رێكخستنەوەی عێراق لەسەر شێوازی یەكێتی ئەورپا، له دابه‌شكردنی نه‌رمه‌وه بۆ یەكلایكردنەوەی دابەشكردن
October 2, 2016
وتار و بیروڕا
به‌ڵام له‌ساڵی 2006 شه‌ڕی مه‌زهه‌بگه‌رایی نێوان شیعه و سوننه گه‌یشته ئاستێكی خوێناویی ئه‌وتۆ كه باڵیۆز پیته‌ر گالبرێس كتێبیكی به‌ناونیشانی كۆتایی عێراق (The end of Iraq) بڵاوكرده‌وه، گالبرێس له‌م كتێبه‌دا ئاماژه‌ی به كوشتنی خاتوو ئه‌توار به‌هجه‌تی كه‌ناڵی ئه‌لعربیه كردووه كه باوكی سوننه‌یه و دایكی شیعه‌یه و له‌لایه‌ن كۆمه‌ڵێك چه‌كداره‌وه رفێندراوه و پاش ئه‌وه‌ی هه‌تكیان كردووه، ئه‌وجا كوشتوویانه، ئه‌م نموونه‌یه‌ی گالبرێس بۆ كۆتاییهاتنی عێراق له ساڵی 2006 ئاماژه‌ی پێكردووه، مانای ئه‌وه‌یه هه‌تا ئه‌گه‌ر په‌روه‌ردگار عه‌ره‌بی شیعه و سوننه له‌ناو یه‌ك مرۆڤیش‌دا تێكه‌ڵاو بكات، ئه‌وا شیعه‌و سونه‌ی عێراق دژی ئیراده‌ی په‌روه‌ردگاریش رادهوهستنهوهو ئه‌م تیكهڵاوییه قبووڵ ناكه‌ن وته‌نیا رێگه ئه‌وه‌یه كه هه‌موو لایه‌ك دان به كۆتایهاتنی عێراقدا بنێن.
هه‌ر له‌م ساڵه‌دا وه‌ك هه‌وڵێكی هاوبه‌ش له‌نێوان گۆڤاری فۆرین پۆلیسی و سندوقی ئاشتی كه ساڵانه به هاوبه‌شی ئاماری ده‌وڵه‌ته فاشیله‌كانی عێراق بڵاو ده‌كه‌نه‌وه، له‌ساڵی 2006 عێراقیان وه‌ك یه‌كێك له ده‌وڵه‌ته هه‌ره فاشیله‌كانی جیهان پۆلێن كردبوو، بۆ چاره‌سه‌ركردنی ئه‌م ده‌وڵه‌ته فاشیله و دووباره بونیادنانه‌وه‌ی وه‌ك ده‌وڵه‌تێكی هاوچه‌رخ و به له‌به‌رچاوگرتنی سیاسه‌تی ئه‌مریكا به‌رامبه‌ر به عێراق كه جه‌ختی له‌سه‌ر عێراقێكی یه‌كپارچه و یه‌كگرتوو ده‌كرده‌وه، رێكخراوی سندوقی ئاشتی به هاوكاری گۆڤاری فۆرین پۆلیسی دیراسه‌تێكی 148 لاپه‌ڕه‌یان به ناونیشانی (رێگه‌چاره: یه‌كێتی ده‌وڵه‌ته‌كانی عێراقه- A Way Out: The Union of Iraqi States) ، ئه‌م توێژینه‌وه‌ی سندوقی ئاشتی كه له‌هه‌مان رێگه‌چاره‌ی لیسلی گلپ بۆ دابه‌شكردنی عێراق سه‌رچاوه ده‌گرێت و جۆزیف بایدن كردبووی به دابه‌شكردنی نه‌رم، ئه‌م دیراسه‌ته جه‌ختی له‌سه‌ر ئه‌وه كردۆته‌وه، ئێستا له‌سه‌ر ئه‌رزی واقیع له عێراقدا دابه‌شبوونه‌كه دروست بووه، بۆیه گرنگه بیرله‌وه بكه‌ینه‌وه چۆن مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ دابه‌شكردنه‌كه (Managed Partition) بكرێت، دیاره سندوقی ئاشتی جیهانی له شێوازی مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ دابه‌شبوونی كرده‌یی له عێراقدا ، پێشنیاری ئه‌وه‌ی كردبوو به‌شێوازی یه‌كێتی ئه‌وروپا، یه‌كێتی ده‌وڵه‌ته‌كانی عێراق دابمه‌زرێت، سێ ده‌وڵه‌ت به سه‌روه‌ریی ته‌واویانه‌وه له‌ناو عێراقدا له چوارچێوه‌ی یه‌كێتی عێراقدا دروست بكرێت، ئه‌م سێ ده‌وڵه‌ته له‌رووی سیاسییه‌وه سه‌ربه‌خۆیی ته‌واویان ده‌بێت، به‌ڵام له‌نێوان ئه‌م سێ ده‌وڵه‌ته‌دا پێوه‌ندییه‌كی ئابووری كۆیان ده‌كاته‌وه، مه‌سه‌له‌ی نه‌وت و داهاته‌كه‌شی به دیالۆگ له‌نێوان هه‌رسێ ده‌وڵه‌ت و به‌هاندان و پشتگیری نیوده‌وڵه‌تی چاره‌سه‌ر ده‌كرێت.
ئه‌م دێراسهته هاوبه‌شه‌ی سندوقی ئاشتی و گۆڤاری فۆرین پۆلیسی كه چۆنیه‌تی مامه‌ڵه‌كردنی له‌گه‌ڵ دابه‌شبوونی عێراقی پێشنیار كردووه، له‌بری ئه‌و دابه‌شبوونه نه‌رمه‌ی جۆزیف بایدن داوای ده‌كرد، قۆناخێكی پێشكه‌وتووتری ئه‌و چاره‌سه‌ری دابه‌شبوونه‌یه كه لیسلی گلپ له ساڵی 2003 پێشنیاری كرد، ئه‌وجا هه‌روه‌ك چۆن له ساڵی 2003 بۆ 2006 ئیداره‌ی ئه‌مریكی نه‌گه‌یشته ئه‌و قه‌ناعه‌ته‌ی كه دروستكردنی سێ هه‌رێمی فیدڕاڵی وه‌ك دابه‌شبوونێكی نه‌رم له چوارچێوه‌ی ده‌وڵه‌تی عێراق ته‌نیا چاره‌سه‌ره، ئه‌وا دوای بڵاوبوونه‌وه‌ی راپۆرته‌كه‌ی سندوقی ئاشتی-یش بۆ مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ دابه‌شبوونی كرده‌یی عێراق، سه‌رۆك بوش بڕیاری زیادكردنی به‌په‌له‌ی هێز (Surge) و دروستكردنی هێزی سه‌حوه‌ی بۆ عه‌ره‌بی سوننه كرد، له‌م پرۆسه‌یه‌دا هێزی سه‌حوه‌ی عه‌ره‌بی سوننه به هاوكاری هێزه‌كانی ئه‌مریكا توانییان رێكخراوی قاعیده لقی عێراق له ئه‌نبار تێكبشكێنن.
ئه‌گه‌ر سه‌رنج له شێوازی چاره‌سه‌ره‌كه‌ی سه‌رۆك جۆرج ده‌بلیو بۆش بده‌ین، راسته ئه‌م شێوازه بووه هۆكاری ئه‌وه‌ی رێكخراوی قاعیده لقی عێراق له عێراقدا تێكبشكێندرێت، به‌ڵام نه‌بووه هۆكاری ئه‌وه‌ی له چوارچێوه‌ی رێككه‌وتنی باری هێزه‌كانی ئه‌مریكا له عێراقدا (SOFA)، خشته‌یه‌كی زه‌مه‌نی بۆ كه‌مكردنه‌وه‌و كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی ئه‌مریكا دابنرێت، سه‌رۆك بۆش دوای سه‌ركه‌وتنی ستراتیژیه‌تی ناردنی به‌په‌له‌ی هێز و دروستكردنی هێزه‌كانی سه‌حوه‌ی عه‌ره‌بی سوننه، گه‌یشته ئه‌و قه‌ناعه‌ته‌ی كه ده‌توانێت رێككه‌وتنی سۆفا ئیمزا بكات و دوای ئه‌و رێككه‌وتنه‌ش ده‌توانێت هێزه‌كانی ئه‌مریكا هه‌نگاو به‌هه‌نگاو تا كۆتایی 2011 بكێشێته‌وه، به‌ڵام هه‌ر له‌گه‌ڵ كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی ئه‌مریكا له‌سه‌رده‌می ئیداره‌ی ئۆباما له عێراق، نوری مالیكی سه‌رۆك وه‌زیرانی ئه‌وكاتی عێراق له‌بری ئه‌وه‌ی هێزه‌كانی سه‌حوه له‌چوارچێوه‌ی هێزه‌كانی پۆلیس و ئاسایشی عێراق رێكبخات، كه‌چی هێزه‌كانی سه‌حوه‌ی هه‌ڵوه‌شانده‌وه‌و زیاد له‌مه‌ش له‌چوارچێوه‌ی سیاسه‌تێكی مه‌زهه‌بگه‌رایی شیعه‌ی دیكتاتۆری هه‌وڵیدا تۆڵه‌ی رقی 1400 ساڵی نێوان شیعه و سوننه، له‌عه‌ره‌بی سوننه‌ی عێراق بكاته‌وه، هه‌ر ئه‌م سیاسه‌ته نه‌فام و دیكتاتۆرییهش وایكرد كه رێكخراوێكی دڕنده‌تر و ترسناكتر له رێكخراوی قاعیده‌ی لقی عێراق دروست بێت، ئه‌ویش داعش بوو كه له‌ماوه‌ی شه‌ش مانگی دوای راگه‌یاندنیدا موسڵی داگیركرد و خه‌لافه‌تی ئیسلامی له عێراق و سووریا راگه‌یاند و هه‌تا ئێستا ئه‌م خه‌لافه‌ته ئیسلامییه‌ی داعش موسڵ و ره‌قه‌ی له‌به‌رده‌سته و وه‌ك خۆی ماوه‌ته‌وه.
كه‌واته له ئێستادا كه باس له رووخانی خه‌لافه‌تی ئیسلامی داعش و ئازادكردنه‌وه‌ی موسڵ ده‌كرێت، ئامانجی هه‌ره سه‌ره‌كی ئه‌وه‌یه عێراقی دوای داعش چۆن رێكده‌خرێته‌وه و چۆن ده‌توانرێت له‌ناو عێراقدا هه‌رسێ پێكهاته‌ی سه‌ره‌كی (كورد و شیعه و سوننه) شێوازیكی پێكه‌وه‌ژیان له نێوانیاندا بێته‌ئاراوه، ئه‌وا بارودۆخی عێراقی دوای داعش فه‌رزی كردووه كه ئه‌مریكا و هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی و ته‌نانه‌ت نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كانیشی ناچاركردووه، چۆن مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ واقیعی دابه‌شبوونی ئێستای عێراق ده‌كه‌ن، ئه‌م قه‌ناعه‌ته ناچارییهش له‌وه‌وه سه‌رچاوه‌ی گرتووه، كه جارێكی دیكه عێراق یه‌كپارچه نابێت، ئه‌گه‌ر میكانیزمێك نه‌دۆزنه‌وه به‌وه‌ی چۆن به وردی و هه‌ستیاری مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ دابه‌شبوونی ئه‌رزی واقیعی عێراق بكه‌ن، دابه‌شبوونێك كه سنووری ئێستای عێراق وه‌ك خۆی بهێڵێته‌وه، به‌ڵام فیدڕاڵیزم به‌مانای (یه‌كێتی نیوان هه‌رێمه‌كان) بگۆڕێت بۆ یه‌كێتی نێوان ئه‌و ده‌وڵه‌تانه‌ی له عێراقدا دروست ده‌بن.