وه‌رچه‌رخانێكی دراماتیكی ترسناك

وه‌رچه‌رخانێكی دراماتیكی ترسناك
له‌ نێوان 18ی ئایار و 19ی ئابی 2015له‌ 18ی ئایاری 2015، هه‌موو خه‌ڵكی كوردستان چاوه‌رێی ئه‌وه‌بوون، ژووری عه‌مه‌لیات بۆ سه‌رخستنی پرۆسه‌ی سه‌ربه‌خۆیی كوردستان چۆن ده‌ست به‌كار ده‌بێت و حزبه‌كان چۆن هه‌موویان پێكه‌وه‌ به‌رنامه‌ بۆ ئه‌م پرۆسه‌یه‌ داده‌ڕێژن، به‌ڵام مخابن پیلانی نه‌وشیروان مسته‌فا ئه‌وه‌ بوو، چۆن رێگری له‌وه‌ بكات ئه‌م ژووری عه‌مه‌لیاته‌ ده‌ست به‌كاربێت و پرۆسه‌ی سه‌ربه‌خۆیی كوردستان شكست پێبهێنێت.
ئه‌وه‌ی لێره‌دا گرنگه‌ بۆ میژوو بگوترێت ئه‌وه‌یه‌ كه‌ هه‌تا دوای رۆژی 18ی ئایاری 2005، هیچ لایه‌نێكی سیاسی پڕۆژه‌ی نه‌بووه‌ بۆ هه‌مواركردنه‌وه‌ی یاسای سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان، ته‌نانه‌ت پارتی دیموكراتی كوردستانیش، هه‌رگیز له‌و قه‌ناعه‌ته‌دا نه‌بوو كه‌ له‌كاتێكی ئاوا هه‌ستیار و مێژووییدا، لایه‌نێكی سیاسی پیلانێكی به‌وجۆره‌ بۆ تێكدانی پرۆسه‌ی سه‌ربه‌خۆیی و سووتاندنی كوردستان دابڕێژێت، بۆیه‌ ئه‌گه‌ر سه‌رنج له‌ رۆژه‌كانی نێوان 18ی ئایار و 23ی حوزه‌یرانی 2015 بده‌ین و به‌ تۆماری كۆنگره‌ رۆژنامه‌وانییه‌كانی شاندی پارتی له‌گه‌ڵ هه‌موو لایه‌نه‌ سیاسییه‌كاندا بچینه‌وه‌، ئه‌وا نییه‌تپاكیی سه‌ركردایه‌تی پارتی دیموكراتی كوردستان به‌رامبه‌ر هه‌موو لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان به‌گشتی و بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان به‌تایبه‌تی گه‌یشتبووه‌ ئه‌و ئاسته‌ی راشكاوانه‌ جه‌ختیان له‌وه‌ ده‌كرده‌وه‌ كه‌ ده‌بێت هه‌موو لایه‌ك پێكه‌وه‌ سوود له‌ ئه‌زموونی یه‌كتری وه‌ربگرین و ئه‌و قۆناخه‌ هه‌ستیارو ناسكه‌ له‌ مێژووی نه‌ته‌وه‌كه‌مان به‌ سه‌ركه‌وتوویی تێپه‌ڕێنین. بۆیه‌ له‌ دیدی پارتی دیموكراتی كوردستانه‌وه‌ پرسه‌كان به‌وجۆره‌ ده‌خوێندرانه‌وه‌، مادام به‌ یه‌كگرتوویی و یه‌كڕیزی گه‌لی كوردستان توانی له‌به‌رامبه‌ر ده‌وڵه‌تێكی تیرۆریستی دڕنده‌ی وه‌ك داعش رابوه‌ستێت و سه‌ركه‌وتنی گه‌وره‌ تۆمار بكات و سه‌رنجی هه‌موو جیهان رابكێشت و ئه‌م یه‌كڕیزی و یه‌كهه‌ڵوێستییه‌ش بۆته‌ هه‌وێنی ده‌ستپێكردنی پرۆسه‌ی سه‌ربه‌خۆیی، ئه‌وا پرسی تێڕوانینی جیاواز بۆ پۆستی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان، یان هه‌مواركردنه‌وه‌ی یاسای سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان، مه‌سه‌له‌یه‌كی هێنده‌ گه‌وره‌ نییه‌ حزبه‌كان نه‌توانن له‌سه‌ری رێكبكه‌ون، هه‌روه‌ها له‌دیدی پارتی دیموكراتی كوردستانه‌وه‌ به‌وجۆره‌ سه‌یری ئه‌م پرسه‌ ده‌كرا، هه‌تا ئه‌گه‌ر تێڕوانینی جیاوازی حزبه‌كان له‌سه‌ر ئه‌م پرسه‌ له‌ چوارچێوه‌ی كۆبوونه‌وه‌ی نێوان حزبه‌كانیشدا نه‌گه‌نه‌ رێككه‌وتن، ئه‌وا هاوكات په‌رله‌مانی كوردستان لیژنه‌یه‌كی بۆ نووسینه‌وه‌ی ده‌ستووری كوردستان پێكهێناوه‌و ده‌كرێت ئه‌م پرسه‌ له‌ناو نووسینه‌وه‌ی پڕۆژه‌ی ده‌ستووری كوردستان چاره‌سه‌ر بكرێت، پاشانیش گه‌لی كوردستان كه‌ ده‌نگ له‌سه‌ر پڕۆژه‌ی ده‌ستووره‌كه‌ ده‌دات، ئه‌وا كێشه‌كه‌ چاره‌سه‌ر ده‌كرێت.
به‌ڵام دیسان به‌داخه‌وه‌، شه‌خسی نه‌وشیروان مسته‌فا كه‌ سه‌رپه‌رشتی ئه‌و پیلانه‌ ترسناكه‌ی ده‌كرد، هه‌وڵیدا به‌ رێگه‌ی زۆرینه‌ی په‌رله‌مانی هه‌موو پرسه‌كانی كوردستان بهێنێته‌وه‌ خاڵی سفر، ئه‌مانه‌ هه‌موو له‌كاتیكدا بوون كه‌ پارتی دیموكراتی كوردستان به‌رامبه‌ر ئه‌و پیلانه‌ ترسناكه‌ خافڵگیربوو، نییه‌تپاكیی پارتی به‌وجۆره‌ بوو به‌رامبه‌ر شه‌خسی نه‌وشیروان مسته‌فا، كه‌ ئه‌و رۆڵی سه‌ره‌كی له‌ پرۆسه‌ی سه‌ربه‌خۆیی كوردستاندا بگێرێت، به‌ڵام له‌به‌رامبه‌ردا پیلانی رق و كینه‌ی نه‌وشیروان مسته‌فا گه‌یشتبووه‌ ئه‌وه‌ی كوده‌تا به‌سه‌ر پارتی و كوردستاندا بكات، له‌مه‌ش زیاتر شێوازی مامه‌ڵه‌ی نه‌وشیروان مسته‌فا به‌ ئاشكرا له‌گه‌ڵ پارتی دیموكراتی كوردستان به‌جۆرێك بوو، به‌ نهێنیش بۆ دروستكردنی زۆرینه‌ی په‌رله‌مانی و ئه‌نجامدانی كوده‌تاكه‌ی به‌ جۆرێكی دیكه‌ بوو، بۆیه‌ له‌م ژینگه‌ ناڕۆشنه‌ی نه‌وشیروان دروستی كردبوو، پارتی له‌وه‌ بێ ئاگابوو كه‌ كوده‌تایه‌ك به‌ڕێوه‌یه‌، بۆیه‌ له‌ رۆژی 23ی حوزه‌یران نیسابی یاسایی بۆ دانیشتنی په‌رله‌مان دروست بوو، كه‌ خوێندنه‌وه‌ی یه‌كه‌م بۆ یاسای سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان كرا، ئیدی ده‌سته‌كانی پشته‌وه‌ی ئه‌و كوده‌تایه‌ ئاشكرابوون، راسته‌ هه‌ندێك ئه‌ندام په‌رله‌مانتاری لایه‌نه‌كانی دیكه‌ ئه‌وانیش خافڵگیرانه‌ ئاماده‌ی كۆبوونه‌وه‌كه‌ی 23ی حوزه‌یران بوون، به‌ڵام دواتر بۆ ئه‌و لایه‌نانه‌ش روون بووه‌وه‌ كه‌ پرسه‌كه‌ بریتیی نییه‌ له‌ هه‌مواركردنه‌وه‌ی یاسایه‌ك، به‌ڵكو ئه‌مه‌ كوده‌تایه‌كه‌ بۆ له‌باربردنی پرۆسه‌ی سه‌ربه‌خۆیی كوردستان و دروستكردنی فیتنه‌و ئاژاوه‌یه‌كی گه‌وره‌ له‌ كوردستاندا.
له‌دوای 23ی حوزه‌یران كه‌ لای نه‌وشیروان مسته‌فا به‌شی یه‌كه‌می پیلانه‌كه‌ی به‌سه‌ر كه‌وتوویی جێبه‌جێ كرابوو، غروورییه‌كی شێتانه‌ی ئه‌وتۆ دروست بوو كه‌ بێجگه‌ له‌ به‌تۆمه‌ت به‌شینه‌وه‌ و په‌ره‌پێدانی كه‌لتووری جنێودان و یه‌كتری سڕینه‌وه‌، گوێی له‌ هیچ شتێكی دیكه‌ نه‌ده‌گرت، به‌ڵام له‌به‌رامبه‌ردا له‌دوای ئه‌و به‌رواره‌وه‌ هه‌تا 19ی ئابی 2015، لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان و هاوپه‌یمانان و نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان زیاتر له‌مه‌ترسی ئه‌م پیلانه‌ تێده‌گه‌یشتن، هه‌ربۆیه‌ له‌كاتێكدا نه‌وشیروان سه‌رمه‌ستی ئه‌وه‌ بوو به‌شێكی پیلانه‌كه‌ی به‌سه‌ركه‌وتوویی جێبه‌جێكراوه‌، به‌ڵام له‌وه‌ بێ ئاگا بوو كه‌ به‌شی دووه‌می پیلانه‌كه‌ی كه‌ ته‌واوكردنی كوده‌تاكه‌یه‌تی به‌ته‌واوه‌تی لای هاوپه‌یمانان و نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان و به‌شێكی حزبه‌ سیاسییه‌كانی كوردستان ئاشكرابووه‌، بۆیه‌ دیسان به‌هه‌مان ریتم و ره‌فتاری پێش 23ی حوزه‌یران به‌ دوو شێوه‌ كاری له‌سه‌ر پیلانه‌كه‌ی ده‌كرد، له‌سه‌ر ئاستی قسه‌كردن له‌گه‌ڵ حزبه‌كان به‌و شیوه‌یه‌ قسه‌ی ده‌كرد كه‌ ئه‌م پرسه‌ به‌ دیالۆگ چاره‌سه‌ر ده‌كرێت، به‌ نهێنیش كاری بۆ ئه‌وه‌ ده‌كرد، چۆن رۆژی 23ی حوزه‌یران به‌ زۆرینه‌ی په‌رله‌مان به‌شی یه‌كه‌می پیلانه‌كه‌ی جێبه‌جێ كرد، له‌ 19ی ئابیش به‌شه‌كه‌ی دیكه‌ی جێبه‌جێ بكات، به‌ڵام به‌ یه‌ك دوو رۆژ پێش 19ی ئاب، ئه‌مریكا و به‌ریتانیاو نوێنه‌ری نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان به‌هه‌موو قورسایی خۆیان هاتنه‌ ناو پرۆسه‌كه‌و هه‌وڵیاندا هاوكاری لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی كوردستان بكه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی رێگه‌ له‌وه‌ بگرن فیتنه‌و ئاژاوه‌ له‌كوردستان دروست بێت، بۆ ئه‌مه‌ش به‌ ئاماده‌بوونی نوێنه‌رانی ئه‌مریكا و نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان و به‌ریتانیا هه‌ر پێنج لایه‌نه‌ سیاسییه‌كه‌ بۆ ماوه‌ی 19 كاتژمێر كۆبوونه‌وه‌یان كرد بۆ ئه‌وه‌ی رۆژی 19ی ئاب په‌رله‌مان ئه‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌ دوابخات، به‌ڵام نه‌وشیروان مسته‌فا غروورییه‌كه‌ی گه‌یشتبووه‌ ئه‌و ئاسته‌ی ئه‌و فرسه‌ته‌ی بۆ هاتۆته‌پێشه‌وه‌ له‌ده‌ستی نه‌دات و كوده‌تاكه‌ی به‌سه‌ر پارتیدا ته‌واو بكات، هه‌ربۆیه‌ كاتێك له‌ رۆژی 19ی ئاب یوسف محه‌مه‌د كه‌ پێداگیری كرد له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی هه‌ر ده‌بێت په‌رله‌مان كۆبوونه‌وه‌ی خۆی بكات، ئه‌وه‌ بوو نیسابی یاسایی ته‌واو نه‌بوو، به‌مه‌ش به‌شی دووه‌می پیلانه‌كه‌ی نه‌وشیروان مسته‌فا شكستی هێنا و كوردستان پێی نایه‌ قۆناغێكی دیكه‌وه‌.
Top