شه‌ڕی به‌وه‌كاله‌ت .. دژی سه‌ربه‌خۆیی كوردستان

شه‌ڕی به‌وه‌كاله‌ت .. دژی سه‌ربه‌خۆیی كوردستان
ئه‌وانه‌ی به‌ عه‌قڵی كۆن سیاسه‌ت ده‌كه‌ن، نه‌یانتوانی خۆیان بكه‌نه‌ یاوه‌ری بارزانی و به‌شێك بن له‌ نه‌خشه‌ڕێگه‌ تازه‌كه‌ بۆ سه‌ربه‌خۆیی كوردستان، دوای ئه‌وه‌شی ئاستی پێشوازی و زمانی تازه‌ی قسه‌كردنی نێوان به‌غدا و كوردستانیان بینی، دیسان گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ ئه‌و زمانه‌ كۆنه‌ی ماوه‌یه‌ك پێش ئێستا سه‌ری ره‌زامه‌ندییان بۆ قسه‌كانی نوری مالیكی ده‌له‌قاند، سه‌باره‌ت به‌و ئه‌قڵییه‌ته‌كۆنه‌، په‌رله‌مانتارێكی كۆمه‌ڵی ئیسلامی كه‌ بڕیارده‌ری لیژنه‌ی داراییه‌ له‌په‌رله‌مانی عێراق به‌جۆرێك سه‌ری له‌خۆی تێكدابوو، به‌شاندی كوردستانی ده‌گوت شاندی پارتی دیموكراتی كوردستان، خواهه‌ڵناگرێت بێژه‌ره‌كه‌ی ته‌له‌فزیونه‌كه‌ی كۆمه‌ڵ هه‌وڵیدا تێیبگه‌یه‌نێت ئه‌و شانده‌ شاندی كوردستانه‌و كۆمه‌ڵێك حزب له‌خۆی ده‌گرێت، به‌ڵام په‌رله‌مانتاره‌كه‌ی كۆمه‌ڵ له‌بری ئه‌وه‌ی داوای لێبوردن بكات و هه‌ڵه‌كه‌ی راستبكاته‌وه‌، گوتی: ئه‌مه‌ شاندی پارتی دیموكراتی كورستانه‌و ئه‌و حزبانه‌ی دیكه‌ له‌به‌ر خاتری كاك مسعود بارزانی له‌گه‌ڵی هاتوون، تائێره‌ قسه‌كانی ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ی كۆمه‌ڵ وه‌ك "عوزر له‌ قه‌باحه‌ت خراپتره‌"بوو، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌گه‌ر ئه‌و حزبانه‌ی كوردستان له‌به‌ر خاتری كاك مسعود بارزانی چووبوون بۆ به‌غدا، ئه‌مه‌ هه‌م شانازییه‌ بۆ ئه‌و حزبانه‌و هه‌م شانازیشه‌ بۆ سه‌رۆك بارزانی و پارتی، به‌ڵام له‌دوای ئه‌م وه‌ڵامه‌ی گوتی: ئه‌مریكیه‌كانیش به‌ كاك مسعود بارزانی -یان گوتووه‌، تۆ سه‌ردانی هه‌موو پایته‌خته‌كانی جیهان ده‌كه‌یت بۆ سه‌ردانی به‌غدای پایته‌ختی عێراق ناكه‌یت كه‌ له‌هه‌مووان بۆ تۆ گرنگتره‌، دیاره‌ ئه‌م قسانه‌شی جۆرێك سه‌رلێشێواوی پێوه‌ دیاره‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌مریكا ئه‌گه‌ر به‌ سه‌رۆك بارزانی گوتبێ گرنگه‌ چۆن سه‌ردانی پایته‌خته‌كانی دیكه‌ی جیهان ده‌كه‌یت، ئه‌وا سه‌ردانی به‌غدای پایته‌ختی عێراق بكه‌یت، ئه‌مه‌ مانای ئه‌وه‌یه‌ ئه‌مریكا وه‌ك سه‌رۆكی ده‌وڵه‌ت، نه‌ك سه‌رۆك حزب ئه‌و پێشنیاره‌ی داوه‌ته‌ سه‌رۆك بارزانی، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی بارزانی سه‌ردانی هه‌ر پایته‌ختێكی كردبێت، وه‌ك سه‌رۆكی ده‌وڵه‌ت پێشوازی لێكراوه‌، نه‌ك وه‌ك سه‌رۆكی هه‌رمێكی فیدڕاڵی، ئێ باشه‌ ئه‌مه‌ش جێگه‌ی شانازییه‌ بۆ كوردستان كه‌ سه‌رۆكه‌كه‌ی وه‌ك سه‌رۆكی ده‌وڵه‌ت سه‌ردانی به‌غدای پایته‌ختی عێراق بكات. به‌هه‌رحاڵ پێده‌چێ ئه‌میری كۆمه‌ڵ و میدیای كۆمه‌ڵی ئیسلامی زوو هه‌ستیان به‌وه‌ كردبێت كه‌ نه‌بوون به‌یاوه‌ری شاندی بارزانی دواكه‌وتنه‌ له‌كاروانی سیاسی له‌ كوردستاندا، به‌ڵام ئه‌وه‌ی مایه‌ی گاڵته‌جاری و پێكه‌نینه‌، ئیفلاسی سیاسی بزووتنه‌وه‌ مودێرنه‌كه‌ی گۆڕانه‌، كه‌ هیچی به‌ده‌سته‌وه‌ نه‌مابوو، په‌رله‌مانتاره‌كانیان كاوێژی قسه‌كانی مالیكی و هه‌وادارنی مالیكی-یان ده‌كرده‌ووه‌، یان ته‌له‌فزیۆنه‌كه‌یان KNN زۆر بێباك و بێشه‌رمانه‌ ئه‌و تویت و پۆستانه‌ی بڵاوده‌كرده‌وه‌ كه‌ ئه‌ندامانی ده‌عوای مالیكی له‌ فه‌یسبووك و تویته‌ر بڵاویان ده‌كرده‌وه‌، له‌مه‌ش زیاتر په‌رله‌مانتارێكی گۆڕان كه‌ جار جاره‌ خۆی به‌ موفه‌كیری بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان له‌قه‌ڵه‌م ده‌دات و به‌حیساب شرۆڤه‌ی سیاسی ده‌كرد، به‌عه‌قڵی كۆن باسی لامه‌ركه‌زیه‌تی پارێزگانی ده‌كردو هه‌وڵیده‌دا زمانه‌ تاكتیكییه‌كه‌ی عه‌بادی كه‌ باسی پێدانی لامه‌ركه‌زیه‌تی زیاتر به‌ پارێزگاكان و پشتگیری سه‌قامگیری هه‌رێمی كوردستانی ده‌كرد، به‌ئه‌نقه‌ست تێكه‌ڵاو بكات و بۆ شاردنه‌وه‌ی ئه‌و شكسته‌ سیاسییه‌ گه‌وره‌یه‌ی به‌سه‌ر خۆی و بزووتنه‌وه‌كه‌ی هاتووه‌، بڵاویكردبووه‌، "له‌م سه‌ردانه‌دا ئاستی هه‌رێم هاته‌وه‌ ریزی پارێزگاكانی عێراق."
به‌ هه‌رحاڵ ئه‌وه‌ی له‌م شاندی كوردستان به‌ سه‌رۆكایه‌تی سه‌رۆك بارزانی بۆ دۆست و دوژمن ده‌ركه‌وت، ئه‌وه‌یه‌ كه‌ لای سه‌رۆك بارزانی پرۆسه‌ی سه‌ربه‌خۆیی كوردستان پێوه‌ندی به‌ هه‌موو لایه‌نه‌كانی كوردستانه‌وه‌ هه‌یه‌و كێشه‌و ململانێ ناوخۆییه‌كان له‌وه‌ بچووكترن كه‌ له‌ پرسێكی ئاوا گه‌وره‌دا هیچ لایه‌نێك فه‌رامۆش بكرێت، هه‌ر ئه‌مه‌ش سیماو ره‌نگدانه‌وه‌ی سه‌ردانه‌ سه‌ركه‌تووه‌كه‌ی شاندی كوردستان بوو، به‌ڵام ئه‌و دوولایه‌نه‌ی كه‌ نه‌یانتوانی به‌سه‌ر باری ده‌روونی خۆیاندا زاڵ ببن و كۆتایی به‌ رق و كینه‌ بێنن، پێش هه‌موو شت له‌وه‌ خافڵگیر بوون، مانا و مه‌به‌ستی ئه‌م سه‌ردانه‌ چییه‌، ده‌یانویست ته‌نیا بۆ دژایه‌تی ده‌وڵه‌تی كوردستان گره‌و له‌سه‌ر هه‌موو ئه‌سپێكی دۆڕاو بكه‌ن، به‌ڵام ئێستا كه‌ ده‌بینین ئه‌م سه‌ردانه‌ سه‌ره‌تای شێوازێكی نوێی پێوه‌ندییه‌ له‌گه‌ڵ به‌غداو هه‌نگاوی جددییه‌ بۆ سه‌ربه‌خۆیی كوردستان و هه‌موو لایه‌كیش له‌م پرۆسه‌یه‌دا سه‌ركه‌وتوون، ئه‌وا یان ده‌بێت به‌ خۆدا بچنه‌وه‌، یان ده‌بێت وه‌ك گۆڕان له‌سه‌ر عینادی خۆیان به‌رده‌وام بن تا به‌ته‌واوی ده‌كه‌ونه‌ په‌راوێزی سیاسه‌ت و پرۆسه‌ی سیاسی له‌ كوردستاندا.
Top