ئێستای پێش ئازادكردنه‌وه‌ی موسڵ لەرۆژانی پێش رووخاندنی رژێمی سه‌دام حوسێن ده‌چێت

ئێستای پێش ئازادكردنه‌وه‌ی موسڵ لەرۆژانی پێش رووخاندنی رژێمی سه‌دام حوسێن ده‌چێت
ئه‌و جموجۆڵه‌ دیپلۆماتییه‌ی له‌ئێستادا جارێكی دی له‌ هه‌ولێر و پیرمام چڕبۆته‌وه‌، له‌ دووباربوونه‌وه‌ی هه‌مان سیناریۆی مانگی مارتی 2003 ده‌چێت، ئه‌وكاتیش وه‌ك ئێستا هه‌ولێر و پیرمام بوونه‌ ناوه‌ندی گردبوونه‌وه‌ی هه‌موو جموجۆڵه‌ دیپلۆماتی و سیاسییه‌كان و به‌لێشاویش نێردراوی هه‌موو میدیاكانی جیهان روویان له‌ كوردستان كردبوو، رۆژانه‌ كۆنگره‌ی رۆژنامه‌وانی بۆ سه‌رۆك بارزانی گرێده‌درا و هه‌ڵوێستی بارزانی له‌سه‌ر ده‌ستپێكردنی پرۆسه‌ی ئازادكردنی عێراق و رووخانی رژێمی سه‌دام حوسێن، له‌ میدیاكاندا وه‌ك كاتژمێری سفری جه‌نگی هاوپه‌یمانان دژی رژێمی به‌عس پیشانده‌درا، به‌ڵام لێدوانه‌كانی بارزانی هێنده‌ی جه‌ختكردنه‌وه‌ بوو له‌سه‌ر عێراقی دوای سه‌دام حوسێن و به‌عس، هێنده‌ ئاماژه‌كردن نه‌بوو بۆ ده‌ستپێكی پرۆسه‌ سه‌ربازییه‌كه‌، پێداگیرییه‌كانی بارزانی له‌سه‌ر پێگه‌ و شكۆی كورد له‌ عێراقی دوای سه‌دام حوسێن، هێنده‌ له‌سه‌ر ئاستی نیشتمانی و نه‌ته‌وه‌یی توند و یه‌كلایی كه‌ره‌وه‌ بوو ، زۆر جاران به‌رپرسی پێوه‌ندییه‌كانی ئه‌وكاتی پارتی دیموكراتی كوردستان كه‌ لێدوانه‌كانی بارزانی بۆ رۆژنامه‌نووسان وه‌رده‌گێڕا بۆ زمانی ئینگلیزی، وه‌ك خۆی و به‌هه‌مان توندی و یه‌كلاییكه‌ره‌وه‌ نه‌یده‌كرد به‌ ئینگلیزی، بۆیه‌ بارزانی له‌ناو كۆنگره‌ رۆژنامه‌گه‌رییه‌كدا داوای كرد یه‌كێكی دیكه‌ له‌ جێگه‌ی ئه‌و، په‌یامه‌كانی وه‌ك خۆی به‌ زمانی ئینگلیزی بگه‌یه‌نێته‌ رای گشتی جیهان. بارزانی مه‌به‌ستی بوو به‌ رای گشتی جیهان بڵێت، ئه‌گه‌ر ئێوه‌ بۆ مه‌به‌ست و به‌رژه‌وه‌ندیی تایبه‌تی خۆتان هه‌موو پرۆسه‌ی ئازادكردنی عێراقتان له‌ دیكتاتۆریه‌تی سه‌دام حوسێندا كۆكردۆته‌وه‌، ئه‌وا كێشه‌ی سه‌ره‌كیی كوردستان ئه‌وه‌یه‌ دوای رووخاندنی دیكتاتۆریه‌تی سه‌دام حوسێن، دیكتاتۆریه‌تێكی دیكه‌ی هاوشیوه‌ی سه‌دام حوسێن دروست نه‌بێته‌وه‌. بارزانی جیا له‌وه‌ی له‌ كۆبوونه‌وه‌ تایبه‌ته‌كانی له‌گه‌ڵ شانده‌ سیاسی و دیپلۆماته‌كانی ئه‌مریكا و هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی راشكاوانه‌ جه‌ختی له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كردبۆه‌وه‌ كورد له‌ پێناوی ئازادی و سه‌ربه‌خۆیی و به‌دیهێنانی مافه‌كانی له‌ عێراقی دوای سه‌دام حوسێن به‌شداری پرۆسه‌ی ئازادكردنی عێراق ده‌كات، نه‌ك ته‌نیا له‌ پێناوی گۆڕینی ده‌موچاوی دیكتاتۆرێك به‌ ده‌موچاوی دیكتاتۆریه‌تێكی دیكه‌، به‌ڵكو كێشه‌ی كوردستان له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تی عێراقدا گۆڕینی ئه‌قڵییه‌تی حوكمڕانییه‌ له‌ عێراقدا، ئه‌قڵییه‌تێك كه‌ ده‌ستبه‌رداری فیكری شۆڤینیزم بێت و دان به‌وه‌دا بنێت كه‌ عێراق نیشتمانی هاوبه‌شی كورد و عه‌ره‌به‌. له‌م راسته‌وه‌ بارزانی زۆر مه‌به‌ستی بوو له‌ رێگه‌ی میدیاكانه‌وه‌ ئه‌م راستییانه‌ و په‌یامی راسته‌قینه‌ی كوردستان به‌ رای گشتی جیهان بگه‌یه‌نێت، بۆیه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی هه‌موو لێدوانه‌كانی به‌رپرسانی ئه‌مریكاو هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی له‌ میدیاكاندا جه‌ختكردنه‌وه‌ بوو له‌سه‌ر پرۆسه‌ سه‌ربازییه‌كه‌ بۆ رووخاندنی رژێمی به‌عس و سه‌دام حوسێن، به‌ڵام له‌به‌رامبه‌ردا لێدوانه‌كانی بارزانی بۆ میدیاكان جه‌ختكردنه‌وه‌ بوو له‌سه‌ر ئه‌و بڕیاره‌ سیاسی و ستراتیژیه‌ی له‌ پشت پرۆسه‌ سه‌ربازییه‌كه‌ هه‌بوو كه‌ ئه‌ویش ئاینده‌ی هه‌رێمی كوردستان بوو له‌ عێراقی نوێدا، پێداگیری بارزانی له‌سه‌ر مافه‌ نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانییه‌كانی كوردستان، دوای پرۆسه‌ی ئازادكردنی عێراق، په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌رێم و به‌غدای له‌سه‌ر بنه‌مایه‌كی نوێ داڕشته‌وه‌ كه‌ ئه‌ویش دانپێدانانی فه‌رمی ده‌وڵه‌تی عێراق بوو به‌ هه‌رێمی كوردستان له‌ پرۆسه‌ی ده‌ستووری عێراق له‌ ساڵی 2005. له‌ ئێستاشدا كه‌ جارێكی دیكه‌ هه‌ولێر و پیرمام بوونه‌ته‌وه‌ به‌ ناوه‌ندی قسه‌كردن له‌سه‌ر پرۆسه‌ی ئازادكردنه‌وه‌ی موسڵ و رووخانی خه‌لافه‌تی ده‌وڵه‌تی داعش، لێدوانه‌كانی بارزانی هێنده‌ی جه‌ختكردنه‌وه‌یه‌ له‌سه‌ر گه‌وهه‌ری ئه‌و بڕیاره‌ سیاسی و ستراتیژییه‌ی له‌ پشت پرۆسه‌ سه‌ربازییه‌كه‌ی ئازادكردنی موسڵه‌وه‌یه‌، هێنده‌ قسه‌كردن نییه‌ له‌سه‌ر پرۆسه‌ سه‌ربازییه‌كه‌ بۆ ئازادكردنه‌وه‌ی موسڵ. بارزانی له‌ ساڵی 2003 ئامانجی ئه‌وه‌ بوو ئه‌و ئه‌مری واقیعه‌ی له‌ كوردستاندا له‌ماوه‌ی 1991-2003 دروست بوو، به‌فه‌رمی له‌لایه‌ن هاوپه‌یمانان و ده‌وڵه‌تی عێراقه‌وه‌ دانی پێدا بنرێت، دیاره‌ له‌دوای ساڵی 2014شه‌وه‌ هه‌تا ئێستا بارودۆخێكی تازه‌ هاتۆته‌ پێشه‌وه‌ و قاره‌مانیه‌تی پێشمه‌رگه‌ واقیعێكی تازه‌ی دروستكردووه‌، كه‌ پێویسته‌ له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌و واقیعه‌ تازه‌یه‌ به‌ پله‌ی یه‌كه‌م پێوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌رێم و عێراقی دوای داعش رێكبخرێته‌وه‌ و به‌ پله‌ی دووه‌میش ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ سه‌روه‌رییانه‌ی كه‌ ئێستا كوردستان وه‌ك ئه‌مری واقیع له‌سه‌ر ئاستی پێشمه‌رگه‌ و ده‌ره‌وه‌ و دارایی پیاده‌یان ده‌كات، له‌چوارچێوه‌ی چ میكانیزمیكدا سه‌روه‌ری هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ عێراق و كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی رێكده‌خرێته‌وه‌."
Top