دوای بەخۆداچوونەوەی گۆران ..پەرلەمان كارا دەكرێتەوە

دوای بەخۆداچوونەوەی گۆران ..پەرلەمان كارا دەكرێتەوە
شێوازی سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان كە بەرنامەی سیاسی بزووتنەوەی گۆڕان بوو و یوسف محەمەد جێ بەجێی دەكرد، حزبە سیاسیەكانی كوردستانی گەیاندە ئەو قەناعەتەی بەراشكاوی بڵێن: كاری پەرلەمانی و سەرۆكایەتی پەرلەمان بە هەرزەكاری سیاسی بەرێوە ناچێت. ئەمەش بەدیوێكی دیكە واتە سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان نابێ بدرێتە حزبێكی سیاسی كە بەشێوەیەكی هەرزەكارانە و بۆ مەبەستی تەسكی حزبایەتی شكۆی ئەم دەزگا شەرعیە ژێر پێ بنێت و یاری بە ئیرادەی خەڵكی كوردستان بكات.
لێرەوە كێشە و ئاستەنگی سەرەكی لەبەردەم كاربوونەوەی پەرلەمان ئەو خاڵە گرنگەیە كە حزبەكانی كوردستان دەسنیشانیان كردووە، ئەویش ئەوەیە ئایا پەرلەمانی كوردستان جارێكی دیكەش بكرێتەوە بە گەمەی بەردەستی هەرزەكارە سیاسیەكان ؟ یان دووبارە بكرێتەوە بە ئامێرێك بۆ ئامانجی حزبێكی سیاسی كە دەیەوێت شكۆی پەرلەمانی كوردستان بشكێنێت؟
قسەكردن لەسەر ئایندەی پەرلەمانی كوردستان پێویستی بەووردبینی و لۆژیكیكی واقیعیانە هەیە، پرسەكە ئەوەنیە لایەك دەیەوێت پەرلەمان كارا بكرێتەوە و لایەكەی دیكە رێگر بێت، نەخێر پرسەكە ئەوەیە پەرلەمان چۆن كاربكرێتەوە و چۆن هەڵەكانی رابردوو دووبارە نەبنەوە؟
بۆ وەڵامدانەوەی ئەم دوو پرسیارە هەموو لایەنە سیاسیەكان بێجگە لە گۆڕان هەر یەكەیان جۆرێك لە تێگەیشتن و وەڵامی لۆژیكانەی هەیە، بەڵام بزووتنەوەی گۆران و نەوشیروان مستەفای رێكخەری ، هەتا ئێستاش لەسەر عینادی خۆیان سوورن و دەیانەوێت بە شێوەیەكی ئەبوجاسمانە رای خۆیان بەسەر هەموو خەڵكی كورستاندا فەرز بكەن، یان درێژە بەو بارە نا ئارامە بدەن بۆ ئەوەی هەمیشە ژینگەی ئاژاوە دروستكردن لە كوردستاندا لەبار بێت.
لەبەرامبەردا پارتی دیموكراتی كوردستان و تەواوی حزبە سیاسیەكانی دیكەی كوردستان جەخت لەسەر ئەوە دەكەنەوە كە دەبێت بزووتنەوەی گۆران وەڵامی ئەو پرسیارە بداتەوە، كە لەو ماوەیەی سەرۆكایەتی پەرلەمان لای گۆران بووە و یوسف محەمەد وەك هەڵسوراوی ئەو بزووتنەوەیە سەرۆكایەتی پەرلەمانی كردووە، ئایا ئەو شێوازەی یوسف محەمەد پیادەی كردووە ، رەفتاری كەسی ئەوە یان ئەو سیاسەتی بزووتنەوەی گۆرانی جێ بەجێ كردووە؟ دیارە هەتا ئێستاش بزووتنەوەی گۆران و رێكخەرەكەشی خۆیان لەوەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە دەدزنەوە و نایانەوێت ئەم دوو حاڵەتە بۆ خەڵكی كوردستان روون بكەنەوە، بەڵام پێداگیری بزوتنەوەی گۆران و رێكخەرەكەی كە داوا دەكەن باردۆخەكە بگەرێتەوە بۆ پێش 12ی ئۆكتۆبەری 2015 ، بە شێوەیەكی زمنی ئەو وەڵامەمان پێدەڵێن كە یوسف محەمەد بێجگە لە سەربازێك بۆ جێبەجیكردنی بریارەكانی رێكخەری بزوتنەوەی گۆران هیچ شتێكی دیكەی نەكردووە و ئەو رەفتارەی كردوویەتی بریاری سیاسی بزووتنەوەی گۆران بووە، وەك مەحمود رەزاش لە نووسینەكەیدا ئاماژەی پێكردووە ، یوسف محەمەد بۆیە خیمەی بۆ مانگرتن هەڵنەدا لەبەر ئەوەبوو پێویستی بە بریاری سیاسی گۆران هەبوو ئەوانیش ئەو بریارەیان بۆ دەرنەكرد.
دیارە بزووتنەوەی گۆران و رێكخەرەكەی زۆر بە راشكاوی قسەی خۆیان كردووە، بەوەی دەبێت بگەرێنەوە بۆ پێش 12ی ئۆكتۆبەری 2015؟ بەڵام پرسیاری گرنگ لێرەدا ئەوەیە ئایا مەبەست لە گەرانەوە پێش 12ی ئۆكتۆبەر چیە؟ ئەگەر مەبەست لە پێش 12ی ئۆكتۆبەر رۆژانی 10 و 11ی ئۆكتۆبەری 2015 كە بارەگاكانی پارتی دەسوتێنران، ئەوە هیچ كەسێك ئەوە قبوڵ نەكات، ئەگەر مەبەستیش 19ی ئابە كە تیایدا یوسف محەمەد رێككەوتنی هەموو حزبە سیاسیەكانی ژێر پێناو كارتی پەرلەمانی سووتاند، ئەوا هەموو خەڵكی كوردستان و حزبە سیاسیەكانیش قبوڵی ناكەن، ئەگەر مەبەستیش 23ی حوزەیرانی 2015 یە، كە سازانی نیشتمانی ژێر پێنرا و مەترسی فیتنەیەكی گەورەی لە كوردستان دروست كرد ئەمیشیان كەس قبوڵی ناكات، خۆ ئەگەر مەبەستیش ئەوەیە بگەرێنەوە بۆ ئایاری 2015 بێت كە خۆ ئامادەدەكرا بۆ ئەوەی ژووری عەمەلیات بۆ پرۆسەی سەربەخۆی دەست بەكاربێت ،بەڵام لەبری ئەوە بزووتنەوەی گۆڕان پیلانێكی ترسناكی داڕشت، ئەوا بەرژەوەندی باڵای گەلی كوردستان و سەقامگیری و تەناهی كوردستان ئەو گەرانەوەیە قبوڵ ناكات.

Top