خانەنشینان كەی؟
September 20, 2016
وتار و بیروڕا
ئەوەی پاڵی پێوە نام لەسەر ئەم مەسەلەیە بدوێم، هەڵوێستی حكومەتی هەرێمەكەمانە سەبارەت بەم توێژە كە لەوە ناچێت بایەخێكی ئەوتۆیان پێبدات، ئەوە نییە بۆ مەسەلەی مانگانەو دابینكردنی بژیویان هەمیشە لەدوای دواوەیە وەك ئەمانە سەرچاوەی دیكەی بژێویان هەبێت. ئەوەتا ئێستا لیستی مووچەی هەموو وەزارەتەكان و دامودەزگاكانی حكومەتی هەرێم بڵاوكراوەتەوەو رۆژی پێدانی مووچەیان بۆ دیاریكراوە تەنها خانەنشین و هەندێ توێژی دیكە نەبێت.
حكومەتی هەرێم پێویستە چاوێك بەم هەڵوێستەیدا بخشێنێتەوەو مافی ئەم توێژەش دەستەبەر بكات و لەگەڵ ئەوانی دیكەدا حسابیان بۆ بكات بۆ ئەوەی ئەوانیش هەست بە جیاوازی و پەراوێزخستن نەكەن. هەر لێرەدا پێویستە حكومەت چاوێك بە لیستی خانەنشیناندا بگێڕێتەوەو ئەوانەی بەبێ هۆ پلەی بەرزی خانەنشینیان پێدراوە كە رۆژێك لەرۆژان كارێكی حكومییان نەكردووەو لەسەر كورسی وەزیفەدانەنیشتوون لە لیستی خانەنشینان هەڵاوێردێ و بسڕێتەوە چونكە زۆربەی هەرە زۆری ئەو زاتانەی بەو پلە باڵایانە خانەنشین كراون پلەی حزبی باڵایان هەیەو لەلایەن حزبەكانیانەوە مانگانەی باشیان پێدەدرێت، بۆیە ئیدی كاتی ئەو هاتووە بڕیارێكی بوێرانە لەو بارەیەوە بدرێت كە خزمەتێكی گەورە بەباری ئابووری هەرێم لەم كاتی قەیرانی داراییەدا دەكات، چونكە كاتێك مرۆڤ جەمع وتەرحێكی ئەو مەبلەغە زۆرانەی ئەو پلە باڵایانە دەكات سەری لە بەهەدەردانی سامانی ئەم گەلە سڕدەمێنێت كە دەتوانرا هەر بەو مەبلەغانە خزمەتی فەرمانبەری كەم دەرامەت و خاوەن پێویستییە تایبەتیەكان و كەم ئەندامان بكات. بێدەنگی و ئارامی و خۆڕاگری توێژی خانەنشینان شایستەی ئەوەیە كە حكوومەت بەچاوی رێزو تەقدیرەوە تێی بڕوانێت و وەك توێژەكانی تری كۆمەڵ سەیرو مامەڵەیان لەگەڵ بكات. ئەمانە وەك پێشنیار دەخەینە بەردەم ئەنجوومەنی وەزیران، بەو هیوایەی بایەخی پێبدرێ و بەپێی تواناش جێبەجێ بكرێت.