كاتێك حزبەكان لەبەرپرسیاریەتی هەڵدێن دەبێت وەك دەوڵەت مامەڵە لەگەڵ قەیرانەكان بكرێت

كاتێك حزبەكان لەبەرپرسیاریەتی هەڵدێن دەبێت وەك دەوڵەت مامەڵە لەگەڵ قەیرانەكان بكرێت
ته‌نیا هۆكارێك كه‌ هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستانی به‌ یه‌كڕیزی و یه‌كهه‌ڵوێستی هێشتۆته‌وه‌، ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئه‌و بیروبۆچوونه‌ ئاژاوه‌گێڕییه‌ی له‌ناو فه‌زای راگه‌یاندنی حزبه‌ سیاسییه‌كاندا بوونی هه‌یه‌ و هه‌موو شتێكی له‌ خه‌ڵك ئاوه‌ژوو كردۆته‌وه‌، سوپاس بۆ خوا هه‌تا ئێستا شتی وا له‌ناو هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستاندا بوونی نییه‌، هه‌ربۆیه‌ لەگەڵ ئەوەی ئه‌و قه‌یرانه‌ گه‌ورانه‌ی له‌ناو هێزی پێشمه‌رگه‌ وه‌ك (نه‌بوونی شاره‌زایی پێویست له‌شه‌ڕی دژی تیرۆریستان، نه‌بوونی چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نی پێویست، نه‌بوونی مووچه‌ و ئیمكانیه‌تی سه‌ربازی پێویست..هتد) بوونی هه‌بووە، بەڵام ‌ لەبەر ئەوەی بەیەك ئیرادە مامەڵە لەگەڵ ئەو قەیرانانە دەكرێت ئەوا وەك دەبینین تا راده‌یه‌كی زۆر باش بەشی زۆریان چاره‌سه‌ر كران و زاڵبووین به‌سه‌ریاندا، له‌به‌رامبه‌ردا ئەگەر سەرنج بدەین ، ئاشكرایە قه‌یرانی وا گه‌وره‌ی سیاسی له‌ نێوان حزبه‌كاندا نییه‌، هه‌روه‌ها قه‌یرانی دارایی و نه‌بوونی مووچه‌ش هێنده‌ی كێشه‌كانی هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان گه‌وره‌ نه‌بوون.
هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان كاتێك بریاری شه‌ڕی مان و نه‌مانی دژی تیرۆریستانی داعشدا، هیچ شاره‌زاییه‌كی سه‌ربازی له‌سه‌ر ئاستی جیهان له‌و قه‌ناعه‌ته‌دا نه‌بوو كه‌ پێشمه‌رگه‌ بتوانێت له‌و شه‌ڕه‌دا به‌رامبه‌ر هێزێكی گه‌وره‌ی ده‌وڵه‌تێكی تیرۆریستی وه‌ك خه‌لافه‌ته‌كه‌ی داعش خۆی بگرێت، ته‌نانه‌ت پسپۆڕێكی وه‌ك ماكس پۆت كه‌ به‌ یه‌كێك له‌ گه‌وره‌ترین پسپۆڕانی بواری ئاسایش و سه‌ربازی له‌سه‌ر ئاستی سینكتاكسه‌كانی ئه‌مریكا و جیهان هه‌ژمار ده‌كرێت، جه‌ختی له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌كرده‌وه‌، راسته‌ هێزی پێشمه‌رگه‌ له‌ رابردوودا و له‌ ساڵانی حه‌فتا و هه‌شتاكانی سه‌ده‌ی رابردوو هێزێكی قاره‌مان بووه‌ و توانیویه‌تی دوژمن تێكبشكێنت، به‌ڵام دوای نزیكه‌ی 23 ساڵ كه‌ هیچ شه‌ڕێكی نه‌كردووه‌، ئه‌وا ناتوانێت هه‌مان قاره‌مانیه‌تی رابردوو دووباره‌ بكاته‌وه‌، به‌تایبه‌تیش كه‌ چه‌كی ده‌ستی كۆنه‌ و ئیمكانیه‌تی سه‌ربازیی به‌رده‌ستیشی زۆر سنوورداره‌، به‌ڵام هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان له‌ماوه‌یه‌كی زۆر كورتدا نه‌ك هه‌ر بووه‌ جێگه‌ی سه‌رنجی ژه‌نڕاڵه‌كانی پێنتاگۆن و ناتۆ، به‌ڵكو هه‌موو جیهانی گه‌یانده‌ ئه‌و قه‌ناعه‌ته‌ كه‌ ده‌بێت له‌به‌ر قاره‌مانیه‌تی پێشمه‌رگه‌ رێز له‌ كوردستان بگیرێت.
كه‌واته‌ ئه‌م به‌راوردكارییه‌ی نێوان قه‌یرانه‌كانی هێزی پێشمه‌رگه‌ و قه‌یرانی دارایی و سیاسیی كوردستان، ده‌روازه‌یه‌كی باشه‌ بۆ ئه‌وه‌ی له‌و راستییه‌ تێبگه‌ین كه‌ هیچ كێشه‌ و قه‌یرانێك له‌ ئیراده‌ی خه‌ڵكی كوردستان گه‌وره‌تر نییه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌و ئیراده‌یه‌ یه‌كگرتوو و یه‌كهه‌ڵوێست بێت، هه‌ربۆیه‌ ئێستا ته‌واو ئه‌و راستییه‌ ئاشكرایه‌ كه‌ هۆكاری نه‌بوونی چاره‌سه‌رێكی گونجاو بۆ قه‌یرانی دارایی كوردستان و كێشه‌ی سیاسی نێوان حزبه‌ سیاسییه‌كان، ئه‌و حزبانه‌ن كه‌ نایانه‌وێت فره‌یی سیاسی و پێكه‌وه‌ گونجاندن و پێكه‌وه‌ كاركردن له‌ كوردستاندا بوونی هه‌بێت.
گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ ناو واقیعی راسته‌قینه‌ی كوردستان و ده‌رچوون له‌و واقیعه‌ خه‌یاڵییه‌ی باڵێكی یه‌كێتی و بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان و كۆمه‌ڵی ئیسلامی بۆ نمایشكردنی سیاسی به‌ نه‌هامه‌تییه‌كانی خه‌ڵكه‌وه‌ دروستیان كردووه‌، ده‌روازه‌یه‌ك ده‌كاته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی هه‌موو لایه‌ك له‌سه‌ر به‌رنامه‌یه‌ك رێبكه‌ون و به‌هه‌ماهه‌نگی و هاوكاری خه‌ڵكی كوردستان و له‌ چوارچێوه‌ی ئه‌و ئیمكانیه‌ته‌ راسته‌قینه‌ی حكومه‌ت له‌به‌رده‌ستیه‌تی چاره‌سه‌رێك بۆ قه‌یرانی دارایی بدۆزرێته‌وه‌.
دیاره‌ ئێستا هه‌رێمی كوردستان له‌سه‌ر ئاستی ئیقلیمی و نێوده‌وڵه‌تی وه‌ك ده‌وڵه‌تێكی سه‌ربه‌خۆی ئه‌مری واقیع مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ ده‌كرێت و له‌سه‌ر هه‌موو ئاسته‌كان له‌ چوارچێوه‌ی یاسا نێوده‌وڵه‌تییه‌كان مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ ده‌كرێت و به‌هه‌مان شێوازی پڕۆتۆكۆڵی نێوده‌وڵه‌تی پێشوازی له‌سه‌رۆكی كوردستان ده‌كرێت، به‌ڵام له‌به‌رامبه‌ردا ده‌سه‌ڵاتی سیاسی له‌ هه‌رێمی كوردستان شێوازی مامه‌ڵه‌كردنی له‌سه‌ر ئاستی ناوخۆ وه‌ك ده‌وڵه‌تێكی سه‌ربه‌خۆ پیاده‌ نه‌كردووه‌ و هێشتا بۆ پاراستنی یه‌كڕیزی و یه‌كهه‌ڵوێستی و ئاشتیی كۆمه‌ڵایه‌تی، مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ كێشه‌ ناوخۆییه‌كانی كوردستان نه‌كردووه‌، ته‌نانه‌ت هه‌تا ئێستاش هه‌ندێك حزبی سیاسی چاویان به‌رایی نایه‌ت وه‌ك ده‌وڵه‌ت مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ كوردستان بكه‌ن و هێشتا ئه‌و قه‌وانه‌ سواوه‌ لێده‌ده‌نه‌وه‌ كه‌ ئایا ئێستا كاتی ئه‌وه‌یه‌ ده‌وڵه‌ت رابگه‌یه‌ندرێت، یان نه‌؟ ئه‌مه‌ له‌كاتێكدا ده‌وڵه‌ته‌كه‌ به‌ فه‌رزكردن به‌سه‌ر كوردستاندا راگه‌یه‌نراوه‌ و حكومه‌تی عێراق خۆی رازی بووه‌ كه‌ ده‌وڵه‌تی ئه‌مری واقیعی كوردستان له‌سه‌ر ئاستی هه‌موو ده‌سه‌ڵاته‌ سنوورداركراوه‌كانی ده‌وڵه‌تی فیدڕاڵی، هه‌رێمی كوردستان هه‌موویان پیاده‌ بكات، ئه‌مه‌ جیا له‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان هه‌ندێك له‌و ده‌سه‌ڵاته‌ سنووردارانه‌ی ده‌وڵه‌تی فیدڕاڵی به‌شێكی به‌ هاوبه‌شی له‌گه‌ڵ عێراق و به‌شێكی به‌ هاوبه‌شی له‌گه‌ڵ هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی و نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان دژی داعش پیاده‌ ده‌كات. هه‌ر بۆیه‌ ده‌رچوون له‌و بازنه‌ خه‌یاڵییه‌ی بۆ واقیعی ئێستای كوردستان دروستكراوه‌ و هەروەها ئەو فەزایەی ئه‌و چه‌ند حزبه‌ بۆ مه‌به‌ستی سیاسیی خۆیان گاڵته‌ به‌ نه‌هامه‌تییه‌كانی خه‌ڵكی كوردستان ده‌كه‌ن، پێویستی به‌وه‌یه‌ ده‌سه‌ڵاتی سیاسی وه‌ك ده‌وڵه‌تێك ئیمكانیه‌تی خۆی له‌گه‌ڵ هاووڵاتیانی خۆی راسته‌وخۆ باس بكات و ئه‌و خاڵه‌ شاراوانه‌ ئاشكرا بكات كه‌ هه‌ندێك حزبی سیاسی خۆیان له‌ به‌رپرسیاریه‌تی ده‌شارنه‌وه‌، به‌تایبه‌تی كه‌ هه‌ندێك چاره‌سه‌ر هه‌یه‌ پێویستی به‌ هه‌ماهه‌نگیی پارتی و یه‌كێتی هه‌یه‌ به‌ پله‌ی یه‌كه‌م، له‌م حاڵه‌ته‌دا گرنگه‌ ئاستی به‌رپرسیاریه‌تی هه‌ردوولا بۆ خه‌ڵكی كوردستان ئاشكرا بێت.
چاره‌سه‌ری ده‌وڵه‌تییانه‌ بۆ كێشه‌كان به‌و مانایه‌ به‌كارده‌هێنین، ده‌وڵه‌ت هه‌ر چه‌ندێك ئیمكانیه‌تی له‌به‌ر ده‌ستدا بێت، له‌چوارچێوه‌ی ئه‌و ئیمكانیه‌ته‌دا چاره‌سه‌ره‌كان ده‌ستنیشان ده‌كات و به‌ هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ خه‌ڵكی كوردستان جۆرێك له‌ خۆگونجاندن له‌گه‌ڵ ئه‌و چاره‌سه‌ره‌ ناچارییه‌ دروست ده‌كات، ئه‌م جۆره‌ تێگه‌یشته‌ له‌ نێوان خه‌ڵك و ده‌وڵه‌ت، جۆرێك له‌ هه‌ستكردن به‌ سه‌روه‌ریی نیشتمانی و نه‌ته‌وه‌یی لای خه‌ڵك دروست ده‌كات و ده‌بێته‌ هێڵێكی سووریش بۆ ئه‌وه‌ی چیدیكه‌ ئه‌و حزبه‌ سیاسییانه‌ نه‌توانن نمایشی سیاسی به‌ نه‌هامه‌تییه‌كانی خه‌ڵكه‌وه‌ بكه‌ن.
Top