ه‌وڵه‌تی دیفاكتۆی باشوور و سیاسه‌تی لۆژیكانه‌ی بارزانی

ه‌وڵه‌تی دیفاكتۆی باشوور و  سیاسه‌تی لۆژیكانه‌ی  بارزانی
ئه‌و ده‌وڵه‌ته‌ی كه‌ بووه‌ رێگر و نه‌یهێشت پلانه‌كه‌ی جۆزیف بایدن وه‌ك پلانی (B) له‌ساڵی 2007 بۆ رێكخستنه‌وه‌ی عێراق له‌ چوارچێوه‌ی ده‌وڵه‌تێكی سێ هه‌رێمی (سوننه‌ و شیعه‌ و كورد) سه‌ركه‌توو بێت، عه‌ره‌بستانی سعودی بوو، رێگرییه‌كه‌شی له‌ دژی دروستكردنی هه‌رێمێكی شیعه‌، یان سونه‌ نه‌بوو، به‌ڵكو له‌ دژی دروستبوونی هه‌رێمی فیدراڵی كوردستان بوو له‌ چوارچێوه‌ی عێراقدا، ئه‌وه‌ی وایكرد كه‌ توركیا نه‌بێته‌ یه‌كێك له‌ ئه‌ندامانی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی له‌ پرۆسه‌ی ئازادكردنی عێراقدا له‌ ساڵی 2003، ترسی توركیا بوو له‌وه‌ی دوای رووخانی رژێمی به‌عس، هه‌رێمی كوردستان ببێته‌ هه‌رێمێكی فیدڕاڵیی دانپێدانراو له‌ناو ده‌ستووری عێراقدا، هه‌ر له‌ترسی ئه‌مه‌ش توركیا نه‌یهێشت هاوپه‌یمانان له‌ توركیاوه‌ به‌ره‌یه‌كی شه‌ڕ بۆ ئازادكردنی عێراق بكه‌نه‌وه‌، به‌ڵام سیاسه‌تی لۆژیكانه‌ی سه‌رۆك مسعود بارزانی و ئه‌زموونی له‌ سیاسه‌تی نێوده‌وڵه‌تیدا ئه‌م هاوكێشه‌ی به‌ ئاراسته‌یه‌ك گۆڕیوه‌، كه‌ ئێستا كۆشكی شاهانه‌ی سعودیه‌ و به‌ هه‌موو بنه‌ماڵه‌ی شاهنشایه‌وه‌ پێشوازی له‌ سه‌رۆك بارزانی وه‌ك سه‌رۆكی ده‌وڵه‌تێكی سه‌ربه‌خۆ ده‌كه‌ن، توركیا كه‌ هه‌تا هه‌شت نۆ ساڵێك له‌مه‌وپێش خۆی وه‌ك دوژمنی سه‌رسه‌ختی هه‌رێمی كوردستان ده‌خسته‌ڕوو، ئێستا به‌ ئاستی سه‌رۆكی ده‌وڵه‌تێكی سه‌ربه‌خۆ پێشوازیی سه‌رۆك بارزانی ده‌كات.
دیاره‌ ئه‌م وه‌رچه‌رخانه‌ی سه‌رۆك بارزانی له‌ تێڕوانینی جیهان بۆ كورد و كێشه‌كه‌ی و ته‌نانه‌ت چۆنیه‌تی چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كه‌ی دروستكردووه‌، ته‌نیا بۆ باشووری كوردستان نه‌بووه‌، به‌ڵكو ره‌نگدانه‌وه‌ی ئه‌م سیاسه‌ته‌ به‌ وه‌رچه‌رخانی گه‌وره‌ بۆ پارچه‌كانی دیكه‌ش شكاوه‌ته‌وه‌، به‌تایبه‌تیش بۆ رۆژهه‌ڵات و باكوور.
دیاره‌ له‌ناو وه‌رچه‌رخانی هاوكێشه‌ سیاسییه‌كانی ناوچه‌كه‌دا، ئێران وه‌ك ده‌وڵه‌تێكی گه‌وره‌ی ناوچه‌كه‌ بۆته‌ پارێزه‌ری هه‌ر دوو رژێمی شیعه‌ی باڵاده‌ست له‌ به‌غدا و عه‌له‌وی باڵاده‌ست له‌ دیمه‌شق، ئه‌و هه‌له‌شی هاتۆته‌ پێشه‌وه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی سه‌ره‌كی له‌ ئاكامی شه‌ڕی سووریا و عێراق بۆ كورد، هه‌ردوو به‌شی باشوور و رۆژهه‌ڵات به‌ پله‌ی یه‌كه‌م ده‌گرێته‌وه‌، ئێستا ئێران به‌ ئاشكرا بۆ مانه‌وه‌ی باڵاده‌ستی دوو رژێمی شیعه‌ له‌ به‌غدا و دیمه‌شق به‌رگری له‌ یه‌كپارچه‌یی هه‌ردوو ده‌وڵه‌تی سووریا و عێراق ده‌كات، دژایه‌تی دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی كوردستان ده‌كات.
دیاره‌ له‌ باشووری كوردستان، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی هه‌وڵێكی زۆر دراوه‌ ئه‌م پارچه‌یه‌ دابه‌ش بكرێت به‌سه‌ر جه‌مسه‌ربه‌ندیی ناوچه‌كه‌دا، به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌وه‌ی سیاسه‌تی لۆژیكانه‌ی سه‌رۆك بارزانی هه‌رچۆنێك بێت و به‌هه‌ر نرخێك بێت، باردۆخه‌كه‌ی راگرتووه‌، ئه‌وا كه‌ باس له‌ چاره‌سه‌ری كێشه‌ی عێراقی دوای داعش ده‌كرێت، باس له‌ دامه‌زراندنی سێ ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆ، یان لانیكه‌م سێ ده‌وڵه‌تی كۆنفیدراڵی ده‌كه‌ن، به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌وه‌ی په‌یه‌ده‌ كه‌وته‌ ژێر كاریگه‌ری سیاسه‌تی په‌كه‌كه‌ و نه‌یتوانی له‌و نه‌خشه‌ڕێگه‌یه‌ی بارزانی له‌ چوارچێوه‌ی رێككه‌وتنی هه‌ولێر و دهۆك بۆی دیاریكردبوون، هه‌نگاو هه‌ڵبگرن، به‌مه‌ش په‌یه‌ده‌ نه‌یتوانی نموونه‌یه‌كی دیموكراتی و فره‌یی سه‌رنجڕاكێش پیشانی جیهان بدات، ئه‌وا ئێستا كه‌ باسی سووریا دوای داعش ده‌كرێت، یه‌كپارچه‌یی خاكی سووریا ده‌كرێته‌ هێڵی سوور، له‌مه‌ش خراپتر جیا له‌وه‌ی هه‌وڵێك هه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ی كێشه‌ی كورد له‌ سووریا وه‌ك خۆی بمێنێته‌وه‌، له‌ هه‌مانكاتدا ئۆپۆزیسیۆنی سووریا، په‌یه‌ده‌ وه‌ك نوێنه‌ری كورد له‌ كۆنگره‌كانی ژنێف بۆ سووریای دوای ئه‌سه‌د قبووڵ ناكه‌ن، ئه‌مه‌ له‌ كاتیكدا له‌ چوارچێوه‌ی ئه‌زموونی دیموكراتی كوردستان پێش رووخانی رژێمی سه‌دام حوسێن، نه‌ك هه‌ر به‌بێ كوردی باشوور هیچ كۆنگره‌یه‌كی ئۆپۆزیسیۆن بۆ عێراقی دوای سه‌دام حوسێن گرێنه‌ده‌درا، به‌ڵكو زۆرجار كورد خۆی سه‌رۆكایه‌تی كۆنگره‌كانی ده‌كرد.
ئه‌و هه‌له‌ مێژووییه‌ی بۆ رۆژئاوای كوردستان له‌م یه‌ك دوو ساڵه‌ی هاتنی داعش و دڕنده‌یی رژێمی ئه‌سه‌د هاته‌پێشه‌وه‌، به‌ درێژایی مێژوو بۆ هیچ پارچه‌یه‌كی كوردستان نه‌هاتۆته‌ پێشه‌وه‌، ئه‌مه‌ش له‌به‌ر ئه‌وه‌یه‌ رۆژئاوای كوردستان كه‌وتۆته‌ نێوان دوو دوژمنی هه‌موو جیهانی ئازاده‌وه‌ كه‌ ( ئه‌سه‌د و داعشه‌) و جیهان له‌یه‌ك كاتدا داوای رووخانی هه‌ردوولایان ده‌كات، به‌ڵام كاریگه‌ری سیاسه‌تی په‌كه‌كه‌ له‌سه‌ر په‌یه‌ده‌ وایكردووه‌، جیهان له‌نێوان نوسره‌ و په‌یه‌ده‌، نوسره‌ هه‌ڵبژێرن و له‌نیوان ئه‌سه‌د و په‌یه‌ده‌، ئه‌سه‌د هه‌ڵبژێرن، ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدا هه‌موو لایه‌ك ده‌زانن كه‌ ئه‌مریكا خۆی به‌ خاوه‌نی حكومه‌تی ناوه‌ندی عێراق ده‌زانێت و هه‌موو سیاسه‌تی ئه‌مریكا بۆ مانه‌وه‌ی عێراقه‌ به‌یه‌كگرتوویی، به‌ڵام سیاسه‌تی بارزانی وایكردووه‌ كه‌ نه‌ك هه‌ر ئه‌مریكا رازی بێت به‌وه‌ی كوردستان وه‌ك ده‌وڵه‌تێكی سه‌ربه‌خۆ ره‌فتارده‌كات، به‌ڵكو كاتێك هه‌رێمی كوردستان داوای ئه‌وه‌ ده‌كات وه‌ك ده‌وڵه‌تێكی سه‌ربه‌خۆ به‌شداری كۆبوونه‌وه‌كانی هاوپه‌یمانی نیوده‌وڵه‌تی دژی داعش بكات و عێراق ناڕه‌زایی ده‌رده‌برێت، ئه‌مریكا و هاوپه‌یمانان له‌نێوان عێراق و كوردستاندا، ریز له‌ داواكه‌ی كوردستان ده‌گرن و جێگه‌ی نوێنه‌ری كوردستان ده‌كه‌نه‌وه‌ و ناڕه‌زاییه‌كه‌ی عێراق له‌به‌رچاو ناگرن.
دیاره‌ ئه‌م تێڕوانینه‌ بۆ دوو ئه‌زموون و دوو بیركردنه‌وی جیاواز، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ نییه‌ كه‌ رۆژئاوای كوردستان خۆی هه‌ر به‌ جیاوازی بهێڵێته‌وه‌، به‌ڵكو ئه‌مه‌ بۆ به‌رچاوڕوونییه‌ بۆ ئه‌وه‌ی پشتی خۆی بداته‌ ده‌وڵه‌تی دیفاكتۆی كوردستان و به‌ زمانی دیموكراتی و فره‌یی و یه‌كتری قبووڵكردن ده‌رگای جیهان له‌ رێگه‌ی باشووره‌وه‌ به‌سه‌ر خۆیدا بكاته‌وه‌.
Top