باڵیۆزی نیازپاكیی
September 18, 2016
وتار و بیروڕا
هەڵبژاردنی قوربانییەك وەك باڵیۆزی نیازپاكیی خاڵێكی وەرچەرخانە لە مێژووی نەتەوە یەكگرتووەكاندا، چونكە لەمەوپێش ئەم نازناوە تەنها دەدرا بە كەسایەتییە ناسراو و دیارەكانی جیهان وەكو پاڵەوانی بۆكسێنی جیهان موحەمەد عەلی كلای یان ئەكتەری ناسراوی هۆلیۆد ئەنگەلینا جولی یان سیاسەتمەداری وەكو نیلسون ماندیلا، بۆیە بەخشینی ئەو نازناوە ئەمساڵ بە كچە كوردێكی ئێزدی ماناو بایەخ و كاریگەری خۆی هەیە.
ئەگەرچی ئەم نازناوە دیبلۆماسی نییە و زیاتر تەشریفاتییە بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا كاریگەری خۆی هەیە چونكە ئیدی وڵاتان بە بایەخەوە دەڕواننە ئەو كەسایەتییانە و بە فەرمی پێشوازییان لێدەكەن و گوێیان لێدەگرن، بۆیە ئێستا خاتوو نادیە موراد بە ئاسانی دەتوانێ سەردانی وڵاتان بكات و باسی ئازارو مەینەتی ئێزدییەكان و سەرجەم گەلی كورد بكات، بەمەش دەرگایەكی گەورە بە رووی مەسەلەی كورد دا دەكرێتەوە دەتوانرێ سوودی لێوەربگیرێ بەتایبەتی ئێستا كورد كە شەڕكەری سەرەكییە لەسەر زەوی دژی داعش و رۆژانە زەبری كوشندە بە تیرۆریستان دەگەیێنێت كە مایەی پێزانینی جیهانی دیموكراتی و شارستانییە.
تاوانەكانی داعش كە خۆی وەك دەوڵەتی ئیسلامی دەناسێنێت لای هیچ كەس شاراوە نییە، بەتایبەتی دژی خوشك و برایانی ئێزدی كە دووچاری دڕندەترین هێرشی كۆمەڵكوژی بوون، بەڵام ئێستا لە رێی ( نادیە ) كە خۆی شایەتحاڵ و قوربانی دەستی تیرۆریستانی داعشە، دەتوانێت راستیە حاشا هەڵنەگرەكان بخاتەڕوو بەتایبەتی كە بەچاوی خۆی ئەو تاوان و دەسترێژیانە و كوشتنی بەكۆمەڵی دیوە، بۆیە ئیدی كەس ناتوانێت لەژێر هیچ پاساوێكدا نكۆلی لەو تاوانانە بكات.
لە وتارەكەیدا لە بارەگای نەتەوە یەكگرتووەكان، جارێكی تر (نادیە موراد) جەختی لەسەر ئەوە كردەوە كە دەبێ تاوانەكانی داعش وەك جیۆناسید لە قەڵەم بدرێت و كەیسی ئێزدییەكان ببرێتە دادگای نێودەوڵەتی و تاوانبارانیش بدرێنە دادگا و هەوڵی جدیش بدرێ بۆ رزگاربوونی ئەوانەی لەژێر دەستی داعشدا تا ئێستا ماون كە ژمارەیان بە هەزارانن.
كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و وڵاتە گەورەكان بە بایەخەوە لەم دەستنیشانكردنەی روانی، هەر بۆیە نوێنەرانی ئەمریكا و بەریتانیا كۆبوونەوەیەكی گرنگیان دواخست و بەشداری مەراسیمەكەیان كرد.
لە رووخسارت دا - نادیە - خەم و ئازاری گەلێك خۆی دەنواند هاوكات لە سیماتدا، ئازایەتی و بوێری و خۆڕاگری نەتەوەیەكی بە دەوروبەری خۆیدا دەپرژاند. پیرۆزت بێت ئەم پلە باڵایە و نەعلەت لە داعش و داعشبیران و هاوشێوەكانیان.