ئەركی حزب لە قۆناخی گوازراوەییدا
September 26, 2016
وتار و بیروڕا
سەرەڕای هەندێ جیاوازی لە وردەكاری و ئاستی ئەو گۆڕانكارییە سیاسی و ئابووری و كۆمەڵایەتییانەی لەو دوو دۆخەدا لە هەرێمدا روویانداوە، بەتایبەتیش ئەوانەیان كە پەیوەندییان بە ئارامی و ئۆقرەیی سیاسی و گەشەكردنی ئابوورییەوە هەبووە، وەلێ ئەم دوو دۆخە هەردووكیان خەسڵەتەكانی (كۆمەڵگای گوازراوە)یان هەیە. هەڵبەت ئەم گواستنەوەیە كێشە و ململانێی لێدەكەوێتەوە، چونكە بۆ كۆمەڵگای گوازراوە سەختە سەبارەت بە دیاردە و گرفتە تایبەتەكانی خۆی، شێوازی جێبەجێكراو و پراكتیزەكراو لە كۆمەڵگای دیكەوە بهێنێت و لەناو خۆیدا جێبەجێی بكات، هاوكات خۆیشی هێشتا نەگەیشتۆتە ئەوەی نموونەیەكی هاوسەنگی تایبەتی خۆی داهێنێت.
كۆمەڵگای گوازراوە ئاڵۆزە و رەگوڕیشەی ململانێ تێیدا هەمە لایەن و پەلهاویشتووە. بەم حاڵە، ئەم كۆمەڵگایانە وەكوو بڵێی بە قۆناغی خۆئامادەكردندا تێدەپەڕن. حاڵیان وەكوو حاڵی ئۆركسترایە لە قۆناغی خۆئامادەكردندا، ئەو كاتەی مایسترۆ، كە كاری ئاسایی ئەو هەماهەنگی نێوان ژەنینی هەر ئەندامێكی گروپەكەیە، هێشتا رۆڵێكی روونی نییە. بۆیە لە نەبوونی رۆڵی مایسترۆدا هەر ژەنیارێك كۆپلەكەی خۆی لە موزیكەكە دەژەنێ بێ ئەوەی گوێبداتە ئەوەی ژەنیارەكانی دیكە چی دەژەنن. دەرەنجام گوێمان لە دەنگ و ئاوازی پەرتەوەبووی ناجۆر و نارێك دەبێ.
حزب، بۆ كۆمەڵگای گوزراوە رۆڵی ئەو مایسترۆیە دەبینن كە هاوئاهەنگی نێوانی ژەنیارەكان لە كایەكانی سیاسی و ئابووری و كۆمەڵایەتی و كلتووریدا رێكدەخەن و بەدی دەهێنن.
هاوكات حزب خۆیشییان دەبێ خۆیان بۆ ئەم قۆناغە بونیات بنێنەوە. واتە وەكوو چۆن رۆڵیان لە پرۆسەی بونیادنانی نەتەوە و ژێرخانی وڵاتدا هەیە كە دوو كۆڵەگەی كامڵبوونی دیموكراتی و دامەزراندنی حكومڕانی باشن، ئاواش وەك هەر بەشێكی دیكەی كۆمەڵگە پێویستیان بە بونیاتنانەوەی خۆیشیان هەیە، دەنا دەبنە مایەی ئاشووب و گێرەشێوێنی و كۆسپ لەبەردەم هەموو پێشكەوتن و گۆڕانكارییەكدا و كۆی پرۆسەی گەشەكردنی سیاسی و ئابووری و كۆمەڵایەتی دوادەخەن و دیموكراسی عەیبدار دەكەن. لەوەیش مەترسیدارتر ئەوەیە كە دەبنە هەڕەشە بۆسەر دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆ لە كۆمەڵگاكانی بەر لە دەوڵەتبوون. هەر بۆیە حزب لە قۆناغی گوازراوەییدا و لە وڵاتانی پەرەئەستێندا بەتایبەتیش لە كۆمەڵگای وەكوو ئێمە، كە كۆمەڵگای بەر لە دەوڵەتین و خەبات دەكەین بۆ دروستكردنی دەوڵەت، هەم پێویستە حزب خۆیان ژێرخانێكی پتەو بۆخۆیان دروست بكەن، هەمیش رۆڵیان هەبێت لە پرۆسەی بونیتنانی دیموكراسی و سەرخستنی پرۆسەی گەشەكردندا. جا لەبەرئەوەی لە قۆناغی گوازراوەییدا كێشە و ململانێ و كۆسپەكان زۆرن و ئەزموونی ئیدارەدانی ئەو ململانێیانە و تواناكانی بەردەست كەمن، بۆیە دەبێت ئەركی سەرەكی حزب هەوڵدان بێت بۆ بەشداری زیاتری خەڵك بۆ ئەوەی هاووڵاتی ئاسایی خۆی ببێتە بەشێك لەسەرچاوەی دروستكردنی پێویستیی و تواناكانی تەواوكردنی قۆناغی گوازراوەیی و بونیاتنانی دەوڵەت. بە واتایەكی دیكە پێویستە حزب هاوڵاتییان فێری كاری بەكۆمەڵ بكەن بۆ چارەسەركردنی كێشەكان و دۆزینەوەی رێگەچارەی هاوبەش بۆ تێپەڕاندنی ئەو تەحددیانەی لەو قۆناغەدا دێنە ڕێیان. كەواتە حزب هەم بەشدار دەبن لە بونیاتنانی ژینگەی پێكەوە كاركردن و یەكتر قبوڵ كردن و ململانێكردن لە رێی سندوقی دەنگدان و لەناو دامەزراوەكاندا. لە هەمانكاتدا رۆڵیشیان دەبێت لە پاراستنی ئۆقرەیی سیاسی و ئازادی و رەوتی گەشەكردن كە تەواوكاری قۆناغی گوازراوەیین و لە دەوڵەتی سەربەخۆدا پایەدار دەبن.
لە هەرێمی كوردستاندا، هیچ زیادەڕۆیی نیە كە بگووترێ جگە لە پارتی دیموكراتی كوردستان هیچ كام لە حزبەكانی دیكە لەم قۆناغە و ئەركی حزب لەم قۆناغە تێنەگەیشتوون و زۆر خراپیش مامەڵە لەگەڵ پێدراوەكانی دەكەن و بەرپرسیارێتی هیچ كام لە لێكەوتەكانیشی هەڵناگرن. لەوەیش مەترسیدارتر ئەوەیە كە هاوڵاتیانیش بە پێچەوانەی حەتمییەتی رەوتی بەرەو دامەزراندنی دەوڵەت هان دەدەن. ئەوە كرۆكی ئەو گێچەڵكاری و ئاشووبەیە كە چەند ساڵێكە بەرۆكی ژیانی سیاسی و كۆی كۆمەڵگای گرتووە و ناهێڵێ بە ئاسوودەیی پێشبكەوێ.
ئەم حزبانە جگە لەوەی لە قۆناغەكە و ئەركەكانی و پێداویستییە سیاسییەكانی تێنەگەیشتوون، لەوەش تێنەگەیشتوون كە پارتی دیموكراتی كوردستان مامەڵە لەگەڵ پێدراوەكانی قۆناغەكە و كامڵبوونی مەرجە بابەتییەكان بۆ سەربەخۆیی دەكات، بۆیە بە تەنیایش بێ پشت بە گەلی كوردستان دەبەستێ و قۆناغەكە تێدەپەڕێنێ و چاوەڕێی ئەوە ناكات داخوا ئەوانی تر تێدەگەن و بەشداری دەكەن یان نا.