تۆبەی داركونكەرە و یاداشتە یەك لەدوا یەكەكانی هەندێك لە پەرلەمانتارانی كوردستان
September 25, 2016
وتار و بیروڕا
ئەم خەسڵەتەی داركونكەرە بۆتە پیشەی هەندێك لە پەرلەمانتارانی كوردستان، ئەوانیش بە شەو تۆبە دەكەن كە چیتر پەنا بۆ بڵاوكردنەوەی یاداشتنامە نەبەن، لەبەر ئەوەی خۆیان پێش هەر كەسێكی دیكە زۆر باش دەزانن ئەو جۆرە یاداشتنامانە نە دەخوێندرێنەوە و نە كەس هەیە جێبەجێیان بكات و، تەنانەت هیچ گوشارێكیش دروست ناكات، بەپێچەوانەوە دەركردن و بڵاوكردنەوەی ئەم جۆرە یاداشتانە رەنگدانەوەیەكی نەرێنی لەسەر هەست و دەروونی خەڵك دروست دەكات و دەبێتە هۆكاری ئەوەی زیاتر پەرلەمان ریسوا بكەن!
پرسیار لێرەدا ئەوەیە، بۆچی هەندێك لەو پەرلەمانتارانە جار لەدوای جار هەوڵی بێسوود دەخەنەگەڕ و خۆیان سەرقاڵ دەكەن بەدەركردنی یاداشتنامە و بانگهێشتەی بێ سەروبەر؟ لەكاتێكدا ئەوان پێش هەموو كەسێكی دیكە ئەو راستییە باش دەزانن كە خەڵكی كوردستان بڕوای بەو جۆرە یاداشت و بانگهێشتنامانە نەماوە و لەمەش زیاتر خەڵكی كوردستان هۆشیارە و دەزانێت ئەو پەرلەمانتارانە ناتوانن بەوجۆرە رەفتارانەیان و بەو یاداشتنامانەی دەریدەكەن، هیچ گوشارێك دروست بكەن، ئەمەش لەبەر ئەوەیە خەڵكی كوردستان باش دەزانێت ئەو كێشە و قەیرانانەی ئێستا لە كوردستاندا بوونیان هەیە، بە تەنیا كێشەی حزبێك، یان لایەنێكی سیاسی نییە، بەڵكو ئەمە كێشەیەكی گشتگیرە و هەموو لایەنەكان تیایدا بەشێكی ئەو كێشەیەیان دەكەوێتە ئەستۆ، راشكاوانەتر خەڵك ئەو راستییانەی بیرنەچۆتەوە كە زۆربەی ئەم كێشە و قەیرانە سیاسییانەی ئێستا رووبەڕووی هەرێمی كوردستان بوونەتەوە، هۆكاری سەرەكی دەگەڕێتەوە بۆ خودی ئەو ئاڵۆزی و ناتەباییەی كە لەناو پەرلەماندا دروستیانكرد.
لێرەدا جارێكی دیكە جەخت لەسەر ئەوە دەكەمەوە كە میللەتی ئێمە هۆشیارە و راستییەكانی لێ چەواشە ناكرێت، بۆیە میللەت باش لە بیریەتی كە چۆن هەندێك پەرلەمانتار بەناوی پەرلەمانەوە و بۆ مەبەستی تەسكی حزبایەتی خۆیان ئاماری درۆیان لەسەر حكومەتی هەرێمی كوردستان بڵاودەكردەوە، هەروەها هەر ئەو پەرلەمانتارانە بوون كە بیروبۆچوونی تەسكی حزبایەتییان لەسەر شەقامەوە گواستەوە ناو هۆڵی پەرلەمان و، پەرلەمان لەبری ئەوەی ببێتە ناوەندێك بۆ لێكنزیككردنەوەی بیروبۆچوونە جیاوازەكان و دۆزینەوەی رێگەچارەیەك بۆ كێشە و قەیرانەكانی خەڵكی كوردستان، بەڵام هۆڵی پەرلەمانیان كردە شوێنی درۆ و بوختان و تۆمەت بەشینەوە، ئەمەش تا گەیاندیانە ئەو رادەیەی كە زۆربەی دانیشتنەكانی پەرلەمان بە رق و كینە دەستی پێدەكرد و پاشانیش بە شەڕە جنێو و قسەی سووك بەیەكتری كۆتایی پێدەهات!
ئەو پەرلەمانتارانەی رۆژانە یاداشت لەدوای یاداشت بۆ تێكدانی ئاشتی كۆمەڵایەتی و قووڵكردنەوەی برینی نێوان لایەنە سیاسییەكان دەردەكەن، دەبێت ئەو راستییانە بۆ خەڵك ئاشكرا بكەن، كە رەفتاری ئەوان بوو وایكرد پەرلەمانی كوردستان تەوافقی سیاسی هەڵبوەشێنێتەوەو بێمتمانەییەكی قووڵی لەنێوان لایەنە سیاسییەكان دروستكرد، تا گەیشتۆتە ئەو ئاستەی كە رۆژانی دوایی ئەو كاتەشی كە پەرلەمان كارابوو، كۆبوونەوەكانی خۆی دەكرد، نەیدەتوانی هیچ پرۆژە یاسایەك تێپەڕێنێت، دیارە هەر نەبوونی متمانەی نێوان لایەنە سیاسییەكانیشە كە پەرلەمان هۆكاری سەرەكییەتی و بۆتە هۆكاری ئەوەی پرۆسەی سیاسی رووبەڕووی جۆرێك لە چەقبەستوویی بۆتەوە و چارەسەری كێشەكانیشی بەرەو دەرگا داخراوەكان بردووە.
ئەوەی لەناوەڕۆكی ئەو یاداشتنامانەدا دەخوێندرێتەوە، هێندەی هەوڵی ئەوە بەدی دەكرێت كە زیاتر كێشەكان ئاڵۆزتر بن و چارەسەریان مەحاڵ بێت، هێندە هەوڵێك نین بۆ ئەوەی دەروازەیەك بۆ چارەسەركردنی كێشەكان بدۆزرێتەوە، هەربۆیە كاتێك سەرنج لە شێوازی داڕشتن و ریزبەندكردنی خاڵەكانی ئەو یاداشتنامانە دەدەین، دەبینین كۆمەڵێك مەرج ریزكراون كە هەر تاكێكی ئاسایی كوردستان دەزانێت حكومەتی هەرێمی كوردستان ناتوانێت ئەو مەرجە تەعجیزییانە جێبەجێ بكات، یان هەندێك پرس رووبەڕووی حكومەت كراونەتەوە كە لەبنەڕەتدا كاری حكومەت نییە، هەر بۆ نموونە: ئایا دانانی دەستور ئیشی پەرلەمانتار و حزبە سیاسییەكانە، یان كاری حكومەتە؟ ئایا كێ رێگربووە لەوەی لیژنەی دەستووری لە سەر كارەكانی خۆی بەردەوام بێت؟ با لە خۆیان بپرسن ئایا حكومەت هۆكارە بۆ ئەوەی ئەو لیژنەیە كارەكانی خۆی بەڕێوەنابات، یان حزبە سیاسییەكان؟ وەڵامی ئەم پرسیارانە بۆ خەڵك و رای گشتی لەكوردستان گرنگن، بۆ ئەوەی خەڵك و رای گشتی بزانن، ئایا چ هەوڵێك لە پشت ئەم هەوڵی هەندێك لە پەرلەمانتارانەوە خۆی حەشارداوە.
گومانی تێدا نییە مەبەستی شاراوەی ئەو ژمارە پەرلەمانتارە ئەوە بووە كە جۆرێكی دیكە لە ئاڵۆزیی سیاسی دروست بكەن، بۆ ئەوەی ژینگەیەكی سیاسیی ئەوتۆ بێتەئاراوە كە هەندێك لایەنی سیاسی بڕیاری ئەوە بدەن لە حكومەت بكشێنەوە، ئەمەش بەو ئومێدەی كە قەیرانە سیاسییەكان قووڵتر بكەنەوە و گوشار بخەنە سەر پارتی بۆ ئەوەی لەبەرامبەر گوشارەكانیان چۆك دابدات.
دیارە لێرەدا گرنگە ئەو خەڵكانە و ئەو پەرلەمانتارانەی بەو جۆرە بیردەكەنەوە، دڵنیایی تەواویان بدەینێ و پیێان بڵێین، ئەوەی ئێوە بیری لێدەكەنەوە، حیسابی وردی بۆ كراوە، بۆیە ئەگەر جارێكی دیكە باشتر پێداچوونەوە بە مێژووی هاوچەرخی كوردستاندا بكەنەوە، دەگەنە ئەو راستییەی كە ئەم هەوڵانەتان و هیچ هەوڵێكی دیكەی لەمجۆرەتان هیچ بەرهەم و ئاكامێكی نابێت. دەبێت بە ئاشكرا ئەو راستییە ببینن و بگەنە قەناعەت كە دەبێت حوكمڕانیی راستەقینە لە كوردستاندا بە هاوبەشی لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستاندا بكرێت، ئەمەش راستییەكە ئەوەی مەبەستی بێت بە باشی لێی تێدەگات.
*جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان