ئەو شۆڕشەی پشت بە دوژمن ببەستێت، ئەنجامەكەی هەر شكستە
September 24, 2016
وتار و بیروڕا
رۆژان رۆیشت و گۆڕانكاریی هاتە ئاراوە و لەژێر هەڕەشەی توركیادا بە پەلاماردانی سووریا، ئەوە بوو دەسەڵاتدارانی سووریا و بە رێگەیەكی بەرنامە بۆ داڕێژراو ئۆجەلانیان لە سووریا وەدەرناو لە فڕۆكەخانەی نایروبی لە كینیا رفاندیان و هەمووشمان گەواهی ئەوە دەدەین بە دەنگ و رەنگ بینیمان چۆن هەرەسی هێناو لە هۆڵی دادگا داوای لێبووردنی لە كەسوكاری كوژراوانی سوپای توركیا كرد و بەیەكجاری وازی لە درووشمە بریقەدارەكانی هێنا كە ماوەیەكی زۆر هەرزەكارانی پێ هەڵخەڵەتاندبوو( نا بۆ دەوڵەتی كوردی و نا بۆ فیدڕالییەت و نا بۆ ئۆتۆنۆمی) بەڵكو تەنیا بۆ دامەزراندنی كۆمارێكی دیموكراسی لە توركیاو هەر پارچەیەكی كوردستانیش تایبەتمەندیی خۆی هەیە.
لەگەڵ داگیرسانی ژیلەمۆی شۆڕشی سووریا دژی رژێمی ئەسەد و بڵاوبوونەوەی لە هەموو شارەكانی سووریادا، هاوكات رەتكردنەوەی داواكەی ئەسەد لەلایەن حزبەكانی ئەنجومەنی نیشتمانیی كورد كە چاوی پێیان بكەوێت، یەكسەر دەزگا ئەمنییەكان پاشماوەی پەكەكەیان لە حزبی تازە( پەیەدە) كۆكردەوە كە لە شێوەو ناوەڕۆكدا خاڵییە لە كوردی و كوردستانی، بەو ناوەی من پارێزەرم و یاسام خوێندووە و چەندین یاداشتی سەركدەكانی جیهانم خوێندۆتەوە لە ناواخنیاندا هەرگیز ئەو زاراوانەم نەدۆزیوەتەوە كە بە( گەلانی دیموكراسی) یان( نەتەوەی دیموكراسی) باس دەكرێت، كە لە زانستە سیاسی و ئابووری و كۆمەڵایەتییەكاندا هیچ واتا یان لێكدانەوەیەكیان بۆ نەكراوە، بۆیە سەسرە كە هەندێ خەباتگێڕ ئەگەر لە نیازپاكییانەوە بێت یان لەبەر هەر مەبەست و مەرامێك بێت ئەوەی كە روویدا یان لە سەر گۆڕەپانی رۆژاوای كوردستان روودەدات بە شۆڕشی نەتەوەیی رزگاریخواز لەقەڵەمی دەدەن.
دەزگا ئەمنییەكان هەموو پێداویستیی ماددیان پێدان هەر لە راهێنان و دابینكردنی بارەگاكانی سەر بە رژێم، دەسەڵاتی ئەوەشیان پێدان كە چۆن بیانەوێت یاریی بە چارەنووسی گەلی كورد بكەن، دیارە ئەمەش وەك كاردانەوەیكی رژێم بووە بەرامبەر هەڵوێستی نابەرپرسیارانەی ئەنجومەنی نیشتمانی، بەمەش بەشێك لە بەرپرسیارێتیی ئەو باردۆخەی ئێستایان دەكەوێتە ئەستۆ.
ئەوانە هەموو ئەو شتانەی پێیان كرابوو جێبەجێیان كرد لە بڕینی رزق و رۆزی خەڵك و دژایەتی كردنی چالاكییەكانی هێزە كوردستانییەكان و بووونە شۆڕشگێری كرێگرتە ، دوا جاریش نوێنەرانی ئەنجومەنی نیشتمانی رازی بوون بە پرەنسیبی بەنیوەكردن، پێیان وابوو پشتی وشتر دەشكێنن نەیانزانی كە ئەم رێكخراوە ( پەیەدە) وەك هموو حزبە شموولی و دیكتاتۆرییەكان وازی لە فەرهەنگی خەبات هێناوە واتا لە بەهاكانی هاوپەیمانی و بەرەی خەباتگێڕی، ئەوەشیان سەلماند كە كوشتن و رفاندن لەسەر گۆڕەپانی سووریاو توركیا و دژایەتیكردنی بزاڤی رزگاریخوازیی لە رۆژهەڵاتی كوردستان رازیكردنی رژێمی ئێرانە.
ناچمە نێو دەمەتەقێ و قسەكردنی بێ ئەنجام دەربارەی ناكۆكییان لەگەڵ سەركردایەتیی پارتی دیموكراتی كوردستان و سەرۆك بارزانی، ئەوەش لەبیر ناكەم چۆن دژایەتی ئاڵای كوردستان و هێزی پێشمەرگەیان كرد، كە هەموو جیهان شانازیی بە قارەمانێتی و قوربانیدانی پێشمەرگە دەكات، چونكە ئەوان داكۆكی لە كێشەیەكی نەتەوەیی دەكەن بێ جیاوازیی سیاسی لێرەو لەوێ، پێشمەرگە شاری كۆبانێیان رزگاركرد نەك چەكدارانی پەیەدە، ئەوان كە زۆربەیان هەڵاتن و خۆیان گەیاندە شارەكانی ئۆرفەو مێرسین، لەوەتەی ساڵی 1963 كاتێ كە حزبی بەعس دەسەڵاتی گرتەدەست گەلی كورد لە سووریا رووبەڕووی هەموو شێوازێكی چەوسانەوە بۆتەوە، هەر لە پڕۆژەی رەگەزپەرستی وەك پشتێنەی عەرەبی بە درێژایی 350 كیلۆمەتر لە سنووری سووریا و توركیا واتا لە سێگۆشەی سنووری توركیاو عێراق و سووریا تا دەگاتە ناوچەی سەری كانێ، هاوكات یاسای سەرژمێریی كە زیاتر لە 150 هەزار كوردی لە رەگەزنامەی سووری بێ بەش كرد، وێڕای بەعەرەبكردنی ناوی گوندو شارۆچكەو شوێنەوارە كوردییەكان، بە مەبەستی گۆڕانكاریی دیمۆگرافیی ناوچەی كوردی و بڕینی پەیوەندیی نەتەوەیی لە نێوان كوردی باكوورو باشووری كوردستان، بەپێی ئەو پیلانەی كە بەدناو محەمەد تەڵەب هیلال سەركردەی لقی ئەمنی سیاسی لە شەستەكانی سەدەی رابردوودا دایڕشت، سەرباری ئەو هەموو ستەمە، بەڵام گەلی كورد و پێشەنگە خەباتگێڕەكەی بەردەوام بوون لە بەریگركردن و خۆڕاگری لە بەندیخانەو زیندانەكانی رژێم، لەسەر ئەم حاڵەش هەرچی لە توانایاندا هەبوو لە یارمەتیی ماددی و مانەوی پێشكەشی هەردوو شۆڕشی ئەیلوول و گوڵانیان كردو هەزاران لاویشیان وەك چەكدار خستە ریزەكانی پەكەكەوە.
ئەو ئازارەو مەینەتییەی كە گەلی كورد لەسەر دەستی میلیشیاكانی پەیەدە چەشتیان زۆر لەوە زیاترە كە لە لایەن بەعسەوە لێیان كرا، بگرە هەر لە راوەدوونان و ئاوارەكردنی هەزاران گەنج و ناچاركردنیان بە بەسەربازكردن و بەكارهێنانیان لە شەڕەكانی تەلحەمیس و شەدادی و عێن عیسا، كە كورد هیچ بەرژەوەندییەكی لەو شەڕانەدا نەبوو، وێڕای ناچاركردنی هەزاران خێزان كە ناوچەكانیان جێ بێڵن. لێرەدا داوا لە هەموو هێزە كوردستانییەكان دەكەم بەبێ جیاوازی كە پاڵپشتیی سەرۆك بارزانی بن وەك سەركردەیەكی نەتەوەیی و پەلەبكەن لە پووچەڵكردنەوە شكست پێهێنانی ئەو پیلانە ستەمكارە كە پەیەدە بە تفەنگە بەكرێگیراوەكانیان جێبەجێی دەكات، تا رۆژئاوای كوردستان لەم دۆخە رزگاربكرێت و تەنیا بەدەستی خۆمان دەتوانین ئەم ئامانجە بێنینە دی نەك بە دەستی دوژمنان، مێژووش رەحم بە كەس ناكات بە تایبەتی ئەوانەی كە پشتگیریی تاقمە حوكمڕانەكەی رۆژئاوای كوردستان دەكەن چ بە نیازپاكی یان بە هەر بمەبەستێك بێت.
ململانێی ئێستای ئەوان لە حەسەكە دەچێتە نێو دوو خانەوە:
1- خانەی سەرەتای كۆتایی پەیوەندیی ستراتیژیی نێوانیان و نێوان رژێمی سووریا دوای ئەوەی بە هەموو دڵسۆزییەكەوە ئەو ئەركەی پێیان درابوو، جێبەجێیان كرد.
2- ئەوان پێشتر ئەو هێڵ و بازنە نەخشە بۆ كێشراوانەیان تێپەڕاند، بۆیە بۆردمانی گەڕەكەكانی حەسەكە بە فڕۆكە و ناوهێنانیان بە تیرۆریست و تاوانباركردنیان بەوەی بەشێكن لە پەكەكە كە بۆ یەكەم جارە لەوەتەی هەڵگیرسانی شۆڕشی سووریا روودەدات، ئەمەش لایەنێكی دیكەیە، هەردوو ئەگەر مەترسیدارن چونكە بە ئاراستەی نزیكبوونەوەیە لە نێوان سووریاو توركیا ئەو وتووێژانەی بە نهێنی لە جەزائیر ئەنجامدرا، لە شێوەی رێكەوتننامە شوومەكەی جەزائیر كە لە نێوان شای ئێران و سەدام حوسێن واژۆكرا، ئایا پەیەدە لە هەمبەر ئەو رووداوانە هەر وا خۆی گێل و نەزان دەكات و بیر لە مەترسییەكان ناكاتەوە؟ .
* سياسەتوانی كوردی رۆژئاوا
======================================================