی دیموكراتی كوردستان و نوێنه‌رانی نه‌ته‌وه‌ و ئایینه‌ جیاوازه‌كانی كوردستان و چه‌ندین حزبی سیاسیی دیكه‌ كه‌ بۆچوونیان له‌گه‌ڵ پرۆژه‌كه‌ی گۆڕان جیاواز بوو، به‌رامبه‌ر ئه‌م پیلانه‌ی نه‌وشیروان مسته‌فا راوه‌ستانه‌وه‌، ئه‌وه‌ بوو له‌ رۆژی 19ی ئاب به‌ زۆرینه‌ی په‌رله‌مانی پرۆژه‌كه‌ی نه‌وشیروان مسته‌فا شكستی هێنا. دوای ئه‌م شكسته‌ ئیدی په‌رله‌مانی كوردستان بووه‌ كارتێكی سووتاو و هیچ رۆڵێكی له‌ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی كوردستان نه‌ما، به‌ڵام پارتی دیموكراتی كوردستان جارێكی دیكه‌ هه‌وڵیدا پرۆسه‌ سیاسیه‌كه‌ بخاته‌وه‌گه‌ڕ و كێشه‌كان له‌ نێوان حزبه‌ سیاسییه‌كاندا به‌ سازان چاره‌سه‌ر بكرێت، به‌ڵام ئه‌مجاره‌شیان بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان له‌ مانگێك زیاتر به‌رگه‌ی نه‌گرت و هه‌وڵیدا ئاژاوه‌ و فیتنه‌یه‌كی ئه‌وتۆ دروست بكات كه‌ ته‌ڕ و وشك پێكه‌وه‌ بسووتێنێت، بۆیه‌ له‌ ئه‌مجاره‌یان پارتی ناچار بوو لای خۆیه‌وه‌ گۆڕان له‌ پرۆسه‌ی سیاسی بكاته‌ ده‌ره‌وه‌.
Top